لەکاتى بومەلەرزە هیچ دوعایەکى تایبەت هەیە بیخوێنین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لەکاتى بومەلەرزە هیچ دوعایەکى تایبەت هەیە بیخوێنین؟
پرسیار:

 

 

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
بوومەلەرزە یەكێكە لە نیشانەكانی دەسەڵاتی خوا لەم گەردوونەدا, كە بەهۆیەوە خوای گەورە بەندەكانی پێ تاقی دەكاتەوە وەكو بیرخستنەوەیەك یان ترساندنێك وە یاخود وەكو سزایەك, وە لەسەر مرۆڤ پێویستە لەكاتی ڕوودانی ئەم نیشانانەدا لاوازی و بێ دەسەڵاتی و هەژاری خۆی بیری بكەوێتەوە بەرانبەر بە خوای گەورەو بەدەسەڵات, و پەناو هانا بۆ لای خوا ببات بە دوعاو پاڕانەوە و زەلیلی نواندن بەرانبەری سا بەڵكو خوای بەڕەحم ئەو بەڵاو كارەساتە لاببات یان سووكی بكاتەوە لەسەر گشت خەڵكی.
خوای گەورە دەفەرموێت: [وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا إِلَى أُمَمٍ مِنْ قَبْلِكَ فَأَخَذْنَاهُمْ بِالْبَأْسَاءِ وَالضَّرَّاءِ لَعَلَّهُمْ يَتَضَرَّعُونَ (42) فَلَوْلَا إِذْ جَاءَهُمْ بَأْسُنَا تَضَرَّعُوا وَلَكِنْ قَسَتْ قُلُوبُهُمْ وَزَيَّنَ لَهُمُ الشَّيْطَانُ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ (43) فَلَمَّا نَسُوا مَا ذُكِّرُوا بِهِ فَتَحْنَا عَلَيْهِمْ أَبْوَابَ كُلِّ شَيْءٍ حَتَّى إِذَا فَرِحُوا بِمَا أُوتُوا أَخَذْنَاهُمْ بَغْتَةً فَإِذَا هُمْ مُبْلِسُونَ (44) ] الأنعام
واتە: وە بە دڵنیایەوە ـ ئەی پەیامبەری خوا () ـ لە پێش تۆ پەیامبەرانی ترمان ناردووە بۆ كۆمەڵانێكی زۆر لە خەڵك بۆ ئەوەی بانگیان بكەن بۆ لای خوای بەرز وبڵند پایەبەرز , كەچی ئەوان باوەڕیان پێ‌ نەهێنان و بەدرۆیان زانین , بۆیە ئێمەش تاقیمانكردنەوە لەماڵا وسامانیاندا بە هەژاری توند و ئەستەمی گوزەران ، وە تاقیمان كردنەوە لە لەشیاندا بە نەخۆشی و ئێش وئازار , بەئومێد و ڕەجای زەلیل بوون وملكەچبوونیان تەنها بۆ ئەو لەپەرستندا [43] دەبا ئەم ئوممەتە بەدرۆدانەرانە كاتێك كە بەڵا وسزای ئێمەیان بۆ دێت ملكەچمان ببایەن , بەڵام دڵەكانیان توند و ڕەقبووبوون ، و شەیتانیش ئەوەی بۆ ڕازاندبوونەوە كە ئەنجامیان دەدا لە سەرپێچی و تاوان ، و هاوەڵا و شەریك بۆ خوای پەروەردگار دانانیان [44] وە كاتێك كە ئەوان وازیان لەكردەوەكردن بەفەرمانەكانی خوای بەرز وبڵند وپایەبەرز هێنا و پشتیان لێكرد , دەرگای هەموو شتێكمان لەسەر كردنەوە , و لەجیاتی ناخۆشی و تەنگانە خۆشگوزەرانی و لەجیاتی نەخۆشی و بەڵا لەش ساغی و تەندروستی , ئەمەش بۆ ئەوەی زیاتر لەتاوان وسەرپێچیدا ڕۆبچن ونغرۆبن , هەتا وایان لێهات هەقیان ڕەتكردەوە و تووشی لەخۆباییبون بوون بەوەی پێمان بەخشیون لە خێر و نیعمەت ، لەناكاو تووشی سزای سەختمان كردن , بۆیە ئەوكاتە بێ‌ ئومێدبوون لەهەموو خێر و چاكەیەك .
هەربۆیە زانایان بەباشیان زانیوە مرۆڤ لەكاتی ڕوودانی ئەم جۆرە كارەساتانەدا زۆر داوای لێخۆشبوون و دوعا وپاڕانەوەو صەدەقە وخێركردن بكات, هەروەكو چۆن لەكاتی خۆرگیران ومانگ گیراندا ئەنجام دەدرێت.
زانای بەڕێز زكریا الانصاری دەڵێت: باشە بۆ هەموو كەسێك كە لەكاتی ڕوودانی بوومەلەرزە و هاوشێوەكانی لە بای توند وشتی لەوشێوەیەدا زۆر دوعا بكات و بەتەنها لەماڵەوە نوێژ بكات بۆ ئەوەی بێ ئاگانەبێت, بۆیە پێغەمبەری خوا كاتێك كە بای توند هەڵی بكردایە دەیفەرموو: «اللَّهُمَّ إِنِّي أَسْأَلُكَ خَيْرَهَا، وَخَيْرَ مَا فِيْهَا, وَخَيْرَ مَا أُرْسِلَتْ بِهِ، وَأَعُوْذُ بِكَ مِنْ شَرِّهَا, وَشَرِّ مَا فِيْهَا, وَشَرِّ مَا أُرْسِلَتْ بِهِ» مسلم 2 / 616 والبخاري 4 / 76
