قورئان خوێندن بە بێ ڕەوفتە و بە لەشگرانیەوە دروستە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
قورئان خوێندن بە بێ ڕەوفتە و بە لەشگرانیەوە دروستە؟
پرسیار:

مامۆستا گیان ئايا كاتێك قورئانى پیرۆز بخوێنى دەبێت ڕەفتەت لەسەر بێ ؟وە ئایا دەتوانم سورەتى (تبارك)بخوێنم شەوانە پێش خەوتن ئەگەر چى غوسلیشم لەسەر بێ؟

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
وەڵام: لە وەڵامى ئەم خوشكەماندا دەڵێن: خوشكى بەڕێزمان زانایان ئەوەیان بە مەرج دانەناوە كە ئافرەتان لە كاتى قورئان خوێندندا ڕەفتەیان بە سەرەوە بێت، بۆیە دەتوانیت قورئان بخوێنیتەوە بە بێ ڕەفتە.
وە سەبارەت بە خوێندنەوەى سورەتى (تبارك) پێش ئەوەى وەڵامت بدەمەوە، چەند فەرموودەیەكت سەبارەت بە چاكەى ئەم سورەتە بۆ دەڵێم:
یەكەم: پێغەمبەرى خوا () فەرموویەتى:" من قرأ تبارك الذي بيده الملك كل ليلة منعه الله عز وجل بها من عذاب القبر " (حسنه الألباني في صحيح وضعيف الترغيب والترهيب).
واتە: هەر كەسێك سورەتى: (تبارك الذي بيده الملك) هەموو شەوێك بخوێنێتەوە، ئەوا بە هۆیەوە خواى پەروەردگار لە سزایى قەبر دەیپارێزێت.
دووەم: وە لە فەرموودەیكى تردا فەرموویەتى:" سورة تبارك هي المانعة من عذاب القبر ". (صححه العلامة الألياني في السلسلة الصحيحة: 1140)
واتە: سورەتى تبارك پارێزەرە لە سزایى قەبر.
سێ یەم: وە فەرموویەتى: " إن سورة من القرآن ثلاثون آية شفعت لرجل حتى غفر له وهي سورة تبارك الذي بيده الملك " (صححه العلامة الألباني في صحيح سنن الترمذي: 2891).
واتە: سورەتێك لە قورئانى پیرۆز كە سى ئایەتە شەفاعەتى بۆ پیاوێك كرد، تاكو خواى پەروەردگار لێی خۆش بوو، كە ئەویش سورەتى تەبارەكە.
پاشان لە وەڵامى پرسیاەكەتدا دەڵیم: لەش گرانى ڕێگر نیە لە خوێندنەوەى ئەو سورەتە، هەروەكو لە فەرموودەدا هاتووە كە دایكە عائشە لە كاتى حەج كردندا دەكەوێتە سوڕى مانگانەوە (بێنوێژیەوە)، و پێغەمبەرى خوا () پێى دەڵێت:"...، فافعلي ما يفعل الحاج غير أن لا تطوفي بالبيت حتى تطهري " (متفق عليه)
هەموو ئەو شتانە ئەنجام بدە كە حاجیان ئەنجامى دەدەن، جگە لەوە نەبێت كە تەواف مەكە بە دەورى ماڵى خوا، تاكو پاك دەبیتەوە.
ئاشكراشە كە یەكێك لەو شتانەى كە حاجیان ئەنجامى دەدەن بریتیە لە خوێندنەوەى قورئان، بۆیە بۆ تۆش دروستە كە قورئانەكەن بخوێنى با لەشیشت گران بێت، ئەمەش بۆچونى پێشەوا و فەرموودەناسى سەردەمە شێخ (محمد ناصرالدين الألباني) ـ بە ڕەحمەت بێت ـ، خواى پەروەردگاریش زاناترە.
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٩,١٨٣ بەش: فەزڵ و ئادابەکانى قورئان