ئەگەر کەسێک زیناى کردبێ ڕاستە زینا لەگەڵ خوشکى یان کەسى نزیکى دەکرێتەوە؟ چونکە دەڵێن زینا قەرزە دەبێ بدرێتەوە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر کەسێک زیناى کردبێ ڕاستە زینا لەگەڵ خوشکى یان کەسى نزیکى دەکرێتەوە؟ چونکە دەڵێن زینا قەرزە دەبێ بدرێتەوە
پرسیار:

ئەگەر کەسێک زیناى کردبێ ڕاستە زینا لەگەڵ خوشکى یان کەسى نزیکى دەکرێتەوە؟ چونکە دەڵێن زینا قەرزە دەبێ بدرێتەوە ، ئەی ئەگەر وایە چۆن دەبێت کەسوکار باجی هەڵەی کەسێکی دیکە بدەن ؟

 

الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه ومن تبعهم بإحسان إلى يوم الدين ، أما بعد :
بەڕاستی ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە کە تاوانی زینا و داوێن پیسی تاوانێکی زۆر قیزەونە و گەورەیە لە لای کەسانی عاقڵ و ژیر وە لە شەریعەتی پەروەردگاردا چونکە شەریعەتێکە لە گەڵ عەقڵ و فیترەتدا دەگونجێت سزایی توندی بۆ دانراوە و یەکێکە لەتاوانە گەورە لەناوبەرەکان ، وەکو پەروەردگارمان لە قورئانە پیرۆزەکەیدا دەفەرمووێت : [ وَلا تَقْرَبُوا الزِّنَى إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَسَاءَ سَبِيلاً ] [الإسراء : 32]واتا : وە ئێوە نزیکی زینا مەکەونەوە وە پێشەکیەکانی زینا هەمووی حەرامە ، بە دڵنیایەوە ئەمە تاوانێکی بێزێنراوە و خراپترین ڕێگایە لەبەر ئەوەی بەرەو دۆزەختان ئەبات .
وە ئەم تاوانە ئەوەندە قیزەونە ئەگەر بێت و شەریعەتەکەی خوا بەسەر کەسی زیناکاردا جێ بەجێ بکرێت ئەوا دەبیت زیناکاری گەنج سەد داری لێ بدریت وە زیناکارێک کە ڕۆشتوەتە ناو پرۆسەی هاوسەرگیریە بەردباران دەکرێت لە بەر قیزەونی ئەو کارە .
وە فەرموودەی زۆر هاتووە سەبارەت بە خراپی زیناکردن و دەرەنجامە خراپەکانی .
بەڵام دوایی باسکردنی ئەم پێشەکیە دەربارەی ترسناکی زینا کردن و داوێن پیسی دێینە سەرباسی ئەوەی کە :
ئایا زیانا کردن قەرزیکە و دەبێت کەسوکاری کەسی زیناکار بیدەنەوە ؟
واتا : ئایا کاتێک کەسێک زینا و داوێن پیسی ئەنجام دەدات جا ئەو کەسە کوڕ بێت یان برا یان مێرد ، دەبێت کەسوکاری باجەکەی بدات و ئەوان سزا دەدرێن لەسەری ؟!
بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە ئاگامان لەچەند خاڵیک بێت :
1- کەس تاوانی کەسی تر هەڵناگرێت و بەهۆیەوە سزا نادرێت .
پەروەردگارمان عەدل و دادپەروەرە بەهۆی تاوانی کەسێکی ترەوە سزای کەسی دیکە نادات ، بەڵکو هەرکەسێک کاتێک چاکە بکات یان خراپە خۆی پاداشتی کارەکەی خۆی وەردەگرێتەوە . لەم بارەیەشەوە چەندین بەڵگە هەیە ، لەوانە :
1- پەروەردگار دەفەرمووێت : (مَنْ عَمِلَ صَالِحاً فَلِنَفْسِهِ وَمَنْ أَسَاءَ فَعَلَيْهَا وَمَا رَبُّكَ بِظَلَّامٍ لِلْعَبِيدِ) [فصلت:46]
زانای موفەسیر عبدالرحمن السعدی لە تەفسیرەکەیدا دەفەرمووێت : [( مَنْ عَمِلَ صَالِحًا( وهو العمل الذي أمر اللّه به، ورسوله ( فَلِنَفْسِهِ ) نفعه وثوابه في الدنيا والآخرة ( وَمَنْ أَسَاءَ فَعَلَيْهَا ) ضرره وعقابه، في الدنيا والآخرة ]
واتا : ( مَنْ عَمِلَ صَالِحًا) بریتیە لەو کردەوەی کە خوای پەروەدگار و پێغەمبەرەکەی فەرمانیان پێکردووە ( فَلِنَفْسِهِ ) سود و پاداشتەکەی لە دونیا و دواڕۆژدا ( وَمَنْ أَسَاءَ فَعَلَيْهَا ) زیان و سزاکەی لە دونیا و دوارۆژدا .
