مەرجەکانی واجب بوونی زەکات: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مەرجەکانی واجب بوونی زەکات
پرسیار: مەرجەكانى واجبێتـى زەكات چین؟
وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

مەرجەكانی زەکات بریتین لە: ئیسڵام بوون، ئازادبوون، خاوەنى ئەندازەى زەكات بێت بەمانەوە، وە تێپەڕبوونى ساڵ بەسەریدا جگە لە بەروبوم و دانەوێڵە.  

مەرجەكان ئەمانەن: ئیسڵام بوون، ئازادبوون، خاوەنى ئەندازەى زەكات بێت بەمانەوە، وە تێپەڕبوونى ساڵ بەسەریدا جگە لە بەروبوم و دانەوێڵە.  
ئیسڵام بوون: ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت واتە كافر زەكاتى لەسەر نییە، وە لیێشی وەرناگیرێت ئەگەر بەناوى زەكاتیشەوە دەرى بكات، لەبەر ئایەتى: (وَمَا مَنَعَهُمْ أَنْ تُقْبَلَ مِنْهُمْ نَفَقَاتُهُمْ إِلاَّ أَنَّهُمْ كَفَرُوا بِاللَّهِ وَبِرَسُولِهِ وَلا يَأْتُونَ الصَّلاةَ إِلاَّ وَهُمْ كُسَالَى وَلا يُنْفِقُونَ إِلاَّ وَهُمْ كَارِهُونَ) (التوبة:54) واتە: وە هۆكارى وەرنەگرتنى بەخشینەكانیان ئەوەیە كە ئەوان بێباوەڕیان بە خواى پەروەردگار و بەدرۆدانانى پەیامبەرەكەیان ـ ـ  لە ناخادا شاردبووەوە ، و نایەن بۆ ئەنجامدانى نوێژەكانیان مەگەر بەلەش قورسى وبێزاریەوە نەبێت ، و ماڵەكانیان بە دڵناخۆشیەوە نەبێت نابەخشن ، چونكە ئەوان چاوەڕوانى پاداشتى ئەو كردەوانەیان نین ، و ترسى تووشبوونى سزایان نیە لەكاتى وازهێنان لەو كردەوە چاكانە .
جا ماناى ئایەتەكە ئەوە ناگەیەنێت كە لەسەر كافر واجب نییە واتە بەخشراوە لە رۆژى دواییدا و لەسەرى سزا نادرێت، لەبەر ئایەتى: (كُلُّ نَفْسٍ بِمَا كَسَبَتْ رَهِينَةٌ) (إِلاَّ أَصْحَابَ الْيَمِينِ) (فِي جَنَّاتٍ يَتَسَاءَلُونَ) (عَنِ الْمُجْرِمِينَ) (مَا سَلَكَكُمْ فِي سَقَرَ) (قَالُوا لَمْ نَكُ مِنَ الْمُصَلِّينَ) (وَلَمْ نَكُ نُطْعِمُ الْمِسْكِينَ) (وَكُنَّا نَخُوضُ مَعَ الْخَائِضِينَ) (وَكُنَّا نُكَذِّبُ بِيَوْمِ الدِّينِ) (حَتَّى أَتَانَا الْيَقِينُ) . واتە: هەموو كەسێك وابەستە و كۆت و بەندى ئەو كردەوە خراپ و شەڕانەى خۆیەتى كە كردوونى ، ئازاد نابێت تاكو بەجێگەیاندنى ئەو مافانەى كە لەسەریەتى و ئەو سزایانەى كە دەدرێت ، جگە لە موسڵمانە موخڵیصەكان نەبێت كە بەلاى ڕاستدا دەڕۆن ، ئەوانەى كە بە گوێڕایەڵى ئەستۆ و گەردنى خۆیان ئازاد كردووە ، ئەوانە لەباخ و باخاتێكدان لە خۆشیدا وێنا ناكرێت ، هەندێكیان لە هەندێكى تریان سەبارەت بەو بێباوەڕانەى كە تاوانیان دەرحەق خۆیان كردووە لێیان دەپرسن : چی ئێوەى خستە دۆزەخەوە و واى لێكردن گڕی ئاگرەكە بچێژن ؟ تاوانباران ووتیان : لە دونیادا لەنوێژ خوێنان نەبووین ، و ماڵ وسامانمان نەدەبەخشی و لەگەڵ فەقیر و هەژاراندا چاكەكار نەبووین ، وە لەگەڵ خەڵكانى گومڕا سەرقاڵی قسەى پڕوپوچ بووین ، وە باوەڕمان بەڕۆژی لێپرسینەوە و پاداشت نەبوو ، تاكو مردن یەخەی پێگرتین ، و ئێمە هەر لەسەر ئەو خراپەكاری و گومڕاییانە بووین .
جا ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە بێباوەڕان سزا دەدرێن بەهۆى دەستبەرداربوونیان لە دروشم و داواكاریەكانى ئیسڵام و هەربەوشێوەیەشە.

