ئایا پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم لە سەرئاو دەرچووە و پێش ئەوەى دەستى بشوات خواردنى خواردوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم لە سەرئاو دەرچووە و پێش ئەوەى دەستى بشوات خواردنى خواردوە؟
پرسیار:

کەسانێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی فەرموودەیەک دەکەن کە گوایە : ( پێغەمبەرى خوا لە سەرئاو دەرچووە و پێش ئەوەى دەستى بشوات خواردنى خواردوە) ئایا ئەم فەرموودەیە کامەیە ، وە ماناى چیە و زانایان چییان فەرمووە سەبارەت بەم فەرموودەیە؟ وە ئیسلام چ گرنگییەکى داوە بە پاکوخاوێنى؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

وەڵامی ئەم گومانە لە خواردنەوەی پەرداخێک ئاو ئاسان ترە ، بەڵام نەشارەزایی بەزمانی عەرەبی ، و وورد نەبوونەوە لەمانا و مەبەستی فەرموودەکان وا دەکات خاوەنەکەی بەرەو گومان وهەڵدێر بەرێت!
فەرموودەکە باسی ئەوە دەکات کە پێغەمبەرى خوا کە لە سەرئاو دەرچووە دەست نوێژی نەشوشتووە نەک بەهیچ شێوەیەک دەستی نەشوشتبێت!
واتە : فەرموودەکە نەفی دەست شوشتن ناکات بەڵکو نەفی دەست نوێژ شوشتن دەکات، کە مەرج نییە ، پێش نان خواردن بگیردرێت، دواتر گریمان ئەگەر نەفی دەست شوشتنیش بکات، خۆ ئەوان بە هەندێ جار بە بەرد خۆیان خاوێن دەکردەوە ودەستیان بەر پیسایی نەدەکەوت ، وە دەقەکانی دەست شوشتن پێش نان خوارد لە موسنەدی ئیمام ئەحمەدا هاتووە .

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

وەڵامی ئەم گومانە لە خواردنەوەی پەرداخێک ئاو ئاسان ترە ، بەڵام نەشارەزایی بەزمانی عەرەبی ، و وورد نەبوونەوە لەمانا و مەبەستی فەرموودەکان وا دەکات خاوەنەکەی بەرەو گومان وهەڵدێر بەرێت!

یەکەم : سەرەتا با بچینە سەر دەقی فەرموودەکە

عبداللەی کوڕی عەباس خوا لێی ڕازی بێت دەڵێت: إنَّ النبيَّ قَضى حاجَتَهُ مِنَ الخَلاءِ، فَقُرِّبَ إلَيْهِ طَعامٌ فأكَلَ ولَمْ يَمَسَّ ماءً. قالَ: وزادَنِي عَمْرُو بنُ دِينارٍ، عن سَعِيدِ بنِ الحُوَيْرِثِ، أنَّ النبيَّ  قيلَ له: إنَّكَ لَمْ تَوَضَّأْ؟ قالَ: ما أرَدْتُ صَلاةً فأتَوَضَّأَ. صحيح مسلم ٣٧٤  
واتە: پێغەمبەر  دەستى بەئاو گەیاند و چووە سەر ئاو ، پاشان خواردنی بۆ دانرا و لێی خوارد و دەستی بەر ئاو نەکەوت .
جا عبداللە دەڵێت: عەمری کوڕی دینار لەسەعیدی کوڕی حویریسیەوە ئەمەی بۆ زیاد کردم:  بەپێغەمبەر گوترا: تۆ دەست نوێژت نەشوشت؟ فەرمووی: بەتەمای نوێژ نەبووم تاوەکو دەست نوێژ بگرم.
تێبینی: ئەم زیادەیە ئەوەی تێدایە کەمانای (ولَمْ يَمَسَّ ماءً)
واتە: دەست نوێژی نەشوشتووە نەک بەهیچ شێوەیەک دەستی نەشوشتبێت!

