حوكمی خوێندنی دوعای خەتمى قورئان چیە؟ وە ئایا هیچ دوعایەکى تایبەت هەیە بۆ خەتمى قورئان؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمی خوێندنی دوعای خەتمى قورئان چیە؟ وە ئایا هیچ دوعایەکى تایبەت هەیە بۆ خەتمى قورئان؟
وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

1_ خوێندن ‌و تایبەتكردنی دوعایەكی دیاریكراو لەدوای خەتمی قورئان هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نیە‌و كارێكی بیدعەیە، وەك لە درێژەى وەڵام ئاماژەى پێ کراوە .
2_ هەوەها خوێندنی ئەو دوعایانەش، كە لە هەندێك چاپی قورئاندا هەیە‌و لەژێر ناوی (دعاء ختم القرآن)دا نوسراونەتەوە‌و چاپ كراوون پەیوەستبون پێوەی لەپاش خەتم كردنی قورئانی پیرۆز لە سوننەتدا نیە.

حوكمی خوێندنی دوعایەك بەناوی (دوعای خەتمی قورئان)
مەبەست لە خوێندنی (دوعای خەتمی قورئان) ئەو دوعایەیە، كە لەپاش خەتم كردن‌و دەور كردنەوەی قورئانی پیرۆز لەلایەن هەندێك لە موسوڵمانانەوە وەك پەرستشێك دەخوێندرێت.
جا ئەم دوعایە موسوڵمانان بەگشتی لە دوو حاڵەتدا دەیخوێنن، یەكەمیان: لە ناو نوێژدا، دوەمیان لە دەرەوەی نوێژدا.
یەكەم: خوێندنی دوعای خەتمی قورئان لەناو نوێژدا
دووەم: خوێندنی دوعای خەتمی قورئان لە دەرەوەی نوێژ

یەكەم: حوكمی خوێندنی دوعای خەتمی قورئان لەناو نوێژدا:
هەندێك لە موسوڵمانان لە هەندێك وڵاتدا لە نوێژەكانیدا قورئانی پیرۆز خەتم دەكەن، كە بێگومان ئەمە كارێكی پڕ خێر‌و بەرەكەتە‌و كردەوەیەكی ستایش كراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج‌و باسكردنە، كە لێرەدا مەبەستمانە لەسەری بدوێین، ئەوەیە، كە هەندێك جار موسوڵمانان لەدوای تەواو بوونیان لە خەتمكردنی قورئانی پیرۆز هەر لەناو نوێژەكەیاندا دەست دەكەن بە خوێندنەوەی چەند دوعایەكی دیاریكراو بەناوی (دوعای خەتمی قورئان).
ئەم كارەش زیاتر لە ڕەمەزاناندا بەدی ئەكرێت، چونكە مانگی خەتم كردن‌و دەور كردنەوەی قورئانی پیرۆزە، بەشێوەیەك لە پاش خەتم كردنی قورئانی پیرۆز هەندێك جار هەندێك ئیمام، كە پێشنوێژی بۆ خەڵكی دەكەن لە شەوانی كۆتایی ڕەمەزاندا‌و لەڕكاتی كۆتایی نوێژی تەراویحدا دەست ئەكەن بە خوێندنەوەی چەند دوعایەك كە ناوی ئەبەن بە دوعای خەتمی قورئان.
زانایانی ئیسلام دەربارەی حوكمی ئەم كردەوەیە بێدەنگ‌و غافڵ نیین‌و هەر لە كۆنەوە تا ئێستە زانایانێك قسەیان لەسەر ئەم باسە كردووە‌و حوكمەكەیان بۆ خەڵكی ڕوون كردووەتەوە.
وە وتەی ڕاست‌و درووست‌و بەڵگەدار‌و باوەڕ پێكەر لای زانایانیش ئەوەیە، كە ئەم كارە زیادەیە لەدیندا‌و هێنراوەتە ناو دینی ئیسلامەوە‌و كاری لەم جۆرە لە پیشەی سەلەفی صاڵح نەبووە.
چونكە هیچ ئایەتێك یان فەرموودەیەكی صەحیحی لەسەر نەهاتووە، هەر بۆیە لای جمهوری زانایانیش بە سوننەت هەژمار نەكراوە( 1).
ئاشكرایە كە پێغەمبەری خوا فەرمویەتی: (صَلُّوا كَمَا رَأَيْتُمُونِي أُصَلِّي)أخرجه (البخاري) برقم: (631)، و(مسلم) برقم: (674)، واتە: (نوێژ ئەنجام بدەن هەر وەك چۆن من دەبینن، كە نوێژ ئەنجام دەدەم)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە سیفەتی نوێژكردنی پێغەمبەردا نەهاتووە، كە لەدوای خوێندنی قورئانی پیرۆز دوعای خوێندبێ بەناوی (دوعای خەتمی قورئان).
هەروەها ئاشكرایە كە هەموو زیكرەكان لە نوێژدا ڕونكراونەتەوە‌و شوێنەكەشی دیاری كراوە بۆمان، هەر وەك زیكری دەستپێكردنی نوێژ (دعا‌ء استفتاح)، دوعای ڕكوع، دوعای كوڕنوش بردن، دوعای پێش سەلام دانەوە لە نوێژدا، ئەمانە هەموویان بەفەرموودەی صەحیح جێگیر بوون‌و وەك خۆی بۆمان نەقڵ كراوە، بەڵام (دوعای خەتمی قورئان) هیچ فەرموودەیەكی صەحیحی لەسەر نەهاتووە‌و وە شوێنەكەشی دیاری نەكراوە، لەبەر ئەوە كارێكی بیدعەیە‌و خۆپاراستن لێی ئەركی سەرشانمانە، ئەمانەش هەندێكن لە ووتەی زانایان لەو بارەیەوە:

