گرنگی زانین و تێگەشتن لە ناوە جوانەکانی خوداى گەورە چی یە ؟ ڕاستە هەرکەس لەبەرى بکات دەچیتە بەهەشتەوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
گرنگی زانین و تێگەشتن لە ناوە جوانەکانی خوداى گەورە چی یە ؟ ڕاستە هەرکەس لەبەرى بکات دەچیتە بەهەشتەوە؟

بێگومان ناسین وزانینی ناوەکانی خوای پەروەردگار زۆر گرنگە لەبەر ئەم هۆکارانە :
یەکەم : زانیناری هەبوون لەبارەی ناو وسیفاتەکانی خوداوە گرنگ ترین عیلم وزانستە ؛ چونکە شەڕەف وڕێزی عیلم بەستراوەتەوە بەشەرەفی خودی شتەکەوە ، حەتمەن کاتێ مرۆڤ شارەزای ناوەکانی خودا دەبێت ئەوکات خودا بەجوانی دەناسێت ، بۆیە خۆ سەرقاڵ کردن بەو زانستەوە ولێکۆڵینەوە لێی باشترین کارە وچاکترین دەست کەوتە ، هەر بۆیە پێغەمبەر بەجوانترین شێوە ڕوونی کردۆتەوە ، بەشێوەک هاوەڵان جیاوازیەکی ئەوتۆیان تێدا نەبوو بەبەراورد بە بابەتە شەرعیەکانی تر .

دووەم : ناسینی خودا وا دەکات مرۆڤ خۆشی بوێت ولێی بترسێت ، وئومێدی پێی هەبێت ، وخۆ یەکلایی کردنەوە بۆی ، بێگومان هیچ ڕێگایەک نی یە بۆ ناسینی خودا جگە لەڕێگای شارەزا بوون بەناو وسیفاتەکانی خودا وتێگەیشتن لەواتاکانی .

سێیەم : ناسینی خودا لەڕێگەی ناوە جوانەکانیەوە ، وا دەکات مروڤ باوەڕی زیاتر بتەو بێت ، هەروەک الشيخ عبد الرحمن بن سعدي رحمه الله دەڵێت :
( إن الإيمان بأسماء الله الحسنى ومعرفتها يتضمن أنواع التوحيد الثلاثة : توحيد الربوبية ، وتوحيد الإلهية ، وتوحيد الأسماء والصفات ، وهذه الأنواع هي روح الإيمان ورَوحه " الروح : هو الفرح ، والاستراحة من غم القلب " ، وأصله وغايته ، فكلما زاد العبد معرفة بأسماء الله وصفاته ازداد إيمانه وقوي يقينه ) التوضيح والبيان لشجرة الإيمان للسعدي ص 41 .
واتە : باوەڕ بوون بەناوە جوانەکانی خودا وناسینی سێ جۆر تەوحید ویەکتاپەرستی لەخۆ دەگرێت :
( توحيد الربوبية ، وتوحيد الإلهية ، وتوحيد الأسماء والصفات ) بێگومان ئەم جۆرانە لەتەوحید ڕوحی باوەڕن وئارامی بەخشن بەدڵ وئەسڵ ومەبەستی باوەڕن ، هەر بۆیە هەرکات مرۆڤ زیاتر شارەزای ناو وسیفاتەکانی خودا بێت ئەو کات باوەڕ ویەقینی زیاتر دەبێت .

چوارەم : خوای پەروەردگار مرۆڤەکانی دروست کردووە بۆ ئەوەی بیناسن وعیبادەتی بۆ بکەن ، ئائەوا فەلسەفە ومەبەستی دروست کردنی مرۆڤە ، هەروەک زانای پایەبەرز ابن القيم رحمه الله دەڵێت :
( مفتاح دعوة الرسل ، وزبدة رسالتهم ، معرفة المعبود بأسمائه وصفاته وأفعاله ؛ إذ على هذه المعرفة تبنى مطالب الرسالة كلها من أولها إلى آخرها ) . الصواعق المرسلة على الجهمية والمعطلة لابن القيم ( 1/150-151 ).
واتە : کلیلی بانگەوازی پێغەمبەران ، وکورتە و پوختەی بەرنامەکەیان بریتی یە لە ناسینی خودا لەڕێگای ناو وسیفات وکارەکانیەوە ؛ چونکە لەڕێگای ئەو زانینەوە هەموو ماناو ومەبەستەکانی بەرنامەی خودا لەسەرەتاوە تا کۆتایی بونیات نراوە .

هەر بۆیە خۆ سەرقاڵ کردن بەناسینی خودا ، خۆ سەرقاڵ کردنە بەوەی کەخودا مرۆڤی لەپێناودا هێناوەتە بوون ، وبەپێچەوانەشەوە پشت گوێ خستنی پشت گوێ خستنی ئەو شتەیە کەخودا مرۆڤی لەپێناودا دروست کردووە ، بێگومان باوەڕ هێنان تەنها قسەکردن ودەربڕین نی یە بەزمان بەڵکو حەقیقەتی باوەڕ بەوە دەبێت مرۆڤ خودا بەجوانی بناسێت وباوەڕی پێی هەبێت ، وهەوڵی ناسین و خۆ شارەزا کردن بدات لەناو سیفاتەکانی خودادا وهەر لەو ڕێگەیەوە مرۆڤ باوەڕی زیاد دەبێت .

پێنجەم : زانیاری بوون لەبارەی ناوەکانی خوداوە ئەسڵ وبنچینەی هەموو زانیاریەکە ، هەروەک زانای پایەبەرز ابن القيم رحمه الله دەڵێت :
( إن العلم بأسماء الله الحسنى أصل للعلم بكل معلوم ، فإن هذه المعلومات سواه إما أن تكون خلقاً له تعالى أو أمراً ، إما علم بما كوَّنه ، أو علم بما شرعه ، ومصدر الخلق والأمر عن أسمائه الحسنى ، وهما مرتبطان بها ارتباط المقتضى بمقتضيه .. وإحصاء الأسماء الحسنى ، أصل لإحصاء كل معلوم ، لأن المعلومات هي من مقتضاها ومرتبطة بها ... )
واتە : زانیاری بوون لەبارەی ناوەکانی خوداوە ئەسڵ وبنچینەی هەموو زانیاریەکە ، بەڕاستی هەموو شتە زانراوەکان جگە لەمە یان خودا خۆی دروستی کردوون ویاخود فەرمانی پێ کردووە ، ویاخود زانیاریە لەبارەی ئەو شتانەی کەلەناکاو خودا دەیهێنێتە بوون ، ویاخود زانیاریە لەبارەی شەرعەکەیەوە ، بێگومان سەرچاوەی هەموو دروست کراوەکان و فەرمانەکانی خودا ناوە جوانەکانی خودایە ، ئائەو دوو شتە بەستراونەتەوە بەیەکتریەوە ..پاشان ژماردنی ناوەکانی خودا ژماردنی هەموو زانیاریەکه ؛ چونکە هەموو زانیارەکانی تر بەوەوە بەستراون ومەبەست لێیان ناسینی خودا وناوەکانیەتی .

شەشەم : پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى : " إِنَّ لِلَّهِ تَعَالَى تِسْعَةً وَتِسْعِينَ اسْمًا مَنْ أَحْصَاهَا دَخَلَ الْجَنَّةَ " واتە : خواى گەورە (99) ناوى هەیە هەرکەس لەبەریان بکات دەچێتە بەهەشتەوە .
جا زانایان لە شەرحی ئەم فەرمودەیەدا دەفەرموون (من أحصاها) تەنها ئەوە نییە كە هەمووی كۆبكاتەوە و بیژمێرێت یان بینوسێتەو لەبەرى بكات، (إحصا‌ء) بەوە دەبێت كە ناوە پیرۆزەكانی خوای پەروەردگار بزانیت وە تێی بگەیت كە مانای چییە، وە چ سیفەتێكیش لە هەریەكێك لەو ناوانەدا وەردەگیرێت (هەر ناوێك بەڵگەیە لەسەر چ سیفەتێك) وە ئیمانت بە سیفەتەكەش هەبێت وەكو خۆی بە بێ گۆڕانكاری و تەحریف و تەشبیه و تەمثیل وە بەگوێرەی هەریەكێك لەو سیفەتانە و ناوەڕۆكەكەی هەستیت بە پەرستنی خوای پەروەردگار، كاتێك كە هەست دەكەیت خوای پەروەردگار (السمیع)ە، (المجیب)ە، ئەوە تەنها هاوار بكەیتە خواو داوا لە خوا بكەیت چونكە تەنها ئەو بیسەرەو وەڵامت دەداتەوە،
وە كە هەست دەكەیت خوای پەروەردگار (العفو) یان (الغفور)ە، ئەوا هیوای ڕەحمەتی خوای پەروەردگار زۆر بكەیت، كە هەست دەكەیت خوای پەروەردگار (القوی)، (العزیز)ە لە توِرەیی خوای پەروەردگار بترسیت و خۆتی لێبپارێزێت، كەواتە هەستیت بە پەرستن بە گوێرەی ماناو داواكاری ناوە پیرۆزەكانی خوای پەروەردگار، ئەوە لە خۆتدا بڕازێنیتەوەو بهێنیتە جێ، ئەوەیە كە پێغەمبەری خوا () فەرمویەتی هەركەسێك بیانژمێرێت دەچێتە بەهەشتەوە، بەڵام (بۆ نمونە) كەسێكی خورافی و گۆڕپەرست و شەخس پەرست هەر نەوەدو نۆ ناوەكە ئەزبەربكات، بەڵام لە جیاتی ئەوەی هاوار بكاتە (السمیع)و (المجیب)، هاوار بكاتە شێخێك یان مردوویەك وە بڵێت من نەوەدو نۆ ناوەكەی خوام ئەزبەركردووە، چیت ئەزبەركردووە تۆ لە كاتێكدا ئیمانت پێی نییە لە حەقیقەتدا و كردەوەشی پێناكەیت، تۆ هاوار ناكەیتە (السمیع)و (المجیب)، هاوار دەكەیتە مردویەك یان هاوار دەكەیتە دروستكراوێك، كەواتە دەبێت تێبگەین كە ئەم فەرمودە پیرۆزە مانای ئەوەیە كە مرۆڤ دەبێت لە ناوەكانی خوا تێبگات وە ئیمانی بە سیفاتەكانیش هەبێت كە ئەو ناوانە بەڵگەن لەسەریان بە بێ گۆڕانكاری وە هەروەها بە گوێرەی ناوەڕۆكەكەی و داخوازی ئەو ناوانەش هەوڵدەیت پەرستشی خوا بكەیت.

سەردان: ٦,٦٣٩ بەش: باوەڕبون بە خوا