پله‌كانى باوه‌ڕهێنان به‌ قه‌زاوقه‌ده‌ر چین، وه‌ به‌روبومى باوه‌ڕهێنان به‌قه‌ده‌ر چیه‌؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پله‌كانى باوه‌ڕهێنان به‌ قه‌زاوقه‌ده‌ر چین، وه‌ به‌روبومى باوه‌ڕهێنان به‌قه‌ده‌ر چیه‌؟

چوار پله‌ى هه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕى هیچ كه‌سێك ته‌واو نابێت هه‌تا ئه‌و چوار پله‌یه‌ له‌دڵیدا جێگیرنه‌بێت و بڕواى پێ نه‌بێت:
یەکەم : پله‌ى زانست و زانین: واته‌ خواى گه‌وره‌ ئه‌وه‌ى ڕووى داوه‌ زانیویه‌تى و ئه‌وه‌شى ڕووده‌دات ده‌یزانێت و به‌حاڵوبارى به‌نده‌كانیش شاره‌زایه‌ له‌ رزق و ئه‌جه‌ل و كرده‌وه‌كانیشیان و هه‌موو كاروبارێكیان، خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:[ إِنَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ (12) ] واته‌: بێگومان ئه‌و خوایه‌ به‌هه‌موو شتێك زانا و ئاگاداره‌، و هیچ شتێكى له‌كاروبارى دروستكراوه‌كانى له‌لا شاراوه‌ نیه‌ .
دووەم : پله‌ى نووسینه‌وه‌: واته‌ خواى گه‌وره‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى بڕیارى له‌سه‌ر داوه‌ نووسیویه‌تیه‌وه‌ له‌ (لوح المحفوظ) دا خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێـت: [ وَكُلَّ شَيْءٍ أحْصَيْنَاهُ فِي إِمَامٍ مُبِينٍ (12) ] واته‌: هه‌موو شتێكمان له‌ كتێبێكى ڕووندا تۆماركردووه‌ كه‌ دایكى كتێبه‌كانه‌، وه‌ هه‌موو بۆلاى ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش (لوح المحفوظ) ـه‌ . بۆیه‌ له‌سه‌ر كه‌سى ژیر پێویسته‌ له‌ نه‌فسى خۆى بپرسێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ سه‌رمه‌شقى باش له‌ چاكه‌دا له‌ ژیانیدا وه‌ له‌ پاش مردنی .
سێیەم : پله‌ى ویستن: واته‌ هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ى له‌م گه‌ردوونه‌دا ڕووده‌ده‌ن هه‌رهه‌مووى به‌ویستى خواى گه‌وره‌ ده‌بێت و ئه‌وه‌ى ئه‌و نه‌یه‌وێت ڕوونادات و ئه‌وه‌شى ئه‌و ویستى لێ بێت ئه‌وا ڕووده‌دات، وه‌كو ده‌فه‌رموێت: [ وَمَا تَشَاءُونَ إِلا أَنْ يَشَاءَ اللَّهُ رَبُّ الْعَالَمِينَ (26 ـ 29) ] واته‌: بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ بیه‌وێت له‌سه‌ر باوه‌ڕ به‌رده‌وام بێت، و ئه‌وه‌شتان له‌ توانادا نیه‌ ـ له‌به‌رده‌وامیتان له‌سه‌ر ڕه‌وایى ـ جگه‌ به‌ ویستى خواى په‌روه‌ردگارى هه‌موو بوونه‌وه‌ر نه‌بێت .
چوارەم : پله‌ى به‌دى هێنان و دروست كردن: واته‌ خواى گه‌وره‌ دروستكار و به‌دیهێنه‌رى هه‌موو شتێكه‌ و دروستكار و په‌روه‌ردگارێكى تر جگه‌ له‌و بوونى نیه‌، وه‌كو ده‌فه‌رموێـت: [ اللَّهُ خَالِقُ كُلِّ شَيْءٍ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ وَكِيلٌ (62) ] واته‌: به‌دیهێنه‌رى هه‌موو شته‌كان ته‌نها په‌رستراوى به‌هه‌ق ( الله ) یه‌، و په‌روه‌ردگار و پادشا و خاوه‌ن و هه‌ڵسوڕێنه‌رى هه‌موویه‌تى، وه‌ هه‌ر ئه‌ویشه‌ پارێزه‌رى هه‌موو شته‌كان و ته‌واوى كاروبارى دروستكراوه‌كانى به‌ڕێوه‌ ده‌بات .
له‌به‌روبومه‌كانى باوه‌ڕهێنان به‌قه‌ده‌ر: ڕازى بوون به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌سه‌ر موسڵماندا دێت و ئارامگرتن و چاوه‌ڕێى پاداشت بوون و هه‌وڵ و تێكۆشان بۆ ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ى چاك و وریاو خۆبه‌دوورگرتن له‌ تاوان و سه‌رپێچى و ترسان له‌ چاره‌نووسى خراپ.

وەرگیراوە لە کتێبی : (إعانة الخطباء والأئمة بفقه إمامة الأمة)
لە نوسینى شێخ : محمد بن زيد بن محمد المدخلي

 

سەردان: ٢,٩٥٢ بەش: باوەڕبون بە قەدەر