پیاوێک خوای گەورە ماڵێکی زۆری پێ بەخشیوە و دەپرسێ چۆن وا بکات لەو ماڵەى کە خواى گەورە لێى ڕازی بێت ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پیاوێک خوای گەورە ماڵێکی زۆری پێ بەخشیوە و دەپرسێ چۆن وا بکات لەو ماڵەى کە خواى گەورە لێى ڕازی بێت ؟
پرسیار:

 ئایا هەبونى ماڵ و سامان چ کاتێک نیعمەتە و چ کاتێک بەڵایە؟

وە ڕێگاکانى بەکارهێنانى ماڵ لە چاکەدا کامانەن؟ چۆن بتوانین باشترین خێرى تیا بکەین؟

وە پێش دەست پێ کردنى هەر ئیش و کار و بازرگانیەک پێویستە کەسی بازرگان چی بکات و وریایی چی بێت بۆ ئەوەى خواى گەورە لێى توڕە نەبێت و بەرەکەت بکەوێتە نێو کارەکەیەوە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکەم :

ماڵ کاتێک نیعمەتە خاوەنەکەی لەڕەزامەندی خوادا بەکاری بێنێت ، و ببێتە یارمەتی دەری لەسەر گوێڕایەڵی خودا ، و بەپێچەوانەوە بەڵایە گەر لەخراپەدا بەکاری بێنێت ، یاخود ببێتە هۆکاری لەخۆ بایی بوونی ، ویاخود بێ ئاگای بکات لەعیبادەت و زیکری خودا .

هەر بۆیە ئاگادار کراوینەتەوە لەفیتنەی ماڵ ؛ چونکە ماڵ زۆر جار دەبێتە هۆکاری لەخۆ بایی بوون ، و کەم جار مافی خودای تێدا جێ بەجێ دەکرێت ، خوای پەروەردگار باس لەوە دەکات هەندێ جار بەخێرات و ماڵی دونیا مرۆڤەکان تاقی دەکاتەوە ، هەروەک فەرموویەتی : ( وَنَبْلُوكُمْ بِالشَّرِّ وَالْخَيْرِ فِتْنَةً وَإِلَيْنَا تُرْجَعُونَ ) الأنبياء/35 ،
واتە : وه‌ ئێوه‌ تاقیده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ دڵته‌نگى و دڵخۆشى، به‌ نه‌خۆشی و له‌شساغی، به‌ هه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی، به‌ هه‌موو شتێك تاقیتان ئه‌كه‌ینه‌وه‌ تا ده‌ربكه‌وێت كێ سوپاسگوزارى خواى گه‌وره‌ ده‌كات ، وه‌ هه‌ر بۆ لای خوای گه‌وره‌یش ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌. 

وە پێغەمبەر فەرموویەتی : ( فَوَاللَّهِ مَا الْفَقْرَ أَخْشَى عَلَيْكُمْ ، وَلَكِنِّي أَخْشَى أَنْ تُبْسَطَ عَلَيْكُمْ الدُّنْيَا كَمَا بُسِطَتْ عَلَى مَنْ كَانَ قَبْلَكُمْ ، فَتَنَافَسُوهَا كَمَا تَنَافَسُوهَا ، وَتُهْلِكَكُمْ كَمَا أَهْلَكَتْهُمْ) رواه البخاري (4015) ومسلم (2961).
واتە : سوێند بەخوا من ترسی هەژاریم لێتان نی یە ، بەڵکو ترسی ئەوەم هەیە دونیا بەڕوتاندا بکرێتەوە هەر وەک چۆن بۆ گەلانی پێش ئێوە کرایەوە ، و مونافەسەی لەسەر بکەن هەروەک چۆن ئەوان مونافەسەیان لەسەر دەکرد ، وبەهیلاکتان ببات هەروەک چۆن ئەوانی بەهیلاکدا برد .

وە ئیمامی مسلم (2742) لەئەبو سەعیدی خودریەوە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی : ( إِنَّ الدُّنْيَا حُلْوَةٌ خَضِرَةٌ ، وَإِنَّ اللَّهَ مُسْتَخْلِفُكُمْ فِيهَا فَيَنْظُرُ كَيْفَ تَعْمَلُونَ ، فَاتَّقُوا الدُّنْيَا ، وَاتَّقُوا النِّسَاءَ ، فَإِنَّ أَوَّلَ فِتْنَةِ بَنِي إِسْرَائِيلَ كَانَتْ فِي النِّسَاءِ ).
واتە : بەڕاستى دونیا سەوز و خۆش و شیرینە ، وە بێ گومان خواى گەورە ئێوەى کردووە بە شوێنگرەوەى یەکتر لەسەر زەوی دا ، و تەماشا دەکات بزانن چ دەکەن ، دەی ئاگاداری دونیا بن و خۆتان لە فیتنەى دونیا و فیتنەى ئافرەت بپارێزن، چونکە یەکەم فیتنەی بەنی ئیسڕائیل ئافرەت بوو .

بەڵام گەر کەسێک خودا تەوفیقی دابێت و ماڵی بە ڕێگای حەڵاڵ پەیدا کرد بێت ، و هەوڵی دابێت لەگوێڕایەڵی خودادا سەرفی بکات ، ئەوا ماڵ بۆ ئەم کەسە نیعمەتە ، و شیاوی ئەوەیە خەڵک خۆزگەی پێ بخوازن ، هەروەک پێغەمبەر فەرموویەتی : (نِعْمَ الْمَالُ الصَّالِحُ لِلْمَرْءِ الصَّالِحِ ) رواه أحمد (17096) وصححه الألباني في "صحيح الأدب المفرد" (299)،
واتە :  ماڵی پاک باشترین شتە بۆ پیاوی ساڵح .

 وە هەروەها پێغەمبەر فەرموویەتی :  ( لَا حَسَدَ إِلَّا فِي اثْنَتَيْنِ : رَجُلٌ آتَاهُ اللَّهُ مَالًا فَسُلِّطَ عَلَى هَلَكَتِهِ فِي الْحَقِّ ، وَرَجُلٌ آتَاهُ اللَّهُ الْحِكْمَةَ فَهُوَ يَقْضِي بِهَا وَيُعَلِّمُهَا ) رواه البخاري (73) ومسلم (816).
واتە : حەسودی دروست نی یە تەنها لەدوو شتدا نەبێت :
پیاوێک خودا ماڵێکی پێ بەخشیوە و لەشتی چاکدا سەرفی دەکات ، وپیاوێک خودا حیکمەت وداناییەکی پێ بەخشیوە ولەشوێنی گونجاودا بەکاری دێنێت .

دووەم :

 ڕێگاکانی بەکار هێنانی ماڵ لەچاکەدا زۆر زۆرە لەوانە :
دروست کردنی مزگەوت و خێر و سەدەقە و کەفالەت کردنی هەتیو و یارمەتی دانی نەحۆش و کەسی موحتاج ، و دڵ خۆش کردنی ماڵ و منداڵ و خزم ، و حەج و عومرە کردن ، و کردنەوەی خولی لەبەر کردنی قورئان و فێربوونی زانستی شەرعی ، و قەرز دان بەکەسانی دەست کورت ، و چاو پۆشی کردن لەکەسانی نەبوو ، و یارمەتی دانی پرۆژە خێر خوازیەکان وەک کەناڵە ئاسمانیەکان و ماڵپەڕە بەسوودەکان و جگە لەمانەش .

وە گرنگ ئەوەیە مرۆڤ بزانێت ماڵی حەقیقی ئەو ئەوەیە کە لە پێناوی خودادا دەیبەخشێت ، چونکە ئەنجامە باشەکەی دەبینێتەوە ، بەڵام ئەو ماڵەی کە هەڵی گرتووە بۆ ئەو نییە بەڵکو بۆ وەرەسەکەیەتی ، ئەمە مانای ئەم فەرموودەیەیە کە پێشەوا البخاري (6442) لە عبداللەی کوڕی مەسعودەوە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی :

(أَيُّكُمْ مَالُ وَارِثِهِ أَحَبُّ إِلَيْهِ مِنْ مَالِهِ ؟ قَالُوا : يَا رَسُولَ اللَّهِ ، مَا مِنَّا أَحَدٌ إِلَّا مَالُهُ أَحَبُّ إِلَيْهِ . قَالَ : فَإِنَّ مَالَهُ مَا قَدَّمَ ، وَمَالُ وَارِثِهِ مَا أَخَّرَ ).
واتە : چ کەسێک لەئێوە ماڵی وەرەسەکەی لەماڵی خۆی لا خۆشەویسترە ؟ گوتیان : ئەی پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هیچ کەسێک لەئێمە نییە ئیلا ماڵی خۆی لا خۆشەویسترە .
فەرمووی : دەی ئەو ماڵەی کەپێش خۆی خستووە ئەوە ماڵیەتی ، وماڵی وەرەسەکەی ئەوەیە کە لە دوای خۆی بەجێ دێڵێت .

سێیەم :

بەنیسبەت ماڵ خستنە پرۆژەوە وئیش پێ کردنی ، ئەوا پێویستە پرسیار لەکەسانی شارەزا لەوبوارەدا بکرێت بەڵام ئێمە کۆمەڵێ بنەمای گشتیت پێ دەڵێین ، لەوانە :

1- پرسیار کردن و ورد بوونەوە لەدروستێتی مامەڵەکە یاخود ڕێگای بەدەست خستنی پێش چوونە نێویەوە .

2- ئاگادار بوون لەوەی ماڵەکەی لەبانکی ڕێبەویدا دانەنێت ، و هەڵنەخەڵەتێت بەوانەی کە فەتوای دروستێتى بۆ داوە ، چونکە ڕیبا یەکێکە لەهۆکارەکانی نەمانی بەرەکەت ، و ئەو کەسەی دەیکات دژایەتی خودا و پێغەمبەری کردووە  .

3- دوور کەوتنەوە لەبابەتی گوماناوی .

4- ناسینی خەتەرناکی ماڵی حەڕام لەسەر نەفس وماڵ ومنداڵ .

5- هەبوونی قەناعەت و پەلە نەکردن ، و هەڵنەخەڵەتان بە قازانجی زۆر پێش ورد بوونەوە لێی تا چەند حەڵاڵە .

6- ئاگادار بوون لەبەهەدەر دانی ئەم نیعمەتە ، بەدانە دەستی کەسانێک کە ئەمین نین .

7- ڕاستگۆ بوون و پاڕاستنی ئەمانەت ، و دوور کەوتنەوە لەحەڕام و غەش و شاردنەوەی عەیب ، بێگومان ئەمانە هۆکارێکن بۆ بەرەکەت ، هەروەک پێغەمبەر   لەبارەی کڕیار و فرۆشیارەوە فەرموویەتی : ( فَإِنْ صَدَقَا وَبَيَّنَا بُورِكَ لَهُمَا فِي بَيْعِهِمَا ، وَإِنْ كَتَمَا وَكَذَبَا مُحِقَتْ بَرَكَةُ بَيْعِهِمَا ) رواه البخاري (2097) ومسلم (1532).
واتە :گەر ڕاستگۆ بوون وعەیب وناتەواویەکانیان ڕوونکردەوە ئەوا بەڕەکەت دەکەوێته مامەڵەکەیانەوە ، خۆ ئەگەر ناتەواویەکانیان شاردەوە ئەوا بەرەکەت لەمامەڵەکەیاندا نامێنێت .

نسأل الله أن يبارك لك في مالك ، وأن يوفقك لتنميته ، واستعماله فيما يرضيه .

والله أعلم .

سەردان: ٢,١٣٤ بەش: کار و بازرگانی