ئایا تەسبیحاتى پێش نوێژ سوننەتە یان نە ؟ تكایە بەبەڵگەوە وەڵاممان بدەنەوە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا تەسبیحاتى پێش نوێژ سوننەتە یان نە ؟ تكایە بەبەڵگەوە وەڵاممان بدەنەوە

بسم الله الرحمن الرحیم
وەڵام: براى بەڕێزمان پێش وەڵام دانەوەى پرسیارەكەت دەمەوێت چەند بنەوایەكت بۆ بخەمە ڕوو بۆ ئەوەى لە ژیانى خۆت بتوانى بیدعە و داهێنراوەكانى پێ بناسیتەوە، ئەوەش بەم شێوەیەى خوارەوە:
یەكەم: هەموو پەرستشێك ـ كردار بێت یان گوفتار ـ دواى ئەنجام دانى تەنها بۆ ڕەزامەندى خواى پەروەردگار، پێویستى بەوە هەیە كە بەڵگەى قورئان و سوننەتى لە سەر بێت بۆ ئەوەى وەربگیرێت، ئەگەر نە بە ڕووى خاوەنەكەیدا دەدرێتەوە، و بە بیدعە و داهێنراو دادەنرێت لە ئاییندا، ئەوەش بە پێى فەرموودەى پێغەمبەرى خوا كە فەرموویەتى: "مَنْ عَمِلَ عَمَلًا لَيْسَ عَلَيْهِ أَمْرُنَا فَهُوَ رَدٌّ " (رواه البخاري ومسلم).
واتە: هەر كەسێك كردەوەیەك ئەنجام بدات، و كردەوەكەى بەڵگەى قورئانى پیرۆز و سوننەتى لە سەر نەبێت، ئەوا بە ڕووى خاوەنەكەیدا دەدرێتەوە.
وە خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [ الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلًا وَهُوَ الْعَزِيزُ الْغَفُورُ ] سورة الملك 2
پێشەوا (ابن كثير) لە ڕاڤەى ئەم ئایەتەدا فەرموویەتى: [ أَحْسَنُ عَمَلا ] ولا يكون العمل حسنا حتى: يكون خالصا لله عز وجل، على شريعة رسول الله (تفسير ابن كثير: ج 4 / ص 308).
واتە: هیچ كردەوەیك چاك نابێت تاكو تەنها لە بەر ڕەزامەندى خواى پەروەردگار ئەنجام نەدرێت، و بەپێی شەریعەتەكەى پێغەمبەر نەبێت . كەواتە براى بەڕێزمان: پێش ئەنجام دانى هەر كردار و گوفتارێك دەبێت پرسیارى ئەوە بكەى كە ئایا ئەوە بەڵگەى شەرعى لە سەرە یان نە ؟ هەروەكو لە پرسیارەكەتدا هاتووە، كە بەڕاستى جێی دڵخۆشى ئێمەیە، وە داواشم وایە لەگەڵ هەموو كەسێكدا هەمان پەیڕەو بەكار بهێنیت، بۆ ئەوەى پارێزراو بیت لە بیدعە و داهێنراوەكان.
ئەوەش كە زیاتر ئەم بنەوایە بتەو تر بكات ئەوەیە كە زانایان فەرموویانە: (الأصل في العبادات البطلان إلا بدليل). واتە: بنەوا لە هەموو پەرستشێكدا پوچەڵێتى ئەو پەرستشەیە، تاكو بەڵگەیەكى لە سەر نەهێنرێتەوە.
هەروەك زاناى پایە بەرزى ئوێوڵى شێخ (سعدی) فەرموویەتى: وليس مشرعا من الأمور غير الذي في شرعنا مذكور
واتە: هیچ كردەوەیەك بە شەرعى ناژمێردرێت، جگە لەوانە نەبێت كە كە بەڵگەى شەرعیان لە سەر هاتبێت. وە هەروەها زاناى پایە بەرز (محمد بن صالح العثيمين) فەرموویەتى: والأصل في الأشياء حِلُّ، وامنعِ عبـــادةً إلا بإذنِ الشارعِ
واتە: بنەوا لە هەموو شتێكدا حەڵاڵێتییە، بەڵام لە پەرستشەكاندا قەدەغەكردنە تاكو ڕێگە پێدانى شەرعى لە سەر نەبێت.
دووەم: بۆ وەرگرتنى هەر حوكمێكى شەرعى و گەیشتن پێی لە فەرموودەیەكى پێغەمبەرى خواوە ، دەبێت هەوڵى ئەوە بدرێت كە هەموو ڕیوایەت، و ڕێگەكان و گۆى (واتە: لفظ) ەكانى فەرموودەكە كۆ بكرێتەوە، بۆ ئەوەى حوكمەكە بە تەواوى لە لامان ئاشكرا ببێت، و بتوانین بە جوانى حوكمەكەى لێ وەرگرین.