1_ پرسیار كرا لە شێخ (ابن عثيمين) رحمه الله: حوكمی خوێندنی دوعای خەتمی قورئان لە تەراویحی مانگی ڕەمەزاندا چیە؟
لە وەڵامدا فەرموی: (لا أعلم في ختمة القرآن في قيام الليل في شهر رمضان سنة عن النبي ، ولا عن الصحابة أيضا، وغاية ما ورد في ذلك أن أنس بن مالك رضي الله عنه كان إذا ختم القرآن جمع أهله ودعا. وهذا في غير الصلاة) فتاوى أركان الإسلام: (ص 354)
واتە: (وا نازانم لە تەراویحی شەوانی ڕەمەزاندا كە قورئان خەتم دەكرێت دوعای خەتم سوننەت بێ نە لە پێغەمبەری خواوە ، نە لە هاوەڵە بەڕێزەكانەوە، وە ئەوەش كە (ئەنەس)ی كوڕی (مالیك)ەوە رضي الله عنه هاتووە، كە لەپاش خەتمی قورئان خێزان‌و مناڵەكانی خۆی كۆكردوەتەوە‌و دوعای بۆیان كردووە، ئەمە لە دەرەوەی نوێژدا بووە).

2_ پرسیاریان كرد لە ئیمامی (الألباني) رحمه الله بەم جۆرە: (ئایا دوعای خەتمی قورئان بنەمایەكی هەیە لە دیندا)؟
ئیمامی (الألباني) لەوەڵامدا فەرموی: (لا لَيسَ لَهُ أَصْل) سلسلة رحلة النور، الشريط (19)، دقيقة: (42:30). واتە: (نەخێر، هیچ بنەمایەكی لە شەرعدا نیە) .

3_ شێخ (مقبل الوادعي) رحمه الله دەفەرموێت: (دوعای خەتمی قورئان لە پێغەمبەری خواوە جێگیر نەبووە‌و بە صەحیحی لێیەوە ڕیوایەت نەكراوە كە دوعای خەتمی قورئانی خوێندبێت، بێگومان جبریل عليه السلام هەموو ساڵێك جارێك قورئانی پیرۆزی بەسەر پێغەمبەردا خەتم دەكرد، لەو ساڵەشدا كە وەفاتی كرد ، دوو جار قورئانی پێ خەتم كرد، لەگەڵ ئەوەشدا لێیانەوە نەگێڕدراوەتەوە، كە لەدوای تەواوبون‌و خەتمكردنی قورئانی پیرۆز ئەم دوعا دور‌و درێژەیان خوێندبێت). من شریط: (حكم التصویر)

4_ پرسیاریان كرد لە شێخ (صالح سحيمي) حفظه الله : ئایا لەپاش خەتمی قورئان خوێندنی دوعا سوننەتە؟
لەوەڵامدا فەرموی: (خوێندنی دوعا لە پاش خەتم كردنی قورئانی پیرۆز لە سوننەتدا نەهاتووە، لە هەندێك لە هاوەڵەكانەوە هاتووە، لە (ئەنەس)ەوە هاتووە رضي الله عنه ، بەڵام بەم شێوەیە نەبووە كە ئێستا دەخوێندرێت).

