پارێزگارى کردن لە ئەنجامدانى نوێژەکان لە کاتى خۆیدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پارێزگارى کردن لە ئەنجامدانى نوێژەکان لە کاتى خۆیدا
پرسیار:

چۆن بتوانم پارێزگاریكاربم لە ئه‌نجامدانی نوێژەکانم لە کاتی خۆیاندا؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

بۆ پارێزگاریکردن لە نوێژەکان و ئه‌نجامدانیان لە کاتی خۆیاندا پێویستە چەند بیرۆکەیەک جێبەجێ بکەین، لەوانە:
یەکەم : به‌بیر خۆتی بێنەوە کە ئەم نوێژەی دەیکەیت بۆ خاتری خۆتە؛ ده‌ی خودا دەوڵه‌مەند و بێ پێویستە لە بەندەکانی، بەڵام ئه‌وه‌ تۆی كه‌ پێویستت بە کارکردن ھەیە بۆ بە دەست ھێنانی ڕەزامەندی خوای گه‌وره‌ - سبحانه -.
دووەم : ھەوڵبدە ھەموو کاتێک بە دەست نوێژەوە بیت، واتا: ھەر کاتێک دەست نوێژت شکا دەست بەجێ دەست نوێژ ھەڵبگرەوە، ئەمە وادەکات ھەر کە کاتی نوێژ ھات تۆش یەکسەر ھەڵسی نوێژەکەت بکەیت.
سێیەم : بانگ پەیوەندیەکی زۆر گرنگە و، پێویست دەکات خێرا وەڵام بدرێته‌وه‌، بۆیه‌ ھەوڵ بدە ھەر کە گوێت لێ بوو  وەڵامی بدەوە و، دواتریش نوێژەکەت بکە.   
چوارەم : زوو زوو سورەتی (الماعون) بخوێنەوە و تێبفکرە و  له‌ ماناكه‌ی تێ بگە، چونکە خواى گەورە لەم سورەتەدا دەفەرموێ : [فَوَيْلٌ لِلْمُصَلِّينَ (4) الَّذِينَ هُمْ عَنْ صَلَاتِهِمْ سَاهُونَ (5)]  هه‌ڕه‌شه‌ی قورس و سه‌خت و ئاگری دۆزه‌خ بۆ ئه‌و نوێژخوێنانه‌ی كه‌ له‌ نوێژه‌كانیاندا بێ ئاگان، وه‌ گوێی پێ ناده‌ن هه‌ر كاتێك بیكه‌ن كاتی ڕۆیشتبێ و به‌سه‌رچووبێ، یان كه‌ بیشیكه‌ن بۆ ڕیا ئه‌یكه‌ن و چاوه‌ڕێی پاداشت نین له‌ خوای گه‌وره‌، وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌یشیكه‌ن له‌ سزای خوای گه‌وره‌ ناترسێن، واته‌: په‌یوه‌ست نین به‌ نوێژه‌كانیانه‌وه‌، جا هه‌ر نه‌یكه‌ن ئه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌كه‌ ئه‌یانگرێته‌وه‌، وه‌ ئه‌وانه‌یشی كه‌ ئه‌یكه‌ن به‌ڵام دوای ئه‌خه‌ن تا كاته‌كه‌ی ته‌واو ئه‌بێ، یان كه‌موكوڕی ئه‌كه‌نه‌ ڕوكنه‌كانییه‌وه‌ یان مه‌رجه‌كانییه‌وه‌ یان خشوعى تیادا نابێت یان بۆ ڕیا ئه‌یكه‌ن و مه‌به‌ستیان پێی ڕیایه‌ هه‌موو ئه‌م شتانه‌ ئه‌گرێته‌وه‌و سیفه‌تى مرۆڤى دووڕووه‌.
پێنجەم : زۆر دوعا بکە و، بڵێ: {رَبِّ اجْعَلْنِي مُقِيمَ الصَّلَاةِ}، خودايە بمکە به‌ نوێژکەرێکی تەواو و ڕاستەقینە و پارێزگاریكاربم له‌ نوێژه‌كان. وە بشڵێ: ((اللَّهُمَّ أَعِنِّي عَلَى ذِكْرِكَ وَشُكْرِكَ وَحُسْنِ عِبَادَتِكَ))، واتا: خودایە یارمەتیم بدە بۆ زیکرکردن  و سوپاسکردن و چاک عیبادەتکردنت. 
جوان نوێژ کردن و، زۆر عیبادەت کردن رزقە و پێویستی بە پاڕانەوە ھەیه‌.
شەشەم :  نوێژە سوننەتەکان زۆر بکە؛ چونکە وەکو وتراوە: (السُّننُ حُرَّاس الفرائضِ)، واتا: نوێژە سوننەتەکان وەک پاسەوانن بۆ پاراستنی نوێژە فەڕزەکان .
له‌ كۆتاییشدا بیری خۆشم و ئێوه‌شی ده‌خه‌مه‌وه‌ كه‌ نوێژ له‌ دوای باوه‌ڕ به‌ تاك و ته‌نهایی خوای گه‌وره‌، گه‌وره‌ترین كرده‌وه‌یه‌، بۆیه‌ش هه‌ر كه‌سێك به ‌زایه‌ی بدات! شته‌كانی دی به‌ ئاسانتر زایه‌ ده‌كات و، تێیاندا كه‌مته‌رخه‌م ده‌بێت.


ڕێکخستن و کۆکردنەوەی: أنهار كاوه مصطفى
5ـی ڕه‌مــ8ـــه‌زانی 1441ـی كۆچی
28ـی نیســ4ـانی 2020له‌دایك بوون

سەردان: ٣,٦٢٦ بەش: حوکم و گرنگى نوێژ