دووەم : شەرح و لێکدانەوەی ئەم فەرموودەیە بەم شێوەیەیە :

پاکوخاوێنی و دەست نوێژ شوشتن مەرجی دروستی نوێژە ، و نوێژ قەبوڵ نی یە بەبێ دەست نوێژ ، و پاکوخاوێنی ، بەنیسبەت دەست نوێژەوە لەدوای دەست بەئاوگەیاندن یەکێکە لەسوننەتەکان ، و پێغەمبەر ئومەتەکەی فێری ئەو شتانە دەکرد کە واجبە لەسەریان وئەوانەش کەواجب نی یە ، وبەردەوام زۆری لێنەدەکردن کاری سوننەت ئەنجام بدەن ، بەڵکو هەندێ جار نەیدەکرد بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە ئەو کارە سوننەتە نەک واجب ، لەم فەرموودەدا  پێغەمبەر دەستی بەئاو گەیاندووە ، وخواردنی بۆ هێنراوە ، و ویستوویەتی لێی بخوات ، جا لەوکاتەدا لێیان پرسیووە: ئایا دەست نوێژ ناگریت لەبەر ئەوەی دەستت بەئاو گەیاندووە ودەتەوێ خواردن بخۆیت؟ 
  پێغەمبەریش لە وەڵامدا پێی فەرموون: «أَأُصَلِّي فأتوضَّأُ؟!» واتە: من نوێژ دەکەم تاوەکو دەست نوێژ بشۆم؟!
واتە: پێی عەجیب بوو وفەرموویەتی خۆ من نوێژ ناکەم تاوەکو دەست نوێژ بشۆم وهیچ پێویست بەدەست نوێژ شوشتن ناکات ، لێرەدا ویستوویەتی ئەوەیان فێر کات ئەو کارەی ئەو ( دەست بەئاو گەیاندن و پاشان نان خواردن) پێویستی بەدەست نوێژ شوشتن ناکات.

دەبینى فەرموودەکە نەفی دەست شوشتن ناکات بەڵکو نەفی دەست نوێژ شوشتن دەکات، کە مەرج نییە ، پێش نان خواردن بگیردرێت، دواتر گریمان ئەگەر نەفی دەست شوشتنیش بکات، خۆ ئەوان بە هەندێ جار بە بەرد خۆیان خاوێن دەکردەوە ودەستیان بەر پیسایی نەدەکەوت ، وە دەقەکانی دەست شوشتن پێش نان خوارد لە موسنەدی ئیمام ئەحمەدا هاتووە .

سێیەم : وە دەبێ بزانین ئەم فەرموودەیە کە لە صەحیحى موسلیمدا هاتووە ئیمامى موسلم لە (باب جواز أکل المحدث الطعام ، وأنە لا کراهة فی ذلک ، وأن الوضوء لیس على الفور) هێناویەتى ، واتە : دروستێتى خواردن بۆ کەسێک کە دەست نوێژی نەبێ ، وە هیچ کەراهەتێکى نیە و ، مەرجیش نیە کە هەرکەسێ لە سەرئاو دەرچوو یەکسەر دەست نوێژ بگرێ .

واتە : باسەکە باسی ئەوەیە کە دروستە بەبێ دەست نوێژ خواردن بخۆیت.

چوارەم : لە صەحيح مسلم دا ، هاتووە عەمری کوڕی دینار لەسەعدی کوڕی حوەیریسەوە ولە عبداللەی کوڕی عەباسەوە خودا لێیان ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: (أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ خَرَجَ مِنَ الْخَلَاءِ ، فَأُتِيَ بِطَعَامٍ ، فَذَكَرُوا لَهُ الْوُضُوءَ فَقَالَ : أُرِيدُ أَنْ أُصَلِّيَ فَأَتَوَضَّأَ ؟ )
واتە: پێغەمبەری لەسەر ئاو دەرچوو وپاشان خواردنیان هێناو وباسی دەست نوێژ شوشتنیان کرد ئەویش فەرمووی: دەمەوێ نوێژ بکەم تاوەکو دەست نوێژ بشۆم!

