کەسێک پێشتر دزی کردوە و ئێستا پەشیمانە چۆن تۆبە لەو دزیانە بکات و چی بکات ئێستا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کەسێک پێشتر دزی کردوە و ئێستا پەشیمانە چۆن تۆبە لەو دزیانە بکات و چی بکات ئێستا؟
پرسیار:

تـــــۆبــــەی دز

کەسێک چەند پێشینەیەکی دزی کردنی هەیە، کاتێک ویستی تۆبە بکات نەیزانی چۆن تۆبە لەو دزیانە بکات، ئایا چی بکات، دەبێت ئەوەیش بزانین کە ئەو کەسانی دزی لێکردوون ئێستا لێرەدا نەماون؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

تۆبەکار لە دزی، تۆبەکەی تەواو نابێت تاوەکو ئەو سامان وپارەیەی کە دزیوێتی نەگێڕێتەوە بۆ ئەو کەسەی دزی لێکردووە، بەڵام ئەگەر بڵێین: پێویستە لەسەرت سامان وپارە دزراوەکە بگەیەنێتە دەستی ئەو کەسی دزیت لێکردووە، ئەوا لەوانیە ببێتە گرفت، گرفتەکە چیە؟ گرفتەکه ئەوەیە کە دەتگرن، وئەگەریش بڵێت: من هەزارم دزیوە، پێت دەڵێن: نا تۆ دوو هەزارت دزیوە، ئەمەیش گرفتە، کەواتە رێگەچارە چیە؟
* رێگەچارە بریتیە لەوەی دزەکە کەسێک لە دۆستەکانی خاوەن سامان وپارە دزراوەکە ببینێت، وهەواڵی ڕوداوەکەی بۆ باس بکات، دۆستی خاوەن سامان وپارە دزراوەکە بۆی بباتەوە وپێی بڵێت: ئەمە لە کەسێکەوە بۆت گەڕاوەتەوە کە تۆبەی کردووە، وبۆ بەجێگەیاندنی تۆبەکەشی ئەوا ئەم سامان وپارەیەی بۆ تۆ گەڕاندۆتەوە.
* ئەگەریش بڵێت: کەسەکە نا ناسم، یان دەمناسی بەڵام ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ووڵاتی خۆی ونازانم لە کوێیە. دەڵێین: پێویستە لە سەرت بە ئەندازەی ئەوەی دزیوتە (صدقة) بکەیت واتا ببەخشیت بۆ ڕزگار بوون لە سامان وپارە دزراوەکە نەک بۆ نزیکبوونەوە لە خوای گەورە(1)، ئەمەش (قاعدة) ڕێسایە برایان، ڕێسایە کە هەموو سامان وپارەیەک خاوەنەکەی نەزانراو بوو دەبێت بکرێت بە صدقة بۆ ئەوەی لێی ڕزگار بیت.

وەڵامى شێخ (محمد بن صالح العثیمین) رحمه الله

سەرچاوە: زنجیرەی چاوپێکەوتنی مانگانە ≥ چاوپێکەوتنی مانگانەی [٥۸].

----------------------

(1) مەبەستی شێخ ئەوەیە سامان وپارەی دزراو کە دەکرێت بە (صدقة)، دزەکە خێری ناگات بەڵکو تەنها لە کۆڵ خۆی دەکاتەوە بۆ ئەوی لێی ڕزگاربێت وبەشێکە لە ڕاستگویی لە تۆبەکردندا. [وەرگێر]

 

سەردان: ٧,٧٦٠ بەش: تەوبە کردن