ئایا پرۆسەی هاوسەرگیری من بە قەدەر بڕیاری لەسەردراوە؟ وە ئایا گوێڕایەڵی و سەرپێچی قەدەر دەگۆڕن؟ ئایا خوای گەورە دیاری كردووە بۆ هەموو كەسێك كە كێ دەبێت بە هاوسەری؟ وە ئایا خواپەرستی و تاوان رۆڵیان هەیە لە گۆڕینی قەدەردا؟
من ئافرەتێكی خاوەن دین و ڕەوشتم خۆشدەوێت ، بەڵام ئەو منی خۆشناوێت, ئایا دروستە بۆم كە داوا لەخوابكەم و لێی بپاڕێمەوە كە خۆشمی بوێت و خۆشەویستم بكات لای و ئەویش خۆشەویست بكات لام و بیكات بە هاوسەری داهاتووم؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەكەم:
قەدەر: بریتیە لە ئەندازەگیری لەلایەن خوای گەورەوە بۆ شتەكان لە ئەزەلەوە ، وە خوا دەزانێت كە ئەو شتە لەكاتێكی دیاری كراوی خۆیدا كە خوا دەیزانێت ڕوودەدات و لەسەر شێوەی تایبەتی خۆی ، و نووسین و ویستی لەسەر ڕوودانی بەگوێرەی ئەوەی بۆی دیاری كراوەو بەدی هێنانی ، هەموو ئەمانە لە لایەن خوای پەروەردگارەوە پێی دەوترێت قەدەر.
وە باوەڕبوون بە قەدەر یەكێكە لە پایەكانی ئیمان وباوەڕ كە بەبێ ئەمە باوەڕی هیچ كەسێك تەواو نیە ، وە لەگەڵ خۆیدا دەخوازێت كە بڕوات بە چوار شتی تریش هەبێت ،كە ئەمانەن:
1. باوەڕبوون بەوەی كە خوا ورد ودرشتی هەموو شتەكان چاك دەزانێت هەر لەكۆن وسەرەتاوە بەشێوەیەك كە بە ئەندازەی گەردیلەیەكیشی لێ ون و بزر نابێت لە ئاسمانەكان و زەویدا.
2. باوەڕبوون بەوەی كە خوای پەورەردگار هەموو ئەوانەی لە (لوح المحفوظ)دا تۆماركردووە و نوسیویەتی پەنجا هەزار ساڵ پێش ئەوەی ئاسمانەكان و زەوی دروست بكات.
3. باوەڕبوون بە ویست وئیرادەی خوا كە جێ بەجێ دەبێت و دەسەڵاتی گشتگیری خوا ، وە هیچ شتێك لەم گەردوونەدا ڕوونادات لە خێر و شەڕ مەگەر بە ویستی خوا نەبێت.
4. باوەڕبوون بەوەی كە هەموو بوونەوەرەكان دروستكراوی خوان ، وە خوای گەورە بەدی هێنەری دروستكراوەكان و بەدی هێنەری سیفات و كردەوەكانیشیانە.
جا ئەم ورەكاریەی سەرەوە ئەوەت بۆ ڕوون دەكاتەوە كە, بێگومان خوای كاربەجێ هەر لە ئەزەلەوە بڕیاری داوە كە خێزانەكەت كێ دەبێت و هاوسەرەكەت كێیە و رۆڵە ونەوەكانتیش كێن ، وە هەموو شتێك لە گەردووندایە ئەوە بە ئەندازەگیری و قەدەری خوای گەورەیە ، وەك دەفەرموێت: [إِنَّا كُلَّ شَيْءٍ خَلَقْنَاهُ بِقَدَرٍ (49)]{القمر}
دووەم:
ئەمەش مانای ئەوە نیە كە مرۆڤ لەم دونیایەدا بێ ویست و ئیرادەیە ، هەروەكو چۆن واتای ئەوە ناگەیەنێت كە مرۆڤ هەوڵ نەدات بۆ هۆكارەكانی خۆشبەختی و كامەرانی خۆی ، جا هەموو شتێك خوای گەورە هۆكار و سەبەبی بۆ داناوە, جا ئەوەی منداڵی دەوێت دەبێت هاوسەرگیری بكات, وە ئەوەی خۆشبەختی دوارۆژی دەوێت دەبێت هەوڵی بۆ بدات و ڕێگەی هیدایەت بگرێتە بەر, وە ئەوەشی ماڵ و دارایی دەوێت دەبێت ماندوو بێت.
