باوەڕ بوون بە قەدەر: ماڵپەڕی وەڵامەکان
باوەڕ بوون بە قەدەر
پرسیار:

پێناسەى قەدەر چیە؟ وە موسڵمان چۆن باوەڕى بە قەدەر هەبێ ؟ وە ئینسان بە ویستى خۆى کردەوە دەکات یان ئیجبار کراوە؟ وە بەرهەمى باوەڕ بوون بە قەدەر چیە؟

قەدەر : بريتی یە لە ئەندازەگیری خوای گەورە بۆ بونەوەران ، بە پێی زانستی پێش وەختی بۆ ئەو ئەندازەگیریە ، وە بەو شێوەیەی كە دانایی خوا خواستویەتی .
وە باوەڕ بوون بەقەدەر چوار بوار دەگرێتەوە:
 یەکەم : باوەڕبوون بەوەی كە خوای گەورە زانایە بە هەموو شتێك ، بە گشتی و بە ووردیش ، بە هەمیشەیی و هەتاهەتاییش ، جا ئەمە لەوانەدا كە پەیوەندییان بە كردارەكانی خواوە هەبێت یان بە كردارەكانی بەندەكانیەوە هەبێت یەكسانن .

دووەم : باوەڕبوون بەوەی كە خوای گەورە ئەو زانیارییانەی نووسیوەتەوە لە نێو كتێبی پارێزراودا (اللوح الـمحفوظ) ، وە سەبارەت بەم دوو بوارە خوای گەورە فەرموویەتی :[ أَلَمْ تَعْلَمْ أَنَّ اللَّهَ يَعْلَمُ مَا فِي السَّمَاءِ وَالأرْضِ إِنَّ ذَلِكَ فِي كِتَابٍ إِنَّ ذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ]  [الـحج] .
واتە : ئایا نەت زانیوە كە بەڕاستى خوا زانا و ئاگادارە بە هەموو ئەو شتانەى لە نێو ئاسمان و زەویدایە ، بەڕاستى ئەمە لە كتێبى (لوح الـمحفوظ)دایە ، بەڕاستى ئەمە بە لاى خواوە ئاسانە .
وە لە (صحيح مسلم)دا لە (عبد الله بن عمرو بن العاص)ەوە (رضي الله عنهما) فەرموویەتی : بیستم پێغەمبەری خوا (  ) دەیفەرموو : ((كَتَبَ اللَّهُ مَقَادِيرَ الْخَلاَئِقِ قَبْلَ أَنْ يَخْلُقَ السَّمَوَاتِ وَالأَرْضَ بِخَمْسِينَ أَلْفَ سَنَةٍ))(١).
واتە : خوا چارەنووسی دروستكراوەكانی نووسیوە پێش ئەوەی ئاسمانەكان و زەوی دروست بكات بە پەنجا هەزار ساڵ .

سێیەم : باوەڕبوون بەوەی كە هەموو ڕووداوەكان (ئەو شتانەی كە دەبن) ڕوونادەن و نابن ئیللا بە ویستی خوای گەورە نەبێت ، جا چ ئەوە لەو شتانەدا بێت كە پەیوەندیان هەیە بە كرداری خواوە یان پەیوەندیان هەیە بە كرداری دروستكراوەكانەوە یەكسانن ، خوای گەورە سەبارەت بەوەی كە پەیوەندی بە كرداری خۆیەوە هەیە فەرموویەتی :[ وَرَبُّكَ يَخْلُقُ مَا يَشَاءُ وَيَخْتَارُ] [القصص] .
واتە : وە پەروەردگارت ئەوەی كە ویستی لێی ببێت دروستی دەكات و ئەوەش هەڵدەبژێرێت كە ویستی لێیەتی .
وە فەرموویەتی : [وَيَفْعَلُ اللَّهُ مَا يَشَاءُ] [إبراهيم] . واتە : خوا ئەوەی كە ویستی لێی ببێت دەیكات .
وە فەرموویەتی : [هُوَ الَّذِي يُصَوِّرُكُمْ فِي الْأَرْحَامِ كَيْفَ يَشَاءُ] [آل عمران] .
واتە : خوا ئەو كەسەیە كە شێوەتان دیاری دەكات لە مناڵدانی دایكاندا بەو شێوازەی كە ویستی لێی ببێت .
وە خوای گەورە سەبارەت بەوەی كە پەیوەندی بە كرداری دروستكراوەكانەوە هەیە فەرموویەتی :[ وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ لَسَلَّطَهُمْ عَلَيْكُمْ فَلَقَاتَلُوكُمْ] [النساء] .
واتە : وە ئەگەر خوا ویستی لـێ ببێت ئەوا بێباوەڕەكان دەســەڵاتدار دەكات بە سەرتـانــەوە و ئەنــجا لەگەڵـــتاندا دەجەنگان .
وە فەرموویەتی :[ وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ مَا فَعَلُوهُ فَذَرْهُمْ وَمَا يَفْتَرُونَ] [الأنعام] .
واتە : وە ئەگەر پەروەردگارت ویستی لێ ببێت ئەوا ئەو كارانەیان نەدەكرد ، بۆیە تۆ وازبێنە لە خۆیان و لەوەش كە هەڵیدەبەستن .

