نیشانەکانى وەلی خوا و هاوار بۆ لا کردنى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
نیشانەکانى وەلی خوا و هاوار بۆ لا کردنى
پرسیار:

كەسێك هانا و هاوار بۆ لاى غەیرى خوا دەبات و لاى وایە كە ئەو كەسە وەلى خوایە، جا نیشانەكانى وەلى خوا چین؟ 

نیشانەكانى وەلی، خواى گەورە خۆى ڕوونى كردۆتەوە و دەفەرموێـت: (أَلا إِنَّ أَوْلِيَاءَ اللَّهِ لا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلا هُمْ يَحْزَنُونَ) (62) (الَّذِينَ آمَنُوا وَكَانُوا يَتَّقُونَ) (يونس:62، 63)
 واتە: وە بزانن و دڵنیابن لەوەى كە دۆستانی خواى پەروەردگار لە ڕۆژى دواییدا هیچ ترس و بیمێكی سزای خواى پەروەردگاریان لەسەر نیە ، و دلأ تەنگ و خەفەتباریش نین بۆ ئەو بەشانەی دونیایان كە لە دەستیان چوون. وە سیفاتی ئەو دۆستانەی خواى پەروەردگار ئەوەیە كە : باوەڕیان بە خواى پەروەردگار هەیە و بەڕاستى دەزانن ، و شوێنی پەیامبەرەكەى و ئەوەش دەكەون كە لەلاى خواى پەروەردگارەوە هێناویەتى ، و خۆپارێزن بە گوێڕایەڵی كردنی فەرمانەكانی خواى پەروەردگار ، و دووركەوتنەوە لە تاوان و سەرپێچى كردنی . جا ئەوانەى كەلە ئایەتەكەدا باسیان كرا بریتین لە نیشانەكانى وەلى و دۆستانى خوا كە باوەڕبوون بەخوا و تەقواى خوایە و جا بۆیە ئەوەى باوەڕدار و بەتەقوابێت ئەوا وەلى خوای.

بەڵام ئەوەى شیركى بۆ بڕیار بدات ئەوا نەك وەلى خوا نییە بەڵكو دوژمنى خوایە وەكو دەفەرموێت: (مَنْ كَانَ عَدُوّاً لِلَّهِ وَمَلائِكَتِهِ وَرُسُلِهِ وَجِبْرِيلَ وَمِيكَالَ فَإِنَّ اللَّهَ عَدُوٌّ لِلْكَافِرِينَ) (البقرة:98) 
واتە: جا هەركەسێك دوژمنایەتى خواى پەروەردگار و فریشتەكان و پەیامبەرانى بكات ـ لە فریشتە بن یان لە مرۆڤ ـ ، وە بە تایبەت هەردوو فریشتە : جوبریل ومیكائیل ، چونكە جولەكە پێیان وایە جوبریل دوژمنیانە ومیكائیل دۆستیانە ، ئەوە خواى پەروەردگار پێیان ڕادەگەیەنێت كە هەر كەس دوژمنى یەكێكیان بێت دوژمنى ئەوەكەشیانە و دوژمنى خواى پەروەردگاریشە ، وە بێگومان خواى پەروەردگار دوژمنى نكوڵیكارانە لەوەى كە بۆ سەر موحەممەدى دابەزاندووە. 
جا هەر مرۆڤێك داوا لە غەیرى خوا بكات یان هانا و هاوار وپەنا بۆ غەیر خوا ببات كە ئەو شتەش تەنها لەتواناى خوادا بێت ئەوا موشرك و كافرە و دۆستى خوانییە با لافی ئەوەش لێ بدات، بەڵكو لاف لێدانەكەى بەوەى كە وەلیە لەگەڵ نەبوونى تەوحید ویەكخواپەرستیدا و نەبونى باوەڕ و تەقوایدا لاف لێدانێكى درۆیە وپێچەوانەى وەلی بوون و دۆستایەتى خوایە.  
وە ئامۆژگارى من بۆ برا موسڵمانەكانم لەم شتانەدا ئەوەیە كە هەڵنەخەڵەتێن بەوانە و با تەنها سەرچاوەى پشت پێ بەستیان لەوەدا بریتی بێت لە كتێبەكەى خوا و ئەوەى صەحیحە لە فەرموودەى پێغەمبەرمان .
 بۆ ئەوەى ئومێد و پشت بەستن و هیوایان تەنها لەسەر خوا بێت، و ئەو باوەڕە لەناخ و دڵیاندا ئوقرە بگرێت وجێگیربێت وپێى دڵئارام بن، و بۆ ئەوەش ماڵ وسامانیان لەدەست ئەو هەڵهەڵەتێنەرانە پارێزراوبن، هەروەكو چۆن پەیوەست بوون ودەست گرتن بە بەڵگەى قورئان وسوننەتەوە لەم شتانەدا هاوكات دوورخستنەوەى خودى ئەو جۆرە كەسانەشە لەوەى بەخۆیان سەرسام بن ئەوانەى كە هەندێك جار بە خۆیان دەڵێن سەید یان وەلی بەڵام ئەگەر لێیان وردبیتەوە دەبینى زۆر دوورن لە وەلى و سەیدەوە، ئەمە لە كاتێكدا وەلی خوا لەڕاستیدا دوورترین كەسە كە بانگەشە بۆ خۆى بكات و خۆى دەربخات بەگەورەیی و خۆناوداركردن وئەوشتانە، دەیبنی وەلی كەسێكى باوەڕدارى خۆبەكەمزانى تەقوادارى شاراوەیە كە خۆى دەرناخات و حەزیشی بە دەركەوتن نییە و پێى ناخۆشە خەڵكى ڕووى تێبكەن و ئومێد و ترسیان بە ئەوەوە پەیوەست بكەن. جا ئەگەر كەسێك بە تەنها ویستی خەڵكى بەڕێزەوە سەیرى بكەن و بەگەورەی بزانن و شكۆدارى بكەن و بیكەن بە سەرچاوەى خۆیان ئەوە لە ڕاستیدا پێچەوانەى تەقوا ووەلی بوونە، هەربۆیە لە فەرموودەدا هاتوە سەبارەت بەو كەسەى كە زانستى شەرعى دەخوێنێت لەپێناو ئەوەى خۆى بەشت بزانێت لاى نەزانەكان یان خۆى هەڵنێت لاى زانایان یان بۆ ئەوەى چاوى خەڵكى بۆ سەرخۆى ڕابكێشێت ئەوا هەڕەشەى توندى لەسەرە، مەبەستەكە ئەو بڕگەیەى فەرموودەیەیە كە دەفەرموێت: (( ليصرف وجوه الناس إليه))(1) جا ئەو جۆرە كەسانە دوورترین كەسن لە وەلی بوونەوە. 
جا ئامۆژگاریم بۆ برا موسڵمانەكانم ئەوەیە كە هەڵنەخەڵەتێن بەوانە و هاوشێوەكانیان وبگەڕێنەوە بۆ قورئان وسوننەت و ئومێد و هیوایان تەنها بە خوا بێت. 
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام ، زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله - 


(1) أخرجه الترمذي، كتاب العلم، باب ما جاء فيمن يطلب بعلمه الدنيا (2654) .

سەردان: ٢,٣٧٧ بەش: شیرک و جۆرەکانى