دەمەوێ چەند شتێکم پێ بڵێن لە ئیسلامدا لەبارەی لێکدانەوە و ئادابەکانى خەونەوە
چەند جۆر خەون هەیە؟
چۆن وا بکەین خەونى باش و ڕاست ببینین؟
ئەگەر کەسێک خەوى خۆشی بینى چی بکات؟
ئەگەر کەسێک خەوی ناخۆشی بینى چی بکات؟
وەبەنیسبەت کتابی " تفسير المنام " کەدەدرێتە پاڵ ابن سيرين تا چەند ڕاستە؟
لە کتێبخانەکان کتێبی لێکدانەوەى خەون زۆرە کامیان بکڕین؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکەم : خەوی ڕاست بەشێکە لەپێغەمبەرایەتی؛ هەروەک پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی : ( الرُّؤْيا الحَسَنَةُ، مِنَ الرَّجُلِ الصّالِحِ، جُزْءٌ مِن سِتَّةٍ وأَرْبَعِينَ جُزْءًا مِنَ النُّبُوَّةِ.) .( البخاري 6983 ومسلم 5873) .
واتە : خەونى چاک لە پیاوێکى چاکەوە بەشێکە لە چل وشەش بەشی پێغەمبەرایەتی .
دووەم : خەو سەرەتای وەحی بوو .( البخاري 3 وسلم 231 ) .
سێیەم : هاتنەدی خەون بەگوێرەی ڕاست گۆیی کەسەکەیە ، هەرکەسێ زۆر خەوی بێتە دی ئەوا لەهەموان ڕاست گۆترە . ( مسلم 2263) .
چوارەم : لەکاتی نزیک بوونەوەی قیامەتدا زۆر جار خەون ڕاست دەردەچێت هەروەک پێغەمبەر ﷺ ئاماژەی پێ داوە ، حەتمەن ئەوەش بەهۆی دوور کەوتنەوەیە لەسەردەمی پێغەمبەرایەتی وشوێنەوارەکانی ، لەو کاتەدا خوادا بەخەونی ڕاست (وەحی) بۆ باوەڕدارانی قەرەبوو دەکاتەوە کەموژدەیە بۆیان وبەڵگەیە لەسەر ڕاست گۆییان ودامەرزوییان لەسەر دین . ( البخاري 7017ومسلم 2263) .
وەهاوشێوەی ئەم کەڕامەتانە کەدوای سەردەمی سەحابە ڕووی دا ، ولەسەردمی سەحابەدا ڕووی نەدا لەبەر ئەوەی ئەوان باوەڕێکی دامەزراویان هەبوو بەپێچەوانەی دوای خۆیان کەبەهۆی دوور کەوتنەوەوە لەسەردەمی وەحی باوەڕیان لاوازە وپێویستان بەو کەڕامەتە هەیە .
پێنجەم : جا خەون دەبێتە سێ جۆرەوە :
أ - ڕەحمانی یە و لەلایەن خوداوەیە .
بـ ـ نەفسی یە وبەهۆی بیر کردنەوەی زۆر لەشتێک ڕوو دەدات
جـ - شەیتانی یە ولەلایەن شەیتانەوەیە .
پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی : ( "الرؤيا ثلاثة رؤيا من الله ورؤيا تحزين من الشيطان ورؤيا مما يحدث به الرجل نفسه في اليقظة فيراه في المنام") . ( البخاري ٧٠١٧ ومسلم 2263) .
واتە : خەون سێ جۆرە :
خەونێک کەلەلایەن خوداوەیە ، وخەونێک لەلایەن شەیتانەوەیه وبۆ دڵ تەنگ کردنە ، وخەونێک بەهۆی بیر کردنەوەی زۆر لەشت لەکاتی بەخەبەر بووندا ڕوو دەدات ومرۆڤ لەخەودا هەمان شت دەبینێت کەبیری زۆر لێ کردۆتەوە .
شەشەم : خەونی پێغەمبەران وەحیە چونکە پارێزراون لەشەیتان ، ئائەمە بەکۆدەنگی زانایان ، هەربۆیە پێغەمبەر ئیبڕاهیم ویستی فەرمانی خودا جێ بەجێ بکات کاتێ لەخەوندا فەرمانی پێ کردبوو ئیسماعیل عليهما السلام سەر ببڕێت .
حەوتەم : بەڵام خەونی جگە لە پێغەمبەران کاری پێ ناکرێت بەڵکو بەپێی شەرع هەڵس وکەوتی لەگەڵ دەکرێت گەر لەگەڵ شەرع دا یەکی گرتەوە ئەوا کاری پێ دەکرێت گەر نا کاری پێ ناکرێت .
