من كە قسە دەكەم خۆم بۆى زیاد دەكەم و درۆ دەكەم تكایە چارەسەرى درۆكردن چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
من كە قسە دەكەم خۆم بۆى زیاد دەكەم و درۆ دەكەم تكایە چارەسەرى درۆكردن چیە؟
پرسیار:

زۆرسوپاسى جەنابتان ئەكەم كە ئاوا هیلاك دەبن بەدەست وەڵامدانەوەى پرسیارەكانمان هیوادارم خواى گەورە لە ڕەحمى خۆى بێ بەشتان نەكات و پاداشتان بداتەوە  .
بەڕێزان من زۆر لەخواى گەورە دەترسم بەڵام ئێستا حاڵەتێكم بەسەر دێت كە خۆشم قین لە خۆم دەكەمەوە بەس خۆم ناتوانم یارمەتى خۆم بدەم جار جار كە قسە دەگێڕمەوە هەندێ بەشى قسەكە بەڕاستى ناگێڕمەوە وە خۆم بۆى زیاد دەكەم واتە بەكوردى یەكەى ترش و خوێى پێوە دەكەم و درۆ دەكەم وە ئەم درۆیە بەقەستەوە نیە بەڵام قسەكە وا دێتە دەرەوە واتە كە قسە دەكەم بەو نیەتەوە قسە ناكەم كە درۆ بكەم و قسەى درۆ دروست بكەم بەس لا شعوریە كە قسەكە تەواو دەكەم ئینجا سڕ دەبم و بیرم دەكەوێتەوە كە ئەو قسەم بە ڕاستى نەگێڕاوەتەوە، خۆم زۆر بەتاوانبار دەزانم وە زۆر خەفەتى پێوە دەخۆم چونكە من وا نەبووم تازە وام لێ هاتووە. داواتان لێ دەكەم ئەگەر هیچ دوعایەكتان لایە كە لە درۆ و دەلەسە دوورم بخاتەوەپێم بڵێن وە لە لایەن خۆتانەوە دوعاى خێرم بۆ بكەن لاى خواى گەورەكە ئەو كارە ناشرینەم پێ تەرك بكات.
زۆر سوپاس وە داواى لێ بوردن دەكەم كە نامەكەم درێژەى كێشا.

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان

بۆ ئەوەی ڕزگارت ببێت لە ڕەوشتی خراپی درۆ كردن و هاوشێوەكانی لە تاوانەكانی تری زمان ئەوا دەبێت ئەم كارانەی خوارەوە ئەنجام بدەیت:
1 ـ هەست كردن بەوەی كە لە كاتی قسەكردنتدا خوا ئاگای لێتە و هەرچی وتەیەك بڵێیت ئەوا خوا دەیبیسێت و لە سەریشت تۆمار دەكرێت، بە بەڵگەی ئەم ئایەتانەی خوارەوە:
[أَلَمْ تَرَ أَنَّ اللَّهَ يَعْلَمُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ مَا يَكُونُ مِن نَّجْوَى ثَلَاثَةٍ إِلَّا هُوَ رَابِعُهُمْ وَلَا خَمْسَةٍ إِلَّا هُوَ سَادِسُهُمْ وَلَا أَدْنَى مِن ذَلِكَ وَلَا أَكْثَرَ إِلَّا هُوَ مَعَهُمْ أَيْنَ مَا كَانُوا ثُمَّ يُنَبِّئُهُم بِمَا عَمِلُوا يَوْمَ الْقِيَامَةِ إِنَّ اللَّهَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ] [سورة الـمجادلة: (7)] .
واتە: ئایا نازانیت كەوا بەڕاستی خوا ئەوەی لە ئاسمانەكان و ئەوەی لە زەویدایە دەیزانێت، هیچ چپەیەك نىیە لە نێوان سێ كەسدا ئیللا خوا چوارەمیانە، وە لە نێوان پێنجدا ئیللا خوا شەشەمیانە، وە لە نێوان كەمتر لەوە و زیاتریش لەوە ئیللا خوا لە گەڵیاندایە لە هەر كوێیەك ببن ئەنجا لە ڕۆژی قیامەتدا هەواڵیان دەداتێ بەوەی كە كردوویانە، بەڕاستی خوا زانایە بە هەموو شتێك.
[أَلَمْ يَعْلَمُواْ أَنَّ اللّهَ يَعْلَمُ سِرَّهُمْ وَنَجْوَاهُمْ وَأَنَّ اللّهَ عَلاَّمُ الْغُيُوبِ] [سورة التوبة: (78)] .
واتە: ئایا نەیانزانیوە كەوا بەڕاستی خوا بە نهێنی و چپەچپیان دەزانێت و بەڕاستی خوا زۆرزانایە بە پەنهانىیەكان.
[مَا يَلْفِظُ مِن قَوْلٍ إِلَّا لَدَيْهِ رَقِيبٌ عَتِيدٌ] [سورة ق: (18)] .
