ئەم سوودانە چین کە کەسی(حافظ القران) بەدەست دێنێت لەم دونیا و دواڕۆژدا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەم سوودانە چین کە کەسی(حافظ القران) بەدەست دێنێت لەم دونیا و دواڕۆژدا؟
پرسیار:

ئەو سوود و قازانج و پاداشتانە چین کە کەسی (حافظ القران) بەدەستى دێنێت لە دونیا و دواڕۆژدا؟ ئەی نزیکەکانی و نەوەکانی چی بەدەست دێنن؟وەچی دەربارەی جیل و نەوەکانی پێش و دوای خۆی؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم : لەبەرکردنی قورئان پەرستنێکە خاوەنەکەی لەپێناو خوای گەورە ئەنجامی دەدات وە بەئومێدی پاداشت دانەوە لەڕۆژی دوایی،وە بەبێ بوونی ئەم نیەتە خاوەکەی پاداشتی بۆ نییە وە سزا دەدرێت بەهۆی دانەپاڵی ئەم پەرستنە بۆ جگە لەخوای بەرز و بڵند.

پێویستە لەسەر ئەو کەسەى کە قورئان لەبەر دەکات هیچ مەبەستێکی دونیایی نەبێت،چونکە لەبەرکردنەکەی کاڵایەک نيیە بازرگانی پێ بکات لەدونیا دا،بەڵکو پەرستنێکە پێشکەشی دەکات بۆ خوای گەورە.

خوای گەورە کەسی {حافظ القران}ی تایبەت کردووە بەچەند تایبەت مەندیەک لەدونیا و دواڕۆژدا لەوانە:

یەکەم : لەنوێژدا وەکو ئیمام و پێشەوا پێش دەخرێت لەجگە لە خۆی.

لە أبو مەسعودی ئەنصاريەوە دەفەرموێت کە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمویەتى : " يؤم القوم أقرؤهم لكتاب الله فإن كانوا في القراءة سواء فأعلمهم بالسنة فإن كانوا في السنة سواء فأقدمهم هجرة فإن كانوا في الهجرة سواء فأقدمهم سلما ولا يؤمن الرجل الرجل في سلطانه ولا يقعد في بيته على تكرمته إلا بإذنه " . رواه مسلم ( 673 ))
 واتە : ئەو کەسە پێش نوێژی بۆ قەومەکەى دەکات کە لەهەموویان جوان تر دەزانێ قورئان بخوێنێت ، خۆ ئەگەر کەسەکان لەقورئان خوێندا یەکسان بوون ئەوا ئەو کەسەیان پێش نوێژی دەکات کەلەسوننەتدا شارەزا ترە ، جا گەر لەسوننەتیشدا یەکسان بوون ئەوا ئەوەیان دەیکات کە زووتر هیجرەتی کردووە ، خۆ ئەگەر لەهیجرەتیشدا یەکسان بوون ئەوا ئەوەیان دەیکات کە زوو تر موسوڵمان بووە  ، و نابێ کەسێک لەماڵ وسنوری دەسەڵاتی کەسێکدا پێش نوێژی بکات مەگەر بەئیزنی ئەو نەبێت ، و لەماڵی هیچ کەسێک لەشوێنی تایبەتی کەسەکەدا کەس بۆی نی یە دابنیشێت مەگەر بەئیزنی ئەو کەسە نەبێت.

دووەم : لەگۆڕدا پێش دەخرێت لەجگە لەخۆی لەلای قیبلە ئەگەر ناچار بوو بەشاردنەوەی لەگەڵ هەندێک کەسی جگە لەخۆی.

لەجابری کوڕی عبدالله وە ڕەزای خوای گەورە لەهەردووکیان بێت فەرموویەتی:پێغەمبەرى خوا ﷺ شەهیدەكانى جەنگى ئوحودى دوو دوو لە یەك گۆڕدا دەناشت، وە لەیەک جلدا، وە دەیفەرموو: كامەیان قورئانى زیاترى لەبەرە، جا كاتێك ئیشارەتى بۆ كرا بۆ لاى دانەیەكیان، پێشى دەخست لە گۆڕەكەیدا كە لە شێوەى (لەحد) بوو، پاشان فەرموى: من شایەتى لەسەر ئەم كۆمەڵە دەدەم لە قیامەتدا، پاشان فەرمانى كرد بە دفن كردنیان بە جەستەى خوێناویانەوە و نە شۆردران، نە نوێژیشیان لەسەر كرا.
(رواه البخاري:١٢٧٨).