چوارەم: : باوەڕبوون بەوەی كە هەموو بونەوەر و ڕووداوەكان (ئەو شتانەی كە دەبن) دروستكراوی خوای گەورەن بە خوودی خۆیان و سیفەتەكانیان و جموجوڵیانیشەوە ، خوای گەورە فەرموویەتی :[ اللَّهُ خَالِقُ كُلِّ شَيْءٍ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ وَكِيلٌ] [الزمر] .
واتە : خوا بەدیهێنەر و دروستكاری هەموو شتێكە ، وە بەسەر هەموو شتێكەوە وەكیلە .
وە خوای پاك و بێكەم و كوڕی فەرموویەتی :[ وَخَلَقَ كُلَّ شَيْءٍ فَقَدَّرَهُ تَقْدِيرًا] [الفرقان] .
واتە : وە خوا هەموو شتێكی دروست كردووە و ئەندازەشی بۆ داناوە .
وە خوای گەورە سەبارەت بە پێغەمبەر ئیبراهیم (علیه السلام) كە بە گەلەكەیی وتوە : فەرموویەتی :[ وَاللَّهُ خَلَقَكُمْ وَمَا تَعْمَلُونَ] [الصافات] .
واتە : خوا ئێوەی دروست كردووە و ئەوەش كە دەیكەن .

* وە باوەڕ بوون بە قەدەر ـ بەو شێوەیەی كە باسمان كرد ـ ئەوە رەد ناكاتەوە كەوا بەندە ویستی هەبێت لەو كردارانەیدا كە هەڵبژاردەی خۆیین و توانای هەبێت بەسەریاندا ، چونكە شەرع و واقع هەردووكیان بەڵگەن لەسەر سەلماندنی ئەمە بۆی :
لایەنی شەرع : ئەوا خوای گەورە سەبارەت بە ویستی بەندە فەرموویەتی: [فَمَنْ شَاءَ اتَّخَذَ إِلَى رَبِّهِ مَآبًا] [النبأ] .
واتە : هەر كەسێ ویستی لـێ بێت گەڕانەوە بۆ لای پەروەردگاری هەڵدەبژێرێت .
وە فەرموویەتی :[ فَأْتُوا حَرْثَكُمْ أَنَّى شِئْتُمْ] [البقرة] .
واتە : بچنە لای جێی تۆوەكانتان چۆن دەتانەوێت (ویستان لەسەری هەیە) .
سەبارەت بە توانای بەندەیش خوای گەورە فەرموویەتی : [فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ وَاسْمَعُوا وَأَطِيعُوا] [التغابن] .
واتە : لە خوا بترسن ئەوەندەی لە تواناتاندا هەیە ، وە گوێگر و گوێ ڕایەڵ بن .
وە فەرموویەتی : [لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا لَهَا مَا كَسَبَتْ وَعَلَيْهَا مَا اكْتَسَبَتْ] [البقرة] .
واتە : خوا ئەرك ناخاتە سەر هیچ كەسێك ئیللا بە پێی توانای نەبێت ، پاداشتی ئەوەی بۆ هەیە كە كردوویەتی لە چاكە و پاداشتی ئەوەشی لەسەرە كە كردوویەتی لە خراپە .
وە لایەنی واقع: ئەوا بەڕاستی هەموو مرۆڤێك دەزانێت كە خۆی ویست و توانای هەیە ، بە هەردووكیان كردار دەكات ، وە بە هەردووكیان واز دێنێت لە كردار كردن ، وە بە هەردووكیان جیاوازی دەكات لە نێوان ئەوەی كە ڕوودەدات بە پێی ویستی خۆی وەكو ڕێ كردن لەگەڵ ئەوەدا كە روودەدات بە بێ ویستی خۆی وەكو لەرزلێهاتن ، بەڵام ویست و توانای بەندە بە ویست و توانای خوای گەورە بەدیدێن ، لەبەر فەرمایشتی خوای گەورە :[ لِمَنْ شَاءَ مِنْكُمْ أَنْ يَسْتَقِيمَ (28) وَمَا تَشَاءُونَ إِلَّا أَنْ يَشَاءَ اللَّهُ رَبُّ الْعَالَمِينَ] [التكوير] .
واتە : بۆ هەر كەسێك لە ئێوە كە ویستی هەبێت ڕاست بێتەوە ﯭ وە ناتوانن ویستان هەبێت ئیللا مەگەر خوای پەروەردگاری هەموو جیهان ویستی لێی ببێت .
وە لەبەر ئەوەی گەردوون هەمووی موڵكی خوایە هیچ شتێك لە نێو موڵكی خوادا نابێت بە بێ زانیاری و ویستی ئەو .