جا مانا ومەبەستی هەموو ئەوانەی ئاماژەمان پێدا ئەوەیە نەفی دەست نوێژ شوشتنی شەرعی کراوە کەبریتی یە لەو شێوازەی کەهەیە وەک دەست ودەم وچاو وپێ شوشتن نەک مەبەستی شوشتنی دەست بێت هەر وەک لەزیادەکان وڕیوایەتەکانی تردا هاتووە .

وەئیمامی نەوەوی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت:
(( ومعناه الوضوء يكون لمن أراد الصلاة , وأنا لا أريد أن أصلي الآن والمراد بالوضوء الوضوء الشرعي)) 
شرح صحيح مسلم للنووي - الحيض - جواز أكل المحدث الطعام .
واتە: مانای ئەوەیە دەست نوێژ گرتن لەسەر کەسێک واجبە کە نیاز و نیەتی نوێژ کردنی هەبێت ، و من ئێستا بەتەمای نوێژ کردن نیم و مەبەست لەدەست نوێژ دەست نوێژ شوشتنی شەرعیە.

وەهەروەها ئیمامی ابن عبد البر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت: (ففي هذا الحديث أن الوضوء لا يكون إلا لمن أراد الصلاة)
التمهيد .. لابن عبد البر.
واتە: ئەم فەرموودەیە ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە دەست نوێژ شوشتن تەنها لەسەر کەسێک واجبە کە بەتەمای نوێژ کردن بێت.

پێنجەم : پاشان مەعلومە کەسێک کەدەچێتە سەر ئاو بەدەستی چەپی خۆی پاک دەخوات و بەپێچەوانەوە بەدەستی ڕاستی خواردن دەخوات ، هەروەک لەفەرموودە داهاتووە وکاتێ منداڵێک لەگەڵ پێغەمبەردا نانی خوارد پێی فەرموو: "يَا غُلَامُ سَمِّ اللَّهَ وَكُلْ بِيَمِينِكَ وَكُلْ مِمَّا يَلِيكَ"
واتە: ئەی منداڵ ناوی خودا بێنه و بەدەستی ڕاستت بخۆ ولەپێشی خۆتەوە بخۆ.

کەواتە ئەو گومانەی کە دوژمنانی ئیسلام یان کەسانى نەزان باسی دەکەن و بڵاوى دەکەنەوە زۆر لاوازە وبەڵگەیە لەسەر نەشارەزاییان ونیەتی پیسیان بەرانبەر بەدین و پێغەمبەری ئیسلام !

شەشەم : وە تەنانەت گەر کەسێک لەش گرانیش بێت سوننەتە دەس نوێژ بشوات چ جای بیەوێ خواردن بخوات ؟!
هەروەک لەفەرموودەی صەحیح دا هاتووە و ئیمامی نەسائی لە"سونەنەکەیدا بەژمارە" (256) ، وابن أبي شيبة لە "موصەنفەکەیدا بەژمارە" (658) ، هێناویانە ولە عائیشەوە کە نزیک ترین کەسە لەپێغەمبەرەوە صلی اللە علیە وسلم دەڵێت: " أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، كَانَ إِذَا أَرَادَ أَنْ يَنَامَ وَهُوَ جُنُبٌ:  تَوَضَّأَ ، وَإِذَا أَرَادَ أَنْ يَأْكُلَ : غَسَلَ يَدَيْهِ ، يَعْنِي وَهُوَ جُنُبٌ ". فەرموودەکە شيخ ئەلبانی لە "السلسلة الصحيحة" (390) بەصەحیحی داناوە .
واتە: پێغەمبەری خوا هەر کات بیویستایە بنوێت ولەش گران بوایە دەست نوێژی دەشوشت ، وهەرکات بیویستایە بەلەش گرانیەوە خواردن بخوات دەست نوێژی دەشوشت.
لەڕیوایەتی تردا بەژمارە (257) هاتووە (يَأْكُلَ ٲو يَشْرَبُ غَسَلَ يَدَيْهِ  ) 
واتە: گەر لەشی گران بوایە و بیویستایە خواردن وخواردنەوە بخوات وبخواتەوە ئەوا دەست نوێژی دشوشت!
ئیمامى ئەلبانى ئەمەشی بەصەحیح داناوە.