پێغەمبەی خوا ﷺ دەفەرموێت:
" اعملوا؛ فكل ميسر لما خلق له: أما من كان من أهل السعادة؛ فييسر لعمل أهل السعادة، وأما من كان من أهل الشقاوة؛ فييسر لعمل أهل الشقاوة " متفق علیە.
واتە: كاربكەن, چونكە هەموو كەسێك سەركەوتو و ئامادەكراوە بۆ ئەوەی بۆی دروستكراوە, جا ئەوەی لە ئەهلی خۆشبەختی وبەهەشتیە, كار وكردەوەی بەختەوەرانی بۆ ئاسان دەكرێت وئەوەش لە ئەهلی بەدبەختی و دۆزەخی بێت كاروكردەوەی بەدبەختی بۆ ئاسان دەكرێت.
وە خوای گەورە پەڕاوی وردەكاری كردەوەكانی مرۆڤی پیشانی كەس نەداوە لە خێر و شەڕ, هەربۆیە هەموو كەسێك هەوڵی بەدەست هێنانی خێر و دوورخستنەوەی خراپە لەخۆی دەدات, وە بۆیە كەسێك بە ژیر و هۆشمەند دانانرێت كە بە ئاراستەی پێچەوانە لە ڕێگایەكدا لێ بخوڕێـت و بشڵێت: هیچ ڕوونادات ئەوە نەبێت كەلەسەرم نووسراوە, وە یاخود كەس نیە لە ماڵەوە بێكار دابنیشێت و بڵێت ئەو رزق و رۆزیەی كە خوا بۆی نووسیوم بۆم دێت با هەوڵ وتێكۆشانیشم نەبێت, وە یاخود كەس نیە خواردنێكی ماوەبەسەرچوو بـخـوات و بڵێـت: هیچم لێ نایەت ئەوە نەبێت كە خوا لەسەری نووسیوم, جا ئەم كارو هەڵوێستانە هەركەسێك ئەنجامیان بدات و بیانڵێت ئەوا بەدڵنیاییەوە لە ڕیزی شێت وبێ عەقڵەكان هەژماردەكرێت.
وە سەبارەت بە پرسی هاوسەرگیری ئەوا بەدڵنیاییەوە موسڵمان دەزانێت كەوا پێغەمبەری خوا ﷺ هانی داوە ئافرەتی دیندار بهێنێت, ئەمەش ئەوە دەخوازێت كە بەدوای ئەوتایبەتمەندیەدا بگەڕێیت و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی خاوەن دینێك بدەیت, وە هیچ كەسێكی عاقڵ ناڵێت من هەوڵی بۆ نادەم, چونكە ئەگەر ئافرەتێكی ناشرین یان شێت یان گەورە وبەساڵاچوو یان بەدڕەوشتی بۆ پێشنیار بكرێت بەدڵنیاییەوە پەسەندی ناكات وەكو هاوژینی خۆی, وە لافی ئەوەش لێ نادات كە بەبینینی یەكەم ئافرەت بەبێ بیركردنەوە و بێ هیچ پێچ وپەنایەك پەسەندی دەكەم .
