دروست نی یە لە بری خواردن پارە بدرێت لە فیدەیەی ڕۆژوودا : ماڵپەڕی وەڵامەکان
دروست نی یە لە بری خواردن پارە بدرێت لە فیدەیەی ڕۆژوودا
پرسیار:

پیاوێکی پیری نەخۆش هەیە و ناتوانێت ڕۆژوو بگرێت جا ئایا دروسته لە بری خواردن پارە بدات بە فیدیەى ڕۆژوو ؟

سەبارەت بە (فیدەى ڕۆژوو) ، و (کەفارەتى سوێند) ، و (سەرفترە) هەموو ئەمانە دروست نیە لە برى خواردن پارە بدرێ ، چونکە خواى گەورە و پێغەمبەرەکەى خواردنیان دیارى کردووە نەک پارە .

زانای پایەبەرز شێخ محمد بن صالح العثیمین - ڕەحمەتى خواى لێ دەبێ - دەفەرموێ :

پێویستە لە سەرمان ئەم قاعیدە گرنگە بزانین ، ئەویش ئەوەیە:
ئەوەی خواى گەورە بە لەفزی خواردن (طعام) هێناویەتی پێویستە خواردن بێت ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( وَعَلَى ٱلَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِينٍ فَمَن تَطَوَّعَ خَيْرًا فَهُوَ خَيْرٌ لَّهُ وَأَن تَصُومُواْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ ) .
واتە: ‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ڕۆژوو مه‌شه‌قه‌یه‌ له‌سه‌ریان و له‌ توانایاندا نیه (وه‌كو پیره‌مێردو نه‌خۆشه‌ به‌رده‌وامه‌كان) ئه‌وه‌ فیدیه‌ ئه‌ده‌ن له‌بری هه‌ر ڕۆژێك خواردنی فه‌قیرێك، ئه‌وه‌ی زیاتر ببه‌خشێت ئه‌وه‌ باشتره‌ بۆی، بێگومان ئه‌گه‌ر به‌ڕۆژوو بن چاكتره‌و پاداشتی زۆرتره‌ ئه‌گه‌ر بزانن و (بتوانن). 

وەلەبارەی کەفارەتی سوێندەوە فەرموویەتی: ( فَكَفَّارَتُهُ إِطْعَامُ عَشَرَةِ مَساكِينَ مِنْ أَوْسَطِ مَا تُطْعِمُونَ أَهْلِيكُمْ أَوْ كِسْوَتُهُمْ أَوْ تَحْرِيرُ رَقَبَةٍ فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلاثَةِ أَيَّامٍ ذٰلِكَ كَفَّارَةُ أَيْمَانِكُمْ إِذَا حَلَفْتُمْ وَٱحْفَظُوۤاْ أَيْمَاٰنَكُمْ كَذٰلِكَ يُبَيِّنُ ٱللَّهُ لَكُمْ ءَايَـٰتِهِ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ ) .
واتە: كه‌فاره‌تی ئه‌و سوێنده‌ ئه‌بێ ده‌ فه‌قیر تێر بكه‌ن له‌ خواردنێكی مام ناوه‌ند ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌یده‌ن به‌ ماڵ و منداڵی خۆتان نه‌ به‌رزترین و باشترین نه‌ خراپترین به‌ڵكو مامناوه‌ند بێت،  یاخود ئه‌توانی جلوبه‌رگ بۆ ده‌ فه‌قیر بكه‌ی ، یاخود كۆیله‌یه‌ك ئازاد بكه‌ن كه‌ ئێستا كۆیله‌ نیه‌ ، ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌یتوانی ده‌ فه‌قیر تێر بكات یان جلوبه‌رگ بۆ ده‌ فه‌قیر بكات ، ئه‌وه‌ سێ ڕۆژ به‌ڕۆژوو ئه‌بێ ، ئه‌مه‌ كه‌فاره‌تی سوێند خواردنتانه‌ ئه‌گه‌ر سوێندتان خواردو پاشان سوێنده‌كه‌تان شكاند ، وه‌ ئێوه‌ سوێنده‌كانتان بپارێزن به‌وه‌ی كه‌ سوێند زۆر مه‌خۆن تا گرنگ نه‌بوو، وه‌ ئه‌گه‌ر سوێندیشتان خوارد ئه‌وه‌ سوێنده‌كانتان مه‌شكێنن، وه‌ ئه‌گه‌ر شكاندتان كه‌فاره‌ته‌كه‌ی بده‌ن ، به‌م شێوازه‌ خوای گه‌وره‌ ئایه‌ته‌كانی خۆیتان بۆ ڕوون ئه‌كاته‌وه‌ ، به‌ڵكو ئێوه‌ شوكرانه‌بژێری و سوپاسگوزاری خوای گه‌وره‌ بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و نیعمه‌تانه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌سه‌رتاندا ڕژاندۆتی له‌ شه‌ریعه‌ت و له‌ ڕوون كردنه‌وه‌ی حوكمه‌كان.

