من وەکو کچێک چ کردەوەیەک بکەم خواى گەورە ئاواتەکانم بە دی دێنێت بۆ نمونە هاوسەرێکى باش ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
من وەکو کچێک چ کردەوەیەک بکەم خواى گەورە ئاواتەکانم بە دی دێنێت بۆ نمونە هاوسەرێکى باش ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

مافی هەموو كچێكە داوای هاوبەشێكی ژیان بكات ، بەڵام بە پێی چەند ڕێساو ڕێكخەرێك ، چونكە كچی موسڵمان جیاوازە لە كچانی تر ، و نابێت لە كەناڵە ئاسمانیەكانەوە وەكو كاڵایەكی بازاڕی خۆی بخاتە ڕوو، هەروەها نابێت لە ڕێگای ڕۆژنامەو گۆڤارەكانەوە بە ئاشكرا خۆی بخاتە ڕوو وە داوای هاوسەر بكات .
خوشكی موسڵمانم : بزانە كە هاوسەری چاك یەكێكە لەهەرە گەورەترین نیعمەتەكانی خوای گەورە لەم دونیایەدا ، وە ڕزقی خوای گەورەیە ، ئەو ڕزقەش بەدەست نایەت تاوەكو نەبیتە كەسێكی گوێڕایەڵ و چاكەكار.
پڕۆژەیەكی زێڕین
خوشكی بەڕێزم : وەكو پێشتر وتمان بۆ ئەوەی هاوسەرێكی چاكت بە قسمەت ببێت دەبێت گوێڕایەڵ بیت ، ئەم گوێڕیەڵیەش بەكردەوەی چاكە و دووركەوتنەوە لە خراپە دێتە دی ، ئەمەی خوارەوەش چەند كردەوەیەكی چاكە هەر كچێك ئەنجامی بدات بە ویستی خوای گەورە هاوسەرێكی چاك و لەخوا ترسی بە نسیب دەبێت :
1. تەوبەكردن : بۆئەوەی لەو تاوانانەی پێشتر كردووتە ڕزگارت بێت ، بۆئەوەی لە دڵێكی ژەنگین و ڕەشاوی و بەردین ڕزگارت بێت بۆ دڵێكی پاك و ڕووناك و بێگەرد ، بۆئەوەی بەختەوەری دونیاو دوا ڕۆژ بیت ، بۆئەوەی ببیت بەكەسێكی خۆشویستراو لەلای خوای گەورە پاشان لەناو كۆمەڵگادا ، بۆئەوەی ببیت بە خێزانی كەسێك كە ڕووگەش و زمان بە زیكر ونوورانی و لە خواترس ، بۆئەوەی لەبەهەشتدا ببیت بە هاوەڵی ( عائیشە و خەدیجە و مەریەم و فاطمه )، بۆ ئەوەی لە دۆزەخ ڕزگارت ببێت و لەبەهەشتدا بە بینینی خوای گەورە شاد ببیت ، تەوبە بكە، تەوبەیەك كە فرمێسكەكانی چاوو كزەی دڵ و كردەوەی چاكی ئەندامەكانی لەشت ڕاستیەكەی بسەلمێنن، تەوبەیەكی وا كە بەیەكجاری كۆچت پێ‌ بكات لە نیشتمانێكی داڕووخاو و كاولبووی گوناه بۆ نیشتمانێكی پاك و دڵگیری پڕ لە چاكەو خوا پەرستی ، تەوبەیەك وات لێ‌ بكات هەركاتێك تاوانەكانی پێشووت بیركەوتەوە فرمێسكەكانت سەر گۆناكانت تەڕ بكات .
ئەگەر تەوبەیەكی لەو شێوەیەت كرد ئەوكاتە خوای گەورە بەڵێنی خۆی دەهێنێتە دی كە دەفەرموێت : { إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ التَّوَّابِينَ } واتە : بە ڕاستی خوا تەوبەكاران (ی ڕاستەقینە )ی خۆش دەوێت ، وە دەفەرموێت : {فَأُولَئِكَ يُبَدِّلُ اللَّهُ سَيِّئَاتِهِمْ حَسَنَات}الفرقان -70  واتە : ئەوانە خوا خراپەكانیان دەگۆڕێت بە چاكە .
خوشكی بەڕێزم وریا بە شەیتان بەوە هەڵت نەخەڵەتێنێ‌ كە بڵێ‌ تۆ تاوانت زۆرە و خوا لێت خۆش نابێت، چونكە خوای گەورە بەڵێنی داوە لەهەموو گوناهێك خۆش ببێت لە شیرك ، زینا ، كوشتن ، هەموو ئەوانە كە لە تاوانە گەورەكانن خوای گەورە بەڵێنی داوە هەموویت بۆ بسڕێتەوە ئەگەر تەوبەیەكی تەواوت كرد .
خوای گەورە فەرموویەتی : { قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنفُسِهِمْ لا تَقْنَطُوا مِن رَّحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا } الزمر -53
واتە : ئەی موحەممەد بڵێ خوا دەفەرموێت: ئەی بەندەكانم، ئەی ئەوانەی كە تاوان و هەڵەی زۆرتان ئەنجام داوە، نائومێد مەبن لە ڕەحمەت و بەزەیی خوا، چونكە خوا لە هەموو گوناه و هەڵەكانتان خۆش دەبێت . بێگومان ئەو خودایە زۆر لێبوردەو بە سۆزو میهرەبانە.