5_ هەروەها شێخ (بكر أبو زید) رحمه الله دەفەرموێت: (دوعای خەتمی قورئان لەناو نوێژدا، جا ئیمام بیكات یاخود كەسێك كە بەتەنها نوێژ دەكات بیخوێنێت، پێش ڕكوع بێ یان دوای ڕكوع، لە تەراویحدا بێ یاخود لە غەیری تەراویحدا بێت، بەڕاستی هیچ لەبارەیەوە بە صەحیحی نەهاتووە، كە بنەمایەكی هەبێت لە پێغەمبەرەوە ، هەروەها بە صەحیحی نەهاتووە لە یەكێك لە هاوەڵە بەڕێزەكانەوە، بێگومان بنەمای پەرستش وەستێنراوە لەسەر دەقی قورئان‌و فەرمودە (واتە: هەر پەرستشێك بەڵگە‌و دەقی قورئان یاخود فەرمودەی لەسەر نەبوو پێی ناوترێ پەرستش‌و عیبادەت)، ئەم بنەمایەش بە چواردەوری شەش شتدا دەسوڕێتەوە، كە ئەمانەن: (هۆكاری عیبادەت، جۆرەكەی، شێوە‌و سیفەتەكەی، ئەندازەكەی، كاتەكەی، شوێنەكەی).
كە بەڕاستی دیارە دوعا‌و نزای خەتمی قورئان سەبەب‌و هۆكارەكەی لە سەردەمی پێغەمبەری خوادا هاتبوە جێ لە دەرەوەی نوێژدا، چونكە دابەزینی وەحی تەواو بووبوو لە ژیانی پێغەمبەردا ، هەروەها جبریل لە هەمو ساڵێكدا قورئانی پیرۆزی بە پێغەمبەر دەور دەكردەوە، لەو ساڵەشدا كە وەفاتی كرد دوو جار پێی دەور كردەوە، لەگەڵ ئەمانەشدا پێغەمبەر دوعای خەتمی قورئانی نەخوێندووە، لەگەڵ ئەوەشدا كە سەبەب‌و هۆكارەكەش هاتبووە جێ، خۆ ئەگەر بوترێ دوعای خوێندووە، كوا فەرموودەكەی؟ ). مرويات دعاء ختم القران للشيخ بكر أبو زيد

دووەم: حوكمی خوێندنی دوعای خەتمی قورئان لە دەرەوەی نوێژدا:
لەم بارەیەشەوە وەك فەرمودە هیچ فەرموودەیەكی صەحیح نەهاتووە لە پێغەمبەری خواوە دەربارەی خوێندنی دوعا یان چەند دوعایەكی دیاریكراو لەپاش خەتم كردنی قورئانی پیرۆز، لەگەڵ ئەوەشدا، كە پێغەمبەری خوا قورئانی زۆر دەخوێندەوە‌و دەوری دەكردەوە. هەرچی ئەو فەرموودانەش، كە لەم بارەیەوە هاتوون هەمووی لاوازن یان هەڵبەستراون..

بەڵام دەربارەی هاوەڵە بەڕێزەكان:
لە (ئەنەس)ی كوڕی (مالیك)ەوە رضي الله عنه فەرمایشت كراوە‌و بەصەحیحی هاتووە، كە لەپاش خەتمكردن‌و خوێندنەوەی هەموو قورئانی پیرۆز خێزان‌و مناڵەكانی بانگ دەكرد‌و كۆی دەكردنەوە‌و دوعای بۆ خۆی‌و بۆ ئەوانیش دەكرد، لەفزی ڕیوایەتەكەش بەم شێوەیە هاتووە:
(كَانَ أنس رضي الله عنه إِذَا خَتَمَ القُرْآنَ جَمَعَ وَلَـدَهُ وَأَهْلَ بَيْتِهِ فَدَعَا لَهُم) (2)
واتە: (ئەنەس)ی كوڕی (مالیك) رضي الله عنه ئەگەر قورئانی پیرۆزی خەتم بكردایە، خێزان‌و مناڵەكانی كۆدەكردەوە‌و دوعای بۆ دەكردن).
بەڵام ئەو هاوەڵە بەڕێزە ئەو دوعایانەی نەخوێندووە، كە ئێستا دەخوێندرێت‌و بە ناوی دوعای خەتمەوە بڵاو دەكرێتەوە لە موصحەفەكاندا.

