وەڵامى چە‌ند پرسیارێك سەبارەت بە كێشەى منداڵ نەبوون: ماڵپەڕی وەڵامەکان
وەڵامى چە‌ند پرسیارێك سەبارەت بە كێشەى منداڵ نەبوون

پرسیارى یەکەم : من ساڵێك و هەشت مانگە شووم كردووە منداڵم نابێت بۆیە چووم بۆ لاى دكتۆر عیلاجى بۆ نوسیوم یەكێك لەو عیلاجانە لەكاتى سورِى مانگانە دەخورێت كە ناوى (clomid)ئایا ئەم حەبە ئەبێتە هۆى تووك زۆر بوون؟ دوو حەبى تریشى بۆ نوسیوم كە بەردەوام ئەیخۆم كە ناویان (diabesin)(emifolTD) ئایا ئەم حەبانە ئەبێتە هۆى زیادكردنى موو؟ 

و- حەبى كلۆماید دەرمانێكە بۆ چالاككردنى هێلكەكردنى هێلكەدان بەكاردەهێنرێت كە دەبێتە هۆى زیادبوونى ڕێژەى هۆرمۆنى FSH و گەورەكردنى هێلكەى هێلكەداندا. دەبێت ئەم حەبە بۆ ماوەى 5 ڕۆژ لە كاتى سووڕى مانگانە بەكاربهێنرێت (لە دووەم یان پێنجەم ڕۆژى سووڕى مانگە دەست پێ دەكرێت) و زۆربەى ئافرەتان لە دواى بەكارهێنانى ئەم حەبە بە 6 مانگ سكپڕ دەبن. بەڵام حاڵەت وا هەیە لەگەڵ حەبى كلۆماید پێویستە دەرمانى تایبەت بە زیادبوونى ڕێژەى هۆرمۆنى ئەنسۆلینى بدرێتێ یان دەرزى هۆرمۆن لەگەڵ بەدواداچوونەوەیەكى وورد بە بەكارهێنانى شەپۆلى دەنگى (موجات صوتية) بۆ بینینی شێوە و حاڵەتى هێلكەكانى هێلكەدان و خۆپاراستن لە زیادبوونى نائاسایی چالاكى هەردوو هێلكەدان. وا دیارە لە پرسیارەكەت كێشەى كیسى هێلكەدانت هەیە كە دەبێتە هۆى تێكچوون لە كاتى سووڕى مانگانە و زیاد بوونى كێشى لەش و چەورى پێست و دەركەوتنى زیبكەى دەموچاو و زیادبوونى ڕێژەى مووى دەموچاو و سك و سەرەوەى یان خوارەوەى لێو و هەردوو زڕان لەگەڵ كێشەى دواكەوتنى سكپڕى دا. ئەمەش بە هۆى تێكچوونى ڕێژەى هۆرمۆنەكانى LH و FSH ڕوودەدات. دەرمانى ڕێكخەر دەدرێت بۆ كاتى سووڕى مانگانە یان دەرمانى هاندەر بۆ چالاككردنى هێلكەدان بۆ سكپڕى. زۆر جار بە هۆى كیسى سەر هێلكەدان دەبینین ئەنزیمەكانى شەكرین تێكدەچن و پێویستە بە دەرمانى نەخۆشى شەكرە چارەسەر بكرێن لەگەڵ كلۆماید. زیاد بوونى ڕێژەى قەڵەوى لە وورگى سكەوە زیاتر دەردەكەوێت لەم حاڵەتە. دەبێت كێشى لەشت كەم بكەیت (زۆر گرنگە بۆ چارەسەركردنى كیسى سەر هێلكەدان) لەگەڵ ڕێكردنى خێرایى ڕۆژانە بۆ ماوەى 30 تا 60 خولەك و نەخواردنى چەورى و خۆپاراستن لە جگەرە كێشان. پێم باشە هەنگوین بخۆیت ڕۆژى سێ جار (كەوچكى چێشت خۆرى گەورە) پێش نان خوارن چونكە زۆر باشە بۆ چارەسەركردنى كیسى سەر هێلكەدان بەتایبەتى ئەگەر تێكەڵاو بكرێت لەگەڵ خواردنى شاژنى مێش هەنگ (غذاء ملكي).
پرسیارى دووەم : كیسى وردى سەر هیڵكه دان‌ دەبێتە هۆى منداڵ نەبوون ؟