واتە: هیچ وتەیەك (قسەیەك) نایەت بە سەر زمانیدا ئیللا چاودێر و نووسەرێكی لە لادایە و هەموو وتەكانی لە سەر دەنوسێت.
[أَمْ يَحْسَبُونَ أَنَّا لَا نَسْمَعُ سِرَّهُمْ وَنَجْوَاهُم بَلَى وَرُسُلُنَا لَدَيْهِمْ يَكْتُبُونَ] [سورة الزخرف: (80)] .
واتە: ئایا وا حیساب دەكەن (وادەزانن) كەوا ئێمە نهێنی و چپەچپیان نابیسین ؟ بەڵێ دەیبیسین و نێردراوەكانیشمان لە لایاندان و دەینووسن.
كەواتە هەست كردنت بەوەی كە خوا هەموو وتەكانت دەبیسێت و دەیزانێت و فریشتەكانیش دەینووسن لە سەرت دەبێت ببێت بە ڕێگر لەوەی كەوا بە هیچ شێوەیەك درۆ و وتەی بێ سوود و قسەی خراپ نەیەت بە زمانتدا.
2 ـ ئەگەر هەر كاتێك ویستت قسە بكەیت و حەزت لە قسە كردن بوو ئەوا یان قسەی خێر و چاك بكە یان بێ دەنگ ببە:
پێغەمبەری خوا () لەم بارەیەوە فەرموویەتی:((من كان يؤمن بالله واليوم الآخر فليقل خيرا أو ليصمت)) [متفق عليه] .
واتە: هەر كەسێك باوەڕی بە خوا و ڕۆژی دوایی هەیە ئەوا با یان قسەی چاك بكات یان با بێ دەنگ بێت.
هەروەها فەرموویەتی: ((مَنْ صَمَتَ نَـجا)) [صحيح سنن الترمذي رقم: (660)] .
واتە: هەر كەسێك بێ دەنگ بێت ئەوا ڕزگاری دەبێت.
3 ـ بزانە درۆ كردن تاوانێكی زۆر ترسناك و گەورەیە و سزاكەشی سەختە و وازهێنان لێشی دەتباتە بەهەشتەوە:
پێغەمبەری خوا () لەم بارەیەوە فەرموویەتی:
((عليكم بالصدق فإن الصدق يهدي إلى البر وإن البر يهدي إلى الجنة، وما يزال الرجل يصدق ويتحرى الصدق حتى يكتب عند الله صديقا، وإياكم والكذب فإن الكذب يهدي إلى الفجور وإن الفجور يهدي إلى النار، وما يزال الرجل يكذب ويتحرى الكذب حتى يكتب عند الله كذابا)) [متفق عليه] .
واتە: پەیوەست بن بە ڕاسگۆییەوە، چونكە بەڕاستی ڕاستگۆیی ڕێنماییت دەكات بۆ چاكە، وە بەڕاستی چاكە ڕێنماییت دەكات بۆ بەهەشت، وە پیاو بەردەوام ڕاست دەكات و بە دوای ڕاستیدا دەگەڕێت تاوەكو لە لای خوا بە زۆر ڕاستگۆ دەنووسرێت، وە وریا و بە ئاگا بن لە درۆ، چونكە بەڕاستی درۆ ڕێنماییت دەكات بۆ خراپە، وە بەڕاستی خراپە ڕێنماییت دەكات بۆ ئاگری دۆزەخ، وە پیاو بەردەوام درۆ دەكات و بە دوای درۆدا دەگەڕێت تاوەكو لە لای خوا بە زۆر درۆزن دەنووسرێت.
هەروەها فەرموویەتی: ((ويل للذي يحدث فيكذب ليضحك به القوم ويل له ويل له)) [صحيح سنن الترمذي رقم: (557)] .واتە: وەیل و تیاچوون و فەوتان بۆ ئەو كەسەی كەوا قسە دەكات و درۆ دەكات بۆ ئەوەی خەڵكی پێی پێبكەنن، وەیل و تیاچوون و فەوتان بۆ ئەو كەسە، وەیل و تیاچوون و فەوتان بۆ ئەو كەسە.
هەروەها فەرموویەتی:((تقبلوا لـي بست أتقبل لكم بالـجنة: إذا حدث أحدكم فلا يكذب وإذا وعد فلا يخلف وإذا ائتمن فلا يخن، غضوا أبصاركم وكفوا أيديكم واحفظوا فروجكم)) [صحيح الـجامع الصغير رقم: (2978)] .
واتە: ئێوە شەش شتم لێوەربگرن و منیش بەهەشتان بۆ وەردەگرم: ئەگەر یەكێك لە ئێوە قسەی كرد ئەوا با درۆ نەكات، وە ئەگەر پەیمانی دا ئەوا با پێچەوانەی نەكات، وە ئەگەر ئەمانەتێك خرایە لای ئەوا با خیانەتی لێنەكات، وە چاوتان دابخەن و دەستتان بگرنەوە و عەورەت و دامێنتان بپارێزن.
