حوکمى (بسم الله) کردن لە کاتى قوربانى : ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى (بسم الله) کردن لە کاتى قوربانى
پرسیار:

حوکمى(بسم الله)  کردن لە کاتى سەربڕینى حەیوان چیە ؟
ئەگەر (بسم الله)  نەکرێت خواردنى گۆشتى ئەو حەیوانە حەرام دەبێ؟
ئەى ئەگەر لە کاتى سەربڕینى حەیوانەکە برى چوو (بسم الله) بکات حوکمى چیە؟
وە ئایا قەصابەکە دەبێ بسم الله بکات یان خاوەن قوربانیەکە؟
ئەگەر قەصابەکە لە کاتى سەربڕین نەیوت ئەمە لە برى فڵان کەس ئایا دروستە؟

 

یەکەم :
بەنیسبەت (بسم الله) کردن لەکاتی سەربڕیندا لای جمهوری زانایان واجبە ، ودروست نی یە سەر بڕاوێک بخورێت کە (بسم الله) لێ نەکرابێت .

جا ئەو کەسە (بسم الله) دەکات کەحەیوانەکە سەر دەبڕێت ، نەک خاوەنی قوربانیەکە ، واتە : گەر کەسێک قەسابێکی ڕاسپارد حەیوانێکی بۆ سەر بڕێت ئەوا لەکاتی سەر بڕینی حەیوانەکەدا قەسابەکە (بسم الله) دەکات نەک خۆی .

شيخ ابن عثيمين رحمه الله تعالى لەشەرحی ("زاد المستقنع) دا ، دەڵێت :
قسەی نوسەر : (أو يوكل مسلما ويشهدها)، واتە : موسوڵمانێک دەکاتە وەکیل قوربانیەکەی بۆ سەر بڕێت ، و(يشهدها) ، واتە : خاوەن حەیوانەکە ئامادەی سەربڕینەکە دەبێت .

جا ئەوەی (بسم الله)دەکات : قەسابەکەیە ؛ چونکە ئەو کارەکە ئەنجام دەدات ، بۆیە ئەو (بسم الله) دەکات لەسەر کارەکەی "الشرح الممتع" (7 / 456).

وە (بسم الله) کردن : گەر کەسی سەر بڕ نەیکات لەبەر لەبیر چوونەوە ، واتە : لەبیری بچێت بیکات ئەوا دروستە سەر بڕاوەکەی بخورێت وئەو لەبیر چوونەوەیە مەعوفووە و بەعوزر ئەژمار دەکرێت .
وە ئایەتی : ( وَلَا تَأْكُلُوا مِمَّا لَمْ يُذْكَرِ اسْمُ اللَّهِ عَلَيْهِ وَإِنَّهُ لَفِسْقٌ ) :
واتە : وه‌ ئێوه‌ له‌و سه‌ربڕاوانه‌ مه‌خۆن كه‌ ناوی خوای گه‌وره‌ی له‌سه‌ر نه‌هێنراوه‌، یان ئه‌وه‌ی كه‌ مردار بۆته‌وه‌ یان ئه‌وه‌ی كه‌ ناوی غه‌یری خوای له‌سه‌ر هێنراوه‌ ، ئه‌وه‌ تاوانه‌و حه‌رامه‌ .
ئەم ئایەتە بۆ کاتێکە کەبەئەنقەست (بسم الله) نەکرێت ، بەبەڵگەی ئەمە : ( وَإِنَّهُ لَفِسْقٌ ) ؛ وە مەعلومە کە خواردن لەشتێک کە بەهۆی لەبیر چوونەوەوە (بسم الله) لێ نەکرابێت فیسق نی یە "المغني" (13 / 290).

وە ابن العربي رحمه الله تعالى دەڵێت :
بەنیسبەت ئەو کەسەی کە (بسم الله) لەبیر دەچێت ، ئەوا سەربڕاوەکەی حەرام نابێت ؛ چونکە خودا فەرموویەتی : ( وَإِنَّهُ لَفِسْقٌ ) وە بەکۆدنگی زانایان کەسی لەبیر چوو فاسق نی یە ، بۆیە حەڕام نابێ "أحكام القرآن" (2 / 750).

وە هەروەها بەهەمان شێوە گەر لەبەر نەزانین بەوەی (بسم الله) واجبە (بسم الله)نەکات ، وەک ئەوەی پێی وابێت خاوەن قوربانیەکە دەبێ (بسم الله) بکات ، لەم حاڵەتەشدا عوزری هەیە وسەربرینەکە دروسته ودەخورێت .