واتە: (خودایە من داوای خێر‌و باشەكەییت لێدەكەم‌و ئەو باشەیەش، كە تیایەتی‌ وباشەی ئەوەیش كە پێوەی نێردراوە، هەروەها پەنات پێدەگرم لە زیانەكەی‌و ئەو زیانەش، كە تیایەتی‌و ئەو زیانەش، كە پێوەی نێردراوە) .
بەڵام ئەوەندەی بزانین لەكاتی بومەلەرزەدا دوعاو زیكرێكی تایبەت و دیاریكراو نیە و مرۆڤ ئازادە هەر دوعایەك دەكات كە داوای ڕەحمەت و بەزەیی و لێخۆشبوونی تێدابێت بۆ ئەوەی خوای گەورە ئەو بەڵایە لاببات.
وە هەروەها زانای بەڕێز ابن باز بەڕەحمەت بێ دەڵێ : پێویستە لەسەر موسڵمان لە كاتی ڕودانی بومەلەرزە و مانگگیران و خۆرگیران و لافاو و باوبارانی توند و سەختدا دەستپێشخەری بكات لە تۆبە و پەشیمانی و داوای سەلامەتی و زۆرزیكر و ئیستغفار كردن وەكو چۆن پێغەمبەری خوا سەبارەت بۆ خۆگیران و مانگ گیران دەفەرموێ : ( ... فَإذَا رَأيتُم ذَلِكَ فَاذكُرُوا اللهَ) واتە: ‌ جا كاتێ‌ بینیتان ئەو دووانە گیراوون یادی خوا بكەن.
وەرهەروەها باش وایە لەم كاتانەدا ڕەحم بەزەیی بەكاربهێنرێ بەرامبەر بە هەژار و نەداران بە سەدەقە كردن و خێركردن پێیان لەبەر ئەم فەرمودانەی خوارەوە :
یەكەم : (ارْحَمُوا تُرْحَمُوا) رواه أحمد
واتە : ڕەحم بكەن ڕەحمتان پێ دەكرێ .
دووەم : ( الرَّاحِمُونَ يَرْحَمُهُمْ الرَّحْمَنُ ، ارْحَمُوا مَنْ فِي الأَرْضِ يَرْحَمْكُمْ مَنْ فِي السَّمَاءِ) رواه الترمذي
واتە : ئەوانەی كە ڕەحم و بەزەییان هەیە خوای بەڕەحم ڕەحمیان پێ دەكات ، بەزەییتان هەبێ بەوەی كە لەسەر زەوی دایە ئەوا ئەو خوایەی كە لە ئاسماندایە بەزەیی پێتاندا دێتەوە .
سێ یە : (مَن لا يَرْحمْ لاَ يُرْحَمْ) رواه البخاري
واتە : ئەوەی ڕەحم نەكات ڕەحمی پێ ناكرێت .
وە هەروەها لە عومەری كوڕیی عبدالعزیز ڕەحمەتی خوای لێ بێ كە نوسراوی ناردووە بۆ میرەكانی بەوەی كە لە كاتی ڕودانی بومەلەرزەدا خێر و سەدەقە بكەن .
وە هەروەها یەكێك لە هۆكارەكانی پارێزراوی و سەلامەت بوون لە هەموو خراپەیەك بریتیە لە دەستپێشخەری كاربەدەستان لە ڕێگری كردن لە خراپەكاران و پەیوەستكردنیان لە حەقەوە و بە جێگەیاندنی شەرعی خوا لە ناو خەڵكدا و فەرمان بە چاكە و ڕێگری لە خراپە وەكو خوای گەورە دەفەرموێ : [ وَالْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ يَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَيُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَيُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَيُطِيعُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ أُولَئِكَ سَيَرْحَمُهُمُ اللَّهُ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ ] التوبة/71 .
واتە : پیاوا ن و ژنانی باوەڕدار بەخوای پەروەردگار و پەیامبەرەكەی () هەندێكیان دۆست وپشتیوانی هەندێكی تریانن , فەرمان بە خەڵكی دەكەن بە باوەڕهێنان و كاری چاكە , و یاساغی و ڕێگری لە كوفر و سەرپێچیەكان دەكەن , و نوێژەكانیان بە جوانی و لەكاتی خۆیدا ئەنجام دەدەن ، و زەكاتی ماڵ و سامانەكانیان بە ڕێكی و سنگ فراوانیەوە دەردەكەن , و گوێڕایەڵ وفەرمان بەرداری خوای پەروەردگار و پەیامبەرەكەین , و وازدەهێنن و دووردەكەونەوە لەوانەی كە یاساغ و قەدەغەكراون لەسەریان , ئا ئەوانەن كە خوای گەورە ڕەحم وبەزەیی پێیاندا دێتەوە و لە ئاگری دۆزەخ ڕزگاریان دەكات ، و دەیانخاتە ناو بەهەشتەكەیەوە . بێ‌گومان خوا بەدەسەڵات وبەتوانایە لە موڵكیدا ، ودانا و كاردروستیشە لە حوكم وشەرعەكەیدا .

 ئامادەکردنى ستافى ماڵپەڕى وەڵامەکان

سەردان: ٧,٩٣١ بەش: دوعا و پاڕانه‌وه‌