ئائەم بابەتە زۆر ترسناکە وکەسانێکی زۆر لەسۆفی وجگە لەوانیش لەموبتەدیعەکان تیایدا بەهەڵەدا چوون وبەهۆیەوە توشی گومڕایی بوون .
هەشتەم : هەر کەسێک دەیەوێت خەونەکانی بێنە دی با ڕاست گۆ بێت وخواردنی حەڵاڵ بخوات و پارێزگاری لەفەرمانە شەرعییەکان بکات و لەوشتانە دوور کەوێتەوە کە پێغەمبەری خوا ﷺ ڕێگری کردووە وبا بەدەس نوێژەوە بخەوێت وڕوو بکاتە قیبلە ویادی خودا بکات تاوەکو خەوی لێ دەکەوێت گەر وای کرد ئەوا زۆر جار خەونەکانی ڕاست دەردەچن ودێنە دی .
نۆیەم : ڕاست ترین خەون خەوی کاتی سەحەرە (کەمێک پێش دەرکەوتنى فەجر) ؛ چونکە ئەو کاتە کاتی دابەزینی خودایە ونزیک بوونەوەی ڕەحمەت و لێ خۆش بوونە و لەوکاتەدا شەیتانەکان لەجوڵە دەکەون ، وبەپێچەوانەوە خەونی سەر لەئێوارە ڕاست نی یە ؛چونکە کاتی بڵاو بوونەوەی شەیتانەکان و ڕوحە شەیتانیەکانە .
بڕوانە " مدارج السالكين " ( 1 / 50 - 52 ) .
دەیەم : الحافظ ابن حجر دەلێت : هەموو خەونەکان لەدوو جۆردا کۆ دەکرێنەوە :
أ. خەونی ڕاست ، ئەوەش خەونی پێغەمبەران وشوێن کەوتوانیانە لەپیاوچاکان ، وهەندێ جار کەسانی تریش خەونیان ڕاست دەردەچێت ( وەک ئەو خەونەی کە مەلیکە کافرەکە بینی و پێغەمبەر یوسف عليه السلام لێکدانەوەی بۆ کرد ) جا خەونی ڕاست ئەوەیە کەدێتە دی هەروەک چۆن بینراوە لەخەوندا .
ب. خەونی تێکەڵ وپێکەڵ ، ئائەمە هیچ ئاگادارکەرەوەیەکی تێدا نی یە .
ئەوەش چەند جۆرێکە :
1 : یاری کردنی شەیتان بەمرۆڤ بۆ ئەوەی دڵ تەنگی بکات ، وەک ئەوەی لە خەودا ببینێت سەری لێ بۆتەوە و شوێنی کەوتووە ، یاخود لەخەویدا بکەوێتە ناخۆشیەکەوە وکەس نەبێت ڕزگاری بکات ، وەهاوشێوەی ئەمانە .
2 : لەخەویدا هەندێ لەفریشتەکان فەرمانی پێ بکەن بەئەنجام دانی کاری حەڕام ، وهاوشێوەی ئەمانە کە شتی موستەحیلن لەڕووی عەقڵەوە .
3 : لەخەودا ئەو شتانە ببینێت کەلەکاتی بەخەبەر بووندا بیری لێ دەکردەوە ، وەهەروەها ئەو شتانە ببیێنت کەعادەتەن لەکاتی بەخەبەر بووندا ئەنجامی دەدات ، یان ئەو زۆر جار بیری لێدەکاتەوە کەلەداهاتوودا ڕوو دەدەن .
بڕوانە : " فتح الباري " ( 12 / 352 - 354 ) .
یانزەیەم : أبو سعيد الخدري رضي الله عنه ، دەڵێت : پێغەمبەر ﷺ فەرمووی : ("إذا رأى أحدكم رؤيا يحبها : فإنما هي من الله ، فليحمد الله عليها ، وليحدث بها ، وإذا رأى غير ذلك مما يكره : فإنما هي من الشيطان ، فليستعذ من شرها ولا يذكرها لأحد فإنها لا تضره ") . رواه البخاري ( 6584 ) ومسلم ( 5862 ) .
واتە : کاتێ یەکێک لەئێوە خەونێکی خۆشی بینی ئەوا لەلایەن خوداوەیە ، وبا سوپاسی خودا بکات لەسەری ، وە با باسی بکات ، خۆ ئەگەر خەونی ناخۆشی بینی ، ئەوا لەشەیتانەوەیه ، و با پەنا بگرێت لەخودا لەشەڕی وبۆ هیچ کەسێکی نەگێڕێتەوە وهیج زیانی پێ ناگەیەنێت .
