ئەو خۆشویستن و شوێنکەوتنەى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) کامەیە کە لە لاى خواى گەورە قەبوڵە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو خۆشویستن و شوێنکەوتنەى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) کامەیە کە لە لاى خواى گەورە قەبوڵە؟

ئەی ئەوانەی كە دڵتان نەرم ئەبێت بۆ یادی پەیامبەر -- وریابن وئاگاداربن وبزانن كە خۆشویستنی پەیامبەر بە بانگەشەكردن نیە، تەنها بە دەم بڵێی: من پەیامبەرم خۆشدەوێ‌، بەڵكو بە شوێنكەوتنە، بە جێبەجێكردنی ئەم چوار خاڵەی خوارەوەیە لە ژیانی ڕۆژانەماندا، هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەم چوار خاڵەیە لە كردار وگوفتارماندا:
یەكەم: تصدیقه فیما أخبر : 
هەرچی هەواڵـێك لە پەیامبەری خواوە پێمان گەیشتوە، بڕوای پێبكەین وبە ڕاستی بزانین، بە بەڵگەی [وَمَا يَنْطِقُ عَنْ الْهَوَى (3) إِنْ هُوَ إِلاَّ وَحْيٌ يُوحَى ] واتە: «موحەممەد بە هەوا وئارەزوی خۆی قسە ناكات، بەڵكو ئەوەی كە دەیڵێت وەحیە ولەلایەن پەروەردگاریەوە بۆی دێ».
كەواتە كە فەرموویەتی -بۆ نمونە-: ئەگەر مێشێك كەوتە نێو ئەو پەرداخی یەكێكتانەوە، با مێشەكە بە تەواوی بژەنێت بە پەرداخەكەدا، چونكە مێش دیوێكی دەردی تێدایە ودیوەكەی تریشی دەرمانە.
ئێمەی شوێنكەوتەی پەیامبەر --، دەبێت باوەڕمان وابێ كە مێش بەو شێوەیەیە، با زانستی ئەمڕۆش بڵێ‌ وانیە -گەرچی ئەڵێ‌ وایە-.
ئێمەی ئەهلی سوننەت لەبەر خاتری هیچ كەسێك قسەی پەیامبەری خوا -- بە درۆ ناخەینەوە، بەڵكو پەیامبەری خوا ڕاستگۆترە لامان لەهەر كەسێكی تر. بەمەرجێ لە ڕێگایەكی صەحیحەوە سابت بووبێ.
دووەم: طَاعَته فِيمَا أَمَر :
جێبەجێكردنی فەرمانەكانی پەیامبەری خوا--، ئەمەش هەركەسە وبە پێی توانای خۆی.
بەڵێ فەرمانەكان بەندە بە تواناوە، بەڵام ئەوەشمان لە یاد نەچێت كە مرۆڤ توانای زۆرە، هەروەكو وتراوە: مرۆڤ تەنها پەیامبەرایەتی لە توانا ودەسەڵاتدا نیە. ئەگینا مرۆڤ خاوەن قودرەت وتوانایەكی زۆرە.
فەرمانەكانی پەیامبەری خوا جێ‌ بەجێ‌ ناكات، كاكەبرا بۆ ئەوە ناكەیت؟! ئەڵێ: بەخوا پێم ناكرێ‌. بە ڕاستی لە توانایدا هەیە وپێی دەكرێ‌ بەڵام هیممەت ناكات.
سێیەم: اجْتِنَاب مَا نَهَىَ عَنْهُ وَزَجَر
خۆ بەدوور گرتن ووازهێنان لە هەر شتێك كە پەیامبەری خوا -- نەهی لێكردوە. لەم خاڵەدا توانا بەمەرج نەگیراوە بەڵكو هەرشتێك نەهی لێكراوە، ئەبێت خۆمان بە دوور بگرین.
هەروەك لە صەحیحەیندا هاتووە لە ئەبوهورەیرەوە پەیامبەر--فەرمویەتی «فَإِذَا أَمَرْتُكُمْ بِشَىْءٍ فَأْتُوا مِنْهُ مَا اسْتَطَعْتُمْ، وَإِذَا نَهَيْتُكُمْ عَنْ شَىْءٍ فَاجْتَنِبُوه» «كە فەرمانم پێكردن بە شتێك بە پێی توانا جێبەجێی بكەن، هەرچیش ڕێگریم لێكردن ونەهیم لێكردن خۆتانی لێ بە دووربگرن».
