ئەگەر کەسێک مرد پێش ئەوەى قەرزى ڕۆژووى ڕەمەزان بداتەوە ئایا كەس‌و كاری دروستە ڕۆژووەكەی بۆ بگرنەوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر کەسێک مرد پێش ئەوەى قەرزى ڕۆژووى ڕەمەزان بداتەوە ئایا كەس‌و كاری دروستە ڕۆژووەكەی بۆ بگرنەوە؟

ئەگەر كەسێك قەرزار بێت یان ڕۆژووی لەسەر بێت یان بەگشتی ڕۆژووی قەرز بێت یان رۆژووی نەزر بێت زانایان سێ بۆچونیان هەیە، لێرەدا ئایا كەس‌و كاری دەتوانن ڕۆژووی بۆ بگرنەوە یان ناتوانن بۆی بگرنەوە؟ بە رەهایی یان تەنها جۆرە ڕۆژوویەك؟ زانایان بوون بە سێ مەزهەب: لێرە زاهیری قەولی ئیمامی شافعی و مالیك (ڕەحمەتی خوای پەوەردگاریان لێ بێت) بۆچونیان وایە كە مرۆڤ غەیری عەمەل و كردەوەی خۆی عەمەلی كەسی پێناگات بە بەڵگەی فەرموودەی خوای پەوەردگار: [وَأَنْ لَيْسَ لِلْإِنْسَانِ إِلَّا مَا سَعَى ] [النجم:39] واتە: بۆ مرۆڤ نییە هیچ خێرو پاداشتێك تەنها ئەوە نەبێت كە خۆی ئەنجامی داوە، هەر وەكو چۆن كەس ناتوانێت نوێژ لە جیاتی كەس بكات، وە ناتوانێ شایەتمان لە جیاتی كەسێكی تر بێنێت، وە زیكر لە جیاتی كەسێكی تر بكات، بەهەمان شێوەش كەس ناتوانێت ڕۆژوو لە جیاتی كەسێكی تر بگرێت بەو بەڵگەیە كە خوای پەوەردگار فەرموویەتی: [وَأَنْ لَيْسَ لِلْإِنْسَانِ إِلَّا مَا سَعَى ] [النجم:39].

وە هەروەها پێغەمبەری خوا فەرموویەتی مرۆڤ كە مرد كردەوەكانی كۆتایی پێ‌ دێنێت تەنها سێ شت نەبێت: ئەو سێ شتەش بریتیە لە خێرێكی بەردەوام وە هەروەها بریتیە لە زانستێكی سوود بەخش كە خەڵك سوودی لێ‌ بینێت، یان منداڵێكی صاڵح كە دوعای خێرو چاكەی پێ‌ بكرێت، جا دەفەرموون ڕۆژوو گرتنەوەی تێیدا باس نەكراوە كەواتە ناكرێت كەس ئەو ڕۆژووەی لە جیاتی بگرێتەوە، مەزهەبی دووەمی ئەهلی عیلم ئەوەیە كە ڕۆژووی قەزا وەهەروەها ڕۆژوی نەزری كە لەسەر بوو بێت ئەو مرۆڤە كە دەمرێت ئەوە دروستە بۆی بگیرێتەوە كەس‌و كاری بۆی دەگرنەوە، ئەمە بۆچونی فەرموودەناسانە بە زۆری‌و، ئەبوو ثور، وە یەكێكە لە قەولەكانی شافیعی وە ئیمامی نەوەویش ئەوەی تەفسیر كردووە، وە ئیبن حەزمیش بۆی ترجیح كردووە بە بەڵگەی فەرموودەی عائیشە (ڕەزای خوای پەروەردگاری لێ بێت) (مَنْ مَاتَ وَعَلَيْهِ صِيَامٌ صَامَ عَنْهُ وَلِيُّهُ)  واتە: هەر كەسێك مردوو ڕۆژووی لەسەر بوو ئەوە وەلیەكەی جا كوڕەكەیەتی یان كچەكەیەتی ئەوانە ڕۆژووی بۆ دەگرنەوە . لێرەدا دەفەرموون ئەو فەرموودە گشتی یە هەر كەسێك مرد ڕۆژووی لەسەر بێت جا ئەو ڕۆژووە ئایە نەزر بێت یان ئەو ڕۆژژووە قەزا بێت. ئەوە بە بەڵگەی فەرموودەی عائیشە (ڕەزای خوای پەروەردگاری لێ بێت) پێویستە وەلیەكانی بۆی بگرنەوە وە ئەوەش زاهیرەكەی خەبەرە بەڵام حەقیقەتەكەی (طلب)ە، واتە: با وەلیەكەی جا كوڕەكەیەتی یان كچەكەیەتی ئەو ڕۆژووەی لە جیاتی بگرێتەوە.

وە هەروەها لە فەرموودەی ئیبنو عەباسدا پیاوێك هاتە لای پێغەمبەری خوا فەرمووی: ڕۆژووی مانگێكی لەسەرە لە ڕیوایەتێكی تردا ڕۆژووی نەزری لەسەرە ئایا من بۆی بگرمەوە؟ پێغەمبەری خوا فەرمووی: بەڵێ چونكە قەرزی خوای پەروەردگار لە هەموو قەرزێك حەقترو پێویستترە كە بدرێتەوە. بۆیە لێرە زانایان دەفەرموون: كاتێك كە كەسێك دەمرێت دەبێت لەو پارەیەی كە جێی دێڵێت كفن‌و دفن‌و ئەو خەرجیەی كە بۆ ناشتنی دادەنرێت ئەوە لە پارەكانی خۆی سەرف بكرێت پێش ئەوەی بەسەر میراتگرەكانی دابەش بكرێت دوایی سەیری قەرزی خوای گەورە دەكرێت لەسەری‌و قەرزەكانی خوای گەورەی لێبدرێتەوە ئەوجا قەرزی بەندەكانی لێبدرێتەوە ئەوجا میراتەكە دابەش بكرێت: (دَيْنُ اللّهُ أَحَقُ أَنْ يُقْضَىٰ) [متفق عليه].

بۆ نموونە ئەو كەسە حەجی نەكردووە لەسەریشی واجب بووە دەبێت پارەیەك لە میراتەكەیدا بدرێت بۆ حەجەكەی، بۆ نموونە شتێكی لەسەر خۆی نەزر كردووە ئەوە پێویستە ئەو نەزرەی بۆ بكرێت بە بەڵگەی ئەو فەرموودەیەی كە پێغەمبەری خوا فەرمووی: (فدَيْنُ اللّهُ أَحَقُ أَنْ يُقْضَىٰ) [متفق عليه] فەرمودەكەش لە بوخاری‌و موسلیم دایە، وە هەروەها بورەیدە دەفەرمووێ دانیشتبووم لای پێغەمبەری خوا ئافرەتێك هاتە لای فەرمووی: ئەی پێغەمبەری خوا من خێرم بۆ دایكم كردووە وە دایكیشم مرد ئەویش پێی فەرموو: ئەجرەكەت واجب بووە، ئەو خێرەی كە كردی بۆ دایكی خێرێكی جاریە بوو(رَدهَا عَلَيْكِ الْمِيرَاثُ) بە حوكمی میرات ئەو جاریەی كە دابووت بە دایكت كردبوتە خێر بۆ دایكت، كە دایكت مرد جاریەكە میرات بۆ تۆی دەگێڕێنێتەوە، ئەوجا فەرمووی ئەی پێغەمبەری خوا (إِنَّهُ كَانَ عَلَيْهَا صَوْمُ شَهْرٍ أَفَأَصُومُ عَنْهَا قَالَ صُومِي عَنْهَا) ( رواه مسلم ( 1149 )  )بەڵام دایكم ڕۆژووی مانگێكی لەسەر بوو ئایا ئەو مانگەی لەجیاتی بگرمەوە؟ پێغەمبەری خوا فەرمووی: (صومی عنها) لەجیاتی بیگرەوە، لێرەشدا نەیفەرموو (صوم نذر) ئەمەش بوخاری‌و موسلیم ڕیوایەتیان كردووە.
مەزهەبی سێیەم ئەوەیە كە تەنها ڕۆژووی نەزر كە كەسێك نەزری كردبێت لەسەر خۆی بەڕۆژوو بێت وە مردبێ‌و نەزرەكەی بەجێ نەگەیاند بێت ئەوە ئەو ڕۆژووە نەزر كراوە لەسەر كوڕەكەی یان كچەكەیەتی‌و دەتوانن بۆی بگرنەوە، ئەما ڕۆژووی قەرزی لەسەر بێت ڕەمەزانی نەگرتبێت ئەوەیان ناگیرێتەوە ئەمەشیان شێخ ئەلبانی (ڕەحمەتی خوای پەروەردگاری لێ بێت) كە تەرجیی ئەوە دەكات، بەڵام هەندێ لە ئەهلی عیلم دەفەرموون فەرموودەی عائیشەو ئیبنو عەباس‌و بورەیدە تێیاندا بە رەهایی هاتووە، مادام بە گشتی هاتووە نابێت تایبەت بكرێت بە یەكێك لە ئافرادەكانی، خۆی عامەو گشتیە تەخصیص‌و تایبەت ناكرێت، بەڵكو ئەو تاكە كە نەزرە ئەوەش دەچێتە ژێر عامەكەوە، ئەما بڵێین بە عموم نامێنێت‌و تخصیص دەكرێت زانایان كۆمەڵێكیان دەفەرموون بە گشتیەتی خۆی دەمێنێتەوە كە كەسێك قەرزار بێت جا قەرزی مانگی ڕەمەزان بێت یان رۆژووی نەزر بێت لەسەری ئەوە وەلیەكەی بۆی هەیە بیگرێتەوە بەڵكو واش چاكە كە بیگرێتەوە.

ئەم پرسیارە لە لایەن (دکتۆر عبداللطیف أحمد)ە وە وەڵام دراوەتەوە