كەوابوو وەكو پێشتر ئاماژەمان پێكرد پێویست دەكات چەند ئافرەتێك ببینێت و پاشان بە وردی بیری لێ دەكاتەوەو پرس وڕاوێژیش بەكەسانی ژیر وبەئەزموون دەكات و ئیستیخارەش دەكات و لەكۆتاییدا گونجاوترینیان بۆ خۆی دەست نیشان دەكات و ئەوكات دەڵێت: هەرچی خوا بیەوێت هەر ئەوە ڕوودەدات و ویستیشی لەسەر شتێك نەبێت ڕوونادات و نابێت, وە با ئومێد وڕەجای لە پەروەردگاریدا بێت كە ئاسانكاری بۆ بكات لەو كارەیدا, و باشترین كاری بۆ بڕیار بدات و كارێك بێت كە خوا پێی خۆش بێت ولێی ڕازی بێت.
دوای هەموو ئەم كارانەش, كاتێك كە كارەكە ڕێك هات یاخود ڕێك نەهات, ئەوەی لەسەریەتی ئەوەیە كە گومانی باش بە خوا ببات و چاك بزانێت كە خوای گەورە خێر و چاكە نەبێت تووشی بەندەی سوپاسگوزار وئارامگر ناكات.
پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت:
" عَجَبًا لِأَمْرِ الْمُؤْمِنِ، إِنَّ أَمْرَهُ كُلَّهُ خَيْرٌ، وَلَيْسَ ذَاكَ لِأَحَدٍ إِلَّا لِلْمُؤْمِنِ، إِنْ أَصَابَتْهُ سَرَّاءُ شَكَرَ، فَكَانَ خَيْرًا لَهُ، وَإِنْ أَصَابَتْهُ ضَرَّاءُ، صَبَرَ فَكَانَ خَيْرًا لَهُ "{صحیح مسلم: 2999}.
واتە: بەڕاستی كاری ئیماندار جێگەی سەرسامیە, چونكە هەموو كاروبارێكی هەر خێرە, ئەوەش بۆ كەس بەوشێوەیە نیە تەنها بۆ باوەڕدار نەبێت, ئەگەر هاتوو تووشی خۆشی هات و شوكری خوای كرد لەسەری ئەوا دەبێتە خێربۆی, وە ئەگەریش تووشی ناخۆشی هات و ئارامی گرت لەسەری ئەوا دیسان دەبێتە خێربۆی.
سێ یەم:
سەبارەت بە بڕگەی دووەمی پرسیارەكە كە ئایا تاوان وعیبادەت رۆڵیان هەیە لە گۆڕینی قەدەردا, با چاك بزانێت كە ئەوەی تۆماركراوە لە ( لوح المحفوظ) دا بە هیچ جۆرێك ناگۆڕێت, پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: " رُفِعَتِ الأقلام وجفَّت الصُّحُف " رواه الترمذي 2516 و صححه من حديث ابن عباس.
واتە: پێنووسەكان هەڵگیراون و پەڕاوەكانیش ووشك بوونەتەوە.
بەڵام ئەو پەڕاوەنی كە بەدەستی فریشتەكانەوەیە ئەوا جاری وا هەیە خوای گەورە فەرمان بە فریشتەكە دەكات كە بیگۆڕێت لەبەر چاكە وگوێڕایەڵیەكی موسڵمانەكە یاخود لەبەر تاوان وسەرپێچیەك كە كردوویەتی, لە كۆتاییشدا هەر ئەوە دەبێت كە لەسەرەتادا نووسرابوو, بەڵگەش لەسەر ئەمە ئەم ئایەتەیە كە خوای گەورە دەفەرموێت:
[يَمْحُو اللَّهُ مَا يَشَاءُ وَيُثْبِتُ وَعِنْدَهُ أُمُّ الْكِتَابِ (39) ]الرعد. واتە: ئەوەی خوا بیەوێ دەیسڕێتەوە و ویستی لەسەر هەرچیش بێت دەیهێلێتەوە و سەرچاوەی كتێبەكانیش كە ( لوح المحفوظ) لای خوایە.