بەشێك لەزانایان كردەوەی ئەو هاوەڵە بەڕێزە دەكەن بەبەڵگە‌و بە درووستی دەزانن لەدوای خەتمكردنی قورئانی پیرۆز دوعا بكرێت (لەدەرەوەی نوێژدا)، موسوڵمان چی دوعایەكی هەبێت بیكات‌و داوا لەخوای گەورە بكات‌و لێی بپاڕێتەوە، ئەمانەی خوارەوەش ووتەی هەندێك لەو زانایانەیە:
ئیمامی (القرطبى) رحمه الله دەفەرموێت: (يستحب دعاء عند الختم) التذكار: ص: (80)
ئیمامی (النووي) رحمه الله دەفەرموێت: (يستحب دعاء عند الختم، استحبابا متأكدا شديدا) الأذكار: (91)
ئیمامی (البيجوري) رحمه الله دەفەرموێت: (ويسن دعاء عقبه أى: بعد ختم القران) حاشية البيجورى: (1/122)

بەشێكی تر لە زانایان ئەم كارەیان بە سوننەت دانەناوە‌و پێیان نادرووست بووە لەپاش خەتم كردنی قورئانی پیرۆز دوعا بخوێندرێت (لەدەرەوەی نوێژدا)، لەبەر ئەوەی خۆشەویستمان ئەنجامی نەداوە‌و ڕێنمونی هاوەڵانیشی نەكردووە بەئەنجامدانی.
شێخ (مقبل الوادعي) رحمه الله لەم بارەیەوە دەفەرموێت:
(بەڵام ئەوەی كە لە (ئەنەس)ەوە رضي الله عنه هاتوە‌و ڕیوایەت كراوە نابێتە بەڵگە، من بەدواداچونم بۆ وتەكەی ئەنەس رضي الله عنه نەكردوە، خۆ ئەگەر لێشیەوە ریوایەت كرابێت هەر بەڵگە نیە، خوای پەروەردگار دەفەرموێت: [اتَّبِعُوا مَا أُنزِلَ إِلَيْكُم مِّن رَّبِّكُمْ وَلَا تَتَّبِعُوا مِن دُونِهِ أَوْلِيَاءَ ۗ قَلِيلًا مَّا تَذَكَّرُونَ ] سورە: (الأعراف) : (3) واتە : [شوێن ئەو بەرنامەیە بكەون، كە لەلایەن پەروەردگارتانەوە بۆتان هێنراوەتە خوارەوە، جگە لەو زاتە شوێن هیچ پشتیوانێك‌و خۆشەویستێكی تر مەكەون، كەم پەند وەردەگرن‌و بیردەكەنەوە]
ئێمە تەحەددایان دەكەین، كە ئەو دوعا دوورو درێژە لە ئەنەسەوە رضي الله عنه ثابت بوبێت، كامەیە لێیەوە گێڕدراوەتەوە؟! باشترین ڕێباز ڕێبازی پێغەمبەرە .
پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: (هەر كەسێك شتێك لە دیندا دابهێنێت‌و لەدیندا نەبێت ئەوا لێی وەرناگیرێت‌و بەسەریدا ڕەد دەكرێتەوە)، هەروەها دەفەرموێت: (بەڕاستی خوای گەورە دەرگای تەوبەی لە هەموو خاوەن بیدعەیەك داخستووە، هەتا واز لە بیدعەكەی دەهێنێت)، (وە باشترین ڕێباز ڕێبازی پێغەمبەری خوایە )). من شريط: (حكم التصوير)

