ئایا تەبەڕوک کردن بە بەرگی کەعبەی پیرۆزەوە دروستە؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا تەبەڕوک کردن بە بەرگی کەعبەی پیرۆزەوە دروستە؟
پرسیار:

کەسانێک کاتێک دەچن بۆ حەج و عومرە تەزبیح و بەرماڵ و پەڕۆ دەساون بە بەرگى کەعبەى پیرۆزدا بۆ تەبەڕوک ، یان هەر لە کوردستانەوە خەڵکى پەڕۆ و بەرماڵ و تەزبیح و ئەو شتانە دەنێرن بۆ ئەوەى بۆیان بکەن بە تەبەڕوک ئایا ئەم کارە تا چەند دروستە؟

الحمد لله والصلاة والسلم علی رسول الله ، ٲما بعد :
وەکو ڕوونە لەلای موسڵمان کە هەر کردەوەیەک بکرێت و پێغەمبەری خوا نەی کردبێت ئەوا ڕەتکراوەیە بەسەر خاوەنەکەیدا وەکو لەفەرموودە ڕاست و درووستەکاندا هاتووە .

پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت: (من عمل عملا لیس علیه ٲمرنا فهو رد). واتا : هەرکەسێک کردەوەیەک بکات و فەرمانی ئێمەی لەسەر نەبێت ئەوا ڕەت کراوەیە .

وە هەورەها دەفەرمووێت : (كل محدثة بدعة ، وكل بدعة ضلالة ، وكل ضلالة في النار ) واتا : هەموو داهێنراوێک بیدعەیە ، هەموو بیدعەیەکیش گومڕاییە ، هەموو گومڕایەک لە ئاگر دایە .

یەکێک لە بیدعەکان کە ساڵانە لەکاتی حەج و عەمرە تازەدەکرێتەوە برییتیە لە تەبەروک کردن بە پەردەی سەر کەعبەوە ئەم کارەش کارێکی ناشەرعیە و بیدعەیە .

ئەمەش هەندێکە له وتەی زانایان :
۱- زانای بەڕێز شێخ ابن عثيمين بەڕەحمەت بێت دەفەرمووێت: ( التبرك بثوب الكعبة والتمسح به من البدع ؛ لأن ذلك لم يرد عن النبي – -)
واتا : تەبەروک کردن بە بەرگی کەعبە وە دەست پیا هێنانی بیدعەیە ، چونکە ئەمە لە پێغەمبەری خواوە وارد نەبووە .

۲- زانای بەڕێز شێخ ابن باز بەڕەحمەت بێت دەفەرمووێت: ( التمسح بالمقام أو بجدران الكعبة أو بالكسوة كل هذا أمر لا يجوز فلا أصل له في الشريعة ، ولم يفعله النبي )
واتا : دەست هێنان بە (مقام) یان بە (دیواری کەعبە) یان بە (بەرگی کەعبە) هەموو ئەمە، دروست نیە ، وەهیچ بنەمایەکی نیە لە شەریعەتی ئیسلامدا ، وە پێغەبەری خوا نەی کردووە .

وەهەروەها دەفەرمووێت : ( وإذا قصد أن التمسح بالجدار أو بالكسوة يحصل له البركة من نفس الكسوة أو من الجدار؛ شرك أكبر، أما إذا ظن أنها مباركة وأن الله شرع هذا، يحسب أن شرع هذا، مشروع أنه يقبل هذا الجدار أو الكسوة؛ فهذه بدعة تصير بدعة، أما إذا فعله يطلب البركة شركٌ أكبر نسأل الله العافية)
واتا : ئەگەر مەبەستی وابێت کە دەست هێنان بە دیوار و بە بەرگەکەیدا بەرەکەتی تیایە لە خودی بەرگەکە یان خودی دیوارەکە ئەوە شیرکی گەورەیە ، بەڵام ئەگەر گومانی وابێت ئەوە مبارەکە و خوای پەروەردگار مبارەکی کردووە ، وا گومان ببات ئەم مبارەکیە لە شەرعدا هاتووە ، وە لەشەرعدا هاتووە کە ماچی ئەم دیوار و بەرگە بکات ئەوە بیدعەیە و کارەکەی دەبێت بە بیدعە ، بەڵام ئەگەر ئەنجامی بدات وداوای بەرەکەت بکات ئەوە شیرکی گەورەیە .

زانایانی دیکەش وەکو ( شیخ محمد بن إبراهیم آل الشیخ و شیخ صالح بن عبدالعزیز آل الشیخ و شیخ صالح الفوزان و شیخ عبدالرحمن بن ناصر البراک و شیخ سعد الشثری ) هەمان بۆ چونیان هەیە.

تێبینى : ئەوەى کە دەچێت بۆ حەج و عومرە دەبێ بزانێت تەنها دوو شوێن هەیە کە دروستە دەستیان لێ بدرێ یان ماچ بکرێن
یەکەم : حجر الأسود کە سونەتە دەستى لێ بدرێ و ماچ بکرێ ئەگەر بۆى گونجا بە بێ ئەزێت دانى خەڵک .
دووەم : ڕوکنى یەمانى کە سونەتە تەنها دەستى لێ بدرێ لە کاتى تەوافدا بە بێ ماچ کردن .
جگە لەم دوو جێگایە سونەت نیە دەست بدرێ لە هیچ شوێنیکى مەکە و مەدینە یان ماچ بکرێن .
وصلی الله وسلم وبارک علی نبینا محمد

سەردان: ٢,٥٥٧ بەش: بیدعە و داهێنراوەکان