وە پێغەمبەری خوا ﷺ هانی موسڵمانانی داوە بەچەند عیبادەتێك هەستن وئەنجامی بدەن كە دەبێتە هۆی تەمەن درێژی, وەكو سیلەی ڕەحم, وە هەواڵی ئەوەشی داوە كە دوعا قەزاوقەدەر ڕەد دەكاتەوە, ئەمەش واتە: خوای گەورە لەسەرەتادا زانیویەتی كە ئەم بەندەیەی بەم عیبادەتانە هەڵدەسێت بۆیە تەمەنێكی درێژی بۆ بڕیار داوە یاخود فەڕ وبەرەكەتی خستۆتە تەمەنیەوە, وە بە پێچەوانەشەوە ڕاستە, جاری وا هەیە كەسەكە تاوانێك دەكات بەهۆیەوە بێبەش دەبێت لە رزق و رۆزیەك, وە خوای گەورەش پێشتر زانیویەتی و ئەوەی بۆ نووسیوە بەپێی كارو كردەوەكەی خۆی, وەخوای پەروەردگار كەسی ناچار نەكردووە لەسەر گوێڕایەڵی و تاوان.
وە پێغەمبەری خوا ﷺ ئەم مانایەشی لە فەرموودەیەكدا كۆكردۆتەوە ودەفەرموێت:
عن ثوبان قال قال رسول الله ﷺ: " لا يزيد في العمر إلا البر ولا يرد القدر إلا الدعاء وإن الرجل ليحرم الرزق بالذنب يصيبه " . حسنه الألباني في صحيح ابن ماجة 4022.
عَنْ أَنَسِ بْنِ مَالِكٍ؛ أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ: "مَنْ أَحَبَّ أَنْ يُبْسَطَ لَهُ فِي رِزْقِهِ، وَأَنْ يُنْسَأَ لَهُ فِي أَثَرِهِ، فَلْيَصِلْ رحمه".متفق علية.
چوارەم:
خۆشەویستیت بۆ ئافرەتێكی خاوەن دین وڕەوشت ئەوەت لەسەر واجب دەكات كە وریا وئاگادار بیت لەوەی نەكەویتە ناو سەرپێچی شەرعیەوە, وەكو نامەناردن وقسەكردن لەگەڵیدا وبەتەنها كەوتن لەگەڵیدا, وە ئێمە ئامۆژگاریت ناكەین بەوەی دوعا بكەی كە خوا خۆشەویستت بكات لای, بەڵكو ئامۆژگاریت دەكەین كە دوعا بكەیت خوای گەورە ئافرەتێكی چاك وگوێڕایەڵ بكاتە هاوسەرت, وە ئەگەریش ئافرەتێكت دۆزیەوە كە تایبەتمەندیەكانی صاڵح بوونی تێداهەبوو ئەوا بڕۆ پێشەوەو هاوسەرگیری لەگەڵدا بكە, و پێویستیش ناكات خودی ئافرەتێك دیاری و دەستنیشان بكەیت ( كە ئیتر ئەگەر ئەوە نەبوو ژیان كۆتایی دیت ) چونكە ئەوكارە ڕاتان دەكێشێت بۆ دروست بوونی پەیوەندی خۆشەویستی ناشەرعی و لەوانەشە بۆ یەكتریش نەبن وڕێك نەكەوێت, بۆیە ئەوەی ئێمە بەباشی دەزانین بۆت ئەوەیە لە خوا داوا بكەیت كە ئافرەتێكی صاڵح بكاتە هاوسەرت و ئاسانكاریت بۆ بكات.
وە كاتێك ویستت ئەو كارەیش بكەیت, ئیستیخارە بكە و بەردەوام بە لەسەر ئەوكارەت, ئەگەر بۆت ئاسان بوو ئەواپشت بە خوا ببەستە, ئەگەرنا ئەوا ئافرەتی تر جگە لەو زۆرە و تۆیش دیندارەكەی هەڵبژێرە.
لەكۆتاییشدا داواكارین لە خوا كە ڕێنموونیت بكات بۆ ئەو كارەی كە خۆی لێی ڕازیە وسەركەوتووت بكات بۆ ئەوەی خۆی پێی خۆشە و ئافرەتێكی صاڵح بكاتە هاوسەرت و نەوەی چاكیش پێشكەشتان بكات. والله أعلم.