پوختەى حوکم و ئادابەکانى قوربانی کردن لە (٣٠) خاڵدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پوختەى حوکم و ئادابەکانى قوربانی کردن لە (٣٠) خاڵدا
پرسیار:

دەمەوێ بە کورتى حوکم و ئادابەکانى قوربانی کردن شارەزابم تکایە ڕێنماییم بکەن

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
ئەمەى خوارەوە پوختەى حوکم و ئادابەکانى قوربانی کردنە بە کورتى و پوختى

1.    قوربانی واته سەربڕینی ئەو ئاژەڵەی لە جۆری وشتر، مانگا، مەڕ وبزن لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا وەكو نزیك بوونەوەیەك لەخوا. 
2. قوربانی كارێكی شەرعییە و نزیك بوونەوەیەكی گەورەیە لە خوای پەروەردگار، وە دروشمێكی ئاشكرای ئاینی پیرۆزی ئیسلامە. 
3. قوربانی لای زۆربەی زانایان سوننەتی جەختلێكراوە و هەندێكیش لە زانایان بۆ ئەوە ڕۆیشتوون كە واجبە ، بۆیە باش وایە هەرکەس تواناى هەیە و خواى گەورە ماڵی پێداوە با هەموو ساڵێک قوربانی بکات و دڵی هەژاران خۆش بکات .
4.    ئەوەی پارەی قوربانی نییە، ئەوا ئاساییە قەرزی بۆ بكات ئەگەر توانی دواتر قەرزەكە بداتەوە وەکو ئەوەى کە موچەى هەبێ. 
5.    حیکمەت لە ئەنجامدانی قوربانی زیندووكردنەوەی سوننەتی پێغەمبەر إبراهیم علیه السلام  ، و سوپاسكردنی خوای میهرەبان لەسەر نیعمەتەكانی ، و دڵخۆشکردنی كەس و كار و منداڵ و خێزان و دراوسێ و خزمان و هەژاران بە تایبەتی بە دابەشكردنی گۆشتی قوربانی بە سەریاندا لە ڕۆژانی جەژندا.
6.    قوربانی کردن باشتر و خێرترە لە بەخشینی پارەى ئاژەڵەکە بەفەقیر چونكە ئەو سەربڕینە دروشمێكی گەورەیە لە دروشمەكانی ئیسلام و سوننەتی پێغەمبەری خوا  . 
7.    قوربانی کردن بۆ مردوو : لەبنچینەدا قوربانی كردن بۆ زیندووەكان شەرعێنراوە، وەكو پێغەمبەری خوا و هاوەڵانی ئەنجامیان داوە كە بۆ خۆیان و خانەوادەیان قوربانیان كردووە ، جا ئەگەر مردووەكە وەصێتی كردبێت بەوەی كەوا لە دوای مردنی قوربانی بۆ بكرێت: ئەوا وەصێتەكەی جێبەجێ دەكرێت ، بەڵام ئەگەر مردووەكە وەصێتی نەكردبێت  ئەوا مردووەكە هاوبەش دەكرێت لە خێری ئەو قوربانییەی كە دەكرێت ، وەكو ئەوەی كەسێك قوربانیەك بكات لەبری خۆی و خانەوادەكەی بە زیندو و مردووەوە.
8.    كاوڕێك لەبری یەك خێزان دەبێت، جا ئەگەر سەرۆكی خێزان بیكات لەبری هەموویان یان ئافرەتەكە بیكات ئەوا هەموویان دەگرێتەوە و دروشمەكە بەجێ هێنراوە ، ئەبو ئەیوبی ئەنصاری دەڵێت: لەسەردەمی پێغەمبەردا پیاوێک كاوڕێكی دەكرد بە قوربانی بۆ خۆی و خێزانەكەی و لێیان دەخوارد و لێیشیان دەبەخشی.
9.    لە قوربانی كردندا باش وایە قەڵەوبێت و گۆشتى زۆربێت و ناتەواوی نەبێت و بەڕووكەشیش جوان و سەرنجڕاكێش بێت ، وە باش وایە نێر بێ و شاخدار بێت.
10.  دەبێت ئاژەڵەكە گەیشتبێتە ئەو تەمەنەی كە شەرع بۆی دیاری كردووە بەم شێوەیە : 
أ. لە وشتردا ئەوەیە كە پێنج ساڵی تەواوكردبێت و چووبێتە ناو شەشەمەوە.
ب. لەمانگادا ئەوەیە كە دوو ساڵی تەواوكردبێت و چووبێتە ناو سێ یەمەوە.
ج. لە بزندا ئەوەیە ساڵێكی تەواوكردبێت و چووبێتە ناو دووەمەوە.
د. لە بەرخ و كاوڕیشدا ئەوەیە شەش مانگی تەواوكردبێت و چووبێتە ناو حەوتەمەوە.
11. مەرجە قوربانی ئەو كاتە بكرێت كە شەرع دیاری كردووە. بەوەی لە دوای نوێژی جەژنەوە سەرببڕێت و پێش نوێژ دروست نیە .