وە ئازادبوونیش: لەبەر ئەوەى بەندە وكۆیلە هیچ ماڵى نییە و هەرچیشی هەبێت هى خاوەنەكەیەتى، لەبەر فەرموودەى: (( من باع عبداً له مال فماله لبائعه إلا أن يشترطه المبتاع))(1) ،واتە: هەركەس بەندەیەك بفرۆشێت كە ماڵى هەبێت ئەوا ماڵەكەى بۆ فرۆشیارەكەیە مەگەر كڕیار بەمەرجى دابنێت. كەوابوو كۆیلە خاوەن ماڵ نییە تا زەكاتى لەسەر واجب بێت، ئەگەریش واروویدا كە كۆیلە شتێكى بە خاوەندارێتى هەبوو ئەوا لە كۆتاییدا هەردەگەڕێتەوە بۆ خاوەنەكەى واتە گەورەكەى، چونكە خاوەنەكەى مافى ئەوەى هەیە هەرچی ئەو بەندەیە هەیبێت بیبات، كەوابوو موڵكەكەى ناتەواوە و جێگیرنییە وەكو جێگیربوونى ماڵى كەسی ئازاد. 
هەروەها كە دەڵێین: خاوەنى ئەندازەى زەكات بێت ماناكەى ئەوەیە كە خاوەنى بڕى ئەو ماڵە بێت كە شەرع دیارى كردووە، و ئەوەش بە جیاوازى جۆرى ماڵەكان دەگۆڕێت، وە ئەگەر كەسەكە ئەو ئەندازەیە ماڵ وسەروەتى نەبوو ئەوا زەكاتى لەسەر نییە، چونكە ماڵەكەى كەمەو زەكات هەڵناگرێت.
جا بڕ و ئەندازەى ئاژەڵ بریتیە لە رێژەى سەرەتا و كۆتایی و جگە لەئاژەڵیش رێژەى سەرەتا و ئەوەى زیاد دەكات ئەوا بەپێى حسابەكەیەتى.

هەروەها تێپەڕبوونى ساڵیش لەبەر ئەوەى واجب كردنى زەكات لە كەمتر لە ساڵێك بریتیە لە بردنى ماڵى دەوڵەمەندان، وە واجب كردنیشی لەسەروى ساڵەوە زەرەر لەو كەسانە دەدات كە زەكات وەردەگرن، جا بۆیە حیكمەتى شەرع ئەوەیە كاتێكى دیارى كراوى بۆ دەستنیشان كردووە كە زەكاتى تێدا واجب دەبێت ئەویش ساڵە، جا پەیوەست كردنى ئەوە بە ساڵەوە بریتیە لە  ڕاگرتنى هاوسەنگى لەنێوان مافی دەوڵەمەندان و مافی ئەوانەى كە زەكاتەكە وەردەگرن. 
بۆیە ئەگەر كەسێك مرد یان ماڵەكە تیاچوو لە پێش تێپەڕبوونى ساڵ بەسەریدا ئەوا زەكاتى لەسەر دەكەوێ، ئیلا سێ شت نەبێت كەلە تێپەڕبونى ساڵ بەدەرن كە ئەمانەن:
قازانجى بازرگانى، لەدایك بوونى ئاژەڵ و بەروبوم و دانەوێڵە.
سەبارەت بە قازانجى بازرگانى ئەوا تێپەڕبوونى ساڵ واتە تێپەڕبوونى ساڵ بەسەر دەستمایەكەدا نەوەك قازانج، وە ئاژەڵى لەدایك بوویش تێپەڕبوونى ساڵ واتە تێپەڕبوونى ساڵ بەسەر دایكەكەیدا، وە بەروبوم و دانەوێڵەش تێپەڕبوونى ساڵ بەسەریدا واتە كاتى دروێنەكردنى. 

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله - 


(1) أخرجه البخاري: كتاب المساقاة/ باب الرجل يكون له ممر أو شرب في حائط أو نخل (2379)، ومسلم : كتاب البيوع/ باب من باع نخلاً عليها ثمر (1543) (80).

سەردان: ٤,٨٦٧ بەش: پێناسە و حوکمى زەکات