ته‌یه‌موم كه‌ى دروسته‌ بكرێت و شێوازه‌كه‌ى چۆنه‌، وه‌ چی شتێكیش به‌تاڵى ده‌كاته‌وه‌؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ته‌یه‌موم كه‌ى دروسته‌ بكرێت و شێوازه‌كه‌ى چۆنه‌، وه‌ چی شتێكیش به‌تاڵى ده‌كاته‌وه‌؟

دروسته‌ بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ ده‌ستنوێژى شكابێت به‌مه‌رجێك عوزرى هه‌بێت بۆ به‌كارهێنانى، ئیتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئاو نه‌بێت و ده‌ست نه‌كه‌وێت یان ئه‌گه‌ر به‌كارى بهێنێت زیانى پێ ده‌گات یان نه‌توانێت به‌كارى بهێنێت یان نه‌توانێت بیكڕێت، ئه‌وه‌ش له‌تایبه‌تمه‌ندیه‌كانى ئوممه‌تى موحه‌ممه‌ده‌ - - .

 خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:[ فَلَمْ تَجِدُوا مَاءً فَتَيَمَّمُوا صَعِيدًا طَيِّبًا فَامْسَحُوا بِوُجُوهِكُمْ وَأَيْدِيكُمْ مِنْهُ مَا يُرِيدُ اللَّهُ لِيَجْعَلَ عَلَيْكُمْ مِنْ حَرَجٍ وَلَكِنْ يُرِيدُ لِيُطَهِّرَكُمْ وَلِيُتِمَّ نِعْمَتَهُ عَلَيْكُمْ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ (6) ] واته‌: ئاوتان ده‌ست نه‌كه‌وت ئه‌وا هه‌ردوو ده‌ستان به‌ ڕووى زه‌ویدا بده‌ن، و پاشان بیهێنن به‌ڕوومه‌ت و به‌ ده‌سته‌كانتاندا . خواى په‌روه‌ردگار نایه‌وێت له‌ پرس و باسى پاكژیدا ته‌سكى و بارقورسیتان له‌سه‌ر بكات، به‌ڵكو ته‌یه‌ممومى بۆ حه‌ڵاڵكردوون بۆ ئه‌وه‌ى كارتان بۆ فراوان و ئاسان بكات، و وه‌كو ڕه‌حم وبه‌زه‌ییه‌كیش بێت بۆتان، كه‌ كردوویه‌تى به‌ جێگره‌وه‌ى ئاو بۆتان له‌ پاكژیدا، بۆیه‌ ڕوخسه‌تى ته‌یه‌مموم له‌ته‌واوێتى نیعمه‌ته‌كانى خوایه‌ كه‌ شوكر و سوپاسى خواى په‌روه‌ردگار پێویست ده‌كات، به‌ جێبه‌جێكردنى فه‌رمان پێكراوه‌كانى و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانى .

 وه‌له‌فه‌رمووده‌شدا هاتووه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێت: " وَ جُعِلَتْ لَنا تُرْبَتُها طهُوراً " رواه مسلم. واته‌: زه‌ویمان بۆ پاك وخاوێن ڕاگیراوه‌.

وه‌ شێواز و چۆنێتیه‌كه‌شى به‌م شێوه‌یه‌یه‌: نیه‌تى هه‌بێت، پاشان هه‌ردووناوله‌پی ده‌ستى یه‌ك جار له‌ زه‌وى ده‌دات، پاشان ده‌یهێنێت به‌ده‌م وچاوی و ده‌ستیدا، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ پشتى ده‌ستى ڕاستى به‌ له‌پی ده‌ستى چه‌پی مه‌سح ده‌كات و پاشان پشتى ده‌ستى چه‌پی به‌له‌پی ده‌ستى ڕاستى مه‌سح ده‌كات.

ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ش به‌تاڵى ده‌كه‌نه‌وه‌:

1- بوونى ئـاو.

2- نه‌مانى عوزره‌كه‌ ئیتر نه‌خۆشی بێت یان پێویستى یان هه‌رشتێكى تر.

3- هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه‌كانى پێشووى ده‌ستنوێژ كه‌باس كران.

به‌ڵام به‌تاڵ بوونه‌وه‌ى به‌ نه‌مانى كات و ده‌رچوونى كاته‌كه‌ى ئه‌وا زانایان ڕاجیاوازن له‌سه‌رى و باشتر وایه‌ كه‌بۆ هه‌ر فه‌رزێك ته‌یه‌مومێك بكات.

وەرگیراوە لە کتێبی : (إعانة الخطباء والأئمة بفقه إمامة الأمة)
لە نوسینى شێخ : محمد بن زيد بن محمد المدخلي

سەردان: ٤,٧٤٩ بەش: تەیەموم