* وەباوەڕ بوون بە قەدەر ـ بەو شێوەیەی كە باسمان كرد ـ بەڵگە و بیانو نابەخشێت بە بەندە بۆ وازهێنانی لەو كارانەی كە پێویست كراون لەسەری ، یان بۆ ئەنجامدانی تاوانەكان ، بە پێی ئەمە كردنی قەدەر بە بیانو لە لایەن ئەو جۆرە كەسانەوە پووچەڵە لە چەند روویەكەوە :
یەکەم
: خوای گەورە فەرموویەتی :[ سَيَقُولُ الَّذِينَ أَشْرَكُوا لَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا أَشْرَكْنَا وَلَا آبَاؤُنَا وَلَا حَرَّمْنَا مِنْ شَيْءٍ كَذَلِكَ كَذَّبَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ حَتَّى ذَاقُوا بَأْسَنَا قُلْ هَلْ عِنْدَكُمْ مِنْ عِلْمٍ فَتُخْرِجُوهُ لَنَا إِنْ تَتَّبِعُونَ إِلَّا الظَّنَّ وَإِنْ أَنْتُمْ إِلَّا تَخْرُصُونَ] [الأنعام] .
واتە : ئەوانەى كە هاوبەش بۆ خوا دادەنێنن دەڵێن : ئەگەر خوا بیویستایە ئێمە و باب و باپیرانمان هاوبەشمان (بۆ خوا) دانەدەنا ، وە هەروەها ئەگەر خوا نەی ویستبایە ئێمە هیچ شتێكمان لە خۆمان حەرام نەدەكرد ، هەر بەو شێوەیە ئەوانەى پێش ئەمانیش درۆیان دەكرد و هەمان قسەیان دەوت هەتا سزا و تۆڵەى ئێمەیان چەشت ، (ئەى پێغەمبەر) بڵێ : ئایا هیچ بەڵگە و زانیاریەكتان لایە دەرى خەن بۆمان ، ئێوە شوێنى هیچ شتێك ناكەون جگە لە گومان نەبێت ، وە ئەوەى ئێوە دەیڵێن لە درۆ زیاتر هیچ شتێكى تر نییە .
كەواتە ئەگەر قەدەر بەڵگە ببوایەت بۆیان ئەوا خوا سزا و تۆڵەى پێیان نەدەگەیاند .

دووەم: خوای گەورە فەرموویەتی : [رُسُلًا مُبَشِّرِينَ وَمُنْذِرِينَ لِئَلَّا يَكُونَ لِلنَّاسِ عَلَى اللَّهِ حُجَّةٌ بَعْدَ الرُّسُلِ وَكَانَ اللَّهُ عَزِيزًا حَكِيمًا] [النساء] .
واتە : پێغەمبەرانێك كە موژدەدەر و ئاگاداركەرەوەن بۆ ئەوەی خەڵكی بیانویان بە دەستـەوە نەبێت لە لای خــوا لە
پاش ناردنی پێغەمبەران ، وە خوا بەدەسەڵات و دانایە .
كەواتە ئەگەر قەدەر بەڵگە ببوایەت بۆ پێچەوانەكەرانی پێغەمبەران ئەوا ئەو بیانووە بە ناردنی پێغەمبەران لانەدەچوو ، چونكە پێچەوانە كردن دوای ناردنیان رووی داوە بە قەدەری خوای گەورە .