2- وە هەروەها پەروەردگارمان دەفەرمووێت : (وَلا تَكْسِبُ كُلُّ نَفْسٍ إِلَّا عَلَيْهَا وَلا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى) [الأنعام:164]
زانای موفەسیر الشوکانی بەرەحمەت بێت دەفەرمووێت : ( فكل كسبها للشر عليها لا يتعداها إلى غيرها ) واتا : هەموو ئەو دەست کەوتانەی لەشەڕ و خراپە لەسەر نەفسی خۆیەتی و تێناپەڕیت بۆ سەر جگە لەخۆی )

پاشان دەفەرمووێت: ( وقد قيل : إن المراد بهذه الآية في الآخرة ، والأولى حمل الآية على ظاهرها ، أعني العموم .. ) واتا : وتراوە : کە مەبەست بە ئەم ئایەتە دوا ڕۆژە ، بەڵام لە پێش تر ئەوەیە کە ئایەتەکە تەفسیر بکریت بە ڕووە دیار و ئاشکراکەی مەبەستم ئەوەیە بوترێت گشتگیرە بۆ دونیا و دواڕۆژ.
زانای فەرموودەناس عبدالمحسن العباد لەشەرحی سنن أبي داود دەفەرمووێت : ( قوله: [(وقرأ: {وَلا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى} [الأنعام:164])] أي: لا يعاقب شخص بجناية غيره أو بوزر غيره؛ وإنما المذنب والجاني هو الذي يعاقب، والبريء لا عقوبة عليه).
واتا : {وَلا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى} [الأنعام:164])] واتا : هیچ کەسێک سزا نادرێت بە هۆی سەرپێچی کەسی ترەوە یان بەهۆی تاوانی کەسی ترەوە ، بەڵکو تاوانبار و سەرپێچی کار ئەوە سزا دەدرێت ، وە کەسی بێ تاوان سزای لەسەر نیە .
کەواتە ئەوەی جێگیر بوو لەم ئایەتە پیرۆزانەوە بریتیە لەوەی کە هیچ کەسێک بەهۆی کەسی دیکەوە سزا نادرێت بەڵکو مرۆڤ بەهۆی تاوانی خۆیەوە سزا دەدرێت جا ئەو تاوانە خۆی ئەنجامی دابێت یان هۆکار بێت لە ئەنجامدانیدا .
2- تاوانی زینا تاوانێکە شوێنەواری خراپی بەسەر ماڵ و کۆمەڵگاوە هەیە .
تاوانی زیناکردن بریتیە لە یەکێک لەو تاوانانەی کە کاری گەری خراپی هەیە لەسەر کۆمەڵگا بەگشتی و کەسانی نزیک لە کەسی زیناکارەوە بەتایبەتی ، بەهۆی خراپی ئەم کارەوە کەسانی دیکەش ئەم تاوانە خراپەیان لەلا خۆشەویست دەبێت و بەئاسایی سەیری دەکەن ، بەڵکو ئەگەر بێت و لە ناو بنەماڵە و شار و گەلێکدا زیناکردن هەبێت ئەوا کەسانی دیکەی ئەو کۆمەڵگایە چاولێکەری دەکەن و هەوڵ دەدەن هەمان کار ئەنجام بدەن .
