ئەو کەسەى پارەی هەیە بەڵام قەرزارە ئایا دەبێ زەکات بدات: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو کەسەى پارەی هەیە بەڵام قەرزارە ئایا دەبێ زەکات بدات
پرسیار:

ئەگەر ئینسان بە ئەندازەى ئەو پارەیەی کە هەیەتى قەرزار بێ ئایا واجبە لەسەرى زەکات بدات کاتێک ساڵی بەسەردا هات؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

زاناى پایەبەزر شێخ عبدالعزیز بن عبداله بن باز - ڕەحمەتى خواى گەورەى لێ بێ - دەفەرموێ : 
لەسەر بۆ چوونی ڕاست و ڕاجحی زانایان ئەو کەسەی کە ماڵێکی هەیە پێویستە لەسەری زەکاتەکەی دەرکات کاتێ کەدەگاتە حەدی زەکات دان وساڵی بەسەردا تێپەڕ دەبێت ،هەرچەند قەزرداریش بێت ؛ ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەڵگەکان گشت گیرن لەبارەی ئەوانەی ماڵیان هەیە وساڵی بەسەردا تێپەڕ بووە ، تەنانەت گەر قەرزداریش بێت .

وەلەبەر ئەوەی پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمانی دەکرد بەکرێکارەکانی ئەوانەی کەزەکاتیان کۆ دەکردەوە زەکات وەرگرن لەوەی زەکاتی لەسەرە ، وفەرمانی پێ نەدەکردن بپرسن بزان خاوەنەکەی قەرزدرارە یاخود نا؟

خۆ ئەگەر قەرز بوایەتە ڕێگر لەبەردەم زەکاتداندا ئەوا پێغەمبەر فەرمانی بەکرێکارەکانی دەکرد پرسیار لەو کەسانە بکەن کەزەکاتی لێ وەردەگرن : ئایا قەرزیان لەسەرە یاخود نا  . 
مجموع فتاوى ومقالات متنوعة ، لسماحة الشيخ عبد العزيز بن باز 14/51 .

وەهەروەها لە فەتوایەکی تری دا کە هاوشێوەی ئەمەیە (14/52)دەڵێت :
بەڵام گەر لەو پارەی کەهەیەتی پێش تێپەڕ بوونی ساڵ قەرزەکەی دایەوە ، ئەوا زەکات لەو ئەندازەیەدا واجب نی یە کەداویەتی بەخاوەن قەرزەکە ، بەڵکو لەو مەبلەغەدا واجبە کە ماوە ، ئەمە لەحاڵەتی تێپەڕ بوونی ساڵ بەسەری دا وگەشتنی بەحەدی زەکات. اهـ.

وەهەروەها پرسیار کراوە لە زاناى پایەبەرز شێخ محمد بن صالح العثیمین - ڕەحمەتی خوای لێ بێت - 
لەبارەی کەسێکەوە کە دوو سەد هەزار دەسمایەیی ڕیاڵی هەیە وقەرزداریشە ومەبلەغەکەی دەگاتە دوو سەد هەزار ڕیاڵ ، بەشێوەیەک هەر ساڵەی دە هەزاری لێ دەداتەوە ، جا ئایا زەکات پێویستە لەسەری ؟

لە وەڵامدا گوتوویەتی:
بەڵێ ، زەکات پێویستە لەسەری لەو مبلەغەی کە لەدەستی دا ماوە ،ئەوەش لەبەر ئەوەی دەقەکان کە لەبارەی واجبی زەکاتەوە هاتوون گشت گیرن ، وهیچ شتێکیان جودا نەکردۆتەوە ، کەسێکیان جودا نەکردۆتەوە کەقەرزدارە .
جا لەبەر ئەوەی دەقەکان عام و گشتگیرن پێویستە کاری پێ بکرێت .

پاشان زەکات واجبە لەماڵ دا ، بەبەڵگەی ئەم ئایەتە:  ( خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا ) التوبة/103.
واته: ئەی محمد - -  له‌ ماڵه‌كانیان صه‌ده‌قه‌و خێرێك وه‌ربگره‌ یان زه‌كاتی فه‌رز وه‌ربگره‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ پاكیان ئه‌كه‌یته‌وه‌ له‌و تاوان و شتانه‌ی كه‌ پێیانه‌وه‌یه.

وەهەروەها ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر کەئیمامی بوخاری لەعبداللەی کوڕی عەباسەوە خوا لێیان ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە کاتێ کەپێغەمبەر موعازی نارد بۆ یەمەن پێی فەرموو : ( أ علمهم أن الله افترض عليهم صدقة في أموالهم ) .واتە: فێریان بکە وپێیان ڕاگەیەنە خودا زەکاتی لەماڵەکانیاندا واجب کردووە.