هەندێك لە مەرجەكانی تەوبە
أ/ پەشیمان بوونەوەیەكی تەواو لەو گوناهانەی كە كردووتە .
ب / بەڵێن دان بە خوای گەورە و سوربوون لەسەر ئەوەی جارێكی تر نەگەڕێیتەوە بۆ سەر ئەو تاوانانەی كە كردووتە .
ج / ئەگەر تاوانەكان پەیوەندیان بە حەقی خەڵكەوە هەبوو ، بۆ نموونە غەیبەتی كەسێكت كردبوو ئەوا دەبێت گەردنی خۆتی پێ ئازاد بكەیت ئەگەر كراو گونجا ئەگەر نەكرا ئەوا دوعای خێری بۆ بكە ، یان بۆ نموونە ئەگەر دزیت لەكەسێك كردبوو ئەوا دەبێ‌ تاوەكو لە تواناتدا هەیە بە ئاشكرا یان بەنهێنی شتەكانی بۆ بگێڕیتەوە .
2- ئارام گرتن ( الصبر ) : گەر دەتەوێت كەسێكی سەركەوتووبیت لە ژیاندا دەبێ‌ ئارام گرو خۆڕاگر بیت ئەگینا لەم ڕۆژگارە سەخت و پڕ لە فیتنەدا بە هیلاك دەچیت .
خوشكی بەڕێزم : ئەی ئەو كچەی كە دەتەوێت ژیانێكی خۆشگوزەران لەگەڵ هاوسەرێكی چاكی لە خوا ترسدا بەسەر ببەیت ئارام بگرە ، و هیواو ئومێدت بە خوای گەورە هەبێت ، ئەو خوایەی كە چاودێری بەندەكانی دەكات و خۆشەویستی بۆ ئێمەی موسڵمان لە خۆشەویستی دایك بۆ كۆرپەلە زیاترە ، بۆیە پەلە مەكەو مەڵێ‌ تازە من تەمەنم بەسەرچووە ، تۆ چوزانیت خێر لەچیدایە ، لەوانەیە تۆ پیاوێك بە چاك و لەخواترس بزانیت بەڵام خۆی وانەبێت ، بۆیە خوای گەورە كارەكەتی سەركەوتوو نەكردووە ، خوای گەورە دەفەرموێت : { وَعَسَى أَن تَكْرَهُواْ شَيْئًا وَهُوَ خَيْرٌ لَّكُمْ وَعَسَى أَن تُحِبُّواْ شَيْئًا وَهُوَ شَرٌّ لَّكُمْ وَاللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنتُمْ لاَ تَعْلَمُونَ } البقرة -216 –