سێیەم : لەکاروباری دەوڵەت و سەرۆکایەتی و ڕیئاسەت پێش دەخرێت ئەگەر توانای هەڵگرتنیانی هەبوو:

عامری کوڕی واثل ئەفەرموێ : (نافع)ی کوڕی (عبدالحارث)لە (عەسفان) گەیشت بە ئیمامی عومەر ، لەکاتێکدا ئیمامی عومەر دەیویست بیکاتە کاربەدەست لەسەر مەککە، عومەر وتی کێت کردووە بەکاربەدەست لەسەر خەلکی ئەم دۆلە؟وتێ ابن لابزی وتی ابن لابزی کێیە؟ وتی کەسێکە لەکارگوزارەکانمان(مولی) وتی جا کارگوزارت کردووە بە جێنشینی خۆت لەسەر وان؟وتی ئەو کەسێکی قورئان خوێنە وشارەزایە لە زانستی میرات دابەشکردن(علم الفرائض) ‌عمر خوای لێ ڕازی بێت وتی راستە کەپێغەمبەرەکەتان صل الله علیه وسلم فەرموویەتی لەڕاستی دا خوا بەهۆی ئەو قورئانەوە چەند گەڵ و هۆزێک سەربەرز دەکات و چەندانی تریش نزم ونەوی دەکات.(رواه مسلم:٨١٧)

وە لەڕۆژی دوایی دا:

چوارەم : پلە و پێگەی (حافظ القران)لەکۆتا ئایەتە کە لەبەری کردووە.

لەعبدالله ی کوڕی عەمرو ە کە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی " يقال لصاحب القرآن : اقرأ وارتق ورتل كما كنت ترتل في الدنيا فإن منزلتك عند آخر آية تقرأ بها " واتە : (بە هاوەڵ و دۆستى قورئان دەوترێ: قورئان بخوێنەرەوە و بەرز ببەرەوە، بە لەسەرخۆیی و بەجوانى بیخوێنەرەوە، هەروەك چۆن لە دونیادا دەتخوێندەوە، بەڕاستى شوێنى تۆ لەگەڵ تەواوبونى كۆتا ئایەتدایە، كە دەیخوێنیتەوە).
حدیث حسن ،حسن صحيح وقال الألباني في صحيح الترمذي برقم(٢٣٢٩)حسن صحيح ،وابو داود(١٤٦٤).

مانای خوێندنەوە لێرە:بەمانای لەبەرکردن دێت.

پێنجەم : لەگەڵ فریشتەکان دەبێت،دەبێته دۆست و هاوڕێی ئەوان لە پلە و پێگەی شوێنی فریشتەکان.

دایكمان (عَائِشَة) ڕەزاى خواى لێ بێت لە پێغەمبەرەوە ﷺ دەگێڕێتەوە، كە فەرمویەتى: " مثل الذي يقرأ القرآن وهو حافظ له مع السفرة الكرام البررة ومثل الذي يقرأ وهو يتعاهده وهو عليه شديد فله أجران " واتە : (نمونەى ئەو كەسەى، كە قورئان دەخوێنێتەوە و لەبەریەتى ئەوا لەگەڵ فریشتە بەڕێزە چاكەكاندایە، نمونەى ئەو كەسەش، كە دەیخوێنێتەوە و هەوڵى لەگەڵدا ئەدات و خۆى ماندوو دەكات و قورسە لە سەرى و بۆی نایات، ئەوا دوو پاداشتى بۆ هەیە). رواه البخاری(٤٦٥٣)ومسلم(٧٩٨).

شەشەم : ئه‌وه‌ی قورئانی له‌به‌ره‌ تاج و جل و بەرگی ڕێز و کەرامەتی لەبەر دەکرێت:

لە ئەبو هوریرەوە کە لە پێغەمبەر ەوەﷺ فەرموویەتی :  " يجيء القرآن يوم القيامة فيقول : يا رب حلِّه ، فيلبس تاج الكرامة ثم يقول : يا رب زِدْه ، فيلبس حلة الكرامة ، ثم يقول : يا رب ارض عنه فيرضى عنه ، فيقال له : اقرأ وارق وتزاد بكل آية حسنة " . رواه الترمذي ( 2915 ) وقال : هذا حديث حسن صحيح ، وقال الألباني في " صحيح الترمذي " برقم ( 2328 ) : حسن .
واتە: له‌ ڕۆژی قیامه‌تا خاوه‌ن قورئان (ئه‌وه‌ی قورئانی له‌به‌ره‌) دێنن، (قورئانه‌كه) ده‌ڵێ: ئه‌ی په‌روه‌ردگارم بيڕازێنەوە خشڵی لەبەر بکە، جا تاجی زێڕی لەسەر دەنرێ:پاشان دەفەرموێ ئەی پەروەردگارم زیاتری پێبدە جا پۆشاکی ڕێزی لەبەر دەکرێ وە دەڕازێنرێتەوە ، پاشان ده‌ڵێ: ئه‌ی په‌روه‌ردگارم لێی ڕازی به‌، خواش لێی ڕازی ده‌بێ، جا پێی ده‌وترێت: قورئان بخوێنه‌وه‌ و نه‌رم ونیان و له‌ سه‌ر خۆ و سەرکەوە، وه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئایه‌تێكدا چاكه‌یه‌كی بۆ زیاد ده‌بێت .