پەیوەست بوون بە چەند دوعایەكی (دیاریكراو)ەوە لەدوای خەتمكردنی قورئان
شێخ (محمد ناصرالدين الألباني) رحمه الله دەفەرموێت: (ما لا شك فيه أن التزام دعاء معين بعد ختم القرآن من البدع التي لا تجوز، لعموم الأدلة، كقوله : (كُلُّ بِدْعَةٍ ضَلَالَةٌ وَكُلُّ ضَلَالَةٍ فِي النَّارِ)، وهو من البدع التي يسميها الإمام الشاطبي بـ (البدعة الإضافية). السلسلة الأحاديث الضعيفة والموضوعة: (13/315)، تحت حديث رقم: (6135)
واتە: (ئەوەی گومانی تیانیە ئەوەیە، كە پەیوەست بوون بە دوعایەكی دیاریكراوەوە لەدوای خەتمكردنی قورئانی پیرۆز لەو بیدعانەیە كە درووست نیە‌و ناشەرعییە، ئەمەش لەبەر گشتێتی بەڵگەكان، وەك فەرموودەكەی پێغەمبەر : (هەموو بیدعەیەك گومڕاییە‌و هەموو گومڕاییەكیش لەئاگردایە)، ئەم كارەش لەو بیدعانەیە، كە ئیمامی (شاطبی) رحمه الله ناوی ناوە بە (بیدعەی ئيضافى)
بیدعەی ئيضافى:
بریتییە لەوەی، كە كردەوەیەكی شەرعی ئەنجام بدرێت بە غەیری ئەو شێواز‌و چۆنیەتیەی كە لەسوننەتدا هاتووە، واتە كارەكە خۆی لە ئەصڵدا شەرعی‌و ڕێگە پێدراوە، بەڵام خەڵكی بەشێوازێك ئەنجامی بدەن غەیری ئەو شێوازەی، كە فەرمانی پێ كراوە، وەك ئەوەی كەسێك ڕۆژی (یەك شەممە) تایبەت بكات بە بەڕۆژو بوون، یان شەوێك لەشەوەكان تایبەت بكات بەشەو نوێژ، ئەمە بیدعەیە، هەرچەندە ڕۆژو گرتن‌و شەونوێژ كردن خۆیان لەبنچینەدا كارێكی چاك‌و ڕێگە پێدراون، بەڵام تایبەتكردنیان بە كاتێكی دیاری كراوەوە كە لەشەرعی خوادا تایبەت نەكرابێتن بەكاتێكی دیاری كراوەوە، ئەوا كردەوەكە دەكات بەبیدعە، لە جۆری (بیدعەی ئيضافى).

شێخ (محمد بن صالح العثيمين) رحمه الله دەفەرموێت:
(ليس في السنة النبوية دعاء خاص بعد ختم القرآن الكريم، ولا حتى عن أصحاب النبي أو الأئمة المشهورين) فتاوى الشيخ ابن عثيمين: (14/226) . واتە: (لە سوننەتی پێغەمبەردا نیە دوعایەكی تایبەت لەدوای خەتمكردنی قورئان، وە لە سوننەتی هاوەڵەكانی پێغەمبەردا ، یان پێشەوا ناودارەكاندا نیە).

