ئەو کەسەی تازە موسوڵمان دەبێ سەرەتا هەوڵ بدات چ شتێک فێر ببێت ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو کەسەی تازە موسوڵمان دەبێ سەرەتا هەوڵ بدات چ شتێک فێر ببێت ؟
پرسیار:

کاتێ کەسێک دەیەوێت ببێ بەموسوڵمان بەهۆی بانگ کردنی منەوە بۆی ، ئایا سەرەتا چی فێر بکەم ؟
وئایا چۆن فێری بکەم لەکاتێکدا ئەو زمان نازانێت ؟ بۆ نموونە بەزمانی ئینگلیزی قسە دەکات ، چۆن فێر دەکرێت ؟

سەرەتا داوا کارین خوای گەورە بەرەکەت بخاتە زانست وهەوڵدانتەوە ، و ئەو کارانە بخاتە سەر تەرازوی چاکەکانت ، هەروەک داوای لێ دەکەین موسوڵمانان هیدایەت بدا بۆ کار کردن بەم دینە.
پاشان ئامۆژگاریمان ئەوەیە بۆت برای بەڕێز کە گرنگی بەشتە گرنگەکان بدەیت لەبانگ کردنی ئەو کەسەدا بۆ ئیسلام ، وەهەروەها لەفێر کردنی ئەحکامەکانی دیندا ، لەوانە :

یەکەم : پێویستە یەکەم جار فێری مانای (شەهادەی)بکەیت ؛ چونکە شایەتومان کلیلی ئیسلامە وهەروەها کورت کراوەی دینە ، پاشان بابەتەکانی تەوحیدی بۆ شی بکەیتەوە کەبەڕاستی سەربەرزی موسوڵمانی تێدایە لەدونیادا ، و هەروەها بردنەوەی قیامەتیش هەر بەوەوە بەندە، تا وەکو دڵی بەند دەبێ بەخوداوە ، وەفێری دەکەیت کەهەموو عیبادەتەکانی تەنها بۆ خودا بێت ، وتەنها گوێڕایەڵی خودا بکات ، وخۆی داڕنێت لەهەموو قەید و بەندێکی ئارەزوو وشەهەوات .

دووەم :پێویستە لەسەرت ڕووی بدەیتە قورئان ، و وای لێ بکەیت گرنگی بەخوێندن و تێگەیشتنی ماناکانی قورئان بدات ، بەڕاستی قورئان هەمووی بەرەکەتە و دڵ پێی ئارام دەبێت ونەفس پێی ئاسوودە دەبێت ، وهەرکەسێک بیخوێنێت پێی کاریگەر دەبێت .
خوای پەروەردگار فەرموویەتی : (قَدْ جَاءَكُمْ مِنَ اللَّهِ نُورٌ وَكِتَابٌ مُبِينٌ . يَهْدِي بِهِ اللَّهُ مَنِ اتَّبَعَ رِضْوَانَهُ سُبُلَ السَّلَامِ وَيُخْرِجُهُمْ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ بِإِذْنِهِ وَيَهْدِيهِمْ إِلَى صِرَاطٍ مُسْتَقِيمٍ) المائدة/15-16 .
واتە : لەلایەن خوداوە نور وکتابێکی ڕوون وئاشکراتان بۆ هاتووە ، خودا ڕێنوێنی ئەو کەسانەی پێ دەکات کە دوای ڕەزامەندی خودا کەوتوون ، وبەئیزنی خودا لەتاریکی دەریان دێنێت بەرەو ڕوناکی وڕێنوێنیان دەکات بۆ ڕێگای ڕاست .
جا پێویستە شتێک لەقورئانی فێر بکەیت ، وتێی گەیەنیت قورئان چۆن دابەزیوە وئاشنای بکەیت بەسوڕەت وئایەتەکانی قورئان .

سێیەم : پاشان شتێکی فێر بکەیت لەبارەی پێغەمبەرەوە ، شوێنی لەدایک بوونی وگەورە بوونی وبوونی بەپێغەمبەر ، وسەرەتای بانگەشەکەی بۆ ئیسلام ، پاشان کۆچ کردنی بۆ مەدینە ، وئارام گرتنی لەسەر ئەو هەموو ناڕەحەتیانە لەپێناو گەیاندنی ئەو دینەدا بەخەڵک ، پاشان شەخسیەتی پێغەمبەری بۆ ڕوون دەکەیتەوە وئاشنا دەکەی بەسوننەتەکانی کەلەفەرموودە سەحیحەکاندا هاتوون ، جا هەرکەسێک دەیەوێت لەبارەی ئەو پێغەمبەرەوە شت بزانێت با تەماشای صەحيحي (البخاري ومسلم ) بکات ، وهەروەها بەگشتی کتابەکانی تریش کەتایبەتن بەسوننەتەکانی پێغەمبەر بەسوودن ، وەهەروەها کتابی سیرە بخوێنێتەوە ، کەبەدوورو درێژی ژیان وئاکارە بەرزەکانی تێدا باس کراوە .
وەئەو کتێبانەی کەپێمان باشە لەم بارەیەوە بخوێندرێت :
"( مختصر صحيح البخاري " للزبيدي) ، ( " مختصر صحيح مسلم " للمنذري ) ، ( " رياض الصالحين " للنووي )، (" الرحيق المختوم " للمباركفوري ).
جاهەموو ئەم کتابانە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی ئینگلیزی وچاپ کراون .

