بەڕێزان لەبەر بارودۆخى ژیان منعى طبيعي دەكەم ئایا حەڵاڵە یان حەرامە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بەڕێزان لەبەر بارودۆخى ژیان منعى طبيعي دەكەم ئایا حەڵاڵە یان حەرامە؟

بەناوى خواى بەخشندەو میهرەبان

سەرەتا ئەوە بزانە ئەگەر مەنع كردنی منداڵ بوون لەبەر هۆكاری ئابووری بێت ئەوا حەرامە و شەرعی نى یە بە هەر شێوەیەك بێت چونكە رزقی خۆت و منداڵیش لە سەر خوایە وەك خوای گەورە فەرموویەتی: [وَلاَ تَقْتُلُواْ أَوْلادَكُمْ خَشْيَةَ إِمْلاقٍ نَّحْنُ نَرْزُقُهُمْ وَإِيَّاكُم إنَّ قَتْلَهُمْ كَانَ خِطْءًا كَبِيرًا] [سورة الإسراء: (31)] .
واتە: منداڵەكانتان مەكوژن لە ترسی هەژاری و نەداریدا چونكە ئێمە رزقی ئەو منداڵانەی و ئێوەش دەدەین بەڕاستی كوشتنی منداڵ هەڵەیەكی گەورەیە.
مەنع كردنیش بەهەمان شێوە ئەگەر لەبەر كەمدەرامەتی و بارگرانی ژیان هەڵەیەكی گەورەیە چونكە رزقی منداڵ لە سەر خوایە (ئەگەر خوا سەر بدات رزقیش دەدات) وەك پێشینان فەرموویانە.
بەڵام ئەگەر لەبەر هۆكاری تر بێت وەك ڕێكخستنی منداڵ بوون بۆ ماوەیەكی كاتی تاوەكو دایك هەندێك پشوو بدات و زۆر ئازار و ناڕەحەتی نەبینیت بە هۆی زوو منداڵ بوون و بەخیوكردنی لە دوای یەكی منداڵەكانەوە ئەوا دروستە بە مەرجێك ئەگەر پیاوەكە و ژنەكەش ڕازی ببن و بۆ ماوەیەكی كاتی بێت نەك درێژخایەن.
وە مەنعی تەبیعی دوو جۆری هەیە:
أ / ڕشاندنی ئاوەكە بۆ دەرەوەی مناڵدان، ئەمەیان بۆ زیاتر لە یەك ساڵ زیانی تەندروستی هەیە و نابێت بەردەوام ببن لە سەری.
ب / خۆگرتنەوە لە جووت بوون لە كاتی یەكگرتن و پێتاندنی نێوان تۆوی پیاو و هێلكەی ئافرەت كە دەكەوێتە دوای ڕۆژی پێنجەمی پاك بوونەوە لە عادەی مانگانە و تاوەكو ڕۆژی دوانزەیەم.
ئەم جۆرەی دووەمیان هیچ زیانێكی تەندروسی تێدا نى یە، لە سەدا حەفتا سەركەتو دەبێت.
بەڵام مەنعی صناعی بە خواردنی حەپ و دەرزی كۆتان و مناڵدان بەستن ئەمانە هەموویان زیانی تەندروستیان لێدەكەوێتەوە بۆیە بە ناشەرعیان دەزانم و فەتوای هەندێك لە گەورە زانایانیشی لە سەر هاتووە وەك لەم سایتەدا پێشتر بڵاوكراوەتەوە.
لە لایەن مامۆستا (محمد عبدالرحمن) ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ١١,٩٠٦ بەش: ژنهێنان و خێزان