بۆ نموونە: ئەگەر بمانەوێت تەماشاى فەرموودەكەى (أم رافع) بكەین كە تێیدا هاتووە پێغەمبەرى خوا پێی فەرموو:: " يا أم رافع إذا قمت إلى الصلاة: فسبحي الله عشرا، و هلليه عشرا، و احمديه عشرا، وكبريه عشرا، واستغفريه عشرا، فإنك إذا سبحت عشرا، قال: هذا لي، وإذا هللت، قال: هذا لي، وإذا حمدت، قال: هذا لي، وإذا كبرت، قال: هذا لي: وإذا استغفرت قال قد غفرت لك (السلسلة الصحيحة للعلامة الألباني ، برقم: 3338).
واتە: ئەى دایكى ڕافع ئەگەر هەستاى بۆ نوێژ ئەوا: دە جار سوبحان الله بكە، و.. هتد.
دەبینین پێشەوا (الحافظ ابن حجر) دواى هێنانەوەى ئەم فەرموودەیە دەفەرمووێت: ((هذا حديث حسن...، ووقع لنا من وجه آخر، ما قد يدل على أنه داخل الصلاة)) (نتائج الأفكار: 1/ 389 ـ 390).
واتە: ئەم فەرموودەیە فەرموودەیەكى حەسنە....، و بە شێوەیەكى تر پێمان گەشتووە، كە بەڵگەیە لە سەر ئەوەى كە ووتنى ئەو زیكرە لە ناو نوێژدا دەبێت (واتە: لە دواى " الله أكبر "، و پێش خوێندنەوەى قوررئان دەبێت لە نوێژدا، واتە ئەو نزا و زیكرەى كە پآى دەووترێت " دعاء الاستفتاح ").
پاشان ڕیوایەتەكەى ترمان بۆ دەگێڕێتەوە، و دەفەرمووێت: ((عن أم رافع أنها قالت: يا رسول الله أخبرني بعمل أفتتح به صلاتي... پاشان فەرموودەكە تەواو دەكات)) (هەمان سەرچاوە).
واتە:... لە دایكى ڕافعەوە دەگێڕنەوە كە فەرموویەتى: ئەى پێغەمبەرى خوا كردەوەیەكم پێ فێركە بۆ ئەوەى نوێژەكەمى پێ دەست پێ بكەم (واتە: دعاء الاستفتاح).
وە شێخى (الألبانى) فەرموویەتى: ((وقد صحَّ عن فعله ما يؤيد أن الذكر الوارد في الحديث أنه في الصلاة)) (السلسلة الصحيحة للعلامة الألباني: 7 / 1014).
واتە: ئەوەشمان بە (صحيح) ى پێگەیشتووە لە كردەوەى خودى پێغەمبەرى خوا كە دووپاتى ئەوە بكاتەوە كە ئەو زیكرەى كە لە فەرموودەكەدا هاتووە مەست پێی لە نوێژدایە. مەبەستى شێخ ئەو فەرموودەیەى كە (عائشە) ـ ڕەزاى خواى لێ بێت ـ دەیگێڕێتەوە، و دەفەرمووێت: " كان إذا قام: كبر عشرا، وحمد الله عشرا، وسبح عشرا، وهلل عشرا، واستغفر عشرا،... الحديث " (صححه العلامة الألباني في: صحيح سنن أبي داود،، برقم: 766).
واتە: كە پێغەمبەرى خوا هەستایە بۆ نوێژكردن: دەجار (الله أكبر) ى دەكرد، و دە جار... هتد.
پاشان لە وەڵامى پرسیارەكەدا دەڵێم: زیكرى پێش هەستان بۆ نوێژ هیچ بەڵگەیەكى شەرعى لە سەر نەهاتووە نە لە قورئانى پیرۆز، ونەش لە سوننەتەكانى پێغەمبەرى خواوە ، جگە لەو فەرموودەیەى (أم رافع) نەبێت كە، ئەویش بەو شێوەیەى سەرەوە وەڵام دەدرێتەوە، و ئاشكرا دەكرێت، بۆیە بیدعەیە و داهێنراوە، و نابێت بە هیچ شێوەیەك ئەنجام بدرێت، وە ئەو كەسەش كە دەڵێت سوننەتە ئەوا پێی دەڵێین: [ قُلْ هَاتُواْ بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ ](سورة البقرة - 111).
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لەلایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٢,٦٠٢ بەش: نوێژ