سەرجێی کردن لەگەڵ خێزان لە شەوانى ڕەمەزان و غوسل دەرکردن لە دواى بانگی بەیانى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سەرجێی کردن لەگەڵ خێزان لە شەوانى ڕەمەزان و غوسل دەرکردن لە دواى بانگی بەیانى
پرسیار:

لە مانگی ڕەمەزان دروستە بە شەو سەرجێی بکەین و دوای بانگی بەیانی غوسل لە خۆمان دەربکەین؟ ئایا رۆژوەکەمان دروستە یان دەبێ پێش بانگی بەیانی غوسل لە خۆمان دەر بکەین؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم : دروستە لە دواى خۆر ئاوابوون و بانگى مەغریبەوە پیاو سەرجێی لەگەڵ خێزانی بکات تاوەکو بانگى بەیانى .

دووەم : ئاساییە غوسل و خۆشۆردنەکەیان بکەوێتە دواى بانگى بەیانى و هیچ زیان لە ڕۆژووەکەیان نادات .

سێیەم : باش وایە زوو خۆیان بشۆن بۆ ئەوەى پیاوەکە بتوانێ بگات بە نوێژى جەماعەت و نوێژەکەى لە مزگەوت بکات .

چوارەم : حەرامە و نابێ خۆشۆردنەکەیان دوابخەن بۆ دواى خۆرهەڵهاتن و نوێژى بەیانی لە دەست بدەن و نەیکەن بە بێ عوز .

پێنجەم : ئەگەر کەسێک خەوتبوو لە خەودا توشی لەشگرانى بوو کاتێک خەبەرى بوویەوە کە خۆرهەڵهاتووە ئەوە ڕۆژووەکەى دروستە و خۆى دەشوات و نوێژەکەى دەکات .

شەشەم : ئەو کەسەى لە دواى بانگی بەیانی و دەرکەوتنى فەجرەوە کارى سەرجێی لەگەڵ خێزانى بکات چوار شتى لەسەر واجب دەبێ :

یه‌كه‌م : كه‌فاره‌ت ، كه‌ ئه‌ویش به‌م شێوه‌یه‌یه‌ :
أ - ئازادكردنی به‌نده‌یه‌یه‌كی باوه‌ڕدار ،
ب- گه‌ر به‌نده‌ نه‌بوو ئه‌وا پێویسته‌ دوو مانگ به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ به‌ڕۆژوو بێت ، وه‌نابێت هیچ ڕۆژێك له‌نێوان ئه‌و دوو مانگه‌دا به‌ڕۆژوو نه‌بێت مه‌گه‌ر عوزرێكی شه‌رعی هه‌بێت ، وه‌ك : ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌دوو جه‌ژنه‌كه‌ (جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان وقوربان) به‌سه‌ریدا بێت ، یاخود تووشی نه‌خۆشی بێت ویاخود سه‌فه‌ر بكات ، به‌ڵام ده‌بێ تێبینی ئه‌وه‌ بكرێت : نابێت له‌به‌ر به‌ڕۆژوو نه‌بوون سه‌فه‌ر بكات ، جا ئه‌گه‌ر یه‌ك ڕۆژ له‌نێوان ئه‌و مانگه‌دا به‌بێ عوزر به‌ڕۆژوو نه‌بوو ، ئه‌وا پێویسته‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ست پێ بكات ، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌رتیپی له‌ده‌س نه‌چێت كه‌واجبه‌ لێره‌دا .
ج- جا ئه‌گه‌ر نه‌ی توانی دوو مانگ به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ به‌ڕۆژوو بێت ؛ ئه‌وا خواردنی شه‌ست هه‌ژار ده‌دات بۆ هه‌ر هه‌ژارێك نیو ساع له‌خواردنی ئه‌و وه‌ڵاته‌ی تێدا ده‌ژی ، ئه‌و خواردنه‌ی كه‌ عاده‌ته‌ن زۆر به‌كاری ده‌هێنن ، وه‌ك برنج ، جا نیو ساعه‌كه‌ ده‌كاته‌ نزیکەى كیلۆ و نیوێك برنج . 
دووه‌م : به‌نیسبه‌ت باقی ئه‌و ڕۆژه‌ی ماوه‌ كه‌جیماعی تیادا كردووه‌ ، پێویسته‌ به‌ڕۆژوو بێت ونابێت ئه‌و شتانه‌ بكات كه‌ڕۆژوو ده‌شكێنن ویاخود خوردن وخواردنه‌وه‌ بخوات وبخواته‌وه‌ ؛ چونكه‌ به‌بێ عوزرێكی شه‌رعی ڕۆژووی شكاندووه‌ ، بۆیه‌ هیچ ڕوخسه‌ێك نایگرێته‌وه‌ . 
سێیه‌م: پێویسته‌ جگه‌ له‌و دوومانگه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ش بگرێته‌وه‌ كه‌جیماعی تیادا كردووه‌ ؛ به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌یی كه‌ ئیمامی ئه‌بو داود گێڕاویه‌تیه‌وه‌ و تیادا هاتووه‌ : ((وصم یوماً)) واته‌ : وڕۆژێكیش به‌ڕۆژوو ببه‌ له‌جێگه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ی جیماعت تیادا كردووه‌ . 
چوارەم :  پێویسته‌ له‌سه‌ری ته‌وبه‌ بكات و داوای لێخۆش بوون بكات له‌خودا ؛ به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌یی كه‌ ئیمامی ئه‌بو داود گێڕاویه‌تیه‌وه‌ و تیادا هاتووه‌ : ((واستغفر الله)).
واته‌ : داوای لێبوردن ولێخۆش بوون له‌خودا بكه‌ .

ستافی وەڵامەکان

سەردان: ١٤,٩٥٨ بەش: ئەو شتانەى حەڵاڵە بۆ ڕۆژووان