(30) بابەتى فیقهى هاوچەرخ سەبارەت بە ڕۆژوو: ماڵپەڕی وەڵامەکان
 (30) بابەتى فیقهى هاوچەرخ سەبارەت بە ڕۆژوو
پرسیار:

ئەو بابەتە فیقهیە هاوچەرخانە چیە کە گرنگە موسڵمانان لە مانگى ڕەمەزان حوکمەکانیان بزانن؟

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان

 (30) بابەتى فیقهى هاوچەرخ سەبارەت بە ڕۆژوو

1. گەر کەسێک ڕۆژووەکەی شکاند و پاشان سوارى تەیارە بوو کە تەیارەکە بەرز بویەوە بینى خۆر ئاوا نەبووە .
گەر کەسێک ڕۆژووەکەی شکاند و پاشان سوارى تەیارە بوو و لەکاتى بەرز بونەوەى تەیارەکە بینى خۆر ئاوا نەبووە لەم حاڵەتەدا ڕۆژووەکەی دروستە و پێویست نی یە لەسەری خۆی بگرێتەوە لەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە ، ئەمەش فەتوای هەریەک لە عبدُ الرزَّاق عفيفي، وابنُ باز، وابنُ عُثيمين ـە.

2. عيبرەت بە بینینى خۆرە
گەر کەسێک بەتەیارە سەفەری کرد پاشان لەڕێگای تەلەڤیزیۆنەوە یاخود کاتژمێرەوە زانی کاتی بانگە بەڵام لەبەر بەرزی تەیارەکە خۆری لێوە دیار بوو ؟
گەر کەسێک بە تەیارە سەفەرى کرد و بە ڕۆژوو بوو پاشان بۆى دەرکەوت کە کاتى بانگە لەو شارەى کە سەفەرى لێ کردووە یان ئەو شارەى کە نزیکە پێى بگات ، بەڵام لەبەر بەرزی تەیارەکە خۆر دەبینێ لەم حاڵەتەدا نابێت ڕۆژووەکەی بشکێنێت تاوەکو خۆری لێ ئاوا دەبێت ،ئەمەش فەتوای هەریەک لە عبدُ الرزَّاق عفيفي، وابنُ باز، وابنُ عُثيمين ـە.

3. کاتی ڕۆژوو شکاندن لەو وڵاتانەی کەڕۆژگار تیایدا درێژە: 
واجبە کەسی ڕۆژووەوان لەهەر جێیەک بێت لەدەرکەوتنی فەجرەوە تاوەکو ئاوا بوونی خۆر بەڕۆژوو بێت ، (ئەو وڵاتانەی کەشەو ڕۆژ لە24 چوار کاتژمێردا دێت ودەچێت) جا ڕۆژگار درێژ بێت یاخود نا ، بەڵام گەر بەهۆی درێژی ڕۆژەوە زۆر قورس بوو و کەسە ترسی هەبوو لەوەی توشی زیانێک بێت ئەوا لەم حاڵەتەدا دروستە ڕۆژووەکەی بشکێنێت ، و دواتر ئەو ڕۆژانە دەگرێتەوە کەتوانای هەیە بیانگرێتەوە لەڕۆژانی تردا ، ئەمەش فەتوای ابنُ باز، وابنُ عُثَيمين، وجگە لەوانیشە ، و بڕیاری( المَجمَعِ الفِقهيِّ الإسلاميِّ)یشە.

4.چۆنیەتی دیاری کردنی کاتی ڕۆژوو گرتن لەو وڵاتانەی کە شەو وڕۆژ تیادا ئاسایی نی یە:
هەر کەسێک لە وڵاتێکدا بێت کە شەو ڕۆژ لە 24 چوار کاتژمێردا نایەت و ناچێت ، وەک ئەو وڵاتەی کەڕۆژ تیایدا بۆ نموونە دوو ڕۆژە ، یاخود هەفتەیەک ، و یاخود مانگێکە ، و یاخود زیاتر ، لەم حاڵەتەدا ڕۆژو وشەو دیاری دەکرێت بەگوێرەی نزیکترین شوێنی ئەو جێگایە کەشەو ڕۆژ لە24 چوار کاتژمێردا دێت ودەچێت ، ئەمەش فەتوای ابنُ باز، وابنُ عُثَيمين، وجگە لەوانیشە ، وبڕیاری( المَجمَعِ الفِقهيِّ الإسلاميِّ)یشە.