وە شيخ عبد العزيز بن باز رحمه الله تعالى دەڵێت :
کەسی موسوڵمان گەر بەئەنقەست (بسم الله)نەکات وبشزانێ ، ئەوا سەربڕاوەکەی ناخورێت .
بەڵام گەر لەبەر نەزانین یاخود لەبیر چوون (بسم الله)نەکات ئەوا دروسته وهیچی تێدا نی یە .
بۆیە پێویسته لەکاتی سەربڕیندا (بسم الله)و(الله أكبر) ، بکرێت بەڵام گەر لەبەر نەزانین یاخود لەبیر چوون (بسم الله)نەکات ئەوا دروسته وهیچی تێدا نی یە وسەر بڕاوەکەی دەخورێت…" "فتاوى نور على الدرب" (24 / 164 - 165).

جا لەبەر ئەمە :
گەر کەسی سەر بڕ بەئەنقەس (بسم الله)نەکات ، ئەوا حەڵاڵ نی یە سەربڕاوەکەی ، تەنانەت گەر خاوەن قوربانیەکەش (بسم الله)کردبێت ؛ چونکە حساب بۆ (بسم الله) کەسی سەر بڕ دەکرێت ؛ چونکە ئەوە ئەوە هەڵدەسێت بەسەربڕینەکە .
بەڵام گەر لەبەر نەزانین یاخود لەبیر چوون (بسم الله)نەکات ئەوا دروسته وهیچی تێدا نی یە وسەر بڕاوەکەی دەخورێت وئەو لەبیر چوونەوەیە بەعوزر حسابە .
بۆ نموونە : گەر تۆ نەزانی ئایا کەسی سەر بڕ (بسم الله)کردووە یاخود نا ؛ ئەسڵ وایە سەر بڕاوەکەی حەڵاڵە ، وکارەکەی صەحیح وسەلامەتە وبێ کێشەیە .

وە لە [("فتاوى اللجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء" (22 / 364 - 367)] دا ، هاتووە :

ئەسڵ لەموسوڵماندا ئەوەیە گومانی خێری پێ دەبرێت تاوەکو پێچەوانەی ئەوە ڕوون دەبێتەوە .
هەربۆیە : سەر بڕاوی موسوڵمان بەو شێوەیە حسابی بۆ دەکرێت کەموافقی ئەحکامە شەرعیەکانە ، لە (بسم الله) کردن وچۆنیەتی سەربڕیندا ، وسەربڕاوەکەی دەخورێت .

وە لەفەرموودەکەی عائشة رضي الله عنها هاتووە : ( أن قوما قالوا: يا رسول الله! إن قوما يأتوننا باللحم ولا ندري أذكر اسم الله عليه أم لا؟ فقال: سموا عليه أنتم وكلوا. قالت: وكانوا حديثي عهد بكفر )، رواه البخاري والنسائي وابن ماجه...
واتە : کۆمەڵێک گوتیان : ئەی پێغەمبەری خوا کەسانێک گۆشتمان بۆ دێنن وئێمە نازانین ئایا (بسم الله)یان لەسەری کردووە یاخود نا ؟ فەرمووی : ئێوە(بسم الله) لێ بکەن وبیخۆن .
عائیشە دەڵێت : نزیک بوون لەسەردەمی کوفرەوە ، واتە : ماوەیەکی زۆر بەسەر پێغەمبەریەتیدا تێپەڕ نەبوو بوو .
اللجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء
عبد الله بن سليمان بن منيع ، عبد الله بن عبد الرحمن بن غديان ، عبد الرزاق عفيفي " انتهى.

دووەم :
بەڵام گەر کەسی سەر بڕ (بسم الله) کرد لەسەر قوربانیەکە ، بەڵام نەیگوت : بەنیەتی ئەوەی لەبری فڵان بۆ فڵان وفیسان ...هتد ، ئەوا نیەتی خاوەن حەیوانەکە حسابە وهیچ کێشەی تێدا نی یە تەنانەت گەر خاوەن حەیوانەکە بەزمانیش دەری نەبڕیبێ .
الزركشي رحمه الله تعالى لەشەرحی "مختصر الخرقي"دا ، دەڵێت :
واجب نی یە لەسەر قەساب لەکاتی سەر بڕیندا بڵێت : لەبری فڵان ؛ چونکە نیتەکە کافیە .
بێگومان نیەت کافیە ، بەڵێ : گەر ناوی ئەو کەسە بێنێت کەقوربانیەکەی لەبری سەر دەبڕێت ئەوا کارێکی چاکە .

جا قسەی الخرقي: (لأن النية تجزئ). ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە پێویستە (بسم الله) بکرێت "شرح الزركشي على مختصر الخرقي" (7 / 45 - 46).

وەلحاسڵ :
گەر کەسی سەر بڕ بەئەنقەست (بسم الله) نەکرد ، ئەوا ئەوسەربڕینە دروست نی یە ، و بەمردوو حسابە وحەڵاڵ نی یە بخورێت .

وە ئەگەر لەبەر نەزانین (بسم الله) نەکرد یاخود گومانی هەبوو ئایا (بسم الله) کردووە یاخود نا ؟
ئەوا قوربانیەکە دروستە وکێشەی نی یە .

سەردان: ٢,٨٩٢ بەش: قوربانى كردن