سێیەم : ئەوەی كە (البخاري ومسلم ـ واللفظ للبخاري ـ) گێڕاویانەتەوە لە (علي بن أبـي طالب)ەوە (رضی الله عنه) كەوا پێغەمبەر () فەرموویەتی : ((مَا مِنْكُمْ مِنْ أَحَدٍ إِلاَّ وَقَدْ كُتِبَ مَقْعَدُهُ مِنَ الْجَنَّةِ وَمَقْعَدُهُ مِنَ النَّارِ ، فَقُلْنَا : يَا رَسُولَ اللَّهِ أَفَلاَ نَتَّكِلُ ؟ قَالَ : لاَ ، اعْمَلُوا فَكُلٌّ مُيَسَّرٌ ، ثُمَّ قَرَأَ :[ فَأَمَّا مَنْ أَعْطَى وَاتَّقَى (5) وَصَدَّقَ بِالْحُسْنَى (6) فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْيُسْرَى (7) وَأَمَّا مَنْ بَخِلَ وَاسْتَغْنَى (8) وَكَذَّبَ بِالْحُسْنَى (9) فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْعُسْرَى (10)] [الليل] ))(٢).
 واتە : هیچ یەكێك لە ئێوە نییە ئیللا جێگای لە بەهەشتدا و جێگای لە دۆزەخدا نووسراوە ، وتمان : ئەی پێغەمبەری خوا : ئایا بۆ پاڵیلێنەدەینەوە و پشت بەو نووسینە ببەستین ؟ فەرمووی : نەخێر ، كردەوە بكەن چونكە هەموو كەسێك بەڕێخراوە ، ئەنجا ئەم ئایەتانەی خوێندەوە : بەڵام ئەو كەسەی كەوا دەبەخشێت و خۆپارێزی دەكات لە تاوان و لە خوا دەترسێت ، وە باوەڕی هەیە بە (لا إلـهَ إلآَّ الله / واتە : هیچ پەرستراوێك نییە شایستەی پەرستن بێت جگە لە خوا ـ الله ـ نەبێت) [یان باوەڕی هەیە بە (بەهەشت و پاداشتی چاكەكاری)] ئەوا هەموو چاكەكارىیەكی بۆ ئاسان دەكەین و یارمەتی دەدەین بۆ ئەنجامدانی هەموو خێرێك و دووركەوتنەوە لە هەموو خراپەیەك، بەڵام ئەو كەسەی كەوا ڕەزیلی دەكات و خۆی بێپێویست دەكات لە خوا (پێویستی خۆی بۆ خوا دەرنابڕێت)، وە باوەڕی نییە بە (لا إلـهَ إلا الله / واتە : هیچ پەرستراوێك نیيه شایستەی پەرستن بێت جگە لە خوا ـ الله ـ نەبێت) [یان باوەڕی نییە بە (بەهەشت و پاداشتی ڕۆژی دوایی)] ﯚ ئەوا هەموو خراپەكارىیەكی بۆ ئاسان دەكەین و یارمەتی نادەین بۆ ئەنجامدانی خێر و چاكە و دووركەوتنەوە لە خراپە .
(وفي لفظ لـمسلم) پێغەمبەر () فەرموویەتی : ((اعْمَلُوا فَكُلٌّ مُيَسَّرٌ لِـمَا خُلِقَ لَـهُ)) [صحيح مسلم رقم : (2647)] .
واتە : كردەوە بكەن چونكە هەموو كەسێك بەڕێخراوە بۆ ئەوەی كە بۆی دروستكراوە .
پێغەمبەر () فەرمانی كردووە بە كردەوە كردن ، و ڕێگری كردووە لە پشت بەستن بە قەدەر .

چوارەم : بەڕاستی خوای گەورە فەرمانی كردووە بە بەندە و رێگریشی لـێكردووە ، وە ئەركی نەخستووەتە سەر جگە لەوە نەبێت كە لە توانایدایە ، خوای گەورە فەرموویەتی : [فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ وَاسْمَعُوا وَأَطِيعُوا] [التغابن] .
واتە : لە خوا بترسن ئەوەندەی لە تواناتاندا هەیە ، وە گوێ بگرن و گوێ ڕایەڵ بن .
وە فەرموویەتی : [لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا] [البقرة] .
واتە : خوا ئەرك ناخاتە سەر هیچ كەسێك ئیللا بە پێی توانای نەبێت .
كەواتە ئەگەر بەندە ناچاركراو و زۆرلێكراو ببوایەت لەسەر كردووە كردن ، ئەوا ئەرك لەسەر (تەكلیفلێكراو) دەبـوو بەوەی كـە لە توانایـدا نییە رزگـاری ببێت لێی ، وە ئەمەش پووچەڵە ، وە لە بەر ئەوە ئەگەر سەرپێچییەكی لێوەشـایــەوە بـە نــەزانـی یـان بە لـەبـیرچـوونــەوە یان بە زۆر پێكردن ئەوا تاوانی لەسەر نییە ، چونكە بیانووی هەیە .