- وە ئەبو قتادة دەڵێت ، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی : (" الرؤيا الصالحة من الله ، والحلُم من الشيطان ، فمَن رأى شيئا يكرهه فلينفث عن شماله ثلاثا وليتعوذ من الشيطان فإنها لا تضره" ) ۰
رواه البخاري (6594) ومسلم (5862) .
واتە : خەونی چاک لەخوداوەیە ، وەخەونی ناخۆش لەشەیتانەوەیە ، هەرکەسێک خەونێکی ناخۆشی بینی با سێ فوو بکات بەلای چەپی دا وبا پەنا بگرێت لەخودا لەشەیتان ئەوا هیچ زیانی پێ ناگەیەنێت .
جا مەبەست لە(النفث) : فوویەکی کەمە کە لیکی لەگەڵ نەبێت .
- و جابر رضي الله عنه ،دەڵێت : پێغەمبەر ﷺ فەرمووی : (" إذا رأى أحدكم الرؤيا يكرهها فليبصق عن يساره ثلاثاً ، وليستعذ بالله من الشيطان ثلاثاً ، وليتحول عن جنبه الذي كان عليه ") . رواه مسلم (5864).
واتە : کاتێ یەکێک لەئێوە خەونێکی بینی وپێی ناخۆش بوو با سێ تف بکات بەلای چەپی دا ، وبا سێ جار پەنا بگرێت لەخودا لەشەیتان ولەسەر ئەو لایەیی لاچێ کەخەونەکەی لەسەری بینیوە .
ابن حجر دەڵێت : وەلحاسڵ ئەوەی باس کراوە لەبارەی ئادابی خەونی چاکەوە سێ شتە :
أ . سوپاسی خوای لەسەر بکات .
ب . ودڵی پێ خۆش بێت .
ج. وە لای هەموو ئەو کەسانە باسی بکات کەخۆشی دەوێن نەک ئەو کەسانەی کەڕقی لێیەتی .
وە ئەوەی باس کراوە لەبارەی ئادابی خەونی ناخۆشەوە چوار شتە :
أ . پەنا بگرێت بەخودا لەشەڕی ئەو خەونە .
ب . وپەنا بگرێت بەخودا لەشەیتان .
ج . وەکاتێ بەخەبەر دێت سێ تف بکات بەلای چەپی دا .
د . بەهیچ شێوەیە لای کەس باسی نەکات .
هـ. وە لە ( البخاري ) خاڵی پێنجەمیشی بۆ زیاد کراوە کە لە بابەتی [ القيد في المنام)دا ، هاتووە لە ئەبو هوڕەیرەوە کەئەویش نوێژ کردنە وبەلەم لەفزە هاتووە : (فمن رأى شيئا يكرهه فلا يقصّه على أحد وليقم فليصلّ )ووصله الإمام مسلم في صحيحه .
واتە : هەرکەسێک خەوێکی ناخۆشی بینی با بۆ کەسی نەگێڕێتەوە و با هەستێت و نوێژ بکات .
و. وە ئیمامی (مسلم) شەشەمی بۆ زیاد کردووە : کەئەویش گۆڕینی شێوازی نوستنە وئەو لایەیی بگۆڕێت کەخەونە ناخۆشەی لەسەر بینیوە .
بڕوانە : " فتح الباري " ( 12 / 370 ) .
دوانزەیەم : ( أبي رزين ) گێڕاویەتیەوە هەروەک ئیمامی ( الترمذي ) لێوەی ڕیوایەت کردووە : ( ولا يقصها إلا على وادّ) واتە :بۆهیچ کەسێکی ناگێڕێتەوە تەنها کەسێکی خۆشەویستی نەبێت .
وەهەروەها هاتووە : ( ولا يحدِّث بها إلا لبيبا أو حبيبا )
واتە :بۆ هیچ کەسێکی ناگێڕێتەوە تەنها کەسێکی عاقڵ خۆشەویست نەبێت .
وەهەروەها هاتووە : ( ولا يقص الرؤيا إلا على عالم أو ناصح ) ،
واتە : بۆهیچ کەسێکی ناگێڕێتەوە تەنها کەسێکی زانا و ئامۆژگاری کار نەبێت .
جا القاضي أبو بكر بن العربي دەڵێت : ( أما العالم فإنه يؤولها له على الخير مهما أمكنه وأما الناصح فإنه يرشده إلى ما ينفعه ويعينه عليه وأما اللبيب وهو العارف بتأويلها فإنه يعْلِمه بما يعوّل عليه في ذلك أو يسكت وأما الحبيب فان عرف خيرا قاله وإن جهل أو شك سكت ) .انظر : " فتح الباري " ( 12 / 369 ) .
