گەر ڕۆژى جەژن کەوتە ڕۆژى جومعەوە دەتوانین نەچین بۆ نوێژى جومعە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
گەر ڕۆژى جەژن کەوتە ڕۆژى جومعەوە دەتوانین نەچین بۆ نوێژى جومعە؟
پرسیار:

ئەگەر ڕۆژی جەژن کەوتە ڕۆژی جومعەوە ئایا ئەو کەسەى کە ئامادەى نوێژى جەژن دەبێ دروستە ئامادەى نوێژى جومعە نەبێت و نەچێت بۆ نوێژى جومعە؟

زانایان ڕا جیاوازن سەبارەت بەوەى ئەگەر ڕۆژی جەژن کەوتە ڕۆژی جومعەوە ئایا ئەو کەسەى کە ئامادەى نوێژى جەژن دەبێ دروستە ئامادەى نوێژى جومعە نەبێت ؟

زانایان  دوو بۆچونیان هەیە:
بۆچوونی یەكەم : جومعەى لەسەر ناكەوێ و دەبێت ئامادە بێت و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە لە : حەنەفیەكان و مالیكیەكان و شافعیەكان و وتەی زۆربەی زانایانە و وتەی پەسەندكراوی ابن المونزیر و ابن حەزم و ابن عبدالبرە.

 بەبەڵگەی : 
یەکەم لە قورئاندا :
خواى گەورە دەفەرموێ : (إِذَا نُودِيَ لِلصَّلَاةِ مِنْ يَوْمِ الجُمُعة فَاسْعَوْا إِلَى ذِكْرِ اللَّه)  [الجُمُعة: 9]
دەبینی لەم ئایەتەدا خواى گەورە نوێژى جەژنی جیا نەکردۆتەوە و بە گشتى باسی جومعەى کردوە کە واجبە ئامادە ببیت .

دووەم لە ئاساردا : 
ئیمامی بوخارى ڕیوایەتی کردووە لە (أبو عُبَيد)ەوە ڕەحمەتى خوای لێ بێ کە فەرموویەتى : لەگەڵ ئیمامی عوسمان ڕەزاى خوای لێ بێ ئامادەى نوێژى جەژن بووم لە ڕۆژی جومعەدا ، دواى ئەوەى کە نوێژى جەژنی بۆ کردین وتارێکی دا و فەرموی : ئەی خەڵکینە ئەمڕۆ دوو جەژنتان بۆ کۆبوەتەوە هەرکەس پێی خۆشە چاوەڕێی نوێژى جومعەش بکات لە خەڵکی لادێ و شوێنە دوورەکان (أهلِ العوالي) ئەوا با چاوەڕێ بکات ، وە هەرکەسیش پێی خۆشە با بگەڕێتەوە ئەوا ئیزنم داوە بگەڕێتەوە . رواه البخاري (5571)
کەواتە : ئەمە تایبەتە بە خەڵکی لادێ و شوێنە دوورەکان ، چونکە ئەوان لەدەرەوەى شاری مەدینەوە دەهاتن بۆ نوێژى جەژن و ڕێگاکەیان دوور بوو قورس بوو لەسەریان جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ نوێژى جومعە .

سێیەم : نوێژى جومعە فەرزە بە دەقی قورئان و سوننەت و یەکدەنگی زانایان ، بەڵام نوێژى جەژن هەندێک لەزانایان دەفەرمون سوننەتی موئەکەدەیە ، هەندێکیان دەفەرمون فەرزی کیفایەیە ، بەشێکی کەمیان دەفەرمون فەرزە ، کەواتە نوێژى جومعە لە نوێژى جەژن گرنگترە و نوێژى جەژن جێگاى نوێژى جومعە ناگرێتەوە .

بۆچوونی دووەم: ڕوخسەت دراوە هەر کەسێک ئامادەى نوێژى جەژن ببێ دروستە ئامادەى نوێژى جومعە نەبێت، بەڵام واجبە لەسەر ئیمام جومعە بكات و ئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەكان و وتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە و ابن باز وابن عوسەیمینە.

پوختەى باسەکە : 
ئەگەر ڕۆژی جەژن کەوتە جومعەوە ئەوا باشتر و چاکتر وایە ئامادەى هەردوو نوێژەکە ببی ، ئەگەر وات کرد ئەوا هیچ کەسێک ڕەخنەت لێ ناگرێ کە کارێکی هەڵەت کردووە و دڵت ئارام و مورتاحە ، بەڵام کە تەنها ئامادەى نوێژى جەژن و ببی و واز لە جومعە بێنێ ئەوا خۆت دەخەیتە ناو خیلاف و ڕاجیاوازی زانایان و خۆتیش لە قەلەقی و دوودڵیدا دەبیت کە ئایا کارەکەم دروستە یان نا ، وە ئەو زانایانەش کە دەفەرمون دروستە نەچیت بۆ جومعە هەر خۆیان دەفەرمون : باشتر وایە ئامادەى نوێژى جومعەش ببی ، بۆیە سەلامەتتر و باشتر وایە خۆت نەخەیتە ناو خیلاف و ئامادەی هەردوو نوێژەکە ببیت لەکاتێکدا بەڵگەى بۆچونى یەکەم بەهێزترە کە دەفەرموێ : جومعەى لەسەر ناکەوێ و دەبێ ئامادە ببێ  . والله أعلم

سەردان: ٤,٦١٤ بەش: نوێژى جەژن