بەشەکان
ئامار
پرسیارەکان: ١٣٩١ کۆی سەردان: ٥٦٢٦٣٢
پرسیار لەوێنەدا
حەسودی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە تا چەند تاوانە ، وە نیشانەكانی و چارەسەركردنی چیە؟

الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين ومن تبعهم بإحسان الى يوم الدين،

لەپاشاندا:‏
نەخۆشی حەسودی یەكێكە لەنەخۆشی یە بڵاوەكانی ناو كۆمەڵگاكەمان، جا هەركەسێك ‏ئەم نەخۆشی یەی توش بوو خێرو خۆشی لەژیانی خۆی نابینێت وەكو پێویست، وە ‏لەهەمووی ترسناك تر ئەوەیە كە ئەم نەخۆشی یە خوێندكاری زانستی شەرعی ‏بگرێتەوە، ترسناكی حەسودی بۆ خوێندكاری زانستی شەرعی لەوەدایە كە: بەرەكەتی ‏زانیاری ناهێڵێت، وهەوڵدانی بۆ زانیاری پێویست كەم دەكاتەوە، وەتوانای ئامادە بوونی ‏بۆ فێربوون كەم دەكاتەوە، بەتایبەتی حەسودی لەنێوان هاوتەمەنەكاندا.‏
حەسودی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە تاوانە وحەرامە، بەڵگەیش لەسەر حەرامێتی:-‏
‏1- خوای گەورە دەفەرمێت: [وَمِنْ شَرِّ حَاسِدٍ إِذَا حَسَدَ] . (الفلق: 5).
واتە:... وە خوایە من پەنا دەگرم بە تۆ لە شەڕو خراپەی مرۆڤی حەسود كە حەسودی ‏دەبات.‏
‏2- وەدەفەرمێت:‏ [أَمْ يَحْسُدُونَ النَّاسَ عَلَى مَا آَتَاهُمُ اللَّهُ مِنْ فَضْلِهِ] . (النساء:54).
واتە: یاخود حەسودی بەخەڵكی دەبەن لەسەر ئەو فەزڵ وچاكەیەی كە خوای گەورە پێ‌ ‏ی بەخشیون، مەبەست پێ‌ ی جولەكەیە كە حەسودی یان بەپێغەمبەری خوا [‏صلى الله عليه وسلم‏] ‏دەبرد كە خوای گەورە بەخششی گەورەی پێغەمبەرایەتی پێ‌ بەخشیوە، وەهەر ئەم ‏حەسودی یە وای لە جولەكە كرد كە باوەڕ بە پێغەمبەرایەتی محمد [‏صلى الله عليه وسلم‏] نەهێنن، ‏چونكە لە خۆیان نەبوو.‏
‏3- پێغەمبەر [‏صلى الله عليه وسلم‏] دەفەرمێت: ‏ [لا تحاسدوا] (مسلم: 2564، صحيح الجامع الصغير:1/2679).
واتە: حەسودی بەیەكتری مەبەن.‏
‏4- وەدەفەرمێت: [.... ولا يجتمعان في قلب عبد الإيمان والحسد] (صحيح الجامع الصغير: 2/7620).
واتە:.... وە حەسودی وباوەڕ لە دڵی هیچ بەندەیەكدا كۆنابنەوە.‏
حەسودی دەردەو چارەسەریشی هەیە، جا هەركەسێك ئەم نەخۆشی یەی هەیە با هەوڵی ‏چارەسەر كردنی بدات و پشت گوێ‌ ی نەخات، وبە نەخۆشی یەكی كەمی نەزانێت، ‏چونكە وەكو كشتوكاڵ وایە تا ئاو بدرێت زیاتر گەشە دەكات، بەتایبەتی ئەگەر خۆتی لێ‌ ‏بێ‌ ئاگا بكەیت و هەوڵی چارەسەر كردن و بنە بڕكردنی نەدەیت.‏
قال شيخ الإسلام (رحمه الله): (ولهذا يقال: ما خلا جسد من حسد، ولكن الكريم يخفيه، واللئيم يبديه) (مجموع الفتاوى: 10/ 77).
واتە: هیچ كەسێك نی یە حەسودی نەبێت، بەڵام چاكەكار وبەڕێز ئاشكرای ناكات، وە ‏خراپەكار ئاشكرای دەكات.‏
مرۆڤی حەسود ئەگەر كەمێك بیر بكاتەوە بۆی ئاشكرا دەبێت كە حەسودی یەكەی ‏ڕەخنە گرتنە لە بڕیاری خوای گەورە، چونكە پێ‌ی ناخۆشە كاتێك كە خوای گەورە ‏خێرو خۆشییەك دەبەخشێت بە بەندەیەك لەبەندەكانی.‏