چوارەم: أن لايعبد الله إلا بما شرع
خوا پەرستیمان بەو شێوازە بێ كە پەیامبەری خوا شەرعی كردووە.
ئەمەش خالـێكی زۆر گەورە وگرنگە، چونكە زۆربەی موسوڵمانان لە خۆشویستنی پەیامبەردا لەم خاڵەدا تێكەوتوون.
ئەم دینە كامل بووە، هیچ مەجالی ئەوە نەماوە شتی زیادە بهێنین وبیخەینە ناو دینەوە.
ڕەسولی خوا -- ئەوەندە ڕاستگۆ ودڵسۆز بووە لە گەیاندنی دینەكەیدا، تەنانەت باڵندەیەكیش بە ئاسماندا نەڕۆیشتوە ئیللا خێر وشەڕی پێوتوین.
خوای گەورە ئەفەرموێ‌: [الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ] واتە: وا دینەكەم بۆ كامڵ كردن.
هەربۆیە خوا ناپەرستین بەو شێوازە نەبێت كە پەیامبەری خوا -- شەرعی كردووە.
عیبادەتیش دوو ڕوكنی هەیە، بەبێ ئەو دوو ڕوكنە خوای مەزن هیچ عیبادەتێك وەرناگرێت:
ڕوكنی یەكەم: بۆ خوات بێت، ئیخڵاصت هەبێت.
ڕوكنی دووەم: لەسەر شەرعی رسول الله بێت .
بۆ نموونە:
نوێژی نیوەڕۆ، وەك ئاشكرایە لای هەمووان لەسەر شەرعی خوایە، بەڵام هەر كەسێك لە ئەنجامدانی ئەو فەرزەدا بۆ خوای نەبێت وئیخڵاصی نەبێ، لێی وەرناگیرێت.
بەهەمان شێوە، ئەگەر كەسێك بێت ونوێژی نیوەڕۆ پێنج ڕكات بكات، بۆ خوایەتی وئیخڵاصیشی هەیە، مەبەستیشی لە ئەنجامدانی ڕەزامەندی خوایە.
من لە تۆ دەپرسم خێری دەگات؟!
دڵنیام ئەڵێی: نەخێر، دینی خوای گۆڕیوە.
منیش ئەڵێم:
بۆ خێری ناگات! مەگەر نوێژ نیە؟ ركوع، وسجود، وسبحان الله، والـحمد لله، والله أكبر ئەڵێ، زیكری خوای مەزن دەكات، صلاوات دەدات. بۆ دیارە تۆ قەناعەتت بە زیكر وتەسبیحات وركوع وسجود وصلاوات نیە.
حەتمەن تۆش دەڵێی:
استغفر الله.. استغفر الله، مەبەستم ئەوە نیە، قەناعەتم بە زیكر وصەڵاوات و..هتد هەیە، بەڵام ئەو شتە زیادەیە، بۆیە لێی وەرناگیرێ.
ئەوەتا پەیامبەری خوا -- وەك لە صحیحی بوخاری وموسلیمدا هاتووە لە حەدیسەكەی عائیشە، ئەفەرموێ: «مَنْ عَمِلَ عَمَلًا لَيْسَ عَلَيْهِ أَمْرُنَا فَهُوَ رَدٌّ». واتە: هەركەسێك هەر كردەوەیەك ئەنجام بدات، فەرمانی ئێمەی لەسەر نەبێت، لە شەریعەتەكەی ئێمەدا ڕێنمایی بۆلا نەكرابێت، ئەوا ڕەتدەكرێتەوە وقەبوڵ ناكرێ ودەدرێتەوە بەسەری خاوەنەكەیدا، ماڵی خراپیش سەر بە صاحیبەكەیەتی.
كەواتە
بۆ هەموومان ڕونبویەوە كە دین كامڵە وپێویستی بە هیچ زیاد كردنێك نییە، هەروەها بۆمان ڕون بویەوە كە خۆشویستنی پەیامبەری خوا چۆن دەبێ، وبە چ شێوازێك دەبێ.
كەواتە خۆشویستن بە بانگەشە نیە هەمووی بانگەشەی خۆشەویستی پەیامبەر دەكات --، بەڵام بە كردەوە لەگەڵیدا نین:
بەڵێ خۆشەویستان..
ئەبێ ئەو بەرنامەیەی كە پەیامبەری خوا -- هێناویەتی بیكەینە ڕێسای ژیانمان، لەتاك، لە گۆمەڵگا، لە ووڵات، ئەبێ پەیامبەر -- نوری چاومان بێ، مامۆستا وپێشەوامان بێ.

مامۆستا على خان

سەردان: ٤,٧٧٤ بەش: پێغەمبەری خودا