5. بەکار هێنانی حەب بۆ ڕێگە گرتن لە سوڕى مانگانە 
حوکمی بەکار هێنانی ئەو حەبانەی کەڕێگری دەکەن لە حەیز بەنیەتی ئەوەی ئافرەت تەواوی مانگەکە بەڕۆژوو بێت :
گەر دڵنیا بوون لەوەی زیانیان پێ ناگات ئەوا دروستە ، ئەمەش بۆ چوونی حەنبەلیەکانە ، و ابنِ بازیش ئەم بۆ چوونەی هەڵبژاردووە ، بەڵام ئەوەى دەرکەوتوە کە ئەو حەبانە زیانیان هەیە و کاتى عادەى ئافرەتیش تێک دەدەن .

6. گەر لەوڵاتێک مانگ بینرا ئەوا واجبە لەسەر باقی وڵاتانی تر بەڕۆژوو بن؟
جا چەند بۆ چوونێک لەم بارەیەوە هەیە و بەهێزترینیان دوو بۆ چوونە:
بۆچوونی یەکەم: گەر لەوڵاتێک مانگ بینرا ئەوا واجبە لەسەر باقی وڵاتانی تر بەڕۆژوو بن ،ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە ، لەحەنەفی ،ومالکی ، وحەنبەلیەکان.
بۆچوونی دووەم: گەر لەوڵاتێک مانگ بینرا ئەوا گەر جێگای بینینی مانگیان جیاواز بوو واتە:(دوور بوون لەیەک) ئەوا واجب نی یە لەسەر باقی وڵاتانی تر بەڕۆژوو بن ، بەڵکو تەنها لەسەر ئەوانە واجبە کەبینیویانە وئەوانەش کەنزیکی ئەوانن ، ئەمەشیان قسەی شافعییەکان وکۆمەڵێک لەسەلەفە ، وئیمامی سەنعانی وابنُ عُثَيمين هەڵیان بژاردووە.

7. حوکمی پشت بەستن بە مانگى دەستکرد (قمر صناعی) لەبینینی مانگ دا:
دروست نییە پشت بە مانگى دەستکرد ببەسترێت لەبینینی مانگ دا ،ئەمەش بۆ چوونی شێخ ابن عثيمين ـە.

8. حوکمی بەکار هێنانی ئامێرە فەلەکیەکان وەک(دوور بین) لەبینینی مانگدا:
دروستە بەکار هێنانی ئامێرە فەلەکیەکان لەبینینی مانگدا وەک (دوور بین) ئەوەش ئامێرێکە بینین نزیک دەکاتەوە  ، بەڵام واجب نییە بەکار بهێندرێت ، گەر کەسێکی جێی سقە لەڕێگای دوور بینەوە مانگی بینی ؛ ئەوا کار بەو بینینە دەکرێت ، ئەمەش بۆ چوونی ابنِ باز، وابن عُثَيمين، و( هيئةِ كِبارِ العُلَماء) هەمان بڕیاریاندا داوە ، و بەهەمان شێوە بڕیاری( مَجمَعِ الفِقه الإسلاميِّ)یە.