بۆیە زانایان بەڕوونی قسەیان لەسەر دیاردەیەک کردووە ئەویش بریتیە لەوەی کە: خەڵکی کاریگەردەبن بە خراپە و چاکەی کەسانی نزیکیان یان کۆمەڵگایان ، بەتایبەتیش ئەوانەی لە ڕەچەڵەکی خۆیانن ئەگەر کەسانێکی چاکیان تێدا بێت ئەوا ئەمانیش هەوڵی چاولێکەری دەدەن وە ئەگەر کەسانێکی خراپیشیان تێدا بێت خراپە بەلایانەوە ئاسان تر دەبێت ، هەر لەبەر ئەم بۆ چوونەیە ئەگەر کەسێکی خراپ لە بنەماڵە و گەلێکی چاک دەربکەوێت خەڵکی لۆمەی دەکەن لەسەر ئەو کارەی و دەڵێن : ئەمە تۆ لەم کارەدا لە کێ دەچێت ؟ واتا : ئەگەر کەسانی خراپ لە ڕەچەڵەکدا هەبوایە دەگونجا تۆش کاریگەری ئەوانت لەسەر بێت .
بۆیە کاتێک کەسێکی زینا کار و داوێن پیس لە ناو ماڵ و خێزانێدا دەبێت ئەوا ئەگەری توش بوونی ئەم بنەماڵەیە زیاتر بەم تاوانە تاوەکو بنەماڵە و خێزانەکانی تر .
3- تەوبە کردن پێش خۆی دەسڕێتەوە .
بەڕاستی یەکێک لە ڕەحم بەزەیەکانی خوای پەوەردگار بە بەندەکانی بریتیە لەوەی کە کاتێک پەشیمان دەبنەوە لە تاوان و سەرپێچی و دەگەڕێنەوە بۆلای پەروەدگار لەتاوانەکانیان خۆش دەبێت واتا : ( تەوبە کردن پێش خۆی دەسڕێتەوە ) بەهەمان شێوەش وەکو ئەوە وایە ئەم کەسە هیچ تاوانێکی نەکردبێت وەکو پێغەمبەری خوا صلى الله علیه سلم دەفەرمووێت : (التَّائِبُ مِنْ الذَّنْبِ كَمَنْ لَا ذَنْبَ لَهُ ) [حسنه الألباني في صحيح الجامع (3008)] واتا : (کەسی تەوبەکار لە تاوان وەکو ئەو کەسە وایە کە تاوانی نیە) . بۆیە ئەو کەسەی تووشی تاوانی زینا و داوێک پیسی بووە پاشان بەڕاستی تەوبەی کردووە و گەڕاوەتەوە بۆ لای پەوەردگار ئەوا کاریگەری تاوانەکەی لەسەر نیە و وەکو ئەو کەسە وایە کە تاوانی نەبێت.
زانای پایەبەرز شێخ الإسلام ابن تیمیة - بەرەحمەت بێت - دەفەرمووێت : ( التائب من الذنب كمن لا ذنب له ، وإذا زال الذنب زالت عقوباته وموجباته).[ شرح العمدة (4/39 )] واتا : کەسی تەوبەکار لە تاوان وەکو ئەو کەسە وایە کە تاوانی نیە ، وە ئەگەر تاوان لاچوو و نەما ، ئەوا سزاکان و ئەو کارانەی کەلەسەری بنیات دەنرێت ئەویش لادەچێت و نامێنێت.
پەروەردگارمان دەفەرمووێت : [إِنَّ اللهَ لا يَغْفِرُ أَنْ يُشْرَكَ بِهِ وَيَغْفِرُ مَا دُونَ ذَلِكَ لِمَنْ يَشَاء] واتا : خوای پەروەردگار لە وە خۆش نابێت کە هاوەڵی بۆ بڕیار بدرێت بەڵام لەخوارووی شیرکەوە خۆش دەبێت بۆکەسێک کە خۆی ویستی لێبێت لێی خۆش ببێت .
دوای ڕوونکردنەوەی ئەم سێ خاڵە گرنگە کە پەیوەستە بە پرسیارەکەوە دەتوانین بڵیین :
1- ئەم بۆچوونە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە کەسێکەوە نیە کە تەوبەی ڕاستەقینەی کردبێت و ئەو خراپانەی کە کردوویەتی هەوڵی چاکەکردنی داوە لەدوایەوە چونکە تەوبە کردن پێش خۆی دەسڕیتەوە.
2- هیچ کەسێک تاوانی کەسی دیکە هەڵناگرێت ، بەڵکو مرۆڤ بەرپرسە لەسەر ئەو کارو کردەوانەی کە خۆی ئەنجامی داوە یان هۆکار بووە بۆ ئەنجامدانی .