12. کۆتا كاتی قوربانی كردن بە ئاوابوونی خۆری چوارەم ڕۆژی جەژن كۆتایی دێت ، بۆ نمونە گەر ڕۆژى شەممە جەژن بوو تا ڕۆژى سێ شەممە پێش خۆر ئاوابوون کاتی قوربانی دەمێنێ .
13. باشترین كات بۆ قوربانی كردن بریتیە لە ڕۆژی یەكەم دوای تەواوبونی نوێژی جەژن.
14. دروستە قوربانی بە شەو سەرببڕێت، بەڵام لەسەرەتای ڕۆژەوە چاكترە بۆ ئەوەی هەژاران بیبینن چونكە دروشمێكی ئایینیە.
15. پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: چوار ئاژەڵ بۆ قوربانی نابێت و دروست نیە بكرێت بە قوربانی : ئاژەڵێك كە چاوێك یان هەردوو چاوی كوێر بێت ، و نەخۆشێكی ئاشكرا ، و شەلێكی ئاشكرا ، و لاوازێك كە ئێسكەكانی پوكابێتەوە .
17. دروستە قوربانی بكرێت بەو ئاژەڵەی كە خەسێنراوە .
18. سوننەت وایە كەسەكە خۆی ئاژەڵی قوربانیەكەی سەرببڕێت ئەگەر زانی .
19. هەركەس نیەتی قوربانی كردنی هەبوو ئەوا با هیچ لەخۆی نەكاتەوە لە قژ و نینۆك و پێستی هەر لە دەستپێكردنی یەكەم ڕۆژی نۆمینەی حاجیان هەتا قوربانیەكەی سەردەبڕێت. 
20. لەئادابەكانی سەربڕین ئەوەیە كەبەشێوەیەكی جوان ولەسەرخۆی ئاژەڵەكە پەلكێش بكرێت بۆ سەربڕین نەك بە توندی ، وە تیژكردنی چەقۆ پێش سەربڕین، وە نابێت چەقۆكەش لەپێشچاوی ئاژەڵەكە تیژ بکات و ئاژەڵێك لەپێشچاوی ئاژەڵێكی تر سەرببڕێت چونكە ئەو ڕەفتارە پێچەوانەی چاكە و ئیحسانە ، وە  ڕووكردنە قیبلە بۆ كەسەكە وئاژەڵەكەش سوننەتە لەهەموو كاتێكدا،
21. (واجب)ه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی شتێك سه‌رده‌بڕێت له‌ كاتی سه‌ربڕینیدا بڵێت: (بِسْمِ اللَّهِ) ، به‌ڵام له‌ كاتی سه‌ربڕینی قوربانیدا سوننه‌ته‌ دوای وتنی : (بِسْمِ اللَّهِ) بڵێت : (وَاللَّهُ أَكْبَر) ، واته‌ : ده‌ڵێت : (بِسْمِ اللَّهِ وَاللَّهُ أَكْبَر) .وه‌ دوای وتنـی (بِسْمِ اللَّهِ وَاللَّهُ أَكْبَر) ، سوننه‌تیش وایه‌ بڵێت : (اللهُـمَّ تَقـبَّـلْ مِنِّـي) خوایە لێمى وەربگرى و قەبوڵی بکەى.
 22. دروست نییە هیچ بەشێك لەئاژەڵەكە بدرێت بە قەسابەكە لەبەرانبەر کرێی سەربڕینەکەدا. 
23. سوننەتە ئەو کەسەى قوربانی دەکات لە قوربانیەكەی بخوات و لێی ببەخشێت و بیدات بەخێر .
24. دروسته گۆشتى قوربانی سێ یەكی بخورێت وسێ یەكی بدرێت بەهەدیە ودیاری وسێ یەكیشی بدرێت بەخێر وسەدەقە. 
25. قوربانی و گوێزەبانە بە یەک ئاژەڵ نابێت، واتە یەک حەیوان نابێت سەرببڕی بە نیەتى قوربانی و گوێزەبانەش چونکە ئەوە دوو عیبادەتی جیاوازن .والله أعلم
26. باشتر وایە کەسێک یان قەسابێک قوربانیەکە سەر بڕێت کەنوێژ بکات نەک کەسی نوێژ نەکەر ، وە ئەگەر نوێژ نەکات و بڕواى بەنوێژ نەبێ دروست نیە ئاژەڵی قوربانی سەرببڕێت ، بۆیە ئاگاداربە و بزانە چ کەسێک قوربانیەکەت بۆ سەردەبڕێت.
27. قوربانی کردن بە ئاژەڵی مێینە دروستە بەڵام ئاژەڵی نێر باشترە .
28. ئەو ئافرەتەی کە شوی نەکردوە و پارەى خۆى هەیە دەتوانێ بۆ خۆى قوربانی بکات .
29. شاردنەوەى خوێنی قوربانی و پەڕوی سور کردنە ملی ئاژەڵی قوربانی بیدعەیە و شتى وا لە شەرعدا نەهاتوە .
30. کاتێ قوربانی دەکەیت با نیەتت تەنها بۆ ڕەزامەندی خوا بێت و داوا بکە کە خواى گەورە لێت قەبوڵ بکات .
وآخر دعوانا أن الحمد لله ربِّ العالمين

سەردان: ١,٠٦٠ بەش: قوربانى كردن