ئایا ئەو شێ و تەڕیەی کە لەدامێنی ئافرەت دێتە دەر دەستنوێژ دەشکێنێ ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ئەو شێ و تەڕیەی کە لەدامێنی ئافرەت دێتە دەر دەستنوێژ دەشکێنێ ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
ئەوەی ڕوونە ئەو ئافرەتە کە پرسیاری کردووە مەبەستی لە شێ و تەڕی دامێنی ئافرەتە ، لەو باسەشدا زانایان خیلافیان هەیە ، بۆ دوو شێوە دابەشیان کردووە، ئەوانیش :

باسی یەکەم :
ئایا ئەو تەڕیە پاکە یاخود پیسە ؟
وتەی یەکەم : ئەوەیە کە پاکەو پیس نیە ، ئەمیش مەزهەب و بۆچوونی شافعی و ئەحمەدە (بەڕەحمەت بن).
وتەی دووەم : ئەو تەڕیە پیسە .
بەڵام ڕای پەسەندو ڕاجح وتەی یەکەمە کە پاکەو پیس نیە ، چونکە بەڵگە نیە لەسەر پیسێتی
باسی دووەم :
ئەو شێ وتەڕیە دەستنوێژ دەشکێنێ یاخود نا ؟

زانای پایەبەرز ابن عثيمين (بەڕەحمەت بێت) دەفەرموێت :
ئەوەی لای من دوای لێکۆڵینەوە ئاشکرابووە ئەوەیە ، ئەو شلەو تەڕیە لەمیزەڵانی ئافرەتەوە دەرناچێ ، بەڵکو لەڕەحمیەوە دێتە دەر ، بۆیە پاکە، بەڵام دەستنوێژ دەشکێنێ هەرچەندە پاکیشە ، چونکە مەرج نیە لەسەر ئەوەی تەنها شتە پیسەکان دەستنوێژ بشکێنن ، نمونەش کەسێک بۆنێکی لێ دێتە دەر لەپاشیەوەو هیچ ڕەنگو قەبارەیەکی نیەو دەستنوێژیش دەشکێنێ ، بۆیە ئەگەر ئافرەت ئەو تەڕیەی لێ هاتەدەر ئەوا دەستنوێژی دەشکێ و دەبێت سەرلەنوێ دەستنوێژ بگرێتەوە ، بەڵام ئەگەر هاتوو بەردەوام ئەو تەڕیەی هەبوو ئەوکات دەستنوێژەکەی ناشکێ ، بەڵام دەبێت دوای هاتنی کاتی نوێژەکان دەستنوێژ بگرێت ، ئیتر بەو دەستنوێژە نوێژە سوننەت وفەرزەکان وئەوەش کە بە دەستنوێژ دەکرێ ئەم ئەنجامی دەدات ، چونکە لەوکاتەدا حوکمی پاش میز (میزە چرکە)ی هەیە ، هەروەکو زانایان فەرموویانە .

پوختەی حوکمەکەی :
لەڕووی پاکێتیەوە ..
ئەو شێ و تەڕیە پاکەو پیس نیە ، وە جل وبەرگ ولاشەش پیس ناکات .
وە لەڕووی دەستنوێژ شکاندنەوە :
دەستنوێژ دەشکێنێ ، مەگەر بەردەوام ئەو ئافرەتە ئەو تەڕیەی هەبێت ئەوکات دەستنوێژ ناشکێنێ ، بەشێوازێ ئەو ئافرەتە دوای هاتنی کاتی نوێژ دەستنوێژ بگرێت..

سەرچاوە :
مجموع فتاوی ابن عثيمين (۱/۲۸٤ - ۲۸٦)

سەردان: ١٠,٤٨١ بەش: دەستنوێژ