پاشکۆ : گرنگى دانى ئاینى پیرۆزى ئیسلام بە پاکوخاوێنى :

ئاینى پیرۆزى ئیسلام گرنگى بە دوو جۆر پاکوخاوێنى دەدات 
یەکەم
: ئیسلام گرنگى داوه‌ به‌ پاك و خاوێنى ناخ و ده‌روون، له‌میانه‌ى پاڵفته‌كردنى دڵه‌وه‌ له‌ سیفه‌ته‌ خراپ و زیانبه‌خشه‌كانى وه‌كو شیرك و كوفر وخۆبه‌گه‌وره‌ زانین و به‌خۆسه‌رسام بوون و دووڕویی و هاوشێوه‌كانى، وه‌ پڕكردنه‌وه‌ى دڵ له‌جێگه‌ى ئه‌وانه‌ به‌ سیفه‌ته‌ جوان و باشه‌كانى وه‌كو یه‌كخواپه‌رستى وڕاستگۆیی و ئیخلاص و پشت به‌خوا به‌ستن و هاوشێوه‌كانى.
دووەم : وە گرنگى داوه‌ به‌ پاك و خاوێنى ڕواڵه‌ت و جه‌سته‌ش، وەکو دەست نوێژ و خۆشۆردن و خۆپاککردنەوە و دەست شتن ، و تەنانەت کاتێ ئەندەلوس کەوتە دەست خاچ پەرستان ئەو ماڵەی حەمامی تیادا بوایە دەکوژران چونکە تەنها موسڵمانان خاوێن بوون. ، ئەمەش  مێژووی خاوێنی لە ئیسلامدا دەردەخات . 
وه‌ خواى گه‌وره‌ وه‌صفى كه‌سانى پاك و خاوێنى كردووه‌ و ده‌فه‌رموێت:[... إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ التَّوَّابِينَ وَيُحِبُّ الْمُتَطَهِّرِينَ (222) ] واته‌: بێگومان خواى په‌روه‌ردگار ئه‌و به‌ندانه‌ى خۆش ده‌وێت كه‌ زۆر داواى لێخۆشبون ده‌كه‌ن و زۆر ته‌وبه‌ ده‌كه‌ن، و به‌نده‌ خۆپاكڕاگرانى خۆش ده‌وێت كه‌ خۆیان له‌ خراپه‌ و پیسى به‌دوور ده‌گرن .
وه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا  بابه‌تى پاك و خاوێنى به‌گه‌وره‌ داناوه‌ وڕایگرتووه‌ به‌ فه‌رمووده‌ى: " الطُّهُورُ شَطْرُ الْإِيمَانِ. "أخرجه مسلم. واته‌: پاك و خاوێنى نیوه‌ى ئیمانه‌ .

لە کۆتاییدا دەڵێین :

ئەو جۆرە کەسانەی کە ئەم ڕەخنەیە دەگرن کێشەکەیان ئەوەیە تەنها تەماشای یەک لەفزی فەرموودەیەک دەکەن یاخود تەنها دەڕواننە یەک بەڵگەی شەرعی بێ ئەوەی بەدوادا چوون بکەن و بزانن بەڵگە ولەفزی تر هەن یاخود نا ؟
ئەمەش زیاتر ناپاکی وبێ ئینسافیان دەردەخات کە لە کەمیندان بۆ دەست کەوتنی بچووک ترین شت بۆ لێدان لەئیسلام بێ ئاگا لەوەی ئیسلام بەسەدان وهەزارانی وەک ئەمان ناشیرین نەبووە ونابێ!

سەردان: ٤,٧٤٥ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان