حوکمی کردنەوەی دوکانى سەرتاشین و بە کرێ دانى دوکان بۆ سەرتاشین چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی کردنەوەی دوکانى سەرتاشین و بە کرێ دانى دوکان بۆ سەرتاشین چیە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
هیچ نەنگی و ڕێگریەک نیە لە کردنەوەی دوکان و شوێنی سەرتاشخانەی پیاوان و ئەنجامدانی ئەو کارە بەمەرجی دوورکەوتنەوە لە کارە حەرام و ڕێپێنەدراوەکانی وەک ڕیش تاشین و تاشینی قژ لەسەر شێوەیەک کە لێچواندن بێ بە بێ باوەڕان .
 پرسیار کراوە لە شێخ عبدالله بن عبدالعزیز بن باز رحمه الله سەبارەت بە پارەی سەرتاشەکان ئایا حەڵاڵە یان حەرام؟
لە وەڵامدا فەرمویەتى :
ئەمە پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاترە - ئەگەر تەنها سەرتاشین بێ هیچی تێدانیە و حڵاڵە ــ
بەڵام ئەگەر سەرتاش ڕیشی خەڵکی تاشی ئەمە کارێکی مونکەر و خراپە و ڕێگەپێدراو نیە .
بۆیە واجب و پێویستە لەسەر سەرتاشەکان کە لەخوا بترسن و نە ڕیش بتاشن و نە کەمی بکەنەوە و هەر کەسیش داوای لێکردن با ڕێگری لێبکەن و ئامۆژگاری بکەن و پێی بڵێن کە ئەمە کارێکی ڕێپێدراو نیە و پەیامبەری خوا دەفەرموێ : (جزو الشوارب وأرخوا اللحى خالفوا المجوس) رواه البخاري ومسلم . واتە : مێڵتان کورتبکەنەوە و ڕیشتان بەردنەوە و پێچەوانەی هاوبەش بڕیاردەران بکەن"
وە هەورەها دەفەرموێ : (خالفوا المشركين أوفروا اللحى وأصفوا الشوارب –وفي الرواية- أنهكوا الشوارب وأعفوا اللحى) متفق عليه.
واتە: سمێڵتان بگرن ئەوەى كەوتووەتە سەر لێوەكانتان نەك تاشینى سمێڵ وەڕیش بهێڵنەوە و زیادى بكەن پێچەوانەى ئاگر پەرستان بكەن كە ئەوان ڕیشیان دەتاشى و سمێڵیان دەهێشتەوە.
بۆیە سەرتاش بۆی نیە ڕیش بتاشێ و زۆر کورتی بکاتەوە و دەبێ ئامۆژگاری ئەو کەسانەش بکات کە داوا ئەنجامدانی دەکەن و دووربکەونەوە لە ڕازیبوون بە داواکەیان و ئەو پارەو ماڵەی لەڕێگەی ڕیش تاشینەوە بەدەست دێ پارەیەکی پیس و حەرامەــ
وە هەروەها کەسێک پرسیار دەکات لە شێخ ابن عوسەیمین بە رەحمەت بێت و دەڵێت :
کەسێکی نزیکم دوکانێکى سەرتاشینی هەیە و داویەتی بەکرێ و ئامۆژگاریم کرد کە ئەو کارە حەرامە و پارەکەی حەرامە لەبەر ئەوەی تاشینى ڕیشى موسڵمانان لەشەرعدا ڕێگەپێدراو نیە ، و ئەویش ووتی من پارەکە لە ڕێی کاری حەلاقیەوە دەست ناخەم بەڵکو لەرێگەی بە کرێ دانى دوکانەکەوە دەستم دەکەوێت و خەڵکیش ئازادن لەتاشینی ڕیشیان و من زۆر لە کەس ناکەم کە لای کرێچیەکەی من ڕیشیان بتاشن ــ
شیخیش وەڵامی دایەوە و فەرموی
"ئەگەر ئەو دوکانە نوسراوێکی هەڵواسیبێ و تێیدا نووسرابێ ڕیشتاشین قەدەغەیە و ئەم نوسراوە جێبەجێ بکات و هەرکات خەڵکی هاتنە لای و داوای ڕیش تاشینیان لێ کرد و ئەنجامی نەدا و ڕێگری کرد هیچ نەنگی و کێشەیە لەو ڕزق و ماڵەیدا نیە ــ بەڵام ئەگەر هەرکەس داوای ڕیش تاشینی لێکرد و ئەمیش ئەنجامیدا بۆی ئەوە ڕێپێدراو نیە و لەسەریەتی دوکان و ساڵونەکەی بگۆڕێ بەکارێ لەوە باشتر و هەرکەسیش واز لەکارێ بێنێ لەبەر خواى گەورە دڵنیابێ خوای گەورە بەباشتر جێگەی بۆ پڕ دەکاتەوە ـ
کورتەی ووتە ئەوەیە :
کە کردنەوەی دوکانی سەرتاشخانە ڕوونکردەوەی دەوێ ــ
ئەگەر مروڤ رێگری کرد لەتاشینی ئەو شوێنانەی کە تاشینى حەرامە ، ئەوا پارەکەی هیچی تێدانیە و هوکارێکە لە هۆکارەکانی بەدەستهێنانی ڕزق و ڕۆزی و بەڵام ئەگەر داواکار داوای لابردن و تاشینی ئەو شوێنانەی کرد کە لابردنى حەرامە ئەوا کارێکە ڕێپێدراو نیە .

ستافى وەڵامەکان

 

سەردان: ٣,٩٠٢ بەش: کار و بازرگانی