زیانی حەسودی كە نەخۆشی یەكە لە نەخۆشی یەكانی دڵ: زیاتر دڵ ڕەق دەكات، ‏وەزیاتر بەندە دوور دەخاتەوە لەكاری خێر ئەنجام دان.‏
ئەگەر موسڵمانان دەرگای ئامۆژگاری لەسەر یەك دانەخەن وداوای ئامۆژگاری خێر بكەن ‏لە هاوتەمەنەكان، ئەوكاتە لەم نەخۆشی یە پارێزراو دەبین، یەكێك لە زانایان كەناوی ‏‏(الأحنف بن قیس) ە دەفەرمێت: (گلەیی كردن خێرترە لە ڕق وكینە بەرامبەر یەكتری).‏
ئەگەر هەر كەسێك(موسڵمانێك) كەم وكوڕی بینی لە برای موسڵمانی بە تایبەت لە ‏خوێندكاری ئایینی خێرایی بكات بۆ ئامۆژگاری كردنی ودوعای خێری بۆبكات، برینداری ‏نەكات، بێگومان زۆربەی كێشەكانمان چارەسەر دەبێت.‏
بەڵام نەخۆشی دەرونی خاوەنەكەی بەرەو خۆ بەزل زانین بانگ دەكات، ئەگەر ‏خاوەنەكەی جڵەوی بۆ شل بكات.‏
نیشانەكانی حەسودی:‏
نیشانەكانی حەسودی كەم وزۆر دەكات بەگوێرەی ئاستی حەسودییەكە، هەندێك لە ‏نیشانەكان باس دەكەم بە ئومێدی ئەوەی هەر كەسێك ئەم نیشانانەی تێدایە ‏چارەسەری خۆی بكات و نەیهێڵێت، نیشانەكان زۆر كات لەناو قوتابی زانستی شەرعیدا ‏ئاشكرا دەبێت.‏
نیشانەكان بریتین لە:‏
‏1- پێخۆشحاڵ بوونی بە هەڵەی هاوڕێكەی (براكەی)، چونكە وا گومان دەبات كە هەڵەی ‏هاوڕێكەی هۆیەكە بۆ بەرز بوونەوەی پلەی حەسودەكە.‏
ئەم نیشانەیە كەم كەس هەیە تێیدا نەبێـت، لەگەڵ ئەوەیشدا شتێكی شاراوەیە خوای ‏گەورە پێ‌ی دەزانێت، پاشان هاوڕێ كەی.‏
‏2- پێخۆشحاڵ بوونی بە دیار نەبوونی هاوڕێكەی (براكەی) لە كارێكدا كە جێگەی ‏ناكۆكی یە لەنێوانیاندا، بە گومانی ئەوەی ئەگەر هاوڕێكەی دیار نەبوو ئەم دەتوانێت ‏دۆستی زیاتر بۆ خۆی پەیدا بكات.‏
‏3- پێخۆشحاڵ بوونی كاتێك كە باسی هاوڕێكەی(براكەی) دەكرێت بە خراپی ‏ولەپاشەملە باسی دەكرێت، بۆیە هەوڵا نادات بۆ نەهێشتنی باسكردنی هاوڕێكەی لەو ‏شوێنەدا، گومانی تێدا نییە ئەم باس كردنە حەرامە، چونكە لە پاش ملە باسی ‏دەكرێت.‏
‏4- ئەگەر پرسیاری لێ‌ بكرێت دەربارەی هاوڕێكەی(براكەی) ئەم مرۆڤە حەسودە هەوڵ ‏دەدات پرسیار لێ‌ كراو لە بەر چاوی پرسیار كەر بخات.‏
‏5- دڵ گرانە كاتێك خەڵكی پرسیار لە هاوڕێكەی(براكەی) بكەن، یان داوا بكەن لە ‏هاوڕێكەی ئامۆژگارییەك پێشكەش بكات كاتێك كە ئەم مرۆڤە حەسودە لەوێ‌ ئامادەیە.‏
بەڵام ئەگەر بەجوانی بیر بكاتەوە تێ دەگات كەئەو پلەیەی كە هاوڕێكەی هەیەتی خوا ‏پێی بەخشیوەو ڕازی بوونیش بەبەخشینی خوا نیشانەی مرۆڤی ئیماندارە.‏
‏6- بەكەم زانینی خێرو چاكەی هاوڕێكەی(براكەی) وكەم كردنەوەی پلەی زانستی ‏هاوڕێكەی(براكەی) بەگومانی ئەوەی ناوبانگی ئەم مرۆڤە حەسودە كەم دەبێتەوە یان ‏مافی دەخورێت.‏
‏7- هەوڵدان بۆ ڕەخنە گرتن لە قسەی هاوڕێكەی(براكەی) بۆ ڕوخاندنی و بەهەڵە ‏لێكدانەوەی قسەی هاوڕێكەی(براكەی) دەكات بۆ بەجێهێنانی مەبەستی خۆی.‏
‏8- شاردنەوەی چاكەی هاوڕێكەی (براكەی)كە لەگەڵ ئەم مرۆڤە حەسودەدا ئەنجامی ‏داوە، ئەمەیش نەخۆشییەكە چونكە هەست كردن بەچاكەی هاوڕێكەی (براكەی) پێ ‏زانینی نیشانەی مرۆڤی موسڵمانە و حەق وایە دوعای خێری بۆ بكەیت.‏