ئەو دوعایەی كە نوسراوەتەوە لە پەڕەكانی ئەخیری قورئانی پیرۆزدا لەژێر ناوی (دعا‌ء ختم القرآن) بیدعەیە‌و خوێندن‌و پەیوەستبوون پێوەی سەرپێچییە
لە هەندێك چاپی قورئاندا دەبینین لە كۆتاییەكەیدا چەند پەڕەیەكی تەرخانكردوە‌و تیایدا نوسراوە (دعا‌ء ختم القرآن)‌ و لەژێر ئەم ناونیشانەشدا كۆمەڵێك دوعا نوسراوەتەوە‌و دیارە پێیان وایە خوێندنی ئەو دوعایانەی، كە خۆیان دیاریان كردووە لە دیندایە‌و موسوڵمان واباشە بیخوێنێت! لەوەش زیاتر هەندێكیان ئەو دوعایانە دەدەنە پاڵ شێخی ئیسلام (ئیبن تەیمیە)‌ ودەڵێن ئەو بەدرووستی زانیوە‌و خوێندویەتی! بەڵام ئەوەی ڕاست بێت ئەوەیە كە:
1_ دیاریكردن‌و تایبەت كردنی ئەو دوعایانە لەدوای خەتمی قورئان، لەدینی ئیسلامدا نییە‌و لە هیچ فەرموودەیەكی صەحیحدا ئەو دوعایانە بەیەكەوە نەهاتوون تا لەو كاتەدا بخوێندرێت، بەڵكو ئەوە كارێكی داهێنراوە‌و بیدعەیە، بۆیە نابێت بخوێندرێت.
2_ دانەپاڵی ئەو دوعایانە بۆ شێخی ئیسلام (ئیبن تەیمیە) ستەم‌و بوهتانە، چونكە ئەو زانا بەڕێزە لە هیچ یەكێك لە نوسراوەكانیدا ئیقراری لەسەر وەها دوعایەكدا نەكردووە، هەروەها لێیەوە نەهاتووە، كە خوێندبێتی یان فەرمووبێتی بیخوێنن.
شێخ (محمد ناصرالدين الألباني) رحمه الله دەفەرموێت:
(بەدڵنیاییەوە ئەو دوعا چاپ كراوەی، كە لەكۆتایی هەندێك لە موصحەفەكاندا نوسراوە، لە وڵاتی توركیا‌و غەیری ئەویشدا چاپ كراوە، لە ژێر ناونیشانی (دوعای خەتمی قورئان)، وە دەدرێتە پاڵ شێخ ئیسلام (ئیبن تەیمییە) رحمه الله ئەم دوعایە ئەوەندەی بزانین هیچ بنەمایەكی نییە لە پێشەوا (ئیبن تەیمییە)وە یان جگە لەو لەزانایانی ئیسلام، وە پێم ناخۆشە، كە ئەو دوعایە بلكێنرێت بە كۆتایی موصحەفەوە، كە (چاپخانەی ئیسلامی) لە بەیروت لە ساڵی (1386)دا هەستاوە بە چاپ كردنی، لەسەر نەفەقەی شێخ (أحمد بن علي بن عبد الله آل ثاني) ڕەحمەتی خوای لێبێت.
ئەگەرچی ئەم دەستەواژەیەش نوسراوە (كە دراوەتە پاڵ شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیە)، كە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە ڕاست بێت، هەر وەك خەڵكی لێی تێگەیشتون، وە فەرمانمان پێ كراوە كەوا بە ئەندازەی عەقڵی خەڵكی قسەیان لەگەڵ بكەین، وە شێخی ئیسلام لە هەموو خەڵك دوورترە لەوەی كەوا ئەم قسەیەی كردبێت‌و ئەم بیدعەیەی هێنابێت، لەكاتێكدا ئەو فەزڵی زۆری هەیە بە زیندوكردنەوەی سوننەت‌و لەناوبردنی بیدعە لەسەردەمی خۆی‌و دوای خۆشی، خوای گەورە پاداشتی خێری بداتەوە‌و سوپاس‌و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان). السلسلة الأحاديث الضعيفة والموضوعة: (13/315) تحت حديث رقم (6135)
شێخ (محمد بن صالح العثيمين) رحمه الله دەفەرموێت: (..الدعاء المكتوب في آخر كثير من المصاحف منسوباً لشيخ الإسلام ابن تيمية رحمه الله ، ولا أصل له عنه) فتاوى الشيخ ابن عثيمين: (14/226). . واتە: (ئەو دوعایەی كە لەكۆتایی زۆرێك لە موصحەفەكاندا نوسراوەتەوە، كە دەدرێتە پاڵ شێخی ئیسلام (ئیبن تەیمییە)، هیچ بنەمایەكی نییە، كە لەوەوە هاتبێت).

كەواتە برا‌و خوشكی موسوڵمانم:
1_ خوێندن‌و تایبەتكردنی دوعایەكی دیاریكراو لەدوای خەتمی قورئان هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نیە‌و كارێكی بیدعەیە، وەك پێشتر ڕوونكرایەوە.
2_ هەوەها خوێندنی ئەو دوعایانەش، كە لە هەندێك چاپی قورئاندا هەیە‌و لەژێر ناوی (دعاء ختم القرآن)دا نوسراونەتەوە‌و چاپ كراوون پەیوەستبون پێوەی لەپاش خەتم كردنی قورئانی پیرۆز لە سوننەتدا نیە.

بۆ ئەم وەڵامە سود وەرگیراوە لە کتێبی : (نیعمەتی ڕەحمان لـە ڕونكردنەوەی بابەتە فیقهی ‌و عەقیدەییەكانی پەیوەست بە قورئـان) لە نوسین و ئامادەکردنى : د. هردی صدیق

=============
(1) أسنى المطالب: (1/64)، تحفة المحتاج: (1/55)، الفتاوى الهندية: (5/318) وفيها: (يكره الدعاء عند الختم القرآن بجماعة، لأن هذا لم ينقل عن النبي )
(2) رواه: ابن المبارك (الزهد) برقم: (809)، وابن أبي شيبة (المصنف) برقم: (1087)، وقال الألباني في: رواية الدارمي: سنده صحيح (من تعليقه على كتاب: لفتة الكبد ص: (7)

سەردان: ٢٢,٤٣٢ بەش: قورئانی پیرۆز