پێنجەم : بەڕاستی قەدەری خوا نهێنیەكی شاراوەیە پێی نازانرێت ئیللا دوای ڕوودانی ئەوە نەبێت كە دانراوە ببێت ، وە ویستی بەندە بۆ ئەو كارەی كە دەیكات پێش كردنەكەی كەوتووە ، بۆیە ویستی بەندە بۆ كردار بنیات نەنراوە لەسەر زانیاری ئەو بەندەیە بە قەدەری خوا ، كەواتە لەم كاتەدا قەدەر كردن بە بیانو لە لایەن ئەو كەسەوە نامێنێت و پووچەڵ دەبێتەوە ، چونكە بەڵگە و بیانو نییە بۆ كەسێك لە شتێكدا كە نایزانێت .

شەشەم : بەڕاستی ئێمە دەبینین مرۆڤ سوورە لەسەر ئەوەی كە گونجاوە بۆی لە بوارەكانی دونیایدا تاوەكو پێی دەگات و دەستی دەكەوێت ، وە لەوە لانادات بۆ ئەوەی كە نەگونجاوە بۆی ، ئەنجا بۆ ئەم لادانەی قەدەر بكات بە بەڵگە !
باشە بۆ چی خۆی لادەدات لەوەی كە سوودی بۆی هەیە لە بوارەكانی ئاینەكەیدا بۆ ئەوەی كە زیانی پێدەگەیەنێت ئەنجا قەدەر دەكاتە بەڵگە ؟ ئایا باری هەردوو بوارەكە یەكێك نین(*) ؟
ــ ئەوە نموونەیەكە بۆ تۆ كە ئەمەت بۆ ڕوون دەكاتەوە :
ئەگەر لەبەر دەستی مرۆڤدا دوو رێگا هەبێت :
یەكێكیان : دەیگەیەنێتە وڵاتێك كە هەمووی پشێوی و هەر كەس بۆ خۆیە : كوشتن و تاڵان كردن و ئابڕوبردنی نامووس و ترس و برسێتی تێـدایە .
دووەمیان : دەیگەیەنێتە وڵاتێك كە هەمووی یاسا و ئاسایش تێیدا بەرقەرارە و ژیانی خۆشە و ڕێز گرتنی تێدایە بۆ گیان و نامووس و ماڵ و سامانەكان ، ئایا كام ڕێگایەیان دەگرێتەبەر ؟
بەدڵنیایی ڕێگای دووەمیان دەگرێتەبەر كە دەیگەیەنێتە وڵاتی یاسا و ئاسایش ، وە هەرگیز مومكین نییە بۆ هیچ كەسێكی ژیر كەوا ڕێگای وڵاتی پشێوی و هەر كەس بۆ خۆی و ترس بگرێتەبەر و قەدەر بكات بە بەڵگە و بیانو !
ئایا لەبەر چی لە بواری دواڕۆژدا رێگای ئاگری دۆزەخ دەگرێتەبەر جگە لە بەهەشت و قەدەر دەكات بە بەڵگە ؟
ــ نموونەیەكی تر : دەبینین نەخۆش فەرمانی پێدەكرێت بە دەرمان خواردنەوە ، ئەویش دەیخواتەوە لە كاتێكدا كە دڵی نایبات و ئارەزووی ناكات ، وە ئەو خواردنەی لـێ قەدەغە دەكرێت كە زیانی پێدەگەیەنێت ، ئەویش وازی لـێ دێنێت لە كاتێكدا كە دڵی دەیبات و ئارەزووی دەكات ، هەموو ئەمانە ئەنجام دەدات بە مەبەستی داخوازی شیفا و چاك بوونەوە و سەلامەتی ، وە مومكین نییە كەوا خۆی بگرێتەوە لە خواردنەوەی دەرمان ، یان ئەو خواردنە بخوات كە زیانی پێدەگەیەنێت و قەدەر بكات بە بەڵگە و بیانو !
ئایا لەبەر چی مرۆڤـ واز دێنێت لەوەی كە خوا و پێغەمبەرەكەی فەرمانیان پێكردووە یان ئەوە ئەنجام دەدات كە خوا و پێغەمبەرەكەی قەدەغەیان كردووە ئەنجا قەدەر دەكات بە بەڵگە ؟
حەوتەم: بەڕاستی ئەو كەسەی كە قەدەر دەكات بە بیانو بۆ وازهێنانی لەوەی كە وازی لـێهێناوە لە پێویستكراوەكان (الواجبات) ، یان ئەوەی كە ئەنجامی دەدات لە تاوانەكان ، ئەگەر كەسێك دەست درێژی بكاتە سەری و ماڵەكەی ببات یان ئابڕوی ببات و ناوبانگی بڕوشێنێت ، ئەنجا قەدەر بكاتە بەڵگە و بڵێت : سەرزەنشتم مەكە ! چونكە دەست درێژی كردنەكەم بە قەدەری خوا ڕووی داوە ! ئەوا بیانوەكەی لـێقبوڵ ناكرێت .
باشە چۆن بیانو هێنانەوە بە قەدەر لە جگە لە خۆی قبوڵ ناكات بۆ دەست درێژی كردنی بۆ سەری ، وە خۆی بۆ خۆی قەدەر دەكاتە بیانــو لە دەست درێژی كردنیدا بۆ سەر مافـی خوای گەورە ؟!
وە دەگێڕنەوە لە پێشەوای باوەڕدارانەوە (عمر بن الـخطاب رضی الله عنه) كەوا دزێكیان هێناوە بۆ لای كە شایستەی دەست بڕینەوە بووە ، بۆیە فەرمانی كرد بە بڕینەوەی دەستی ، ئەویش وتی : پەلەمەكە ئەی پێشەوای باوەڕداران چونكە بەڕاستی من بە قەدەری خوا دزیم كردووە ! عومەریش فەرمووی : بەڕاستی ئێمەیش بە قەدەری خوا دەستت دەبڕین .