4 ـ هاوەڵێتی كەسانێك بكە كەوا قورئان خوێن و دەم بە زیكری خوا بن ئەوانەی كەوا لە مەجلیسەكانیاندا بەردەوام باسی خێر و چاكەكاری دەكرێت و ڕاستگۆن و بە هیچ شێوەیەك درۆیان لێ نابیسیت و لێتیش ڕازی نابن درۆیان بۆ بكەیت.
پێغەمبەری خوا () فەرموویەتی: ((إنَّما مَثَلُ الـجَليس الصالـح والـجليس السوء: كحاملُ الـمسك ونافخ الكيـر، فحاملُ الـمسك إمَّا أنْ يُـحْذِيَكَ، وإمَّا أنْ تَبْتاعَ منه، وإمَّا أنْ تَجِدَ منهُ ڕيـحاً طَيِّبةً، ونافِخُ الكِيـر إمَّا أنْ يُحڕقَ ثيابَكَ، وإمَّا أنْ تَجِدَ منه ڕيـحاً خَبيثةً)) [صحيح البخاري رقم: (2101) و (5534) وصحيح مسلم رقم: (2628) من حديث أبـي موسى، واللفظ الـمذكور لـمسلم] .
واتە: نموونەی هاوەڵی چاك و هاوەڵی خراپ: وەكو هەڵگری بـۆنـی میسك (واتە بۆن فرۆش) و فۆكار بە كوورەدا (واتە ئاسنگەر) وایە، جا هەڵگری بۆنی میسك یان لەو بۆنەت پێ دەبەخشێت یان لێی دەكڕیت یان بۆنی خۆشی لێ دەبینیت و هەڵیدەمژیت، بەڵام فۆكار بە كوورەدا یان جلەكانت دەسوتێنێت یان بۆنی پیسی لێ دەبینیت و هەڵیدەمژیت.
هەروەها پێغەمبەر () فەرموویەتی: ((لا تُصاحِبْ إلاَّ مؤمناً، ولا يأكلْ طعامك إلاَّ تَقي)) [صحيح أبي داود رقم: (4832)] .
واتە: هاوەڵێتی ئیماندار نەبێت نەیكەیت، وە با كەس خواردنت نەخوات ئیللا كەسێكی لە خوا ترس و خۆپارێز لە تاوان نەبێت.
5 ـ دوور كەوتنەوە و بە جێهێشتنی ئەو شوێن و جێگا و مەجلیسانەی كەوا تاوانی درۆ و قسەی بەتاڵ و بێ سوودی تێدا دەكرێت، بە بەڵگەی فەرموودەی ئەو كەسەی كەوا سەد كەسی كوشت و پاشان تەوبەی كرد: پێغەمبەر () پێی فەرموو:((اخرُجْ من القرية الـخبيثة التي أنت فيها إلى القرية الصالحة قرية كذا وكذا [فإنَّ بـها أُناسا يعبدون الله] فاعبدْ ربك [معهم] فيها، [ولا ترجعْ إلى أرضك فإنَّها أرض سوء ] )) [سلسلة الأحاديث الصحيحة رقم: (2640)] .
واتە: دەرچوو لەو گوندە پیسەی كە تۆ تێیدا دەژیت و بڕۆ بۆ ئەو گوندە چاكەی كەوا خەڵكانێكی تێدایە خوا دەپەرستن و تۆش لە گەڵ ئەواندا خوای پەروەردگارت بپەرستە تێیدا، وە نەگەڕێیتەوە بۆ زەویەكەی خۆت چونكە خەڵكەكەی خراپە.
6 ـ ئەگەر ویستت درۆ بكەیت ئەوا لە شوێن و جێگایەكدا بیكە كەوا موڵكی خوا نەبێت !
ئایا دەتوانیت ؟!!
یان لە شوێن و جێگایەكدا درۆ بكە كەوا خوا نەیبیسێت !
ئایا دەتوانیت ؟!!
كەواتە شەرم لە خوا بكە و درۆ مەكە.
7 ـ بەردەوام داوا لە خوای گەورە بكە و لێی بپارێرەوە و بڵێ: خوایە پەنات پێ دەگرم لە درۆ كردن و یارمەتیم بدە بۆ ئەوەی بە یەكجاری واز بێنم لە درۆ كردن بە هەموو شێوەیەك.
بەڵام دوعایەكی تایبەتم بەرچاو نەكەوتووە بۆ ئەوەی كە لە درۆ و دەلەسە دوورت بخاتەوە، كەواتە ئەو ڕێگایانە بگرە بەر و خۆت داوا لە خوا بكە و لێی بپاڕێرەوە بۆ ئەوەی بتپارێزێت لە درۆ كردن و هەموو تاوانەكان.
لە لایەن مامۆستا (محمد عبد الرحمن) ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٣,٥٤٢ بەش: تاوانه‌كان