چۆن پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم حاڵ و باری بەهەشتیەكان و دۆزەخیەکانىی بینیوە لەكاتێكدا هێشتا قیامەت بەرپانەبووە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم حاڵ و باری بەهەشتیەكان و دۆزەخیەکانىی بینیوە لەكاتێكدا هێشتا قیامەت بەرپانەبووە؟
پرسیار:

چۆن پێغەمبەری خوا حاڵ و باری بەهەشت و بەهەشتیەكان و دۆزەخ و ئەهلەكەی بینیوە لەشەوی شەوڕەوی كردن وبەرزبوونەوەیدا بۆ ئاسمان لەكاتێكدا هێشتا قیامەت بەرپانەبووە؟

زانای پایەبەرز شێخ محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله - لە وەڵامی پرسیارێكدا دەڵێت: چۆن پێغەمبەری خوا حاڵ و باری بەهەشت و بەهەشتیەكان و دۆزەخ و ئەهلەكەی بینیوە لەشەوی شەوڕەوی كردن وبەرزبوونەوەیدا بۆ ئاسمان لەكاتێكدا هێشتا قیامەت بەرپانەبووە؟
لەڕاستیدا پێغەمبەری خوا كە هەواڵی ئەوەی پێ داوین، بەوەی كە بەهەشت و دۆزەخی بینیوە و ئەوەشی بینیوە كە كەسانێك سزا دەدرێن لەناو ئاگردا و كەسانێكیش لەخۆشحاڵیدان لە بەهەشتدا، وە خوای گەورە زانایە بە چۆنێتیەكەی، چونكە باس و بابەتی غەیبی بە هەستەوەرەكان تێناگەینرێن، و تەنها باوەڕبوون و تەسلیم بوون چارەسەرێتی و هیچی تر، و خۆمان تووشی زانینی چۆنێتی نەكەین و ئەو دەرگایە نەكەینەوە، بۆچی؟ 
چونكە مێشكمان ئەو توانایەی پێ نەدراوە كە درك بەو حەقیقەتە بكات، و هەواڵە غەیبیەكان بە مێشك لێك نادرێنەوە، ئەوەتا هەواڵی ئەوەی داوە كە خوای گەورە لە سێ یەكی شەودا دادەبەزێتە ئاسمانی دونیا لە هەموو شەوێكدا، ئاشكرایشە كە سێ یەكی شەو لەهەموو بەشەكانی گۆی زەویدا دووبارە دەبێتەوە وبەردەوامە، واتە كە لە شوێنێك تەواو دەبێت لە شوێنێكی تر سێ یەكی شەوە یان لە چەند شوێنێك هاوكاتە، جا لەوانەیە بڵێت: 
ئەوە چۆن ڕوو دەدات؟
 ئێمەش دەڵێین: تۆ ئەوەت لەسەرە كە باوەڕ بەو هەواڵە بدەیت كە پێغەمبەری خوا داویەتی و مەڵێ چۆن؟ 
چونكە مێشكت لەوە كورتتر و بچكوكترە كە لە حەقیقەتی ئەوە تێبگات و ئەوە غەیبە، بۆیە (هەندێ لە زانایان جوانیان وتوە كە دەڵێن: هەردەم بڵێ خوا فەرمانی بەچی كردووە نەوەك بۆچی فەرمانی كردووە؟) خوای گەورە هیدایەتی هەموو لایەك بدات ((مجموع فتاوى ابن عثيمين)) (2/ 53)