چوارەم :هەروەها پێویستە لەسەرت پوختەیەکی فێر بکەیت لەبارەی پێنج ئەڕکانەکانی ئیسلامەوە کەبریتین لە : شایەتومان ، نوێژ ، زەکات ، ڕۆژوو ، حەج .
وەهەروەها پوختەیەکی لەبارەی پایەکانی ئیمان فێر بکەیت کەبریتین لە :
باوەڕبوون بەخودا ، و فریشتەکان ، و کتابە ئاسمانییەکان ، و پێغەمبەران ، و ڕۆژی داویی ، و بەقەدەر خێر و شەڕیەوە .

جا ئەگەر کاتێک بۆ ئەو برا موسوڵمانە دیاری بکەیت ، بۆ قسەکردن لەبارەی هەموو ئەم ئەڕکانانەوە ، وخوێندنی هەندێ کتاب لەو بارەیەوە ئەوا زۆر چاک وسوود بەخش دەبێت بەئیزنی خوا .
وە پێویستە سوور بیت لەسەر ئەوەی ئەم ئەڕکانانەی بۆ باس بکەیت ونەچییتە نێو وردەکارییەکان وبابەتە خیلافیەکانەوه ، وزیاتر گرنگی بەوانە بدەیت کە گرنگن وهەموو موسوڵمانان لەسەری کۆ دەنگن ، و لەگەڵ ئەوەشدا ئاگاداری ئەوەی بکەیتەوە کە لەهەندێ شتدا جیاوازی بیر وڕا بوونی هەیە لەهەندێ وردەکاری بابەتەکاندا ، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەو جیاوازیانە جیاوازیەکی مەزمووم وخراپ نین ، نابنه هۆکاری تەفڕەقە ودوو بەرەکی ، بەڵکو جیاوازیەکن هەڵقوڵاوی تەبیعەتی نەسە شەرعییەکانن ، و خودا بۆ حیکەمتێکی خۆی ئەو جیاوازیانەی داناوە ، کەکەسێک بیپێکێت دوو ئەجری بۆ هەیە ، وهەرکەسێکیش تیایدا بەهەڵەدا بچێت ئەوا یەک ئەجری بۆ هەیە .

پێنجەم : وەبەشێکی بۆ تایبەت کە بۆ فێرکردن وتێگەیاندنی ئەو شتانەی کەحەڕامن لەئیسلامدا ، بۆئەوەی سنووری شتە حەرام کراوەکان بزانێت و تێبگات کەدائیرەی شتە حەرامەکان زۆر تەسکن ، وجگە لەو شتانە هەمووی حەڵاڵن ، و پێویستە تاوانە گەورەکانی پێ ئاشنا بکرێت ، وەک :
هاوبەش بڕیاردان ، سیحر ، کوشتنی بەناحەق ، وخواردنی ڕیبا ،و مەشورب خواردن ، وخواردنی ماڵی هەتیو ، وئەزیەت دانی دایک وباوک ، وجگە لەمانەش ، وەباش وایە ئاشنای بکەی بەهەندێ لەتاوانە بچوکەکانیش ، بۆئەوەی خۆی لێ بپارێزێت ، وبێگومان ئەو کەسەی کەتازە موسوڵمان دەبێت بەشێوەیەک لەشێوەکان ڕاست گۆییەکی تێدایە کە زۆر جار وای لێ دەکات ئیلتزامی بەئیسلامەوە هەبێت وخۆی بپارێزێت لەحەڕام کراوەکانی .
جا دەتوانی پشت بەو کتابە ببەستی ، کتابی " الكبائر " ئیمامی الذهبي ، کەبەڕاستی کتابێکی سوود بەخش و پوختە لەو بابەدا .