حەوتەم : قورئان لای پەروەردگاری شەفاعەت بۆ خاوەنەکەی دەکات:

: (أبو ئومامه‌ی الباهلی)(خوای لێ ڕازی بێت) ده‌ڵێ: گوێم له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا بووه‌ (صل الله عليه وسلم) فه‌رموویه‌تی: (قورئان بخوێنن، چونكه‌ له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا دێت و تكا ده‌كات بۆ خاوه‌نه‌كانی، هه‌ردوو گوڵ ڕه‌نگه‌كه‌ بخوێنن: (البقرة‌) و سوره‌تی (ال عمران) چونكه‌ ئه‌م دوانه‌ له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا وه‌ك دوو په‌ڵه‌ هه‌ور، یا وه‌ك دوو سێبه‌ر، یا وه‌ك دوو پۆل له‌ باڵنده‌ كه‌ باڵیان ڕه‌پ كردووه‌ [له‌ ئاسمانا] دێن به‌رگری له‌خاوه‌نه‌كانیان ده‌كه‌ن. سوره‌تی (البقرة‌) بخوێنن چونكه‌ خوێندنی پیت و به‌ره‌كه‌ته‌و، وازلێهێنانی مایه‌ی په‌شیمانی و خه‌فه‌ته‌، كه‌سانی بێوره‌و كه‌مته‌رخه‌م پێی ناوێرن.

دووەمینیان: سەبارەت بەنزیکەکانی و نەوەکانی بەڵگە هاتووە کە دایک و باوکی ئەو کەسەش جل و پۆشاکێکیان بەبەردا  دەکرێت، کە هەموو دونیا بەرامبەر بەهاکەی نییە ـ یاخود هەموو ئەهلی سەر زەوی کۆببنەوە وە ئەوەی نێوانیەتی ناتوانن بەهاکەی بدەن،ئەمەش بەهۆی ئاگالێبوون و فێرکردنی ئەم کەسە لەلایەن دایک و باوکیەوە،هەتا کە بێت ئەم دایک و باوکە جاهیل و نەفامیش بن ئەوە خوای گەورە بەهۆی مناڵەکەیان ڕێزیان لێ دەگرێت،بەڵام کە کەسێک منداڵەکەی دوورخاتەوە لەقوڕئان وە بەرگری و  ڕێگری لێی بکات ئەوە بەدڵنیایی لەمەحروم و بێبەش بووانە.

لەئەبو هوریرەوە فەرموویەتی کە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی قوڕئان لەڕۆژی قیامەت دا وەکو  پیاوێکی ماندووی ڕەنگ و جەستە گۆڕاو دێت،پێی دەڵێ دەمناسیتەوە؟ من بووم شەو نخونیم پێ دەکردی ،وە لەقرچەی گەرمادا تینووم دەکردی،جا بێگومان گشت بازرگانێک لەدواوەی بازرگانیەکەیەتی،بەڕاستی من ئەمڕۆ بۆ تۆ لەپشت هەموو بازرگانیێکەوەم،سەروەت و سامانی دەدرێتە لای دەستی ڕاستی،وە ژیانی هەمیشەیی دەدرێتە دەستی چەپی،وە تاجی شکۆو و سەنگینی دەخرێتە سەری،باوک و دایکیشی دوو پۆشاکی سەرتاپایان لەبەر دەکرێ،ئەگەر ئەهلی دونیا وە هەرچی لەناو دونیا دایە هەرچیان هەیە خەرجی بکەن تا ئەو دوو پۆشاکە بکڕن ناتوانن (ئەوەندە گران بەهایە)،جا دەڵێن ئەی خوای ئەمە بەهۆی چ شتێک بۆمە دابینکراوە؟پێیان دەوترێ بەهۆی ئەوەی منداڵەکەتان فێرە قوڕئان کردووە.رواه الطبراني في الأوسط(٥١/٦).

لە بوریدەوە ڕەزای خوای لێبێت فەرموویەتی، کە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی 
هەر کەسێک قورئان بخوێنێت، وە فێری ببێت، وە هەروەها کردەوەشی پێ بکات، لەڕۆژی قیامەتدا تاجێکی نورینی دەکرێتە سەر سەری دایک و باوکی وە ڕوناکیەکەی وەکو ڕوناکی خۆر وایە، وە دایک و باوکی ئەو کەسەش جل و پۆشاکێکیان بەبەردا  دەکرێت، کە هەموو دونیا بەرامبەر بەهاکەی نییە ـ یاخود هەموو ئەهلی سەر زەوی کۆببنەوە ناتوانن بەهاکەی بدەن ـ دەڵێن: ئەوە بەچی ئەو پۆشاکەمان پۆشیوە، پێیان دەوترێت: بەهۆی ئەوەی منداڵەکەتان ئەهلی قورئان بووە و قورئان خوێن بووە)، 
رواه الحاکم (٧٥٦/١).
هەردوو فەرموودەکە یەک یەکی بەڕاست دەخاتەوە بڕوانە السلسة الصحيحة(٢٨٢٩)

خوای گەورەش زاناترە..

سەردان: ٣٥٦ بەش: فەزڵ و ئادابەکانى قورئان