چارەسەری حەسودی:‏
‏1- دوعای خێر كردن بۆ ئەو كەسانەی كە چاكەیان كردووە لەگەڵتدا، بۆ ئەوەی ڕق ‏وكینەو دووبەرەكی نێوانتان كۆتایی پێ‌ بێت.‏
‏2- هەوڵدان بۆ دروست كردنەوەی خۆشەویستی لە نێوانتاندا وپرسیاركردن لە حاڵی ‏یەكتری بۆ ئەوەی كێشەكان كۆتایی پێ‌ بێت.‏
لەوانەیە لەسەر دڵا قورس بێـت نزیك بوونەوە لەهاوڕێكەت ودروست كردنەوەی ‏خۆشەویستی لەبەر خوا لەنێوانتاندا، بەڵام بیر لەم ئایەتە بكەرەوە ولێ‌ ی تێ بگە ‏بەباشی كە خوای گەورە دەفەرمێت: [وَلَا تَسْتَوِي الْحَسَنَةُ وَلَا السَّيِّئَةُ ادْفَعْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ فَإِذَا الَّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ] . (فصلت: 34).
واتە: هەرگیز كردەوەی چاكە وەكو كردەوەی خراپە نییە ویەكسان نین، بەڵكو جیاوازی ‏زۆر گەورە لە نێوانیاندا هەیە، تۆ بەرامبەر كردەوەی خراپەیش هەر كردەوەی چاكە ‏ئەنجام بدەو بەكردەوەی جوان و چاكەكانت كردەوە خراپەكان ڕابماڵە، وبەرامبەر هەموو ‏خراپەیەك تۆ هەر چاكە بكە، جا ئەو كاتە ئەو كەسەی لەگەڵتاندا ناكۆكی ‏ودوژمنایەتیشی هەبێت وەكو دۆستێكی زۆر دڵسۆزی لێ‌ دێت بۆت.‏
تێكۆشە لەگەڵ دەرونتا، پۆشاكی خۆبەزل زانین فڕێ بدە، ڕوح سوك بە لەگەڵ ‏هاوڕێكەتدا، ئەو كاتە دەبینیت كە چۆن هاوڕێكەت هەڵوێستی دەگۆڕێت بەرامبەرت.‏
‏3- سەردانی هاوڕێكەت بكە بەمەبەستی ئەنجامدانی كارێكی چاك ونەهێشتنی ڕق وكینە ‏لە نێوانتاندا، گومانی تێدا نییە ئەم سەردانە كاریگەری گرنگی دەبێت لەدڵ ودەرونی ‏هاوڕێكەتدا، وەدەبێتە هۆی نەمانی كێشەكانتان.‏
‏4- ڕێگە نەدان بەباس كردنی هاوڕێكەت لە پاشملە، كە ئەمەیش خۆی لەخۆیدا كارێكی ‏چاكە لەلای خوای گەورە، ئەم كارەیش ئەگەر بگاتە هاوڕێكەت بێگومان خۆشەویستی ‏نێوانتان زیاد دەكات.‏
‏5- لە ناخی دڵتەوە خۆشەویستیت بوێت بۆ هاوڕێكەت وپێش خۆتە بخە، دەگونجێت ‏بەیەك بگەن لە دانیشتندا جا ئەگەر پرسیارێك ئاراستەی تۆ كرا هەوڵ بدە با هاوڕێكەت ‏وەڵام بداتەوە، جا ئەگەر هەڵەی تێدا بوو ڕاستی بكەرەوە، چونكە وازهێنان لەمافی ‏خۆت بۆ ڕەزامەندی هاوڕێكەت ئەگەر زیانی تێدا نەبوو بۆ دینكەت تۆ پاداشت ‏وەردەگریت لەسەری، چونكە مەبەستت ئاشت بوونەوە وچاك كردنی نێوانتانە.‏
‏6- داوای ئامۆژگاری خێر بكە لە هاوڕێكەت و ڕاوێژی پێ‌ بكە، چونكە ڕاوێژ پێ‌ كردنت ‏وداوای ئامۆژگاری خێر لە هاوڕێكەت خۆشەویستیت زیاد دەكات لە دڵی هاوڕێكەتدا، وە ‏تێ دەگات كە تۆ متمانەت بە هاوڕێكەت هەیە و خۆشت دەوێت، ئەنجام دانی ئەم ‏كارەیشت إن شا‌ء الله دەبێتە هۆی ڕاماڵینی ڕق وكینەی نێوانتان.‏
وصلى الله وسلم على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.

مامۆستا عبدالکریم محمد / پێشنوێژ و وتار خوێنى مزگەوتى ئیمان - سلێمانی



سەردان: ٣١١ بەش: تاوانه‌كان

ئەو دوعا و نزایانەى کە تایبەتن بە کاتى باو باران و هەورە بروسکە کامانەن لەگەڵ ماناکانیان بە کوردی؟چۆن ئەمن و ئاسایشی وڵاتمان بپارێزین ؟