3- دەکرێت مرۆڤ بەهۆی خراپەکاری خۆیەوە کاریگەری خراپی هەبێت لەسەر تێکچوونی ڕەوشت و ئەخلاقی ماڵەوەیان جا خوشکی بێت یاخود دایکی یاخود خێزانی ، ئەمەش ببێتە هۆکاری تووش بوونی ئەو خێزانە بە کاری زینا و بەد ڕەوشتی پاشان ئەم کارە دەبێت بە سزایەک بۆ کەسی زیناکار . یان دەکرێت بەهۆی تێکچوونی رەوشتیەوە ئەو هۆکارانە بباتەوە بۆماڵەوەی خۆی کە دەبێتە مایەی تێکدانی ڕەوشتی ماڵەوەیان بەمەش دەبێت بەسزا بۆی .
4- ئەگەر بێتوو کەسوکاری ئەو کەسەی داوێن پیسی کردووە خۆیان کەسانێکی باش و چاک و بەرەوشت بن، وە خراپی ڕەوشتی کەسەکەیان کاریگەری نەبێت لەسەر تێکدانی ڕەوشتیان ئەوا هیچ کاتێک ناتوانرێت بووتریت دەبێت ئەمان باجی هەڵەی کەسەکەیان بدەن چونکە هیچ کەسێک باجی هەڵەی کەسی دیکە نادات .
کەواتە بەکار هێنانی ئەم دەستەواژەیە (زینا کردن قەرزێکەو دەبێت کەسوکار بیداتەوە) بەهەڕەهایی ڕاست و دروست نیە چونکە :
1- دەکرێت کەسی زینا کار تەوبەی کردبێت .
2- دەکرێت خێزان و کەسوکاری دەست گرتووبن بە دین و ڕەوشتی بەرزی ئیسلامەتیەوە ، ئیتر چۆن باجی تاوانی ئەو کەسەیان دەدەن ؟! .

خەڵکی لە چ روانگەیەکەوە وا دەڵێن ؟
ئەو کەسانەی کە دەڵێن : (زیناکردن قەرزیکە و دەبێت کەسوکار بیداتەوە) پشت دەبەستن بە چەند شتیک لەوانە :
1- چەند فەرموودەیەک :
یەکەم : (ما زنى عبد قط فأدمن على الزنا إلا ابتلي في أهل بيته )
ئەمەش فەرموودەیەکی هەڵبەستراوە وەکو پێشەوا ئەلبانی بەڕەحمەت بێت ڕوونی کردووەتەوە لە پەرتووکە بەنرخەکەیدا [ السلسلة الضعيفة و الموضوعة ( 2 / 154) ] فەرموودەی ژمارە : (723) .
دووەم : (من زنى زني به ولو بحيطان داره ) 
بەهەمان شێوەی فەرموودەی پێشوو ئەمەشیان فەرموودەیەکی هەڵبەستراوە (حدیث موضوع) هەروەکو پێشەوا ئەلبانی بەڕەحمەت بێت ڕوونی کردوەتەوە لە پەرتووکە بەنرخەکەیدا . [ السلسلة الضعيفة و الموضوعة ( 2 / 155) ] فەرموودەی ژمارە : (72٤) .
پێشەوا ئەلبانی - بەڕەحمەت بێت - لەدوای ڕوون کردنەوەی حوکمی فەرموودەی یەکەم دەفەرمووێت : (و مما يؤيد بطلان هذا الحديث أنه يؤكد وقوع الزنى في أهل الزاني , و هذا باطل يتنافى مع الأصل المقرر في القرآن ( و أن ليس للإنسان إلا ما سعى ) . نعم إن كان الرجل يجهر بالزنا و يفعله في بيته فربما سرى ذلك إلى أهله و العياذ بالله تعالى و لكن ليس ذلك بحتم كما أفاده هذا الحديث , فهو باطل .) واتا : وە هەروەها لەو شتانەی کە پشتگیری پوچەڵێتی ئەم فەرموودەیە دەکات بریتیە لەوەی کە جەخت دەکاتەوە لەسەر ڕوودانی بەد ڕەوشتی لەناو کەسوکاری بەدرەوشتەکە ، وە ئەمەش پوچەڵە و تێکدەگیرێت لەگەڵ ئەو بنچینە جێگیرەی قورئاندا ( و أن ليس للإنسان إلا ما سعى ) ، بەڵێ ئەگەر ئەو کەسە بە ئاشکرا زینا بکات و لەماڵەکەی خۆیدا ئەنجامی بدات ئەوا پێدەچێت کە ئەمە دزەبکات بۆ کەسوکاری - پەنابەخوای پەروەردگار - بەڵام ئەمە شتێکی دڵنیا و یەکلا نیە هەر وەکو چۆن ئەم فەموودەیە وادەگەیەنێت ، ئەمەش پوچەڵە .