9. بە ڕۆژوو نەبونى کەسی موسافیر لە کاتى سەفەردا
حوکمی بەڕۆژوو نەبوونی موسافیرێک چیە بە سەیارە یان تەیارە سەفەر دەکات و توشی ناڕەحەتى نابێ؟
دروستە بەڕۆژوو نەبێت ، هەرچەند بەو ئامێرانە سەفەر بکات کە ئاسانە و توشی ناڕەحەتى ناکات ، جا توشی ناڕەحەتی بێت یاخود نا : ابنُ تَيميَّةَ کۆدەنگی لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

10.حوکمی جگەرە کێشان لەکاتی بەڕۆژوو بووندا:
جگەرە کێشان لەکاتی بەڕۆژوو بووندا ڕۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە ، ئەمەش کۆدەنگی چوار مەزهەبەکەی لەسەرە.

11. حوکمی خوێن دەرهێنان لەڕێگای دەمارەوە لەکاتی بەڕۆژوو بووندا:
زانایان جیاوازن لەبارەی ئەوەی ئایا خوێن دەرهێنان لەڕێگای دەمارەوە لەکاتی بەڕۆژوو بووندا ڕۆژوو دەشکێنێت یاخود نا ودوو بۆچوونیان هەیە لەم بارەیەوەوە:
بۆچوونی یەکەم: پێی وایە نەخێر ڕۆژوو ناشکێنێت ، ئەوەش  مەزهەبی جمهوری زانایانە لە حەنەقی ومالکی وشافعیەکان.
بۆچوونی دووەم: پێی وایە بەڵێ ڕۆژوو دەشکێنێت ، ئەوەش  بەشێک لەمەزهەبی حەنبەلیەکانە ، و ابنُ تَيميَّةَ، وابنُ عُثَيمين لایان پەسەندە ، و "اللجنةُ الدَّائمةُ"ش فەتوایان بەمە داوە.

12.حوکمی وەرگرتنی خوێن بۆ فەحس و تاقی کردنەوە:
دروستە بۆ ڕۆژووەوان خوێن بدات بەمەبەستی فەحس وتاقی کردنەوە ، ئەوەش بۆ چوونی ابنِ باز  ، وابن عُثَيمين ـە.

13. قەترە لەڕێگای لوتەوە:
زانایان جیاوازن لەبارەی قەترە کردنە لوتەوە لەکاتی بەڕۆژوو بووندا ودوو بۆ چوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: پێی وایە ڕۆژوو دەشکێنێت ئەوەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبەکە.
بۆچوونی دووەم: گەر قوت نەدرێت ئەوەندەی کەدادەبەزێتە نێو قوڕگ ئەوا ڕۆژوو ناشکێنێت ، ئەوەش بۆچوونی ابنُ حزمٍ، و ابنُ تَيميَّةش ئەم بۆچوونەی سەرخستووە، و مجمَعُ الفِقه الإسلاميِّ پێی باشە، وە " اللجنةُ الدَّائمة"ش هەمان ڕایان هەیه، و بۆچوونی ابنِ عُثَيمين یشە.

14. شوشتنی گورچیلە:
هەرکەسێک گورچیلەی بۆ بشۆردرێت بەهەر ڕێگایەک بێت ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ،ئەوەش بۆچوونی ابنِ بازە، وە فەتوای"اللَّجنةُ الدَّائمة"شی لەسەرە.

15. حوکمى بەخاخ کە بۆ نەخۆشی ڕەبو بەکار دێت:
بەکار هێنانی بەخاخی ڕەبو لەکاتی بەڕۆژوو بووندا ؛ ڕۆژوو بەتاڵ ناکاتەوە ، ئەوەش هەڵبژاردەی ابنُ باز، وابنُ عُثَيمين ـە، وەهەروەها بۆچوونی زۆربەی ئەو کەسانەیە کە لە (النَّدوة الفِقهيَّة الطبيَّة التَّاسعة التابعة للمنظمَّةِ الإسلاميَّة للعلومِ الطبيَّة)بەشدار بوون ئەوەی کە لە کۆیت بەسترا.