خوشكى بەڕێزم
كیسى ئاوى Functional cysts لەسەر هێلكەدان قەبارەى 2-5 سنتیمترە و هیچ مەترسییەكى نیە و دواى ماوەیەكە نامێنیت و ئەگەر قەبارەى لە 5 سم زیاتر بوو ئەوا دەبێ بە نەشتەركارى لابدرێت.
جۆرەكانى ترى كیسى هێلكەدان وەكو كیسى پێستى Dermoid cysts یان كیسى Teratoma ئەمانەن ئەبێ بە زووترین كات بە شێوەى نەشتەرگەرى لابدرێن چونكە زیانیان هەیە. بەڵام زۆر جار چەند كیسەیەك لەسەر هێلكەدان دیار دەدات كە حاڵەتێكە پێی دەووترێت Polycystic Ovary Syndrome (PCOS) ئەمەش لە ئەنجامى تێكچوونى ڕێژەى هەندێ جۆرى هۆرمۆن لەناو لەشى ئافرەتاندا روودەدات و ئەبێتە هۆى دروست بوونى زیتكەى گەنجێتى (حب الشباب) و دەرچوونى تووكى ڕوو و تێكدانى كاتى سووڕى مانگانە و نەبوونى حمل و قەڵەوى لە نێوانى كەلەكە (خصر).
دواى تاقیكردنەوەى ڕێژەى هۆرمۆنى FSH، LH لە گەڵ بەكارهێنانى ئامێرێكى تایبەت بۆ بینینى كیسەكان دەتوانین بزانین ئەم حاڵەتە چۆنە.

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين.

پرسیارى سێیەم : من نزیكەى 3 ساڵە شووم كردووە بەڵام تەنیا 5 مانگە وازم لە مەنعى سروشتى هێناوە ئەمەوێت منداڵ دروست بكەین بەڵام هەتا ئێستا هیچ شتێك دیار نى یە ئایا هۆكارەكەى چى یە؟بۆ زیاتر ڕوونكردنەوە سورڕى مانگانەم نزیكەى 2 مانگ جارێكە.
خوشكى بەڕێزم
چونكە هێلكەكردنى هێلكەدانت ناڕێكوپێكە یان هەر ناكرێت لەبەر ئەوەیە سووڕى مانگانەت دوو تا شەش مانگ دوا دەكەوێت، ئینجا لەدواى ئەوە خوێن دادەبەزێت بەشێوەیەك و بۆ ماوەیەكى زۆر. لەم حاڵەتەدا پێویستە دەرمانى گورجوگۆڵكەرى هێلكەكردن وەربگریت بەشێوەى حەب یان دەرزى، ئەم دەرمانە لە رۆژى دووهەمى سووڕى مانگانەت وەردەگیرێت و بۆ ماوەى پێنج رۆژ بەردەوام دەبیت لەسەرى (یان لە هەندێ توێژینەوە لە پێنجەم رۆژى سووڕى مانگانە دەست پێ دەكرێت تا پێنج رۆژ). لە دواى ئەوە دەبێت بزانین ئایا قەوارەى هێلكەكانت ئەگەر بچووك بوون ئەبێ ڕێژەى دەرمانەكە زیاد بكرێت لەگەڵ بینینى شێوەى ڕزگاربوونى هێلكەكان لە هێلكەدانت، وە ئەگەر هێلكەكان ڕزگارنەبوون بەشێوەیەكى سرووشتى دەبێت بەدەرزیەكى تایبەت ڕزگاربكرێن لە هێلكەدان. ئەمەش لەگەڵ بەردەوامبوون لەسەر وەرگرتنى دەرمانێك كە هۆرمۆنى پرۆلاكتین كەم بكات لەگەڵ دەرمانى شەكرە بۆ چارەسەركردنى كیسى سەر هێلكەدان. پێم باشە شیكردنەوەیەكى وورد بكەیت لە نێوان هۆرمۆنەكانى FSHو LH و Prolactin لەگەڵ بینینى هێلكەدان بۆ زانینی ئایا كیسى لەسەرە یان نا بۆ چارەسەركردنى.

