ئایا زەکات دەخرێتە بەر قەرز؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا زەکات دەخرێتە بەر قەرز؟
پرسیار:

یەکەم : ئەگەر کەسێک پارەى لاى کەسێکى هەژار بێ دروستە لێی خۆش بێت و بیخاتە بەر زەکات؟
دووەم : ئایا دروستە پێی بڵێ زەکاتت دەدەمێ بە مەرجێ قەرزەکەم بدەیتەوە؟
سێیەم :چ کاتێک دروستە زەکات بدرێ بەو کەسەى کە قەرزت لایەتى؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم : هەر کەسێک قەرزی لاى کەسێکی هەژار بوو ، و لێی خۆش بوو ، و خستیە بەر زەکات ، ئەوا دروست نیە ،و ئەمە بە زەکات حساب نی یە .
ئا ئەمە بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە  ( الحنفيَّة ، والمالكيَّة ، والشافعيَّة  ، والحَنابِلَة) بەزەکات ئەژمار ناکرێت ، وابن تەیمیە ئەوەی نەقڵ کردووە ئەم بابەتە هیچ خیلافێکی تێدا نی یە ، هەروەک فەرموویەتى : (وأمَّا إسقاطُ الدَّينِ عنِ المعسِر، فلا يُجزِئ عن زكاةِ العَينِ بلا نِزاع). ((مجموع الفتاوى)) (25/84)، ((الاختيارات الفقهية)) (ص: 457).

بەڵگەکان:
یەکەم : بەڵگەی قورئان:
1- خوای پەروەردگار فەرموویەتی : {خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً} [التوبة: 103].
واتە: ئه‌ی محمد  له‌ ماڵه‌كانیان صه‌ده‌قه‌و خێرێك وه‌ربگره‌ یان زه‌كاتی فه‌رز وه‌ربگره‌.

چۆنیەتی بوونی بەبەڵگە:
ئەم ئایەتە پیرۆزە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی زەکات بریتیە لەپرۆسەیەک کەئەویش بەخشین و وەرگرتنە ( أخْذ، وإعطاء) جا ئەو کەسەی کە لەبری قەرزەکەی لە کەسێک دەبورێت کەقەرزی لەلایەتی لەم حاڵەتەدا پرۆسەی بەخشین و وەرگرتنی ( أخْذ، وإعطاء)  تێدا نایەتە جێ ، بۆیە ئەو زەکاتەی لەسەر لاناچێت تەنها بەوەر گرتنی زەکاتەکە نەبێت.

2- خوای پەروەردکار فەرموویەتی: {وَلَا تَيَمَّمُواْ الْخَبِيثَ مِنْهُ تُنفِقُونَ} [البقرة: 267].
واتە:به‌ڵام مه‌به‌ستان ئه‌وه‌نه‌بێ كه‌ كام ماڵه‌ی خراپه‌ ئه‌وه‌ ببه‌خشن خوای گه‌وره‌ ئه‌وه‌ قبوڵ ناكات.

چۆنیەتی بوونی بەبەڵگە:
هەر کەسێک کە لەو کەسە دەبورێت کە قەرزی لەسەریەتی بەنیەتی زەکات ، ئەوا وەک دەرکردنی شتی پیس لەشتی پاک وایە ؛ چونکە لەبری لەو ماڵە دەربکات کە لەلایەتی هاتووە لە ئەوە دەردەکات کەلای کەسی هەژارە.
  [(الشرح الممتع)) لابن عُثيمين (6/237)].

دووەم: سوننەتی پێغەمبەری خوا صلَّى اللهُ عليه وسَلَّم لەدەرکردنی زەکاتدا پێچەوانەی ئەم کارەیە ؛ چونکە ئەو لەکەسی دەوڵەمەند وخودی ماڵەکانیانی وەردەگرد و دەیدایە کەسانی هەژار ، وەهەروەها خولەفای ڕاشیدینیش لەدوای خۆی هەر وایان دەکرد. ((الأموال)) لأبي عبيد القاسم بن سلَّام (ص: 534).