وە باوەڕ بوون بە قەدەر چەندین بەرهەمی گەورەی هەیە ، لەوانە :
یەکەم: پشت بەستن بە خوای گەورە لە كاتی ئەنجامدانی هۆكارەكاندا ، بە شێوەیەك كە پشت نەبەسترێت بە خوودی هۆكارەكە خۆیەوە ، چونكە هەموو شتێك بە قەدەری خوای گەورە دەبێت .
دووەم : كەوا مرۆڤـ سەرسام نەبێت بە خۆیەوە لە كاتی بەدیهاتنی مەبەستەكەیدا ، چونكە بەدیهاتنی مەبەستەكەی نیعمەتێكە لە لایەن خوای گەورەوە بەوەی كە ڕێكیخستووە و دایناوە لە هۆكارەكانی چاكە و سەركەوتن ، بەڵام سەرسام بوونی بە خۆیەوە شوكر و سوپاسی ئەم نیعمەتەی لە بیر دەباتەوە .
سێیەم: ئارامی و ئیسراحەتی دەروونی بەوەی كە دێت بەسەریدا لە قەدەرەكانی خوای گەورە ، جا بێزار و شپرز نابێت بە لەدەست چوونی خۆشویستراوێك یان بە ڕوودانی نەخواستراوێك ، چونكە ئەمە بە قەدەری خوا دەبێت كە موڵكی ئاسمانەكان و زەوی هی ئەوە ، وە ئەوە دەبێت ببێت و هیچ رێگاچارەیەك نییە بۆ روونەدانی ، وە سەبارەت بەمە خوای گەورە فەرموویەتی :[ مَا أَصَابَ مِنْ مُصِيبَةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا فِي أَنْفُسِكُمْ إِلَّا فِي كِتَابٍ مِنْ قَبْلِ أَنْ نَبْرَأَهَا إِنَّ ذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ (22) لِكَيْلَا تَأْسَوْا عَلَى مَا فَاتَكُمْ وَلَا تَفْرَحُوا بِمَا آتَاكُمْ وَاللَّهُ لَا يُحِبُّ كُلَّ مُخْتَالٍ فَخُورٍ] [الـحديد] .
واتە : هیچ بەڵایەك روونادات لە زەویدا و لە خوودی خۆیشتاندا ئیللا لە كتێبی (اللوح الـمحفوظ)دا نووسراوەتەوە پێش ئەوەی دروستی بكەین ، بەڕاستى ئەمە بە لاى خواوە ئاسانە ﯦ بۆ ئەوەی خەم نەخۆن بۆ ئەوەی كە لە دەستان دەچێت و دڵخۆشیش نەبن بەوەی كە پێتان دراوە ، وە خوا هەموو خۆبەگەورەزان و شانازیكەرێكی خۆش ناوێت .
وە پێغەمبەر () فەرموویەتی : ((عَجَبًا لأَمْرِ الْمُؤْمِنِ إِنَّ أَمْرَهُ كُلَّهُ خَيْرٌ ، وَلَيْسَ ذَاكَ لأَحَدٍ إِلاَّ لِلْمُؤْمِنِ ، إِنْ أَصَابَتْهُ سَرَّاءُ شَكَرَ فَكَانَ خَيْرًا لَهُ ، وَإِنْ أَصَابَتْهُ ضَرَّاءُ صَبَرَ فَكَانَ خَيْرًا لَهُ))(٣).
واتە : سەرسوڕمان بۆ باری باوەڕدار بەڕاستی هەموو بارێكی خێرە ، وە ئەمەش بۆ كەس نییە تەنها بۆ باوەڕدار نەبێت ، ئەگەر خۆشىیەكی تووش ببێت سوپاسی خوا دەكات ئەمەش خێرە بۆی ، وە ئەگەر زیانێكی تووش ببێت ئارام دەگرێت ئەمەش خێرە بۆی .
وە لەبواری قەدەردا دوو تاقم گومڕا بوون:
یەکەمینیان : (الـجبرية) : ئەوانەی كە وتویانە بەندە ناچار و زۆرلێكراوە بۆ ئەنجامدانی كردەوەكانی ، وە هیچ ویست و توانای خۆیی تێدا نییە .
دووەمینیان: (القدرية) : ئەوانەی كە وتویانە بەندە بە ویست و توانای خۆی سەربەخۆیە لە ئەنجامدانی كردەوەكانیدا ، وە هیچ كاریگەری ویست و توانای خوای گەورەی لەسەر نییە تێیدا .
وەڵامدانەوەی تاقمی یەکەم (الجبریة) بەشەرع و واقع دەبێت:
لایەنی شەرع: ئەوا بەڕاستی خوای گەورە ئەوەی سەلماندووە كەوا بەندە ویستی هەیە ، وە كردەوەشی داواتە پاڵیيهوە ، خوای گەورە فەرموویەتی :[ مِنْكُمْ مَنْ يُرِيدُ الدُّنْيَا وَمِنْكُمْ مَنْ يُرِيدُ الْآخِرَةَ] [آل عمران] .
واتە : هەندێك لە ئێوە دونیای دەوێت و هەندێكی دیكەیشتان دواڕۆژی دەوێت .
