ئايە له شەرعدا ڕەگەزی سێیەم باسی هاتووە، ئەی بەپێ ی ئاینی بەرزی ئيسلام ئەو كەسانە ڕێزلێگیراون ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئايە له شەرعدا ڕەگەزی سێیەم باسی هاتووە، ئەی بەپێ ی ئاینی بەرزی ئيسلام ئەو كەسانە ڕێزلێگیراون ؟

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
بەڵێ لە شەرعدا باس لەو حاڵەتە كراوەو چەند ئەحكام وياسايەكيش لەدەرحەق ئەو كەسانەو حاڵەتی وا بوونی هەیە .
- لە زمانی شەرع بەو كەسانە دەوترێت (خنثى) كۆیەكەی ( خُناثى) يان ( خِناث) یە ئەو كەسانەن كە هەردوو سيفەتی نێرینەو و مێينە يان هەڵگرتووە .
- لە زاراوەی شەرعدا: بەو كەسانە دەوترێت كە لەيەككاتدا هەردوو ئەندامی نێرینەو مێينەی هەبێ ، يان لە بنەڕەتدا هیچ يەك لەو ئەندامانەی نەبێ تەنها لە ڕێگەی كونێكەوە خۆی لە ميز خاڵی بكاتەوە.
(مخنَّث) يش بەفەتحەی (ن) ی شەدەدار: بەو كەسانە دەڵێن كە خۆی نێرە بەڵام لە هەڵسو كەوتیەوە خۆی بە مێینە بچوێنێت و وەك ئەوان ڕەفتار بكات ، ئەوانيش دوو جۆريان هەيە :
1- ئەوانەی خۆيان ئاوا خوڵقاون ، هيچ تاوانێكيان نييەو لەسەر ئەم سيفەتەيان لۆمە ناكرێن.
2- ئەگەر خۆی وانەبێ بەڵام خۆی چواندبێ بە ئافرەت ، ئائەمەیان بەپێی فەرموودەی دروست نەفرەتی لێكراوە ؛ كەواتە :( مخنث) لەڕواڵەتدا شاراوە نییەو ديارە كە نێرە ، بەڵام ( خنثى) نێرەموك ديارنییە .
ئەمانەشيان واتا ڕەگەزی سێيەم دابەش دەبن بەسەر دوو جۆرەوە :
1- ناديارو ئاڵۆز .
2- ديارو ئاشكرا.
جۆری دووەميان ئەوەیە كە نيشانەكانی نێرينە ، يان مێينەيان لێوە بەديار دەكەوێت، دەزانرێت كەوا لەكام ڕەگەزە واتە ئاڵۆزاوی نيیه ، ئەحكامەكانيان بە پێی جۆری دەركەوتنەكەيان دەبێت .
بەڵام ئاڵۆز ئەوەیە كە هیچ نيشانەيەك نيیە تا بزانرێت نێرە يان مێ ، نيشانەكان دژيەكن وبەئاستەم جيادەكرێنەوە.
ئەم جۆرەشيان دووانن
1- هەردوو ئەندامەكانی هەیەو ، وەكو يەكيش دەركەوتوون.
2- هیچ لەو ئەندامانەی نيیە .
جمهوری فوقەهاكان دەربارەی جۆری يەكەميان دەڵێن: لە پێش باڵغ بوون بەمە جيا دەكرێتەوە ، ئەگەر لەوكاتەدا واتە ( لە ماوەی پێش بالغ بوون) بە ئەندامی نێرينە ميز بكات ئەوا نێرە ، ئەگەر بە ئەندامی مێینە بيكات مێ یە .
لەدوای باڵغ بوونيش بەوە دەناسرێتەوە گەر ڕیشی بێت ، يان بە ئەندامی نێرينە ئاوی (مەنی) بێتەوەو ، يان ئافرەت سك پڕ بكات ئەوكاتە ديارە كەوا پياوە يان بوێرو بە جەرگ بێت و زبرو بە ئارام وپشو درێژ بوو ئەوا نيشانەی پياوەتی یە .
بەڵام ئەگەر سنگی هەڵساو يان شير پەیدا بكات، ياخود بكەوێتە سەر خوێن و سوڕی مانگانەوەو بگونجێت كە لە گەڵ پیاو سەرجێیی بكات ، ئەوا ئافرەتەو وەكو ئافرەت مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت .
هەندێ لە زانايان ئەوانەی كەوا هەردوو ئەندامەكانيان هەبێ و لەيەك كاتدا كاری نێرينەو مێينە بكات بە ئاڵۆزاوی ناودەبەن ، ئەم جۆرەيان ناتوانرێ ژن بێنێ نەوەكا مێ بێ .
بەهەمان شێوە ناتوانێ شويش بكەن نەوەكا نێربێ .
تا ئەو كاتەی يەكەلا دەبێتەوەو بە لای ڕەگەزێكيان دادەكەوێت، جا هەردوو جۆری ئاڵۆزاوی يەكە بە پشت بەستن بە پزيشكی پسپۆڕو جێگای متمانەو بە ڕێگای نەشتەرگەری لێك جیا دەكرێتەوە ، ئەگەر لایەنی نێرینەی زاڵ بوو بەسەر مێینە ڕەگەزەكەی بۆ نێریینە دەگۆڕدرێت و مامەڵەی نێریینەی لەگەڵدا دەكرێت ودەشتوانێت هاوسەر گیری بكات .
ئەگەريش لایەنی مێینەی زاڵ بێت بەسەر نێرینە بۆ مێینە دەگۆڕدرێت و مامەڵەی مێینەی لەگەڵدا دەكرێت و دروستيشە هاوسەرگیری بكات.
تێبينی: لە ئايينی پيرۆزی ئيسلام ئەم كەسانەی كە هەڵگری ڕەگەزی سێیەمن ڕێز لێگیراون و ڕەچاوی لایەنی دەروونيان دەكرێت و لە كۆمەڵگە دانابڕێنرێن ، بەڵكو كۆششی ئەوتۆ كراوە بۆ ئەوەی پەراوێز نەكرێن و ؛ وەك تاكی كۆمەڵگا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت .
وصلى الله وسلم على نبينا محمد وآله وصحبه ؛ والحمدلله رب العالمين على توفيقه .
أبو مسلم الآرياني

 

سەردان: ٥,٤٧٩ بەش: قورئانی پیرۆز