فەرموودەی سێیەم : (عفوا تعف نساؤکم)
ئەم فەرموودەیە لە بە چەندین ڕیوایەت هاتووە بەڵام هیچیان سەلامەت نین ، بەڵکو هەموویان قسەیان لەسەر کراوە لە لایەن زانایانەوە و حوکمەی دەربارەی بریتیە لە : (موضوع ، ضعیف ، ضعیف جدا) بەپێی ئاستی سەنەدی فەرموودەکە وەکو پێشەوا ئەلبانی بەڕەحمەت بێت قسەی لەسەر کردووە . لە کتێبی : [ ضعيف الترغيب والترهيب (2/ 119) ] و [ صحيح وضعيف الجامع الصغير وزيادته (ص: 608) ] ، و [ سلسلة الأحاديث الضعيفة والموضوعة (5/ 62) ]
پاشان ئەگەر ئەم فەرموودەیەش وا دابنێین ڕاست و صحیحە ئەوا زانایان فەموویانە : لەم حاڵەتەشدا ئەگەر کەسەکە خۆی نەگرێتەوە لە زینا و داوێن پیسی ئەوا ناتوانێت حەقی خێزانی خۆی بدات و بێ پێویستی بکات بۆیە دەبێت بە هۆکارێک بۆ ئەوەی بکەوێتە ناو داوێن پیسیەوە پەنا بەخوای پەروەردگار .
یان کاتێک کۆمەڵێک لە ئافرەتان بزانن کە مێردەکانیان خیانەتیان کردووە ئەو تاوانە گەورەیەیان ئەنجامداوە ، ئافرەتانیش دەچن خیانەت دەکەن و ئەو تاوانە گەورەیە ئەنجام دەدەن . وەکو شێخ الإسلام ابن تیمیة بەڕەحمەت بێت ڕوونی کردووەتەوە . [مجموع الفتاوى (15/ 319) ].

2- چەند چیرۆک و ڕووداوێک
کەسانێکی زۆر کاتێک باسی ئەم بۆچوونە دەکەن پشتڕاستی دەکەنەوە بە باسکردنی هەندێک چیرۆک و ڕووداو کە ڕووی داوە ئەو کەسەی بەدڕەوشتی کردووە لە کەسوکاریدا بەدڕەوشتی ڕووی داوەتەوە بەڵام ئەتوانین لەوەڵامدا بڵێین :
یەکەم : کێ دەڵێت ئەم چیرۆکانە لە بنچینەدا بونیان هەیە ؟ کێ گێڕاویەتیەوە ؟ وکێ خۆی بینیویەتی شتی وا ڕووی دابێت ؟ بەڵکو دەکرێت زۆرێک لەم چیرۆکانە تەنها قسەی خەڵکی بێت و خۆیان هەڵیان بەستبێت .
دووەم : ئەگەر کەسێک توانی یەکێک لەو چیرۆکانە بسەلمێنێت ئەوا دەتوانین پرسیارێکی دیکە بکەین : چ کەسێک دەتوانێت بڵێت : بەدڵنیایەوە هۆکاری ڕوودانی ئەم بەدڕەوشتیە لەم خێزانەدا بریتیە لەو بەدڕەوشتیەی کە کەسەکەی خۆیان کردوویەتی ؟ هیچ کەسێک ئەم توانایەی نیە و ئەم هۆکارە نازانێت بێ گومان ، بەڵکو دەکرێت هۆکارەکە خراپی ئەم کەسانە خۆیان بێت کە کەوتونەتە بەدڕەوشتیەوە یان کاریگەری خراپی ئەو کەسە بێت کە بەدڕەوشتیەکەی کردووە نەوەک باجی تاوانی کەسێکی دیکەیان دابێت .