وە فەرموویەتی : [وَقُلِ الْحَقُّ مِنْ رَبِّكُمْ فَمَنْ شَاءَ فَلْيُؤْمِنْ وَمَنْ شَاءَ فَلْيَكْفُرْ إِنَّا أَعْتَدْنَا لِلظَّالِمِينَ نَارًا أَحَاطَ بِهِمْ سُرَادِقُهَا] [الكهف] .
واتە : ئەی پێغەمبەر بڵێ بە خەڵكی : ئەمەی كە پێتانی ڕادەگەیەنم ڕاستە و لای پەروەردگارتانەوە هێناومە ، جا هەركەسێك دەیەوێت باوەڕ بێنێت با باوەڕ بێنێت وە هەركەسێكیش دەیەوێت باوەڕ نەهێنێت با باوەڕ نەهێنێت ، بەڕاستی ئێمە ئاگرێكمان ئامادە كردووە بۆ ستەمكاران كەوا چواردەوری داون بە پەرژینەكـانی و ناتوانن لێی دەرباز ببن .
وە فەرموویەتی :[ مَنْ عَمِلَ صَالِحًا فَلِنَفْسِهِ وَمَنْ أَسَاءَ فَعَلَيْهَا وَمَا رَبُّكَ بِظَلَّامٍ لِلْعَبِيدِ] [فصلت] .
واتە : هەر كەسێك كردەوەی چاكە ئەنجامبدات ئەوە بۆ خۆی كردوویەتی ، وە هەر كەسێك خراپە بكات ئەوە لەسەری دەكەوێت ، وە پەروەردگارت هەرگیز ستەمكار نییە لە بەندەكان .
وە لایەنی واقع: ئەوا بەڕاستی هەموو مرۆڤێك دەزانێت جیاوازی هەیە لە نێوان كردارە هەڵبژێردراوەكانی كە بە  ویستی خۆی ئەنجامیان دەدات : وەكو خواردن و خواردنەوە و كڕین و فرۆشتن ، لەگەڵ ئەو كردارانەیدا كە دەكەونە سەری بە بێ ویستی خۆی : وەكو لەرزلێهاتن لە كاتی تالـێهاتن و كەوتنە خوارەوە لە سەربانەوە ، ئەو لە یەكەمیاندا (فاعِلٌ مُختارٌ بإرادتهِ من غير جَبْرٍ) ئەنجامدەر و سەرپشكە بە ویستی خۆی بە بێ زۆر لـێكردن ، وە لە دووەمیاندا (غیرُ مُختارٍ ولا مُريدٍ لـما وقع عليهِ) سەرپشك نییە و ئەوەی ناوێت كەوا كەوتووەتە سەری .
وە وەڵامدانەوەی تاقمی دووەم (القدریة) بەشەرع و عەقڵ:
لايەنی شەرع : ئەوا بەڕاستی خوای گەورە بەدیهێنەر و دروستكاری هەموو شتێكە ، وە هەموو شتێك بە ویستی ئەو دەبێت ، وە خوای گەورە لە كتێبەكەیدا (قورئان) روونی كردووەتەوە كەوا كرداری بەندەكان بە ویستی ئەو ڕوودەدەن ، خوای گەورە فەرموویەتی :[ وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا اقْتَتَلَ الَّذِينَ مِنْ بَعْدِهِمْ مِنْ بَعْدِ مَا جَاءَتْهُمُ الْبَيِّنَاتُ وَلَكِنِ اخْتَلَفُوا فَمِنْهُمْ مَنْ آمَنَ وَمِنْهُمْ مَنْ كَفَرَ وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا اقْتَتَلُوا وَلَكِنَّ اللَّهَ يَفْعَلُ مَا يُرِيدُ] [البقرة] .
واتە : وە ئەگەر خوا ویستی لێ ببوایەت ئەوا ئەوانەی دوای ئەوان كوشتاریان نەدەكرد دوای ئەوەی كەوا بەڵگەی ڕوونیان بۆ هات بەڵام ئەوان جیاوازی كەوتە نێوانیانەوە بۆیە هەندێكیان باوەڕی هێنا و هەندێكی تریان باوەڕی نەهێنا ، وە ئەگەر خوا ویستی لـێ ببوایەت كوشتاریان نەدەكرد بەڵام خوا ئەوە دەكات كە دەیەوێت .
وە فەرموویەتی :[ وَلَوْ شِئْنَا لَآتَيْنَا كُلَّ نَفْسٍ هُدَاهَا وَلَكِنْ حَقَّ الْقَوْلُ مِنِّي لَأَمْلَأَنَّ جَهَنَّمَ مِنَ الْجِنَّةِ وَالنَّاسِ أَجْمَعِينَ ] [السجدة] .
واتە : وە ئەگەر بمانەوێت ڕێڕەوی ڕووناكیمان (باوەڕهێنان) دەدا بە هەموو كەسێك ، بەڵام من بەڵێنی جێگیر و یەكلاییم داوە بەوەی كەوا دۆزەخ پڕ بكەمەوە بە جنۆكە و مرۆڤـ هەموویان .
وە لایەنی عەقڵ: ئەوا بەڕاستی گەردوون هەمووی خوای گەورە خاوەنیەتی ، وە مرۆڤیش بەشێكە لەم گەردوونە ، وە مومكینیش نییە بۆ خاوەندار ڕەفتار بكات لە نێو موڵكی خاوەنەكەیدا ئیللا بە مۆڵەت (ئیزن) و ویستی خاوەنەكەی نەبێت .


