مەرجەکانی قوربانی کردن چین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مەرجەکانی قوربانی کردن چین؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
١- ئەوەی نیەتی قوربانی کردنی هەیە لەسەرەتای مانگی ذي الحجة وە هەتا ئەوکاتەی قوربانیەکەی دەکات نابێت هیچ موو و نینۆکی لەخۆی بکاتەوە ؛ وە ئەم کارە تایبەتە بەسەرۆک خێزان بۆ خێزان و منداڵەکانی دروستە موو و نینۆکیان بکەن .
٢- نیەتی ئەم عیبادەتە لەدڵدایە و دەبێت مەبەست لەقوربانیەکە تەنها رەزامەندی خوای گەورە بێت ؛ تەنها لەکاتی سەربرینی ئاژەڵەکەدا دەڵێی ( بسم الله - الله أکبر - اللهم تقبل منی هذا منك ولك ) .
٣- ئەو ئاژەڵەی قوربانی پێ دەکرێت بریتیە لە ( وشتر - مانگا - مەر - بزن ) . وشتر دەبێت ( پێنج ) ساڵی تەواو کردبێت وە مانگا دەبێت ( دوو ) ساڵی تەواو کردبێت وە بزن دەبێت ( یەک ) ساڵی تەواو کردبێت وە مەر دەبێت ( شەش ) مانگی تەواو کردبێت .
٤- ئەم ئاژەڵە نابێت ( شەل ) بێت وە نابێت ( کوێر ) بێت وە نابێت ( نەخۆش ) بێت وە نابێت ( پیرو لاواز ) بێت .
٥- کاتی سەربرینی قوربانی لەدوای نوێژی جەژنەوە دەست پێ دەکات هەتا کاتی خۆرئاوابونی چوارەمین رۆژی جەژن ( بەشە و رۆژی ئەم چوار رۆژ و شەوە ) دروستە بەڵام بەرۆژ باشترە .
٦- تێبینی : مەڕێک یان بزنێک بۆ سەرۆک خێزان و ماڵ و منداڵەکەی دەبێت وە وشتر یان مانگا بۆ حەوت سەرۆک خێزان و مال و منداڵەکەیان دەبێت .
٧- تێبینی دووەم : دروستە گۆشتی قوربانیەکە بکەی بەسێ بەش لەم سێ بەشە بەشێکی بۆخۆت و ماڵ و منداڵت هەڵی بگری و بیخۆی وە بەشێکی بکەی بەدیاری بۆ خزم و دۆستەکانت کە ئەم دیاریە کەسانی دەوڵەمەندیش دەگرێتەوەو دروستە وە بەشی تریان بدەیت بە هەژاران .
٨- تێبینی سێیەم : دروست نیە هیچ لەقوربانیەکە بدرێت بە قەصاب بەرامبەر بە ئەجری سەربرینی ئاژەڵەکە بەڵکو دەبێت پارەی بەجیا پێ بدرێت بەڵام دروستە گۆشتی ئاژەڵەکە وەکو خێر یان دیاری پێی بدرێت .
٩- تێبینی چوارەم : قوربانی بەتایبەت بۆ مردوو ناکرێت ئەگەر وەسەیتی نەکردبێت چونکە بەلگەی لەبارەوە نەهاتووە .
١٠- تێبینی پێنجەم : ئەو کەسەی بوەتە وەکیلی کەسێکی تر بۆ قوربانی کردن تەنها خاوەن قوربانیەکە نابێت موو نینۆکی لەخۆی بکاتەوە بەلام بۆ وەکیلەکە دروستە .
مامۆستا هەڵگورد مصطفى گەڵاڵەیی 

سەردان: ١٠,٤٠٢ بەش: قوربانى كردن