واتە : بەنیسبەت کەسی زاناوە چونکە ئەو تا بۆی بکرێت لێکدانەوەیەکی باش ودڵ خۆش کەری بۆ دەکات ، وکەسی ئامۆژگاری کاریش ڕێی پێ نیشان دەدات بۆ ئەو شتەی کەسوودی پێ دەگەیەنێت وهاوکاری دەکات ، وکەسی عاقڵ ولێزانیش فێری دەکات ئەو شتەی کەدێتە ڕێی یاخود بێ دەنگ دەبێت ، وکەسی خۆشەویستیش گەر خێرێکی زانی لەو خەوەدا ئەوا باسی دەکات خۆ ئەگەر نەیزانی یاخود گومانی هەبوو ئەوا بێ دەنگ دەبێت .
سیانزەیەم : الإمام البغوي دەڵێت :
( واعلم أن تأويل الرؤيا ينقسم أقساماً ، فقد يكون بدلالة من جهة الكتاب ، أو من جهة السنة،أو من الأمثال السائرة بين الناس ، وقد يقع التأويل على الأسماء والمعاني ، وقد يقع على الضد والقَلْب ( أي العكس ) . أ.هـ " شرح السنة " ( 12 / 220 ) .
واتە : بزانە وئاگادار بە لێکدانەوەی خەون دەبێتە چەند جۆرێکەوە ، هەندێ جار بە(دەلالەتی قورئان یاخود سوننەت یاخود ئەو نمونانەی کەلەنێو خەڵکدا باون) دەزانرێت ، وهەندێ جار لێکدانەوەکەی بەناو و مانای شتەکان دەزانرێت ، وهەندێ جار پێچەوانەکەی ودژەکەی وەردەگیرێت وخەونەکەی پێ لێک دەدرێتەوە .
ئەم زانا بەڕێزە رحمه الله چەند نموونەیەکی باس کردووە ، لەوانە :
1- لێکدانەوەی بەدەلالەتی قورئان :
وەک : حەبل ، کەبە(پەیمان)لێک دەدرێتەوە ؛ لەبەر ئەم ئایەتە پیرۆزە : { واعتصموا بحبل الله } .
واتە : هەمووتان دەست بگرن بەحەبلی خوداوە .
2- لێکدانەوەی بەدەلالەتی سوننەت :
وەک قەلەڕەش کەبە(پیاوی فاسق)لێک دەدرێتەوە ؛ لەبەر ئەوەی پێغەمبەر ﷺ ناوی قەلەڕەشی ناوە فاسق .
3- لێکدانەوەی بەو نموونانەی لەنێو خەڵکدا باون :
وەک هەڵکەندنی بیر وچاڵ بە (فێڵ وتەڵەکە) لێک دەدرێتەوە ، هەروەک وتراوە : (من حفر حفرة وقع فيها) .
واتە : هەرکەسێک چاڵێک بۆ خەڵک هەڵکەنێت خۆی تێی دەکەوێت .
4- لێکدانەوە بەناوی شتەکان :
وەک ئەوەی پیاوێک ببینێت ناوى ڕاشد بێت ئەوا بە ڕوشد وڕێ نیشاندەر لێک دەدرێتەوە .
5- لێکدانەوە بەدژ وپێچەوانە کردنەوە :
وەک ترس بە ئەمن وئەمان وئارامی لێک دەدرێتەوە ؛ لەبەر ئەم ئایەتە پیرۆزە : { وليبدلنهم من بعد خوفهم أمناً } .
واتە : خودا ترسەکەیان بۆ دەگۆڕێت بەئارامی .
چواردەیەم : وەبەنیسبەت کتابی " تفسير المنام " کەدەدرێتە پاڵ ابن سيرين : ئەوا زۆر لەلێکۆڵەرەوان گومانیان لەوە هەیە ئەو کتابە هی ئەو بێت ، هەر بۆیە :
ناتوانرێت بەتەئکیدی ئەو کتابە بدرێتە پاڵ ئەو زانا ناودارە ، والله أعلم .
پانزەیەم : بەداخەوە ئێستا لەبازاڕ و کتێبخانەکاندا زۆر کتێب چاپ کراوە بە ناوى خەونامەوە کە زیاتر لەبەر لایەنى ماددى چاپ کراوە و خەڵکێکى زۆر بێ ئەوەى بزانێت کە ئەو کتێبانە تا چەند جێگەى باوەڕن دەیانکڕن و بۆ لێکدانەوەى خەونەکانیان پشتى پێ دەبەستن ، وە ئێمە لێرەدا ناتوانین ناوى هیچ کتێبێک لەوانە باس بکەین تاوەکو موسلمانان بیکڕن چونکە نازانین تا چەند جێگاى باوەڕن .