هەروەها دەڵێت: بابەتە پەنهانی و غەیبیەكان نابێت لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ بكەین و قووڵ بینەوە لێیان و بەدوای زانینی چۆنێتیەكانیاندا بڕۆین، چونكە ئەمە زۆرلەخۆكردنە و پێغەمبەری خوایش سێ جار فەرموویەتی:  ((هَلَكَ المُتَنَطِّعُونَ! هَلَكَ المُتَنَطِّعُونَ! هَلَكَ المُتَنَطِّعُونَ! )) ( أخرجه مسلم (2670)،واتە: تیاچوون بۆ ئەوانەی كە زێدەڕۆیی دەكەن و لەسنوری شەرع دەردەچن و زۆر لەخۆیان دەكەن.
 وە تەنانەت پێشەوا مالك لە وەڵامی ئەو كەسەی كە پرسیاری چۆنێتی "استوی" خوای كرد بەسەر عەرشەوە وتی: استواء ئاشكرایە بەڵام چۆنێتیەكەی نادیارە. 
جا ئەم بابەتانە واجبە باوەڕمان پێیان هەبێت و بەدوایاندا نەچین، جا دەبینین پێغەمبەری خوا ئەو فەرموودەیەی بەئامادەبوونی هاوەڵان فەرمووە و هیچ یەكێكیانیش لێوی نەجوڵاوە بۆ پرسیاركردن سەبارەت بە چۆنێتیەكەی كاتێك پێی ڕاگەیاندوون كە ئەو دەنگی نەعلەكانی بیلالی لەپێش خۆیەوە لەبەهەشتدا بیستووە، تەنانەت نەیانپرسی كە چۆن ئەوە دەبێت لەكاتێكدا بیلال هێشتا زیندووە و نەچووە بۆ قیامەت و لەوێشەوە نەهاتۆتەوە! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕیان كرد و بگرە ئیمانیشیان پێی زیادی كرد. 
جا بۆیە ئامۆژگاری من بۆ ئێوە هەمووتان ئەوەیە كە هاوشێوەی ئەم بابەتانە بەسەر ڕووكەشی دەقەكاندا بڕۆن و باوەڕتان پێی هەبێت و بڵێن ئەمە حەق و ڕاستیە، بەڵام بۆ چۆنێتیەكەی؟ ئایا ئەهلی بەهەشت ئێستا تێیدان؟ یان دۆزەخیەكان ئێستا تێیدان؟ ئەوەتا پێغەمبەری خوا لەناو بەهەشتدا ئەوەی بینیوە كە بینیویەتی و بۆ دۆزەخیش هەروەها، تەنانەت باسی وردەكاریش دەكات كە وا عەمری كوڕی لوحەی بینیوە كە ڕیخۆڵەكانی ڕادەكێشێت لەناو ئاگردا و ئافرەتێكی بینیوە كە سزادراوە بەهۆی پشیلەیەكەوە و هەروەها ئەو پیاوەی كە شتومەكی لە حاجیان دەدزی بە گۆچانەكەی.
 بەهەرحاڵ من پێتان دەڵێم: 
خۆتان مەخەنە گێژاوی نادیاری ئەم بابەتانەوە و ئەم جۆرە پرسیارانەش مەكەن. ئەوەتا هەڵوێستی من لەم شتەدا هەمان هەڵوێستی هاوەڵانە  و ئەوەتا كە بڵێم: باوەڕم بەخوا و پێغەمبەرەكەی هەیە و بەوەش كە لەلایەن خوا و پێغەمبەرەكەیەوە هاتووە، و ئەوە نابەزێنم، و دەڵێم: پێغەمبەری خوا لەشەوڕەویەكەیدا هەواڵمان دەداتێ سەبارەت بەو شتانەی كە بینیویەتی و ئەوەش حەقە. و دەڵێم: ئێمە ئەگەر لەسەر ئەم ڕێچكەیە بڕۆین ئەوا ئاسوودە دەبین، و هەركەسێكش لەو بارەیەوە پرسیارمان لێ بكات ئەوا پێی دەڵێین: ئەوە ڕێگەیەكە بەزانست ناتوانیت پێی بگەیت تەنها خۆبەدەستەوەدان و باوەڕهێنان نەبێت، و چۆنێتیەكەشی بەخوا دەسپێرین بەڵام ماناكەی دەزانین ((لقاء الباب المفتوح)) (رقم اللقاء: 87).

سەردان: ١,٢٤٢ بەش: باوەڕبون بە ڕۆژى دوایى