هەندێک لە مزگەوتەکان ئامێریان داناوە کە کاتى بانگ بێ خۆکارانە بانگ دەدات جا پرسیارەکە ئەمەیە ئایا بانگدان بەم شێوەیە دروستە؟ زانایان چی دەفەرموون لەسەر ئەم بابەتە؟ وە زیانەکانى چین ؟
الحمد لله الواحد الأحد الصمد، الذي لم يلد ولم يولد، ولم يكن له كفواً أحد، والصلاة والسلام على نبينا وقدوتنا محمد، وعلى آله وصحبه أجمیعن .
بانگ یەکێکە لەباشترین عیبادەتە گوفتاریەکان ، و یەکێکیشە لە شیعارە دیارەکانی ئیسلام کە گەر خەڵکی وڵاتێک وازی لێ بێنن موستەحەقی سزا دەبن ، ونیشانەی جیا کاریە لەنێوان (دار الإسلام)و (دار الكفر)دا .
وە دانراوە بۆ پێنج نوێژە فەرزەکە ، و ئامانجی گەورە لێی ئاگادار کردنەوەی موسوڵمانانە بەوەی کاتی نوێژێک لەنوێژەکان هاتووە .
جا زانایان چەند مەرجێکیان داناوە بۆ ئەو کەسەی بانگ دەدات ، جا یەکێک لەمەرجەکانی :
هەبوونی نیەتە ، بۆیە گەر بانگ بێژ کەلیماتەکانی بانگی گوت بەبێ نیەت هێنان ئەوا ـ لەسەر بۆ چوونی ڕاست ـ بانگەکەی دروست نی یە ، بۆیە دەبێ لەکاتی بانگ داندا نیەتی هەبێ کەبانگ دەدات بۆ فڵانە نوێژ .
وەیەکێکی تر لەمەرجەکانی بانگ بێژ ئەوەیە پێویستە موسوڵمان وعاقڵ وپیاو وپێ گەیشتوو بێت ، هەر بۆیە بەکۆ دەنگی زانایان دروست نی یە منداڵ بانگ بدات ، وەهەروەها لەسەر بۆ چوونی جمهوری زانایان بانگی سەرخۆش وشێت وئەو کەسەی لەهۆش خۆی چووە دروست نی یە .
وە لەم کۆتاییانەدا بانگ لە ڕادیۆ و تەلەفیزۆنەکاندا بڵاو دەکرێتەوە ، کەلەحەقیقەتدا بانگی کەسێکە کەتەسجیل کراوە .
جا مەبەست لەو بانگه ئاگادار کردنەوەی خەڵکە بەوەی کاتی نوێژ هاتووە ، بەڵام گەر بانگ بێژێک هەبێت وبانگ بدات پێویسته نیەتی ئەوە بێنێت کەبۆ فڵانە نوێژی فەرز بانگ دەدات .
وە ئەسڵ وایە گەر کۆمەڵێ کەس هەبوون و کاتی نوێژ هاتبوو ئەوا کەسێکیان بانگ دەدات و نابێت جیهاز یان هەر ئامێرێکى تر بانگ بدەن ، هەر بۆیە کۆمەڵێ فەتوا وبڕیار دەرچووە لەمەجمەعە فیقهیەکانەوە کە نابێ بەئامێر بانگ بدرێت وپشتی پێ ببەسترێت ، وجێگای بانگ ناگرێتەوە ، بۆیە پێویستە لەسەر موسوڵمانان لەهەموو جێگەیەک کەسێک دەس نیشان بکەن وبانگیان بۆ بدات .
بڕوانە : فتاوى ورسائل الشيخ محمد بن إبراهيم (2/113، 112) وفتاوى اللجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء (6/67،66) فتوى رقم 4091 ورقم 10189.
جا یەکێکە لەو بڕیارانەی کە( المجمع الفقهي الإسلامي برابطة العالم الإسلامي) دەرچووە لەبارەی بانگ دانەوە بە ئامێر و جیهاز ئەمەى خوارەوەیە کە دەفەرموون :
"الحمد لله، والصلاة والسلام على رسول الله، وعلى آله وصحبه، أما بعد: مەجلیسی( المجمع الفقهي الإسلامي برابطة العالم الإسلامي) لەکۆ بوونەوەی نۆیەمیدا کەلە ( مكة المكرمة) لە ڕۆژی شەممە و 12/7/1406هـ بۆ ڕۆژی شەمەی 19/7/1406هـ... بەسترا دوای ئەوەی چەند توێژینەوە و فەتوایەک تاو توێ کرا لەم بارەیەوە بەم شێوەیە بڕیار درا :
یەکەم : بانگ یەکێکە لەشیعارە دیارەکانی ئیسلام ، کە لە دیندا مەعلومە و بەدەق و کۆ دەنگی زانایان ، هەر بۆیە بانگ جیا کەرەوەی وڵاتی موسوڵمان وکافرانە ، وکۆ دەنگی زانایان باس کراوە لەسەر ئەوەی گەر خەڵکی وڵات وشارێک وازیان لەبانگ هێنا ئەوا جەنگیان لەگەڵ دەکرێت .
دووەم : ئەوەی لەموسوڵمانانەوە گێڕدراوەتەوە هەر لەزووەوە لەساڵی یەکەمی کۆچییەوە تاوەکو ئێستا بانگ دانە بۆ هەموو نوێژێک ولەهەموو مزگەوتێکدا هەر چەند لەشارێکدا چەند مزگەوتێک هەبن .
سێیەم : لەو فەرموودەیەدا کە مالیکی کوڕی حوەیرس -رضي الله عنه- گێڕاویەتیەوە ، دەڵێت پێغەمبەر -ﷺ- فەرمووی : (إِذَا حَضَرَتْ الصَّلَاةُ فَلْيُؤَذِّنْ لَكُمْ أَحَدُكُمْ، وَلْيَؤُمَّكُمْ أَكْبَرُكُمْ) رواه البخاري (785) ومسلم (674)..
واتە : گەر کاتی نوێژ هات بایەکێک لەئێوە بانگتان بۆ بدات ،وبا کامەتان لەهەمووتان بەتەمەن ترە پێش نوێژیتان بۆ بکات .
چوارەم : نیەت یەکێکە لەمەرجەکانی بانگ دان ، هەر بۆیە بانگی کەسی سەر خۆش وشێت دروست نی یە لەبەر نەبوونی نیەت ، وبەهەمان شێوە بانگ دان بەتەسجیل .
پێنجەم : بانگ عیبادەتێکە بەلاشە دەکرێت ، ابن قدامة –رحمه الله- دەڵێت : "وليس للرجل أن يبني على أذان غيره؛ لأنه عبادة بدنية، فلا يصح من شخصين كالصلاة.
واتە : بۆ پیاو نییە دوو کەس بەیەکەوە وبەهاو بەشی بانگ بدەن ؛ چونکە بانگیش هاو شێوەی نوێژ عیبادەتێکە بەلاشە ئەنجام دەدرێت وناکرێت دوو کەس ئەنجامی بدەن .
شەشەم : وە بانگ دان بەتەسجیل و هەموان بەیەکەوە چەند زیان وشتێکی خراپی تێدایە ، لەوانە :
أ- چەند سوننەت وئادابێک بەستراوە بەبانگی هەموو مزگەوتێکەوە ، جا بانگ دان لەڕێگای تەسجیلەوە ئەم سوننەتانە دەکوژێ و لەنێوی دەبات .
ب- دەبێته هۆکاری کردنەوەی دەرگای گاڵتە کردن بەدین ، وبڵاو بوونەوەی بیدعە لەنێو موسوڵماناندا ، ودەش بێته هۆکاری مراندنی بانگ بەگشتی .
جا بینا لەسەر ئەم خاڵانە مەجلیسی (القضاء المجمع الفقهي الإسلامي) ئەم بڕیارەی دا :
بانگ دان تەنها بە ئامێری تەسجیل لەکاتی هاتنی کاتی نوێژدا دروست نی یە وجێگای بانگ ناگرێتەوە ، وە واجبە لەسەر موسوڵمانان بۆ هەر نوێژێک ولەهەموو مزگەوتێکدا بانگ بدەن بەو شێوازەی کەلەدێر زەمانەوە ولەسەردەمی پێغەمبەرەوە -ﷺ- هاتووە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ .انتهى
وە لە کۆتایدا دەبێ ئەوەش بزانین کە دەربارەی فەزڵ و گەورەیی بانگ و بانگدەران فەرمودەیەکى زۆر هاتووە جا ئەگەر لە ڕێگەى ئامێرەوە بانگ بدرێ لە مزگەوتەکانەوە ئەوا موسڵمانانى بانگدەر لەم هەموو خێر و پاداشتە بێ بەش و مەحروم دەبن :
یەکەم : لە ئەبی هوڕەیڕەوە خوا لێی ڕازی بێت هاتوە دەفەرموێت: پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (لَو يَعلَمُ النَّاسُ مَا فِي الأذَانِ وَالصَّفِّ الأوَّلِ ثُمَّ لَم يَجِدُوا إلَّا أن يَستَهِمُوا عَلَيهِ لاستَهَمُوا...) رواه البخاری ومسلم.
واتە: ئەگەر خەڵك ئەیانزانی چ فەزڵ و پاداشێك لە بانگدان و ڕیزی پێشەوەی جەماعەتدا هەیە هیچیان بۆ نەئەماوە ئەوە نەبێت قورعەیان بۆ ئەكرد .
دووەم : لە موعاویەوە خوا لێی ڕازی بێت هاتوە دەفەرمووێت: پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (إنَّ المُؤَذِّنِينَ أطوَلُ النَّاسِ أعنَاقاً يَومَ القِيَامَةِ) رواه أحمد ومسلم وابن ماجه. واتە: بانگ بێژەكان لە ڕۆژی دواییدا گەردنیان لە هەموو كەس درێژترە.
سێیەم : لە بەڕائی كوڕی عازیبەوە هاتووە كە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (إنَّ اللهَ وَمَلائِكَتَهُ يُصَلُّونَ عَلَى الصَّفِّ المُقَدَّمِ وَالمُؤَذِّنُ يُغفَرُ لَهُ مُدَّ صَوتِهِ وَيُصَدِّقُهُ مَن سَمِعَهُ مِن رَطبٍ وَيَابِسٍ وَلَهُ مِثلُ أجرِ مَن صَلَّى مَعَهُ) قال المنذري: رواه أحمد والنسائي بإسنادٍ حسنٍ جيد.
واتە: خوا ڕەحمەت ئەڕژێنێ و فریشتەكان ئەپاڕێنەوە بۆ ئەوانەی لە ڕیزی یەكەمی نوێژدا وەستاوون، وە بانگدەر چەند دەنگی بڕوات ئەوەندە لێ خۆش بوونی بۆ هەیە، وە هەرچی لە تەڕ و ووشك ئەو بانگە ببیستێ شایەتی بۆ ئەدات و باوەڕی پێ ئەكات، وە ئەوەندەی پاداشتی ئەو كەسانەی بۆ ئەنووسرێت كە بەو بانگە نوێژ دەكەن لەگەڵی.
چوارەم : لە ئەبی هوڕەیڕەوە خوای لێ ڕازی بێت هاتوە دەفەرمووێت: پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (الإمَامُ ضَامِنٌ وَالمُؤَذِّنُ مُؤتَمَنٌ، اللَّهُمَّ أرشِدِ الأئِمَّةَ وَاغفِر لِلمُؤَذِّنِينَ). واتە: پێش نوێژ زامنەو بانگدەر جێی متمانەیە. خوایە ڕێ نومایی پێش نوێژەكان بكە، و لە بانگدەرانیش خۆش بە.
والله الموفق، وصلى الله على سيدنا ونبينا محمد، وعلى آله وصحبه أجمعين .