فەزڵی هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ لە قورئان و سوننەت و وتەى زانایانی ئوممەت: ماڵپەڕی وەڵامەکان
فەزڵی هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ لە قورئان و سوننەت و وتەى زانایانی ئوممەت
پرسیار:

ئایا لە قورئان و سوننەتدا چۆن باسی  هاوەڵانی پێغەمبەری خوا کراوە؟

فەزڵ و دادگەری هــاوەڵان ڕەزاى خوایان لێ بێ
   خوای پەروەردگار كاتێك كە نێردرواوەكەی خۆی ڕەوانەكرد بۆ مرۆڤایەتی بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە گەورە و پیرۆزە، بێ شك كۆمەڵێك دۆست و خۆشەویستیشی بۆ هەڵبژارد بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بن و ببنە هۆكاری گواستنەوەی ئەو پەیامە بەپێزە بە كردارو گوفتار بۆ نەوەكانی دوای خۆیان. ئەوانیش بەشێوەیەك تێكەڵی ئەو نورە بوون و ڕەنگی دایەوە لە ژیان و حاڵ و گوزەرانیاندا، وەكو وتراوە: كە ڕێبوارێك ئەهات بۆ مەدینە سەرسام دەبوو و دەیوت ئەم شارە ئەڵێی پێغەمبەرستانە ئەوەندە نوری نبوەت بەرجەستە بوبوو لە نێویاندا. جا ئەوانیش بەم ئەركە هەستان و بەوپەڕی متمانەوە ئەركی سەرشانی خۆیانیان گەیاند و بەدڵسۆزی ولێبڕانەوە لە خزمەتی پێغەمبەردا بوون
   ئەوەی من لێرەدا ئەمەوێ‌ بیڵێم ئەوەیە مشتێكی كەم لە فەزڵی هاوەڵان بخەمە ڕوو كە چەند چاكەیان بەسەر ئەم ئومەتەوە هەیە لەپاش خۆیان و چەندیش دادگەر بوونە لە گواستنەوەی هەواڵ و فەرموودەكاندا و ئەهلی سوننە وجەماعەتیش چۆن دەڕواننە هاوەڵان. بۆیە سەرەتا بەچەند ئایەتێك دەست پێ دەكەم سەبارەت بە فەزڵی هاوەڵان و چۆنێتی هاوەڵێتی كردنیان بۆ پێغەمبەر و چۆنێتی خواپەرستی و زوهد و تەقوایان، پاشان فەزڵ وچاكەی هاوەڵان لەچەند فەرموودەیەكدا دەخەینە ڕوو، دواتریش هەڵوێستی ئەهلی سووننە وجەماعە دەخەینە پێش چاو دەربارەی تێكڕای هاوەڵان بەگشتی هەڵبەت ئەمەش بەكورتی لێیان دەدوێین و ئەوەی باسی ناكەین زۆرترە لەوەی باسی دەكەین:

 فەزڵی هــاوەڵان لە قـورئـاندا:
   خوای پەروەردگار دەفەرموێت: ( مُّحَمَّدٌ رَّسُولُ اللَّهِ وَالَّذِينَ مَعَهُ أَشِدَّاء عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاء بَيْنَهُمْ تَرَاهُمْ رُكَّعاً سُجَّداً يَبْتَغُونَ فَضْلاً مِّنَ اللَّهِ وَرِضْوَاناً سِيمَاهُمْ فِي وُجُوهِهِم مِّنْ أَثَرِ السُّجُودِ ذَلِكَ مَثَلُهُمْ فِي التَّوْرَاةِ وَمَثَلُهُمْ فِي الْإِنجِيلِ كَزَرْعٍ أَخْرَجَ شَطْأَهُ فَآزَرَهُ فَاسْتَغْلَظَ فَاسْتَوَى عَلَى سُوقِهِ يُعْجِبُ الزُّرَّاعَ لِيَغِيظَ بِهِمُ الْكُفَّارَ وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ مِنْهُم مَّغْفِرَةً وَأَجْراً عَظِيماً ) الفتح/29
واتە: محمد ڕەوانەكراوی خودایە، ئەوانەش كە لەگەڵیدان وشوێنی كەوتوون توندو تیژن بەرانبەر بێ باوەڕان و بەبەزەیی ومیهرەبانن لەنێوان خۆیاندا، دەیانبینیت سەرگەرمی نوێژ و خواپەرستین، كڕنوش و سوژدە دەبەن، هەمیشە ئاواتیان بەدەستهێنانی ڕەزامەندی وپایەبەرزی یە لەلای خـوا، نیشانەی چاكی وپاكیان لەنێوچەوانیاندا دیاریە ودەدرەوشێتەوە لەئەنجامی سوژدەبردن و خواپەرستیاندا، جا ئەو بەڕێزانە ئەوە نموونەو پێناسەیانە لەتەوراتدا، نموونەو پێناسەشیان لە ئینجیلیشدا وەك ڕوەكێك وایە كەلەسەرتاوە چەكەرە بكات، جا چەكەرەكەی بەهێزكردبێت، پاشان ئەستور ببێت و ڕابوەستێت لەسەر قەدەكەی وئەوەندە زوو پێ بگات كە جوتیارەكان سەرسام بكات وپێیان سەیر بێت: چۆن وا بە زوویی وچاكی پێگەیی؟! ئەم پێناسەیە بۆ ئەوەیە خوا كافران داخ لەدڵ بكات، جا خوای بەدەسەڵات بەڵێنی بەوانە داوە كەباوەڕیان هێناوە و كردەوە چاكەكانیان ئەنجام داوە لەوان: كە لێخۆشبوون وپاداشتی گەورە وبێ سنووریان پێ ببەخشێت.

   لە ئایەتێكی تردا خوای گەورە دەفەرموێت: ( وَالسَّابِقُونَ الأَوَّلُونَ مِنَ الْمُهَاجِرِينَ وَالأَنصَارِ وَالَّذِينَ اتَّبَعُوهُم بِإِحْسَانٍ رَّضِيَ اللّهُ عَنْهُمْ وَرَضُواْ عَنْهُ وَأَعَدَّ لَهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي تَحْتَهَا الأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَداً ذَلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ ) التوبة/100
 واتە: خوای میهرەبان لەوانەی كە پێشكەوتن و یەكەم كەس بوون لە ئیسلام بوون و خزمەتكردنی ئیسلامدا لەكاروانی كۆچبەران و پشتیوانان وئەوانەی كەبەڕێكوپێكی شوێنیان كەوتوون، ڕازی بووەو ئەوانیش لەو ڕازی بوون، باخەكانی بەهەشتی بۆ ئامادەكردوون كەچەندەها ڕووبار بەبەردەم كۆشكەكانی وبەژێر درەختەكانیدا دەڕوات، هاوڕێ‌ لەگەڵ نەمریدا بۆ هەمیشەش تیایدا دەمێننەوە، ئەو سەرئەنجامە سەركەوتنێكی زۆر گەورەیە.

   یان لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: ( لَقَدْ رَضِيَ اللَّهُ عَنِ الْمُؤْمِنِينَ إِذْ يُبَايِعُونَكَ تَحْتَ الشَّجَرَةِ فَعَلِمَ مَا فِي قُلُوبِهِمْ فَأَنزَلَ السَّكِينَةَ عَلَيْهِمْ وَأَثَابَهُمْ فَتْحاً قَرِيباً ) الفتح/18 واتە: سوێند بەخوا بەڕاستی خوا ڕازی بووە لەو باوەڕدارانەی كاتێك پەیمانیان لەگەڵدا بەستیت لە ژێر درەختەكەدا خوا خۆیشی ئاگاداربوو بەوەی لەدڵەكانیاندا هەیە لە نیازپاكی ودڵسۆزی هەربۆیە ئارامی و هێمنی وئاسوودەیی دابەزاندە سەریان وپاداشتی بەمژدەی سەركەوتنێكی نزیك دانەوە.

   لە ئایەتێكی تردا دەربارەی مهاجرین وئەنصار دەفەرموێت: 
((لِلْفُقَرَاءِ الْمُهَاجِرِينَ الَّذِينَ أُخْرِجُوا مِنْ دِيَارِهِمْ وَأَمْوَالِهِمْ يَبْتَغُونَ فَضْلًا مِنَ اللَّهِ وَرِضْوَانًا وَيَنْصُرُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ أُولَئِكَ هُمُ الصَّادِقُونَ * وَالَّذِينَ تَبَوَّءُوا الدَّارَ وَالْإِيمَانَ مِنْ قَبْلِهِمْ يُحِبُّونَ مَنْ هَاجَرَ إِلَيْهِمْ وَلَا يَجِدُونَ فِي صُدُورِهِمْ حَاجَةً مِمَّا أُوتُوا وَيُؤْثِرُونَ عَلَى أَنْفُسِهِمْ وَلَوْ كَانَ بِهِمْ خَصَاصَةٌ وَمَنْ يُوقَ شُحَّ نَفْسِهِ فَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ ))
 واتە: لەدەستكەوتی شەڕدا، بەشی كۆچبەرانی هەژار دەبێت بدرێت، ئەوانەی لە شوێن و سامانیان دوورخراونەتەوە ودەركراون، ئەوانەی بەتەمای بەخششی خواو ڕەزامەندی ئەون وبەبێ هیچ تەماعێك پشتیوانی لەخواو پێغەمبەرەكەی دەكەن وهەوڵی سەرخستنی بەرنامەكەیان دەدەن، هەر ئا ئەوانە ڕاستگۆ و ڕاستانن. وە ئەوانەی كە پێشتر ماڵ و شوێنی خۆیان ئامادە كرد بۆ پێشوازی لە كۆچبەران و دڵ و دەروونی خۆیان ڕازاندەوە بە ئیمان، ئەوانەشیان خۆش دەوێت كە كۆچیان كردووە بۆ لایان ولەدڵ و دەروونیاندا جێی هیچ جۆرە حەسوودی وبەخیلیەك نابێتەوە و حەز بەبەخشیشی دەستكەوتەكان بەوان دەكەن، وفەزڵی ئەوان دەدەن بەسەر خۆیاندا هەرچەندە هەژار ونەداریشن، جا ئەوەی خۆی لە نەفسی ڕەزیلی بپارێزێت وزاڵ بێت بەسەریدا ئائەوانە هەر سەرفرازن.

فەزڵـی هـاوەڵان لە فـەرمـوودەدا:
   پێغەمبەری خـوا  دەفەرموێت: " خَيْرُ النَّاسِ قَرْنِي، ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ، ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ ... "  
واتە: باشترینی خەڵكی ئەم سەدەیەی منە (كە منی تێدام) پاشان ئەوانەی دوای ئەمان دێن و پاشان ئەوانەی دوای ئەوان دێن.

   لە فەرموودەیەكی تردا دەفەرموێت: " لَا تَسُبُّوا أَصْحَابِي، لَا تَسُبُّوا أَصْحَابِي. فَوَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ، لَوْ أَنَّ أَحَدَكُمْ أَنْفَقَ مِثْلَ أُحُدٍ ذَهَبًا مَا أَدْرَكَ مُدَّ أَحَدِهِمْ وَلَا نَصِيفَهُ ".
 واتە: جنێو مەدەن بەیارانی من، جنێو مەدەن بەیارانی من، سوێندم بەو كەسەی گیانی منی بەدەستە گەریەكێ‌ لە ئێوە بەئەندازەی كێوی ئوحود ئاڵتون بكات بەخێر، ناگات بە مشتی یەكێ‌ لەوان و، بەنیوەی مشتێكیش.

   لە فەرموودەیەكی تردا دەفەرموێت: "  مَنْ سَبَّ أصْحابي، فَـعَلَيْهِ لَعْنةُ اللهِ وَالملائكةِ والنّاسِ أَجْـمعين "
واتە: ئەوەی جنێو بە هاوەڵانم دەدات ئەوا نەفرەتی خواو فریشتەكان و هەموو خەڵكی لەسەر بێت.

   عَن أبي بردة عَن أَبيه قَالَ:رَفَعَ - يَعْنِي النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسلم - رَأسه إِلَى السَّمَاء وَكَانَ كثيرا مَا يَرْفَعُ رَأْسَهُ إِلَى السَّمَاءِ. فَقَالَ: «النُّجُومُ أَمَنَةٌ لِلسَّمَاءِ فَإِذَا ذَهَبَتِ النُّجُومَ أَتَى السَّمَاءَ مَا توعَدُ وَأَنا أَمَنةٌ لِأَصْحَابِي فَإِذَا ذَهَبْتُ أَنَا أَتَى أَصْحَابِي مَا يُوعَدُونَ وَأَصْحَابِي أَمَنَةٌ لِأُمَّتِي فَإِذَا ذَهَبَ أَصْحَابِي أَتَى أُمتي مَا يُوعَدُون "
واتە: ئەبوبوردە لە باوكیەوە دەگێڕێتەوە كە پێغەمبەری خوا  سەری بەرزكردەوە بۆ ئاسمان – وە ئەو زۆر جار بەو شێوەیە سەری بەرزدەكردەوە بۆ ئاسمان-  و پاشان فەرمووی: ئەستێرەكان سەلامەتین بۆ ئاسمان، هەركات ئەستێرەكان نەمان ئاسمان تووشی ئەو كارەساتە دێت كە وادەی پێ دراوە، وە من سەلامەتیم بۆ ئوممەتم، هەركات رۆیشتم هاوەڵانم تووشی ئەو كارەساتە دێن كە وادەیان پێ دراوە، وە هاوەڵانم سەلامەتین بۆ ئوممەتم، هەركات هاوەڵانم نەمان، ئوممەتم تووشی ئەو كارەساتە دێت كە وادەی پێ دراوە. 

   نەوەوی لە ڕاڤەی ئەم فەرموودەیەدا دەڵێت: 
"  هەتا ئەستێرەكان مابن ئەوا ئاسمانیش دەمێنێت، هەركات ئەستێرەكان پەرش وبڵاوبوونەوەو تێك چوون و نەمان لە رۆژی دواییدا ئەوا ئاسمانیش شەق دەبێت و نامێنێت، وە هەركاتیش پێغەمبەر نەما لە ناو ئوممەتداو وەفاتی كرد، ئەوا ئەوەی وادەی پێدراوە دەردەكەوێت و ڕوو دەدات لە فیتنە و ئاژاوەو شەڕ وكوشتار وهەڵگەڕانەوەی هەندێك لە خەڵكی، و ناكۆكی و دوبەرەكی نێوان دڵان، و هاوشێوەی ئەوەی كە ئومەتی لێ ئاگادار كردۆتەوە، جا هەموو ئەوانە ڕوویان دا، وە هەركاتێكیش هاوەڵان نەمان، ئەوا دەبێتە هۆی دەركەوتن و ڕوودانی بیدعە و تازەگەری لەدیندا و دەركەوتنی شاخی شەیتان و زاڵ بوونی ڕۆم و جگە لەوانیش، و پێشێلكردنی مەككەومەدینە و جگە لەوەش، وە هەموو ئەمانەش لە موعجیزاتی پێغەمبەری خوایە  ".  

 فەزڵـی هـاوەڵان لای پێشینی ئـوممەت:
   خطیب البغدادی رحمه الله دەڵێت: هەر فەرموودەیەك با سەنەدەكەشی گەیشتبێت بە پێغەمبەری خوا ناكرێت كاری پێ بكرێت، مەگەر دوای دڵنیابوون لە دادگەری ومتمانەی گێڕەرەوەكانی نەبێت، جگە لە هاوەڵان نەبێت كە فەرموودەیەك بدەنە پاڵ پێغەمبەری خواو  وبۆ ئەوی بەرزبكەنەوە، كە لێكۆڵینەوە ناكرێت لە حاڵ و ڕاستگۆیی هاوەڵان، لەبەر ئەوەی هەموو هاوەڵان دادگەر ومتمانەپێكراون بە شاهێدی خـواو پێغەمبەرەكەی  بۆیان، كەوابوو ئەگەر خواو پێغەمبەر ڕەخنەیان لێیان نەبێت، ئەوا پاكێتی و چاكیان وەكو خۆیان دەمێنێتەوە، جگە لەوەش لەبەر ئەو هەوڵ وتێكۆشانەیان كە كردوویانە بۆ خزمەتی دین لە كۆچ و جیهاد و سەرخستن وپشتیوانی و تێكۆشان بە ماڵ وگیان ودڵسۆزیان و ئامۆژگاریان و بەهێزی باوەڕ و یەقینیان و خۆتەرخانكردنیان بۆ سەرخستنی دین، ئەمەش وا دەكات كە ئەوان باشتر وچاكتربن لە هەموو ئەوانەی لە پاش خۆیان دێن هەتا هەتایە. 

   پێشەوا الطحاوی رحمه الله دەڵێت:
 " بیروباوەڕی ئێمە وایە كە هاوەڵانی پێغەمبەری خوامان خۆشدەوێت  و زیادەڕۆیی ناكەین لەخۆشویستنی هیچ یەكێكیانداو خۆمانیش بێ بەری ناكەین لەكەسیان و ڕقیشمان لەوە دەبێت كەڕقی لێیانە و بەناڕەوا باسیان دەكات و ناویان دەهێنێت، وە ئێمە بەخێروچاكە نەبێت ناویان ناهێنین و لامان وایە كە خۆشویستنیان دین وباوەڕ و چاكەكاریە و ڕق لێ بوونیشیان كوفر و دوڕویی و ستەمكاریە" .

   پێشەوا ئەحمەدی كوڕی حەنبەل رحمە الله دەڵێت: " لە سوننەتەوەیە كە بە چاكە باسی هاوەڵان بكرێت و بێ دەنگ بی لەوەی ڕووی داوە لەنێوانیاندا، وە هەركەسێك جنێو بە یەكێك لە هاوەڵان بدات یان بەهەموویان ئەوا بیدعەچیەكی ڕافزیە، وە بۆ هیچ كەسێك دروست و ڕەوا نیە كەبە خراپە ناویان بهێنێت وباسی خراپەكانیان بكات و تانەیان لێ بدات، ئەوەشی ئەو كارە بكات ئەوا پێویستە لەسەر كاربەدەست كە ئەدەب وسزای بدات و بۆی نیە لێی خۆش بێت بەڵكو تۆڵەی لێ دەسێنێت وپاشان داوای تۆبەی لێ دەكرێت ئەگەر تۆبەی كردو پەشیمان بوویەوە ئەوا بەرەڵادەكرێ‌، ئەگەرنا دووبارە سزای دەدرێت و بەند دەكرێ هەتا ئەو كاتەی پەشیمان دەبێتەوەو دەگەڕێتەوە" .

   شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیە رحمە الله دەڵێت: " لە بنچینەكانی ئەهلی سوننەوجەماعە ئەوەیە كە دڵ وزمانیان پاك وسەلامەتە بەرانبەر بە هاوەڵانی پێغەمبەری خـوا  وەكو خوای پەروەردگار وەصفیانی كردووە و دەفەرموێت: (وَالَّذِينَ جَاءُوا مِنْ بَعْدِهِمْ يَقُولُونَ رَبَّنَا اغْفِرْ لَنَا وَلِإِخْوَانِنَا الَّذِينَ سَبَقُونَا بِالْإِيمَانِ وَلَا تَجْعَلْ فِي قُلُوبِنَا غِلًّا لِلَّذِينَ آمَنُوا رَبَّنَا إِنَّكَ رَءُوفٌ رَحِيمٌ) 
وە هەروەها وەكو گوێڕایەڵی كردنێك بۆ پێغەمبەری خوا كە دەفەرموێت: " لَا تَسُبُّوا أَصْحَابِي، لَا تَسُبُّوا أَصْحَابِي. فَوَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ، لَوْ أَنَّ أَحَدَكُمْ أَنْفَقَ مِثْلَ أُحُدٍ ذَهَبًا مَا أَدْرَكَ مُدَّ أَحَدِهِمْ وَلَا نَصِيفَهُ "  .
 وە ئەهلی سوننە وجماعە ئەو هەواڵانە بە سنگ فراوانیەوە وەردەگرن و پەسەندی دەكەن كە دەربارەی چاكەی و فەزڵ وپلەوپایەیان هاتووە، وە ئەو هاوەڵانەی كە پێش صوڵحی حودەیبیە ماڵیان بەخشی و تێكۆشانیان كرد چاكترن لەوانەی كە لە پاش صولحەكە ماڵیان بەخشی و تێكۆشانیان كرد، وە كۆچبەران لە پێش پشتیوانانەوەن لە ڕووی فەزڵ وچاكەوە، وە باوەڕیان بەوە هەیە كە خوای گەورە بە ئەهلی بەدری فەرموو كە سێ سەد و چەند پیاوێك بوون " اعملوا ما شئتم فقد غفرتُ لكم "  واتە: هەرچیتان ئەوێ‌ بیكەن من لێتان خۆش بووم. وە ئەهلی سوننەوجماعە باوەڕیان وایە كە هیچ یەكێك لەوانەی كە لە ژێر درەختەكەدا بەیعەتیان دا ناڕواتە دۆزەخەوە هەروەكو پێغەمبەری خوا هەواڵی داوە لەوبارەیەوە، وە ئەوان زیاتر لە هەزارو چوارسەد كەس دەبوون، وە ئەهلی سووننە وجماعە شاهێدی بۆ كەسێك دەدەن بەبەهەشت كە پێغەمبەری خوا شاهێدی بۆ دابێت وەكو : دە هاوەڵە مژدە پێدراوەكەو سابتی كوڕی قەیسی كوڕی شماس و جگە لەوانیش، وە دان دەنێن بەو هەواڵانەی كە بە تەواتور هاتووە لە پێشەوای باوەڕدارانەوە عەلی كوڕی ئەبوتالیب ڕەزاى خواى لێ بێ و جگە لەویش بەوەی كە باشترینی ئەم ئوممەتە لە دوای پێغەمبەری خوا  بریتیە لە : ئەبوبكر پاشان عومەر پاشان عوسمان پاشان عەلی ڕەزاى خواى لێ بێ ، ..... وە ئەهلی سوننەوجماعە باوەڕیان وایە كە جێنشینەكان لەپاش پێغەمبەری خوا  بریتین لە ئەبوبەكر پاشان عومەر پاشان عوسمان پاشان عەلی، وە هەركەسێك تانە لە خیلافەتی هەریەكێك لەوان بدات ئەوا لە گوێدرێژی بنەماڵەكەی گومڕاترە " .