16. حوکمى دانانى حەب لە ژێر زمان
حوکمی دانانی ئەو حەپانەی کە لە بن زمان دادەنرێن بۆ چارەسەری هەندێ نەخۆشی دڵ ، وڕاستەوخۆ ودوای ماوەیەکی کەم دەتوێتەوە ولەڕێگای خوێنەوە دەگاتە دڵ ، وجەڵدەی لەناکاوی دڵ ڕادەگرێت ، وهیچ بەشێک لەو حەپە ناچێتە نێو سکەوە.
بەکار هێنانی ئەم جۆرە حەپانە ڕۆژوو بەتاڵ ناکەنەوە بەمەرجێک هیچ بەشێکی قوت نەدرێت ، ئەوەش بۆچوونی( مجمَعُ الفِقه الإسلاميِّ)یە بەکۆدەنگی هەموویان.

17. غازی ئۆکسجین:
بەکار هێنانی غازی ئۆکسجین بۆ هەناسە دان ڕۆژوو بەتاڵ ناکاتەوە ، ئەوەش بۆچوونی (مجمَعُ الفِقهِ الإسلاميّ)یە.

18. بەکار هێنانی دەرزیەک کە خواردن بەخش نەبێت:
ئەم جۆرە دەرزیە ڕۆژوو ناشکێنێت جا لەڕێگای دەمارەوە بێت یاخود گۆشت وسمتەوە ، ئەوەش بۆچوونی ابنُ باز، وابنُ عُثَيمين ـە، وبڕیاری المجمَعِ الفِقهيِّ یەو، وەفەتوای "اللَّجنة الدائمة"، و "قطاعِ الإفتاءِ" کۆیتی لەسەرە.

19.  بەکار هێنانی دەرزیەک  کەخواردن بەخشە و لەڕێگای دەمارەوە لێ دەدرێت:
ئەم جۆرە دەرزیە ڕۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە ، ئەوەش بۆچوونی ابنُ باز، وابنُ عُثَيمين ـە، وبڕیاری المجمَعِ الفِقهيِّ یەو، وەفەتوای "اللَّجنة الدائمة"

20. هەڵگرتنی شاف: 
هەڵگرتنی شاف لەکاتی بەڕۆژوو بووندا ڕۆژوو بەتاڵ ناکاتەوە ، ئەوەش مەزهەبی زەهیریەکان ، وکۆمەڵێک لەمالکیەکانە ، وبۆچوونی ابنُ عُثَيمين، و زۆربەی بەشداربوانی( النَّدوةِ الفِقهيَّة الطبيَّة التاسعة التابعة للمنظمَّة الإسلاميَّة للعلوم الطبيَّة بالكويتِ).

21. هەڵگرتنی شتی شل یاخود ڕۆن لەداوێنەوە:
هەڵگرتنی شتی شل یاخود ڕۆن لەداوێنەوە ڕۆژوو بەتاڵ ناکاتەوە ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفی ، ومالکی ،وحەنبەلیەکانە.

22. حوکمى قەترە لەڕێگای داوێنی ئافرەتەوە 
قەترە لەڕێگای داوێنی ئافرەتەوە ویاخود هەر مادەیەکی تر کە بۆ مەبەستێک لەو ڕێگەیەوە هەڵدەگیردرێت وداخل دەکرێت:
ئەم جۆرەشیان ڕۆژوو بەتاڵ ناکاتەوە ، ئەوەش بڕیاری( مجمَعُ الفِقه الإسلاميِّ)یەی لەسەرە.

23.حوکمی بەکار هێنانی مەعجونی ددان بەنیسبەت کەسی ڕۆژووەوانەوە:
دروستە کەسی ڕۆژووەوان مەعجونی ددان بەکار بێنێت ، بەڵام دەبێ وریای ئەوە بێت نەچێتە قوڕگیەوە ، ئەوەش بۆچوونی ابنِ باز، وابنِ عُثَيمين، و "مَجمَعُ الفِقه الإسلاميِّ"ـە.

24- بەکار هێنانی قەترەی چاو:
دروستە کەسی ڕۆژووەوان قەترەی چاو بەکار بێنێت ، ئەوەش بۆچوونی حەنەفی ،وشافعییەکانە ، وە ابنِ باز، وابنِ عُثَيمين ئەم بۆچوونەیان لاپەسەندە.