وە لە زەکاتی سەرفترەدا : (فرض زكاة الفطر صاعاً من طعام).
واتە: پێغەمبەر زەکاتی سەرفترەی فەرز کرد بەئەندازەی ساعێک لەخواردن  .
 بۆیە ئەوەی لەدەقە شەرعیەکاندا بە لەفزی خواردن (طعام) هاتووە یاخود (إطعام) ئەوا دروست نی یە لەبری ئەوە پارە بدرێت .

کەواتە پێویستە لەبری ئەو ڕۆژانە خواردن بدات و نابێت پارە بدات ، خۆ ئەگەر لەبری خواردنەکە دەجار پارە بدات ئەوا لەسەری ناکەوێت ؛چونکە لایداوە لەوەی لەدەقەکەدا هاتووە ، وەبەهەمان شێوە زەکاتی سەرفترە گەر لە بری خواردنەکە دەجار پارە بدات ئەوا لەسەری ناکەوێت وجێگای ساعێک خواردن ناگرێتەوە ؛ چونکە قیمەتی خواردنەکە دەقی لەسەر نی یە ، ئەمە لەکاتێکدایە پێغەمبەر فەرموویەتی: ( من عمل عملاً ليس عليه أمرنا فهو رد ) .
واتە: هەر کەس کارێک بکات وفەرمانی ئێمەی لەسەر نەبێت ئەوا لێی وەرناگیردرێت وڕەت دەکرێتەوە.

هەر بۆیە بەو برایە دەڵێین - کە لەبەر پیری ناتوانێت ڕۆژوو بگرێت- :
لەبەری هەر ڕۆژێک خواردنی هەژارێک بدە ، ودەتوانێت لەدانی خواردندا دوو ڕێگا و شێواز بگریتە بەر:

ڕێگا و شێوازی یەکەم :  خواردنەکە دابەش بکەی بە سەریاندا .

ڕێگا و شێوازی دووەم : خواردن دروست بکەیت و کۆمەڵێک لەهەژاران بانگ بکەیت و بیاندەتیتێ ، واتە: دەکرێت دوای تێپەڕ بوونی دەڕۆژی ڕەمەزان دەهەژار بانگ بکەیت وخواردنیان بدەیتێ ، وەبەهەمان شێوە بۆ دەی دووەم وسێیەم ، هەروەک ئەنەسی کوڕی مالیک خوا لێی ڕازی بێت کاتێ کەپیر بوو وتوانای ڕۆژووی نەما لەکۆتایی ڕەمەزاندا خواردنی سی هەژاری دەدا  .

سەرچاوە: "مجموع فتاوى ابن عثيمين" (19/116)

بڕ و ئەندازەى فیدیە :

ئەو کەسانەى کە فیدیە دەدەن بۆ هەر ڕۆژێک (یەک کیلۆ و 200 گرام) خواردن دەدات بە فەقیر ، وە باشترین خواردن ئێستا بریتی یە لە (برنج) کەخواردنى زۆربەى خەڵکیە .

کەواتە : کەسێک بە هۆى پیری و نەخۆشی و ئەو عوزرانەى کە شەرع دایناوە بە ڕۆژوو نەبوو ئەوا بۆ تەواوى مانگى ڕەمەزان (36) کیلۆ (برنج) دەدات بە فەقیر .