شەشەم: وەهەروەها زۆر گرنگە تێی گەیەنیت کەدینی ئیسلام دینی مامەڵە وهەڵس وکەوتە ، پێداگری دەکات لەسەر ڕەوشتی بەرز وئاکاری جوان ، وحاڵی کەیت کەبەهۆی ڕەوشتی بەرزەوە زۆرترین کەس دەچنە بەهەشتەوە ، ومرۆڤ بەڕەوشت بەرزی پلەی کەسی بەڕۆژ وشەونوێژ کار بە دەست دێنێت ، وهەروەها ڕاستگۆی ، وئەمانەت پاراستن ، وپەیمان پاراستن ، ولێبوردەیی ، و بەئەمەکی ، وچاکەکاری ، وبەڕەحم بوون ، وجگەلەمانەش ، کرۆک وناوەڕکی دینن ، هەروەک لەم فەرموودەیەدا ئاماژەی پێدراوە : ( بعثت لأتمم مكارم الأخلاق ) .
واتە : من ڕەوانە کراوم بۆ تەواو کردنی ڕەوشتە بەرزەکان .
رواه البخاري في "الأدب المفرد" (273) والحاكم في "المستدرك" (2/670) وصححه ووافقه الذهبي ، وحسنه الألباني في "السلسلة الصحيحة" (45) .

حەوتەم : وەلەو شتە گرنگانەی کەپێویستە لەسەرت گرنگیان پێ بدەیت بابەتی دڵ و زوهد ودونیا نەویستی یە ، کەبەڕاستی گەر مرۆڤ گرنگیان پێ نەدات چڵک وکاریگەرییەکانی ئارەزوو زاڵ دەبن بەسەریدا ، وبەتەئکید ڕوناکی دڵ بەندە بە زانینی گەورەیی خوداوه ، و زیاتر ترسان لە سزاکانی ، وئومێد بوون بە پاداشتەکانی ، وخۆش ویستنی خودا وئاوات خواستن بەگەڕانەوە بۆ لای خوا .
وەهەروەها موسوڵمان فێری ئیخلاس و دڵسۆزی دەبێت وەهەروەها تەوبە کردن وخشوع و ملکەچی ، وبەگەورە دانانی حەڕام کراوەکان ، وئارام گرتن ، وڕازی بوون لەخودا ، وشوکرانە بژێری ویەقین وپشت بەستن بەخودا ، هەموو ئەمانە عیبادەتی دڵن وگرنگن و پێویستیان بەگرنگی پێدانە وچاودێری کردنە ، وبەتەئکید هەرکەسێک گرنگیان پێ بدات هەست بە چێژ وئارامی دڵ ودەروون دەکات ، وهەرکەسێک لێیان بێ ئاگا بێت ئەوا لەخێرێکی زۆر بێبەش بووە .

وە كتێبەکانی زانای پایەبەر ابن القيم بەسودن ، وبەگشتی کار وکردەوەکانی دڵی تیادا ڕوونکراوەتەوە ، گرنگترینان کتێبی : " مدارج السالكين " بەڵام ئێمە پێمان باشە کوتکراوەی ئەم کتێبە بخوێندرێتەوە کە شيخ عبد المنعم العزي کورتی کردۆتەوە.

هەشتەم : وەلەکۆتاییدا هەروەها گرنگە هەندێ شتیش فێر ببێت لەبارەی ناڕاستی و بەتاڵی دینەکانی ترەوە ، بەتایبەت ئەو ئاینەی کەپێشتر لەسەری بووە ، بۆئەوەی زیاتر دڵی جێگیر ودامەزراو بێت لەسەر ئیسلام ، و بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت لەهەر گومانێک کەدێتە ڕێی ، پاشان بابڕوانێتە گەورەیی فەزڵی خودا بەسەریەوە کەڕێنوێنی کردووە بۆ ئیسلام وئەم دینە جوان وحەقە .
ئەم شتانەی کەخستمانە ڕوو پێ دەچێ بەس بن بۆیارمەتی دانی لەسەر فێر بوونی ئیسلام ، جا هەرچەندە لەڕواڵەتدا زۆرن وقورسن بەڵام تۆ دەتوانی ئەوەندەی پێ بڵێیت کە موناسبی ئەو کەسەیە و گەر زانیت تەقەبولی هەمووی دەکات ئەوا هەمووی پێ ڕادەگەیەنیت گەر نا بەپێی ئاست و دامەزراوی کەسەکە ئەم شتانەی فێر دەکەیت .

جا ئەگەر جیاوازی زمان بووە ڕێگر لەبەردەم تۆ وئەودا ، ئەوا هیچ چارەسەرێک نییە جگە لەوەی داوا لەکەسێک بکەی ببێ بەموتەڕجیمت ، هەروەک ئەو دەتوانیت پشت بەو کتاب وکاسیەتانە ببەستیت کە عەرەبین و وەر گێڕدراونەتە سەر زمانی ئینگلیزی ، وەبا یەکێکتان هەوڵ بدات زمانی ئەوی تر فێر ببێت .
نسأل الله لنا ولكم التوفيق والسداد .

سەردان: ٣,٣٥٣ بەش: مەرجەکانى بانگخواز