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين.

پرسیارى چوارەم :  من دەمەوێت بزانم ئەنجامدانى كارى جووت بوون چۆن بێت باشە بۆ منداڵ بوون لەگەڵ ڕێزم دا.
براى بەڕێزم
ئەگەر مەبەستت لە چ كات و ڕۆژێكدا جووتبوون ئەنجام بدرێت باشە بۆ دروست بوونى منداڵ ئەوا لە كاتى دابەزینی هێلكەكە بێت لە ڕۆژانى 12 تا 15 لە كاتى سووڕى مانگانە، ئەوەى لەسەرتانە بەكارهێنانى ئەسبابەكان بۆ دروست بوونى منداڵەكە بەڵام منداڵەكە بە ویستى خواى گەورە دروست دەبێت، خواى گەورە دەفەرموێت: {لِلَّهِ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ يَخْلُقُ مَا يَشَاء يَهَبُ لِمَنْ يَشَاء إِنَاثًا وَيَهَبُ لِمَن يَشَاء الذُّكُورَ (49) أَوْ يُزَوِّجُهُمْ ذُكْرَانًا وَإِنَاثًا وَيَجْعَلُ مَن يَشَاء عَقِيمًا إِنَّهُ عَلِيمٌ قَدِيرٌ (50) } سورة الشورى،، وە ئەگەر مەبەستت چ شێوەیەكە باشە بۆ جووتبوون بە مەبەستى دروست بوونى منداڵ، ئەوا وەكو لە وەڵامى ژمارە 1 دووبارە دەكەمەوە كە لە دوایى جووتبوونى هاوسەرى دەبێت خێزان هەڵنەسێت لە دواى جووتبوونەوە و لەسەر پیشت بمێنێتەوە و دەتوانێ هەردوو لاقى بەیەكەە بنوسێنێت و لەسەر پشت بمێنێتەوە بۆ ماوەى 10 خولەك تا نیو سەعات بۆ زیاد بوونى كاتى مانەوەى تۆماو لە نێو منداڵداندا، هەروەها دەبێت لە پێش ئەنجامدانى جووتبوون، دوعاى تایبەت بخوێنیتەوە كە لە فەرموودەى پێغەمبەرى خوا صلى الله علیە وسلم هاتووە: عَنْ ابْنِ عَبَّاسٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا قَالَ: قَالَ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ:" لَوْ أَنَّ أَحَدَهُمْ إِذَا أَرَادَ أَنْ يَأْتِيَ أَهْلَهُ قَالَ: "بِسْمِ اللَّهِ اللَّهُمَّ جَنِّبْنَا الشَّيْطَانَ وَجَنِّبْ الشَّيْطَانَ مَا رَزَقْتَنَا" فَإِنَّهُ إِنْ يُقَدَّرْ بَيْنَهُمَا وَلَدٌ فِي ذَلِكَ لَمْ يَضُرَّهُ شَيْطَانٌ أَبَدًا". (صحيح البخاري – باب ما يقوله إذا أتى أهله – ج19 ص 492 – حديث رقم 5909).. واتە ئەگەر لە پێش ئەنجامدانى جووتبوون ئەم دوعایەت خوێند " بِسْمِ اللَّهِ اللَّهُمَّ جَنِّبْنَا الشَّيْطَانَ وَجَنِّبْ الشَّيْطَانَ مَا رَزَقْتَنَا " ئەو منداڵە كە دروست دەبێت شەیتان ناتوانێت نزیكى ببێت و زیانى پێ بگەیەنێت، إن شاء الله.

بەشی پزیشكی ماڵپەڕی وەڵامەکان

سەردان: ١١,٢٠٦ بەش: پزیشکى