بۆیە بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت پشت ببەسترێت بەم چیرۆکانە بۆ جێگیر کردنی ئەم بۆچوونە .
3- پشت بەستن بەهەندێک وتە و شیعر :
یەکێکی دیکە لەو شتانەی پشتی پێ دەبەسترێت بۆ جێگیر کردنی ئەم بۆچوونە بریتیە لە هەندێک وتە و شیعر :
یان ( من دق دق ) واتا : (هەرکەسێک بدات لە دەرگای خەڵکی لە دەرگای دەدرێتەوە) وە هاوشێوەکانیان . یان پشت دەبەسترێت بە شیعرێک کە دراوەتە پاڵ هەندیک لە زانایان .
وتەی : (پاداشتی مرۆڤ لە جۆری کردەوەکەی خۆیەتی) (الجزاء من جنس العمل)
دەڵێن لەم بوارەدا مرۆڤەکە خۆی پاداشت نەدراوەتەوە بەڵکو خەڵکی دیکە سزا دراوە لەسەر کردەوەی ئەم کەسە ، ئەمەش پێچەوانەی وتەکەیە .
وتەی :(هەرکەسێک بدات لە دەرگای خەڵکی لە دەرگای دەدرێتەوە) (من دق باب الناس دقو بابه) یان هەندێک شیعر کە دەدرێتە پاڵ هەندیک لە زانایان .
دەڵیین : ئەم وتەو شیعرانە ، نە ئایەتی قورئانن وە نە فەرموودەی پێغەمبەری خواشن ، دەکرێت بڵیین هەڵەیە ئەگەر بەڵگەی لەسەر نەبێت.
وە هەروەها : ئەم کەسە زیانی بەخەڵکی گەیاندووە و لەدەرگای خەڵکی داوە بەڵام لە ئەنجامدا لەدەرگای کەسی تر دراوەتەوە و زیان بەر ئەوان کەوتووە . کە ئەمەش پێچەوانەی ئەو بنچینەیەیە کە جێگیرمان کرد هیچ کەسێک باجی هەڵە و تاوانی کەسی دیکە نادات .
لە کۆتایدا دەڵێین :
بەڵێ زینا و داوێن پیسی کاریگەری خراپی لەسەر تێکدانی خێزان و کۆمەڵگاکان هەیە لە دونیادا وە لەلای پەروەردگاریش سزای توندی بۆ دانراوە لە دونیا و دوارۆژدا .
بەڵام بەهیچ شێوەیەک هیچ کەسێک - ئەگەر خۆی خراپە نەکات و هۆکار نەبێت لە تاواندا – باجی هەڵەی کەسی تر نادات و سزا نادرێت لە دونیا و دواڕۆژدا .
بەڵام ئەگەر بێت و کەسێک داوێن پیسی بکات –پەنا بەخوا – ئەوا کاریگەری خراپی لەسەر ماڵ و خێزان و کەسوکاری خۆی هەیە بەچەند ڕێگایەک :
لەوانە : بەهۆی تێک چوونی ڕەوشتی ئەم کەسەوە ڕەوشتی کەسوکاری تێک دەچێت .
لەوانە : بەهۆی خراپ بوونی ئەم کەسە ناتوانێت لە ناو خێزان و کەسوکاری خۆیدا ڕێگریان لێ بکات ئەگەر کاری خراپەی لێ بینین ئەمەش سەر دەکێشێت بۆ ئاسانکردنی ڕوودانی بەد ڕەوشتی پەنا بەخوای پەوەردگار .
وەکو شاعیر دەڵێت :
إذا كان رب البيت بالدف ضارب **** فشيمة أهل البيت كلهم الرقص
واتا : ئەگەر سەرۆکی خێزان دەف لێبدات ، ئەوا ئاکاری کەسانی دیکە لەو ماڵەدا هەموویان رەقص و سەما کردنە .
لەکۆتایدا داواکارم لە پەروەردگار کۆمەڵگای ئێمە و هەموو کۆمەڵگای موسڵمانان بپاریزیت لە خراپە کاری و بەد رەوشتی .
وصلى الله وسلم على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم .

سەردان: ٩,٨٢١ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان