حوكمی ئیسلام سەبارەت بە یۆگا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمی ئیسلام سەبارەت بە یۆگا
پرسیار:

ئایا یۆگا چیە ، و حوكمی ئیسلام سەبارەت بە یۆگا چیە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

 یۆگا واتە " تەنهایی" یەكێك لە هەوادار و پەیڕەوكارانی دەڵێت: یۆگا بریتیە لەیەكگرتنی مرۆڤ لەگەڵ رۆحدا !!
وە یۆگا خۆی لە چەند راهێنان و كەشێكی تایبەت و جیاوازدا دەبینێتەوە, بەڵام بەناوبانگترین و گرنگترینیان بریتیە لە جۆرە دۆخێك كە پێی دەوترێت " ساستانجا سوریا ناماسكار" كە بە زمانی سانسكرێتی واتە: سوژدە بردن بۆ خۆر بە هەشت ئەندام لە جەستەدا !! 
وە ئەو ئەندامانەشیان دیاری كردووە كە ئەمانەن: هەردوو پێ وهەردوو ئەژنۆ وهەردوو دەست وسنگ و نێوچەوان.
وە ئەوەی راهێنانی یۆگا دەكات دەبێ جەستەی ڕووت بێت، بەتایبەت سنگ و پشت و ڕان !!
حوكمی ئیسلام سەبارەت بە یۆگا
بەكورتی و پوختی: بەهیچ شێوەیەك دروست نییە موسڵمان ئەم ڕاهێنانە ئەنجام بدات، ئیتر بە بیروباوەڕەوە بێت یان وەكو لاسایی كردنەوە یان وەكو خۆیان دەڵێن سوودی هەبێت،ئەوەش لەبەر ئەم هۆكارانەی لای خوارەوە:
یەکەم : خودی یۆگا دژە بە بیروباوەڕی یەكخواپەرستی وهاوەڵ دانانە بۆ خوای پەروەردگار لەبەر ئەوەی سوژدە بردنە بۆ خۆر.
خوای گەورە فەرموویەتی: [  قُلْ إِنَّمَا أُمِرْتُ أَنْ أَعْبُدَ اللَّهَ وَلَا أُشْرِكَ بِهِ] واتە : ئه‌ی محمد - - بڵێ: من له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ فه‌رمانم پێ كراوه‌ به‌تاك و ته‌نها عیباده‌تی خوای گه‌وره‌ بكه‌م و هیچ جۆره‌ شه‌ریكێك بۆ خوای گه‌وره‌ بڕیار نه‌ده‌م . 
هەروەها فەرمویەتى : [لَئِنْ أَشْرَكْتَ لَيَحْبَطَنَّ عَمَلُكَ وَلَتَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ ] واتە : ئه‌گه‌ر شه‌ریك بۆ خوای گه‌وره‌ بڕیار بده‌ی ئه‌وه‌ كرده‌وه‌كانت هه‌مووی به‌تاڵ ئه‌بێته‌وه‌ وه‌ له‌ زه‌ره‌رمه‌ندان ده‌بیت
دووەم : خۆچوواندن و لاسایی كردنەوەی بت پەرستان و هاوەڵ دانەرانە وپێغەمبەری خوایش فەرموویەتی: ( مَن تشبَّه بقوم فهو منهم ) رواه أحمد وأبو داود والطبراني عن ابن عمر رضي الله عنهما .
سێیەم : هەندێ‌ لە راهێنانەكانی زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و سەردەكێشێ بۆ دروست بوونی مەترسی لەسەر تەندروستیان لە داهاتوودا، وە هەندێ‌ لە دانیشتنەكانی شەرمئاوەر و تەمەڵی و بەئاگانەبوونە وهیچی تر كە ئەمەش زیانی دەروونی و تەندروستی هەیە و وپێغەمبەری خوایش فەرموویەتی: ( لا ضرر ولا ضرار ) رواه أحمد وابن ماجه عن ابن عباس رضي الله عنهما 
چوارەم : كات بە فیرۆدانی تێدایە كە بەزیانی دونیایی بۆ سەر خاوەنەكەی دەگەڕێتەوە، وپەشیمانی دوارۆژیشی لە دوایە و پێغەمبەری خوایش فەرموویەتی : (لاَ تَزُولُ قَدَمَا عَبْدٍ يَوْمَ الْقِيَامَةِ حَتَّى يُسْأَلَ عَنْ أَرْبَعٍ : عَنْ عُمْرِهِ فِيمَا أَفْنَاهُ ؟ وَعَنْ عِلْمِهِ مَا عَمِلَ بِهِ ؟ وَعَنْ مَالِهِ مِنْ أَيْنَ اكْتَسَبَهُ وَفِيمَا أَنْفَقَهُ ؟ وَعَنْ جِسْمِهِ فِيمَا أَبْلاَهُ ؟) صحيح سنن الترمذي رقم : (2417) وصحيح الترغيب والترهيب رقم : (3592) 
واتە : هەردوو پێ‌ی هیچ عەبدێك نـییە لە ڕۆژی قیامەتدا هەنگاو بنێت تاوەكو پرسیاری چوار شتی لێنەكرێت :
1- سەبارەت بە تەمەنی لە چیدا بە سەری بەردووە ؟
2- وە سەبارەت بە زانستەكەی ئایا كردەوەی پێ‌ كردووە ؟
3- وە سەبارەت بە پارە و ماڵەكەی چۆن پەیدای كردووە و لە چیدا خەرجی كردووە ؟
4- وە سەبارەت بە لاشەی لە چیدا بە كاری هێناوە و دایهێناوە ؟
پێنجەم : خۆشوبهاندن و لێكچوونی تێدایە بە ئاژەڵان و خۆڕاماڵینە لە مرۆڤ بوون، وەكو خۆرووت كردنەوە و جەخت كردنەوە لەسەر چوار ئەندام لەزۆربەی راهێنانەكاندا. 
شەشەم : زۆرێك لەوانەی كە ئەم جۆرە راهێنانەیان كردووە و بەشداربوونە تێیدا كە بە " یۆگای زانستی یان پزیشكی رەفتاری" ناوی دەبەن وایان لێ هاتووە خوو بگرن بە مادە بێهۆشكەرەكانەوە و لەزۆنگاوی پیسی ئەو جۆرە مادانەدا خۆیان بینیەوە.
حەوتە م: هەروەها ئەم راهێنانە پشت بەستووە بە درۆ و خۆڵ كردنە چاوی خەڵكی و ئاوەژووكردنەوەی راستیەكان و پروپاگەندە بۆكردنی بەشێوەیەكی دوور لە راستیەوە ئەوەش بۆ سەرنجراكێشانی خەڵكانی خۆشباوەڕ وساویلكە و ئیمان لاوازەكان.
هەشتەم: هەندێ‌ لەوانەی پیادە ومومارەسەی ئەم راهێنانانە دەكەن چەند شتێكی لەئاسابەدەر ڕوودەدات لەسەر دەستیاندا كە خەڵكی پێ فریو دەدەن، كەلە راستیدا ئەوان شەیتان وجنۆكەكان بەكاردەهێنن وئەمەش بێگومان حەرامە لە ئیسلامدا.
نۆیەم: ئەو وەصیەت و رێنمایی و ئامۆژگاریانەی كە سەرمەشق و راهێنەرانی یۆگا دەیڵێن و بڵاوی دەكەنەوە زۆربەیان زیانبەخش و خراپن ، لەوانە:
 - رووت بوونەوە: كە سەردەكێشێت بۆ زیانی جەستەیی ودەروونی وسێكسی و ...
 - پێست دانە بەرخۆر: زیانی ئەمەشمان بەڕوونی بینی و بۆدەركەوت بەتایبەت كاتێك ئەو خۆدانەبەرخۆرە بۆ ماوەیەكی زۆر بێت.
 - جەخت كردنەوە لەوەی تەماشای بازنەی خۆربكرێت وئەوەش بێ شك زیانی بۆ چاو دەبێت.
 - هاندان بۆ پارێزی رووەكی كە هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نییە.


سود وەرگیراوە لە ماڵپەڕى : ماڵپەڕى ئیسلام پرسیار و وەڵام

سەردان: ٦,٢٩٢ بەش: شیرک و جۆرەکانى