باشترین چارەسەر و خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
باشترین چارەسەر و خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا
پرسیار:

ئێمە وەکو موسڵمان چۆن خۆمان لە نەخۆشی و دەرد و بەڵا بپارێزین ؟ چ دوعا و زیکرێک بکەین؟ وە واجبی موسڵمان لەم کاتەدا چیە کە نەخۆشی کۆرۆنا بڵاوبوەتەوە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

بۆ خۆپارستن لە نەخۆشی کۆرۆنا و هەر دەرد و بەڵایەکى تر ئەم کارانە ئەنجام بدە بە ویستی خوای گەورە پارێزراو دەبیت .

یەکەم : زیکرەکانی بەیانیان و ئێواران و خەوتن و پاش نوێژە فەرزەکان بخوێنە چونکە قەڵغان و پەرژینێکە بۆ ئەو کەسەی ئەیخوێنێ.

دووەم : خوێندنی زیکری چوونە دەرەوە لە ماڵ کە بریتی یە لە : 
((بِسمِ الله، تَوكّلْتُ عَلَى اللهِ. لا حَوْلَ وَلا قُوةَ إلاّ باللهِ)).
واته‌: به‌ ناوى خوا پشتم به‌خواى گه‌وره‌ به‌ست و هیچ گۆڕان و توانایه‌ك نییه‌ مه‌گه‌ر به‌خواى گه‌وره‌وه‌
چونکە ئەم کەسەی ئەم زیکرە بخوێنە هیدایەت دراوە وە پارێزاوە وە بەسیەتی وە شەیتانیش دوور دەکەوێتەوە لێی.

سێ یەم : کاتێ چوویتە شوێنی کارەکەت یان هەر جێگایەک بۆی چووی یەک جار ئەم زیکرە بخوێنە .
(( أعوذُ بِكَلِماتِ اللهِ التّامّات مِنْ شَرِّ ما خَلَقَ))
واته‌: په‌نا ئه‌گرم به‌ ووشه‌ ته‌واوه‌كانى خواى گه‌وره‌ش له‌ خراپه‌ى دروست كراوه‌كانى.
هەرکەس ئەم زیکرە بخوێنێ هیچ شت زەرەری پێناگەینێت تا لەو شوێندا بێت.

چوارەم : بەردەوام وتنی ئەم دوعایانە بە تایبەتی لەو کاتانەی دووعا ڕەت ناکرێتەوە وەک لە سوجدە و پێش سەلام دانەوە لە نوێژ و سێ یەکی کۆتایی شەو وهتد .
(اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنْ زَوَالِ نِعْمَتِكَ، وَتَحَوُّلِ عَافِيَتِكَ، وَفُجَاءَةِ نِقْمَتِكَ، وَجَمِيعِ سَخَطِكَ).
واتە :  خوایە من پەنات پێدەگرم لە نەمانی نیعمەتەكانت ، وە لە گۆڕاندنی خۆشگوزرانیت ، وە لە كوتوپڕی تۆڵەسەندنەوەت ، وە لە هەموو تووڕەییكت .
هەروەها ئەم دوعایەش بخوێنە : ( اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنْ الْبَرَصِ وَالْجُنُونِ وَالْجُذَامِ وَمِنْ سَيِّئْ الْأَسْقَامِ ) .
واتە:  خوایە من پەنات پێدەگرم لە گولی و شێتی و گەڕی ، وە لە خراپترینی دەرد و نەخۆشیەكان .
وشەی "سَيِّئْ الْأَسْقَامِ " وشەیەکی گشتی یە و هەموو جۆرە نەخۆشیەکی کوشندە و درێژخایەن دەگرێتەوە و بێ گومان ئێستا یەکێک لە دەرد و نەخۆشیە خراپەکان کۆرۆنایە .

وە پێویستە لەسەر موسڵمانان ئەم چەند خاڵە بزانن و جێ بە جێی بکەن :

یەکەم : پێویستە لەسەر هەموو موسوڵمانێک و لەهەموو حاڵێکدا پشت بە خوای گەورە ببەستێت و کارو بارەکانی بداتە دەست خودا ، خوای پەروەردگار فەر موویەتی:  (مَا أَصَابَ مِن مُّصِيبَةٍ إِلاَّ بِإِذْنِ اللَّهِ وَمَن يُؤْمِن بِاللَّهِ يَهْدِ قَلْبَهُ) [التغابن:11] ،
واتە :هیچ به‌ڵاو موسیبه‌تێك ڕوونادات ئیلا به‌ ئیزن و قه‌زاو قه‌ده‌ری خوای گه‌وره‌یه‌ ، وه‌ هه‌ر كه‌سێك ئیمان بێنێ به‌ خوای گه‌وره‌و بزانێ ئه‌مه‌ى توشى بووه‌ له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌یه‌و ئارام بگرێ و شوكری خوای گه‌وره‌ بكات و چاوه‌ڕوانى پاداشت بێت و بڵێت: (إنا لله وإنا إلیه‌ راجعون) ئه‌وا خوای گه‌وره‌ هیدایه‌تی دڵی ئه‌دات و باشترى پێده‌به‌خشێت .

دووەم : گەر دەتەوێ خوای گەورە خۆت وماڵ و منداڵت بپارێزێ لە هەموو خراپە و نەخۆشی و بەڵاو موصیبەتێك ئەوا  فەرمانەكانی خودا جێ بەجێ بكە و و خۆت بە دوور بگرە لەو شتانەی كە خوای گەورەو پێغەمبەرەكەی حەرام و قەدەغەیان كردووە ، پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لەوەسیەتەكەیدا بە عبداللەی كوڕی عەباسی فەرموو : «احْفَظِ اللَّهَ يَحْفَظْكَ، احْفَظِ اللَّهَ تَجِدْهُ تُجَاهَكَ».
واتە : سنوورەكانی خودا بپارێزە خوداش تۆ دەپارێزێت ، سنوورەكانی خودا بپارێزە خودا دێتە هاناتەوە .
جا پارێزگاری كردن لەفەرمانەكانی خودا و گرنگی دان بە فەرزەكان و واجباتەكان و دوور كەوتنەوە لە تاوان و حەرام و قەدەغە كراوەكان هۆكاری پاراستنی تۆیە لە هەر دەرد و بەڵا و ناخۆشیەك لەدونیا و دواڕۆژدا .

سێیەم : پێویستە هەموو موسڵمانێک گرنگى بە پاکوخاوێنى بدات چونکە ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئاینی پاك و خاوێنیە ، و خوای گەورەش ئەوانەی خۆش دەوێ كە هەمیشە پاك و خاوێنن و گرنگی بە پاكوخاوێنی دەدەن ، هەر وەک دەفەرموێ : (إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ التَّوَّابِينَ وَيُحِبُّ الْمُتَطَهِّرِينَ ) .

ستافی وەڵامەکان

سەردان: ١٠,٤٠٧ بەش: ڤایرۆسی کۆرۆنا