3- پاڕانەوە ( الدعا‌ء ): یەكێك لەهەرە گرنگترین كردەوە چاكەكان كە بەهۆیەوە موسڵمانی ڕاستەقینە ئەوەی دەیەوێت بەویستی خوای گەورە دەستی دەكەوێت پاڕانەوەیە ، بۆیە خوشكی بەڕێزم تۆش بەردەوام لەخوای گەورە بپاڕێرەوە وداوای لێ‌ بكە بتكات بە خێزانی پیاوێكی چاك و لە خوا ترس ، وە نابێت ئەم پاڕانەوەیە بەكەم بزانیت چونكە پێغەمبەری خوا  فەرموویەتی : ( الدعاء هو العبادة)صححه ابن حبان (2396) والحاكم (1/490) ووافقه الذهبي ، واتە: ( پاڕانەوە (ئا ئەوە ) عیبادەتە ) .
4- داوێنپاكی : یەكێكە لەو شتانەی كە پیاوو ئافرەتی موسڵمان بە هۆیەوە پلە بەرزەكانی بەهەشتیان دەست دەكەوێت ، بۆیە پێویستە لەسەر كچانی موسڵمان ( هەروەكو چۆن لەسەر پیاو پێویستە ) داوێنپاك بن ، ئەمەش بەوە دێتە دی كە چاویان لەئاستی نامەحرەم دا داخەن ،و لەبەر خوا تەماشایان نەكەن ، ئەگەر وایان كرد پاداشتی خوای گەورە پێ‌ بەخشینی هاوسەرێكی لەخوا ترسە ( إن شا‌ء الله )، كە لەگەڵیدا هەست بە ئارامی و خۆشی و بەختەوەری بكەن ، خوای گەورە كاتێك باسی حۆریەكان دەكات دەفەرموێ‌ : (قاصرات الطرف ) واتە : تەنها سەیری مێردەكانیان دەكەن ( و سەیری كەسی تر ناكەن ).
5- شەرم ( الحیا‌ء ) : كچی موسڵمان دەبێ‌ زۆر بەشەرم بێت ، و لە قسەو هەڵسوكەوتی دا ئەوە پیشان نەدات كە زۆر پەرۆشە بۆ مێردكردن و پەلەیەتی ، چونكە ئەمە لە ڕێزو كەسایەتی دادەبەزێنێت و خەڵكی بەچاوی سوكەوە تەماشای دەكەن ، پێغەمبەر   فەرموویەتی : ( اذا لم تستح فاصنع ما شئت ) .رواه البخاری هەموو دینێكیش ڕەوشتی هەیە ڕەوشتی ئیسلامیش شەرمە ، هەركەسێكیش شەرمی نەبێت ، ئیمانی لاوازە .
6- ئەنجام دانی نوێژی سوننەت :
پێغەمبەری خوا    فەرموویەتی : ( من صلى فى يوم ثنتى عشرة سجدة ، تطوعا ، بنى له بيتا في الجنة ) رواه مسلم. واتە: هەركەسێك لە ڕۆژێكدا دوانزە ڕكات نوێژ بكات ( نوێژی سوننەت ) ، ئەوا ماڵێكی لە بەهەشتدا بۆ دروست دەكرێت
7- شەونوێژ : خوای گەورە لە سێیەكی كۆتایی هەموو شەوێكدا دادەبەزێتە ئاسمانی دونیاو دەفەرموێت (من يدعونى فأستجيب له ، من يسألنى فاعطيه ، من يستغفرني فأغفرله ) رواه البخاري .
واتە: كێ‌ لێم دەپاڕێتەوە تا وەڵامی بدەمەوە ، كێ‌ داوام لێ‌ دەكات تا پێ‌ ی ببەخشم ، كێ‌ داوای لێ‌ خۆش بوونم لێدەكات تا لێی خۆش ببم
8- خوێندنی سورەتی (ملك) : ئەم سورەتە لەشەودا دەخوێندرێ‌ پێش خەوتن ، پاداشتەكەشی ڕزگاربوونە لە سزای گۆڕ ، وە شەفاعەتی بۆ پیاوێك كرد تاوەكو ( خوای گەورە ) لێی خۆشبوو .
9- صەڵاواتدان : پێغەمبەری خوا    فەرموویەتی : ( فانه من صلى عليَّ صلاة صلى الله عليه بها عشرا ) رواه مسلم .
واتە : (هەركەسێك یەك صەڵاواتم لەسەربدات خوای گەورە دەجار صەڵاواتی لەسەر دەدات ). صەڵاواتی خوای گەورەش بە لێخۆشبوونی تاوانەكانی ئەو كەسە دەبێت .
10- زیكر كردن : پێغەمبەری خوا    دەفەرموێ‌: (من قال سبحان الله وبحمده غرست له نخلة في الجنة ) .رواه الترمذي (3460) وقال حديث حسن .واتە : هەركەسێك بڵێت (سبحان الله وبحمده ) دارخورمایەكی لە بەهەشتدا بۆ دەنێژرێت .

کۆتا قسە : هەر کەسێک تەقواى خواى گەورە بگات و لە خواى گەورە بترسێت و سنورەکانى خواى گەورە بپارێزێ و پشت بە خواى گەورە ببەستێ ئەوا خواى گەورە دەروى خێرى لێ دەکاتەوە وەکو دەفەرموێ : [‏‏وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَل لَّهُ مَخْرَجًا ، وَيَرْزُقْهُ مِنْ حَيْثُ لَا يَحْتَسِبُ وَمَن يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ] واته :  هه‌ركه‌سێك له‌ خوا بترسێ و سنووره‌كانی بپارێزێ، خوا ده‌رووی خێری لێ ئه‌كاته‌وه‌ ، وه‌ ڕزق و ڕۆزی ده‌داتێ له‌شوێنێكه‌وه‌ كه‌ خۆیشی گومانی نه‌ده‌برد، واته‌: ڕێنموونی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای ژیانی ده‌كات ، وه‌هه‌ركه‌سێك پشت به‌خوا ببه‌ستێ دوای به‌كار هێنانی هۆكار، ئه‌وه‌ ته‌نیا خوای به‌سه‌و كاروباری بۆ ئاسان ده‌كات .
والحمد لله الذى بنعمته تم الصالحات

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٤,١٧٦ بەش: ئافرەتان