سێیەم: ڕەنگە بۆیە بیەوێ بەو قەرزەی کەلێی بێ ئومێد بووە ماڵەکەی بپارێزێت ، ودەیکاتە هۆکارێک بۆ گەڕانەوەی ماڵەکەی ، خوای پەروەردگاریش هیچ شتێک وەرناگرێت گەر خالسەن بۆ ئەو نەبێت. ((الأموال)) لأبي عبيد القاسم بن سلَّام (ص: 534).

دووەم : دانی زەکات بەکەسی قەرزدار بەمەرجی ئەوەی بیگێڕێتەوە بۆی لەبری ئەو قەرزەی کە لەسەریەتی.

گەر زەکاتی دایە ئەو کەسەی کەقەرزی لەسەریەتی بەو مەرجەی قەرزەکەی بداتەوە ، ئەوا لەم حاڵەتەشدا بەزەکات ئەژمار ناکرێت ، وقەرزەکەی پێ نادرێتەوە ، ئەمە بۆ چوونی شافعیەکان وحەنبەلیەکانە ، وابن تەیمیە وابن قەیم هەڵیان بژاردووە وبەڕاجحیان زانیوە.

بۆ نموونە : کەسێک ملیۆنێک دینارى لاى کەسێکی هەژارە پێى دەڵێ ملیۆنێ زەکاتت پێ دەدەم بە مەرجێ تۆش قەرزەکەم بدەیتەوە .

ئەوەش لەبەر ئەم خاڵانە:
یەکەم: زەکات مافی خودایە ، ودروست نی یە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری بێنێت .

دووەم:دروست نی یە ئەو قەرزەی کە هێشتا وەری نەگردۆتەوە بەقەرز ئەژماری بکات.

سێیەم: فەرمانی پێ کراوە زەکاتەکە بدات وئەدائی بکات ،ئەمەش ساقت کردن نەک ئەدا کردن.

چوارەم: ئەوە جۆرێکە لەفێڵ کردن لەزەکاتدا ، و نە لەشەرع وە نەلەعورف دا بەزەکات حساب ناکرێت.

سێیەم : زەکات دان بەکەسی قەرزدار:
گەر زەکاتی دایە ئەو کەسەی کە قەرزی لەسەریەتی و ئەویش لەبری قەرزەکە بۆی هێنایەوە بێ ئەوەی بەمەرج گیرابێت ؛ ئەوا دروستە و بەزەکات ئەژمار دەکرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە ( الحنفيَّة والشافعيَّة  ، والحنابلة) بۆچوونێکیشە لای مالکیەکان .

ئەوەش لەبەر ئەم خاڵانە:
یەکەم: دروستە زەکات بداتە ئەو کەسەی قەرزی لەسەریەتی ؛ چونکە یەکێکە لەو هەشت تاقمەی کەزەکاتی پێ دەشێت.

دووەم: دروست نی یە لەکاتی بەمەرج گرتنی دانەوەی قەرزکەی ؛ چونکە گەر بەمەرجی دانەوەی قەرزەکەی بیداتێ وەک ئەوەوایە پێی نەدابێت.

تێبینى :  زاناى پایەبەرز : محمد بن علي الفرکوس - خواى گەورە بیپارێزێ - دەفەرموێ :

ئەگەر کەسێکى دەوڵەمەند قەرزى لاى هەژارێک بوو ، و بێ ئومێد نەبوو لەوەى کە قەرزەکەى دەداتەوە و فەقیرەکەش حاشای لێ نەدەکرد ئەوا دروستە قەرزەکەى بخاتە بەر زەکات ، بەڵام بەمەرجێ کەسە قەرزارەکە بزانێت کە ئەو پارەیەی کە وەکو قەرز پێی درابوو ئێستا بۆی کراوە بە پارەی سەدەقە و زەکات و قەرزەکەی لەسەر هەڵگیراوە، ئەگەر قەرزارەکە ڕازی نەبوو ئەوە زەکاتەکە لەسەر کەسە قەرزدەرەکە ناکەوێت.

سەردان: ٣,٧١٣ بەش: زەکاتى پارە