(١) رواه مسلم ، كتاب القدر ، باب حجاج آدم وموسى عليهما السلام ، رقم : (6690) .
(٢) رواه البخاري ، كتاب التفسير ، باب تفسير (فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْيُسْرَى) رقم : (4947) ، ورواه مسلم ، كتاب القدر ، باب كيفية خلق الآدمي وكتابة أجله ، رقم : (6675) .
(*) مەبەستی ئەوەیە بۆ هەڵبژاردنی لایەنی چاكە و دوور كەوتنەوە لە خراپە لە بواری دونیادا دەڵێت بە ویست و بڕیار و توانای خۆم كردوومە و خۆم سەرپشك بوومە تێیدا ، بەڵام لە بواری ئاین و دینداری دا بۆ ئەنجامدانی خراپە و دوور كەوتنەوە لە چاكە ناڵێت بە ویست و بڕیار و توانای خۆم كردوومە بەڵكو دەڵێت بە پێی قەدەر بووە و خوا لە چارەمی نووسیوە كە من خراپەكار بم و چاكەكار نەبم !!!
بەڕاستی ئەمە بانێكە و دوو هەوا ! چونكە لە بواری ئاین و دینەكەیشدا هەر بە ویست و بڕیار و توانای خۆی خراپەی كردووە و چاكەی نەكردووە ، كەس نىیە بتوانێت نكۆڵی لە ئەمە بكات مەگەر كەسێكی زۆر بێعەقڵ و گێل و گەمژە نەبێت .    ـ وەرگێڕ ـ
(٣) رواه مسلم ، كتاب الزهد والرقائق ، باب الـمؤمن أمره كله خير ، رقم : (7425) .

سەردان: ٦,٨٢٤ بەش: باوەڕبون بە قەدەر