خوا و پێغەمبەرەکەی ڕوونیان کردۆتەوە کە زەکات لەماڵدا واجبە ، نەک لەسەر مرۆڤ بێت ، وقەرزیش واجبە لەسەر مرۆڤ ، بۆیە لایەنەکان جودایە و پەیوەندیان پێکەوە نی یە ، ... جا زەکات لەو ماڵەدا واجبە کەلەدەستدا ، وقەرز لەسەر خۆتە ، ئەمە شێوازێکە ، و ئەوی تر شێوازێکی ترە .

پێویستە لەسەر مرۆڤ تەقوای خوا بکات لەوەی کەهەیەتی و لەدەستی دایە وزەکاتەکەی دەربکات ،وپشت بەخودا ببەستێت لەدانەوەی قەرزەکەیدا ، وبڵێت: اللهم اقضِ عني الدين وأغنني من الفقر .
واتە: خودایە قەرزەکەم بۆ بدەرەوە وڕزگارم کە لەهەژاری.

وە ڕەنگە دانی ئەو زەکاتە ببێتە هۆکاری بەرەکەتی ماڵەکە وزیاد بوونی ، وڕزگار بوونی لەقەرزداری ، ولەوانەیە نەدانی زەکاتەکە ببێتە هۆکاری هەژار کەوتنی ، لەکاتێکدا وا دەبینێت خۆی موحتاجە نەک ئەهلی ئەوە بێت زەکات بدات ، وسوپاسی خودا بکە تۆی کردۆتە یەکێک لەوانەی کەدەبەخشێت نەک ئەوانەی وەردەگرن. اهـ . مجموع فتاوى الشيخ ابن عثيمين 18/39 .

وە هەروەها لەفەتوایەکی تری دا لەم بارەیەوە (18/38)دەڵێت:
مەگەر لەحاڵەتێکدا نەبێت قەرزەکە کاتی هاتبێت و ئێستا داوای لێ بکەن  ، لەم حاڵەتەدا دەڵێین: قەرزەکەت بدەرەوە ، پاشان زەکاتی ئەوەندە بدە کەماوەتەوە گەر گەشتبووە حەدی زەکات .

وە ئەوەی لەزانایانی حەنبەلیەکانەوە گێڕدراوەتەوە لەبارەی زەکاتی سەرفترەوە ئەمە تەئکید دەکاتەوە ودەڵێن : قەرز نابێتە ڕێگر لەدانی سەرفترەدا مەگەر خاوەنەکەی داوای بکات .

وەهەروەها ئەو ئەسەرەی کە لە عوسمانەوە خوا لێی ڕازی بێت گێڕدراوەتەوە کەلەبارەی مانگی ڕەمەزانەوە دەیگوت : ( هذا شهر زكاتكم فمن كان عليه دين فليقضه ) .
واتە: ئەمە مانگی زەکات دانەکانتانە ، هەر کەسێک قەرزی لەسەرە با بیداتەوە.

ئا ئەم ئەسەرە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گەر کاتی قەرزەکە هاتبێت وخاوەنەکەی داوای بکات ، ئەوا پێش زەکاتە دەخرێت ، بەڵام ئەو قەرزانەی کەهێشتا کاتیان ماوە ئەوا بێگومان هیچ ڕێگری ناکات لەواجب بوونی زەکات  . اهـ .

وە لەفەتوای [( اللجنة الدائمة ( 9/189) ] دا ، هاتووە:
بۆ چوونی ڕاستی زانایان ئەوەیە قەرزداری نابێتە ڕێگر لەبەردەم دانی زەکاتدا ، چونکە پێغەمبەر کرێکاری زەکات کۆ کەرەوەی دەنارد بۆ وەر گرتنی زەکات ، وپێی نەدەفەرموون: تەماشا کەن بزان خاوەن زەکاتەکان قەرزدران یاخود نا  ) . اهـ .

وە شێخ حسین العوائشة خاوەنى کتێبی : (الموسوعة الفقهیة المیسرة في فقه الکتاب والسنة المطهرة ) لە لاپەڕە (29) لە بەرگى (3) دەڵێ : پرسیارم کردووە لە شێخ ئەلبانى -ڕەحمەتى خواى لێ بێ - کە ئەگەر ئینسان بە ئەندازەى ئەو پارەیەی کە هەیەتى قەرزار بێ ئایا واجبە لەسەرى زەکات بدات یان نا؟

شێخ ئەلبانى بەڕەحمەت بێ لە وەڵامدا فەرموویەتى : 

مادام ماڵەکە لە لای خۆیەتی ، و ساڵی بەسەردا تێپەڕ بووە ئەوا پێویستە زەکاتی بدات ، هەرچەند ئەوەندەى ماڵەکەى قەرزار بێ ، وە ئەگەر نیەتی نیە زەکاتەکەى بدات ،ئەوا پێویستە ئەو ماف و قەرزانەی خەڵک بداتەوە کە لەسەریەتی . انتهى

واتە : کە ئامادە نیە قەرزەکە بداتەوە دەبێ زەکاتەکەى بدات .

سەردان: ٤,٣٣٦ بەش: زەکاتى پارە