من ڕۆژانە قورئان دەخوێنم پێم خۆشە ئادابەكانى خوێندنەوەى قورئان بزانم بۆ ئەوەى خێرى زیاتر دەست بکەوێ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
من ڕۆژانە قورئان دەخوێنم پێم خۆشە ئادابەكانى خوێندنەوەى قورئان بزانم بۆ ئەوەى خێرى زیاتر دەست بکەوێ

بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله وحده والصلاة والسلام على من لا نبي بعده: 
1. دەستنوێژگرتن و سیواك كردن لە كاتى خوێندنەوەى (مصحف)* و خۆ بە دوورگرتن لەو شتانەى كە سەرقاڵى دەكات و زەینى پەرت و بڵاو دەكات.
2. خۆ بە دوورگرتن لە خواردنى سیر و پیاز لە پێش خوێندنى قورئان، هەندێك لە سەلەف ئەمەیان بە مەكروه داناوە وەكو ڕێزگرتن لە قسەى خواى پەروەردگار. 
قەتادە دەفەرموێت:  (ما أكلت الكراث منذ قرأت القرآن) (رواه أبو عبيد في فضائل القرآن: ص55).
واتە: لەوەتەى قورئان دەخوێنم كەوەرم نەخواردووە.
3. ڕووكردن لە قیبلە لە كاتى خوێندنەوەى قورئان چونكە خوێندنەوەى قورئان عیبادەتێكە بۆ نزیك بوونەوە لە خواى پەروەردگار بۆیە گونجاوە تیایدا ڕوو لە قیبلە دەكات، چونكە ئەمە بە گەورەزانینى قورئانە. (بڕوانە:التذكار في أفضل الأذكار: ص108).
4. سوننەتە لە كاتى خوێندنەوەى قورئاندا پەنابگریت بە خوا لە شەیتان و (بسم الله الرحمن الرحیم) بكرێت لەسەر وتەى جمهورى زانایان وەكو جێبەجێكردنێك بۆ وتەى پەروەردگار كە فەرموویەتى: (فإذا قرأت القرآن فاستعذ بالله من الشيطان الرجيم) (النحل: 98). 
واتە: ئەگەر قورئانت خوێند پەنابگرە بە خوا لە شەیتانى لە بەزەیى دەركراو.
5. خۆ گرتنەوە لە باوێشك تا لە توانادا هەبێت، ئەگەر هەر باوێشكیشت دا دەنگت بەرز مەكەرەوە.
مجاهد دەفەرموێت: (إذا تثاءبت وأن تقرأ القرآن فأمسك عن الفراءة حتى يذهب تثاؤبك) (رواه أبو عبيد في فضائل القرآن: ص56).
واتە: ئەگەر لە كاتى قورئان خوێندندا باوێشكتدا واز لە خوێندنى قورئانەكە بهێنە تاوەكو باوێشكەكەت نامێنێت.
6. خۆدوورگرتن لە پێكەنین و قسەى بێسوود لە كاتى خوێندنەوەى قورئاندا، خواى گەورە فەرمویەتى:
(وإذا قرىء القرآن فاستمعوا له وأنصتوا لعلكم ترحمون) (الأعراف: 204).
كاتێكیش كە قورئان دەخوێندرێت، ئەوە گوێى بۆ بگرن و دڵى بدەنێ و بێدەنگ بن.
7. ئامادەبوونى دڵ لە كاتى خوێندنەوە و گوێگرتن لە قورئان وەكو پێشەوا (ابن القیم) فەرموویەتى: 
(إذا أردت الانتفاع بالقرآن فاجمع قلبك عند تلاوته وسماعه...) (الفوائد: ص3).
واتە: ئەگەر ویستت سوود لە قورئان وەربگریت دڵت یەكبخە و كۆى كەرەوە لە كاتى خوێندنەوە و گوێلێگرتنیدا.
ئادابى مامەڵەكردن لەگەڵ (مصحف) دا
1. ئەگەر كەسێك ویستى بینوسێتەوە بە نوسینێكى جوان بینوسێت وە لەسەر پەڕەیەكى چاك كە شیاو بێت بە پلەوپایەى قورئان.
2. خۆدوورگرتن لە زیادكردنى شتێك بۆ قورئان یان ڕازاندنەوە و نوسینەوەى بە زێڕ و زیو. 
(الحاكم الترمذي) فەرموویەتى: (ومن حرمته ألا يحلى بالذهب، ولا يكتب بالذهب، فتخلط به زينة الدنيا) (نوادر الأصول: 3 / 256). 
واتە: وە لە ڕێزگرتنى قورئان ئەوەیە كە بە زێڕ نەڕازێنرێتەوە، وە بە زێڕ نەنوسرێت... 
3. فڕێنەدانى (مصحف) لە كاتێكدا كە دەتەوێت دایبنێیت یان بیدەیت بە دەستى كەسێكى ترەوە، وە بە سورەتى قورئان نەوترێت: سورەتێكى بچوك.
پیاوێك لە لاى زاناى پایەبەرز (أبو العالية)دا وتى: سورەتێكى بچوك، ئەویش پێى فەرموو: (أنت أصغر منها، أما القرآن فكله عظيم) واتە: تۆ لەو بچوكترى، بەڵام قورئان هەمووى گەورەیە (رواه أبو عبيد في فضائل القرآن: ص59).
4. شتى لەسەر دانەنرێت، وە نەبرێتە شوێنى پیسەوە، وە تەڕنەكردنى پەنجە بە تف لە كاتى هەڵدانەوەى پەڕەكانیدا، وە پێیەوە سەفەر نەكرێت بۆ زەوى دوژمن، وە نەدرێتە دەستى كەسانێكەوە كە ترسى ئەوەیان لێبكرێت بێڕێزى بەرامبەر بكەن لەوانەش منداڵ و شێت و بێباوەڕ، وە لە كاتى خوێندنەوەیدا لەسەر زەوى دانەنرێت بەڵكو لەسەر شتێكى بەرز دایبنێ. 
5. ئایەتەكانى نەنوسرێتەوە لەسەر زەوى یان دیوارى مزگەوت، دەگێڕنەوە كە عومەرى كوڕى عبد العزیز داویەتى لە كوڕەكەى لەسەر ئەوەى كە قورئانى لەسەر دیوار نوسیوەتەوە ((نوادر الأصول: 3 / 257). 
6. هەڵنەواسینى بۆ جوانى یان بۆ پیرۆزى وەكو (تبرك). 
ئەم بابەتە لە كتێبى (هجر القرآن العظيم)ەوە وەرگیراوە و بەدەستكاریەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانى كوردى.
================= 
(*)  (مصحف) بەو ئایەتانەی قورئان دەوترێت كە لە نێوان دوو بەرگی قورئاندا نوسراوە.
بەڵام قورئان ناوێكە بۆ ئەو وتەیەی پەروەردگار كە نوسراوەتەوە.

سەردان: ٣,٣٥٧ بەش: فەزڵ و ئادابەکانى قورئان