   پێشەوا أبی زرعە رحمه الله دەڵێت: " ئەگەر بینیت یەكێك لە شكۆی هاوەڵێك لە هاوەڵان كەم دەكاتەوەو كەموكورتی دەرئەخات ئەوا بزانە ئەو كەسە زندیقە، ئەوەش لەبەر ئەوەی لای ئێمە پێغەمبەر حەقە، قورئان حەقە، و ئەو قورئان وسوننەتەش هاوەڵانی پێغەمبەر بۆ ئێمەیان گێڕاوەتەوە، بۆیە ئەوانەی تانە لە هاوەڵان دەدەن دەیانەوێ‌ گێڕەرەوەكانمان كە شاهێدمانن زامدار ولەكەدار بكەن، بۆ ئەوەی قورئان وسوننەت بەتاڵ بكەنەوە، كەوابوو خۆیان لەپێشترن بۆ ئەوەی لەكەدار بكرێن ئەوانن زندیقەكان" .
   كەوابوو دەركەوت كە مەزهەب وبۆچوونی ئەهلی سوننەوجماعە سەبارەت بە هاوەڵان بریتیە لە نێوەندگیری لە نێوان زیادەڕەوی و كورت ڕەوی، لە نێوەندی ئەوانەدان كە بەشان وباڵی هاوەڵاندا هەڵدەدەن و لەپلەی خۆیان زیاتر بەرزیان دەكەنەوەو و ئەوانەشی كە بە خراپە باسیان دەكەن و جنێویان پێ دەدەن و تۆمەتباریان دەكەن، بەڵكو ئێمە هەموویانمان خۆشدەوێت، و لە پێگە و پایەی خۆیشیان دایان دەنێین ئەو پلەیەی كە شایستەیانە بەوپەڕی دادگەریەوە.
   وە هەروەها زمانیان تەڕە بە باسكردنی چاكەیان و دڵیان ئاوەدانە بە خۆشەویستیان و بەوەی لەنێوانیاندا ڕووی داوە پێمان وایە بابەتێكی خیلافیە و ئەوان ئیجتیهادیان تێیدا كردووە، جا لەو بۆچوونەیاندا یان پێكاویانە ئەوا دوو ئەجریان بۆ هەیە، وە یاخود نەیانپێكاوە و یەك ئەجریان هەربۆ هەیە، وە هاوەڵان معصوم نین و بەڵكو مرۆڤن، ئەشێ لەبابەتێكدا نەیپێكن وبۆچونەكەیان حەق نەبێت، بەڵام پێكانی ئەوان بۆ حەق زۆر زیاترە لە جگە لەخۆیان و هەڵەیان زۆر كەمترە لە جگە لەخۆیان، ئەوان لێخۆشبوون و ڕەزامەندی خوایان بۆ هەیە، وە سوپاس بۆ خوا كتێبەكانی ئەهلی سوننەوجماعە پڕن لە دەرخستنی ئەم بیروباوەڕە پاك و بێگەردە دەربارەی ئەو چینە هەڵبژێررواوە بۆ هاوەڵێتی كردنی باشترین مرۆڤ  .

وەرگیراوە لە کتێبی : 

ئەبو هـورەیــرە رضي الله عنه ژیان و بەسەرهاتی ، وەڵامی گومانەكان مەبەست لە دوژمنایەتی و دژایەتی كردنی

ئەمەش لینکی کتێبەکە

https://ba8.org/Kteb/232

سەردان: ٤,٥٥١ بەش: هەمەجۆر