25. بەکار هێنانی قەترەی گوێ:
دروستە کەسی ڕۆژووەوان قەترەی گوێ بەکار بێنێت ، ئەوەش بۆچوونی ابنُ حَزمٍ، وابنُ عُثَيمين، وابنُ بازە.

26. چاک بوونەوەى شێت لە ڕەمەزاندا
گەر شێت لە ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی ڕەمەزاندا بەهۆش هاتەوە و چاک بویەوە ئەوا پێویستە ئەوەندەی کە لەڕۆژەکە ماوە خۆی بگرێتەوە لەو شتانەی کەڕۆژوو دەشکێنن ، ئەوەش بۆچوونی ، حەنەفیەکانە ، وڕیوایەتێکیشە لەئیمام ئەحمەدەوە ، وەهەریەک لە ابنُ تَيميَّةَ، وابنُ عُثَيمين هەڵیان بژاردووە.

27. حوکمی گێڕانەوەی ڕۆژوو بەنیسبەت شێتەوە گەر چاک بووەوە:
گەر کەسی شێت چاک بووەوە ئەوا واجب نی یە لەسەری ئەو ڕۆژانە قەزا بکاتەوە کە لە زەمانی شێت بوونی دا نەیگرتوون ، جا ئەو ڕۆژانەی کەنەیگرتوون زۆر بێت یاخود کەم ، و لەڕەمەزاندا چاک بووبێتەوە یاخود دواتر هیچ جیاوازی نی یە ، ئەمەش مەزهەبی شافعی وحەنبەلیەکانە ، وەهەریەک  ابنِ المُنذِر، وابنِ حزمٍ، وابنِ باز، وابنِ عُثيمين هەڵیان بژاردووە.

28. لە هۆش چوون بە درێژای ڕۆژ
حوکمی ئەو کەسە چیە کە ئێوارە نیەتی ڕۆژووی هێناوە بەڵام دواتر توشی بورانەوە دەبێت و نایەتە هۆش خۆی تاوەکو خۆر‌ئاوا دەبێت:
گەر لەخۆ چوونەکە تەواوی ڕۆژەکە بگرێتەوە ، واتە: لەنوێژی بەیانیەوە تاوەکو خۆر ئاوا بوون ، ئەوا ڕۆژووەکەی دروست نی یە ، و قەزاکردنەوەشی لەسەر نی یە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لەمالکی وشافعی وحەنبەلیەکان ، بەڵام گەر کەسێک لەبەشێک لەڕۆژی ڕەمەزاندا توشی لەخۆ چوون بوو ودواتر بەهۆش هاتەوە تەنانەت گەر بۆ ساتێکیش بێت ، ئەوا ڕۆژووەکەی دروستە ، و قەزا کردنەوەی لەسەر نی یە ، ئەمەش مەزهەبی شافعی وحەنبەلیەکانە ، وە ئەو کەسەش بەهۆی بەنجەوە ئاگای لەخۆی نامێنێت هەمان حوکمى هەیە .

29- حوکمی ڕۆژووی کەسێک بەهۆی پیریەوە عەقڵی لەدەس داوە
ئەم کەسانە نەڕۆژوویان لەسەرە و نەقەزا کردنەوەش ، ئەم بۆچوونەش هەریەک لە ابنِ باز، وابنِ عُثَيمين هەڵیان بژاردووە.

30. لەدەس دانی زاکیرە :
هەر کەسێک توشی لەبیر چوونەوە و لەدەستدانى دانی زاکیرە بووبێت ؛ ئەوا ڕۆژوو لەسەر واجب نی یە ، ئەمە فەتوای( اللجنةُ الدَّائمةُ ، وابن عُثَيمين ـە.

سوود وەرگیراوە لە : الموسوعة الفقهية : كتابُ الصَّوم 

سەردان: ٣,٤٢٤ بەش: حوکم و ئادابەکانى ڕۆژوو