لە تاوانە نهێنیەکان : بیرکردنەوە و خەیاڵ کردن بۆ کارى سێکس: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لە تاوانە نهێنیەکان : بیرکردنەوە و خەیاڵ کردن بۆ کارى سێکس
پرسیار:

ئایا حەسوودی ، و بیرکردنەوە و خەیاڵ کردن بۆ کارى سێکس لەتاوانە نهێنیەکانن ؟

بسم الله الرحمن الرحیم

سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم :
بیرکردنەوە لەسێکس جۆرێکه لەداڵغە ئەوەی کەبەمێشکی مرۆڤدا دێت ، وداڵغەش گەر مرۆڤ بەزمان دەری نەبڕێت وجێگیر نەبێت وبەردەوام نەبێت لەسەری : لای هەموو زانایان تاوان نییە ومەعفووە .
بەڵام پێویستە موسوڵمان زۆر بەردەوام نەبێت لەسەری و هەوڵی خۆ ڕزگار کردن بدات لێی   .
و دروست نییە موسوڵمان ئەو داڵغانە بۆ خۆی بێنێت ، وبەردەوام بێت لەسەری ؛ چونکە دەبێتە هۆکاری توش بوونی بەحەرام .

وە ئەوەش بزانە کە بیركردنەوەو یادى شتى چاك و پیرۆز لەشەرعدا فەرمانى پێ كراوە و ئیسلام هانمان دەدات بۆى بۆ نموونە خواى گەورە دەفەرموێ: { أَلاَ بِذِكْرِ اللّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ} سورة الرعد(28) واتە: بزانن دڵان بەیادى خوا دڵنیا دەبن و ئۆقرە دەگرن.
یان پێغەمبەرى خوا (ﷺ) دەفەرموێ: (أكثروا من ذكر هاذم اللذات) واتە: یادى ڕوخێنەرى ئارەزووەكان زۆر بكەن.
بەڵام بۆ بیركردنەوەى خراپ و كارێك كە بمانبات بۆ شتێكى خراپ لەشەرعدا قەدەغە كراوە تەنانەت ئەگەر ختورەى خراپیش بێت بەمەرجێك مرۆڤ هەوڵى ئەنجامدانى ئەو ختورانەى دڵى بكەوێت. 
جا وەك داخستنى ڕێگاى حەرام (سدّ الذريعة) نابێ موسڵمان خەیاڵى سێكسى بكات ئەگەر بە خەیاڵیدا هات با بەردەوام نەبێت و پەنا بگرێت بە خواى گەورە لەو شتە.

دووەم :
حەسوودی ڕەوشتێکی بێزراوە وپێویستە موسوڵمان دوور بێت لێی .
 زاناى پایەبەرز شێخ ابن عثيمين ڕەحمەتى خوای لێ بێ دەڵێت : حەسوودی: گوتراوە: ئاوات خواستنی ئەوەیە خودا نیعمەتێک لەکەسێک وەرگرێتەوە کەپێی بەخشیوە ، وگوتراوە: پێ ناخۆش بوونە بەوەی خودا نیعمەتی بەفڵان بەخشیوە ، بەڵام بۆ چوونی دووەم تەواو ترە ، وئەوە ئەوەیە کە شيخ الإسلام ابن تيمية پێی تەواو بووە ، تەنها پێناخۆش بوون بەوەی خوا نیعمەتی بەکەسێک بەخشیوە بەحەسوودی ئەژمار دەکرێت .
وەحەسوودیش حەرامە ؛ چونکە پێغەمبەر  صلى الله عليه وعلى آله وسلم ڕێگری لێ کردووە ، وئەوە ڕەوشت وئاکاری جولەکەیه ئەوانەی کەحەسادەتیان دەبرد بەوەی خودا بەکەسانی تری بەخشیبوو ، وچەندان زیانی هەیە .
 
سێیەم :
لەبارەی تاوانی نهێنیەوە فەرموودەیەک هاتووە و ابن ماجه بەژمارە (4245) لەسەوبانەوە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : پێغەمبەر فەرمووی : ( لأَعْلَمَنَّ أَقْوَامًا مِنْ أُمَّتِي يَأْتُونَ يَوْمَ الْقِيَامَةِ بِحَسَنَاتٍ أَمْثَالِ جِبَالِ تِهَامَةَ بِيضًا فَيَجْعَلُهَا اللَّهُ عَزَّ وَجَلَّ هَبَاءً مَنْثُورًا ) قَالَ ثَوْبَانُ : يَا رَسُولَ اللَّهِ صِفْهُمْ لَنَا ، جَلِّهِمْ لَنَا أَنْ لاَ نَكُونَ مِنْهُمْ وَنَحْنُ لاَ نَعْلَمُ ، قَالَ : ( أَمَا إِنَّهُمْ إِخْوَانُكُمْ وَمِنْ جِلْدَتِكُمْ وَيَأْخُذُونَ مِنَ اللَّيْلِ كَمَا تَأْخُذُونَ وَلَكِنَّهُمْ أَقْوَامٌ إِذَا خَلَوْا بِمَحَارِمِ اللَّهِ انْتَهَكُوهَا ) . وصححه الألباني في " صحيح ابن ماجه " .
واتە: بەتەئکید خه‌ڵكانێك له‌ ئومه‌ته‌كه‌م ده‌ناسم كه‌ له‌ ڕۆژى دوایدا دێنه‌ پێش، چاكه‌كانیان به‌ قه‌ده‌ر چیاى (توهامه‌) ده‌بێت و سپى و پاك. بەڵام خواى گه‌وره‌ لێیان قبوڵ ناكات هه‌موویان لێ ده‌كاته‌ ته‌پ تۆزى په‌رش و بڵاو. 
سەوبان گوتی : 
ئەوانە کێن ئەی پێغەمبەری خودا وەسفیانمان بۆ بکە نەوەک لەوان بین وبەخۆمان نەزانین؟
فەرمووی: ئه‌وانه‌ هه‌ر له‌ ئێوه‌ن، براتانن، له‌ زمان و پێستى ئێوه‌ن، شه‌و نوێژیشیان وه‌كو ئێوه‌ كردووه‌، بەڵام هه‌ر كه‌ ته‌نها بوونەوە و دوور له‌ چاوى خه‌ڵك بوون سنورى حه‌رامیان ده‌به‌زاند و ده‌کە‌وتنه‌ ناوى .
 ابن الجوزي دەڵێت:
هۆشیار بن هۆشیار بن لەتاوان ، بەتایبەت تاوانی نهێنی ، تاوانی نهێنی مرۆڤ لەبەر چاوی خودا دەخات .
دەی نهێنیەکانی نێوان خۆت وخودا چاک بکە ، هەروەک خودا ڕواڵەتی بۆ چاک کردووی  .
 "صيد الخاطر" (ص 207) .

وە مەبەست لەو فەرموودەیە ئەوە نییە ، هەرکەسێک تاوانێکی بەنهێنی ئەنجام دا ئیتر بەر ئەو فەرموودەیە بکەوێت ، چونکە تاوانی بچوک هیچ کەس لێی پارێزراو نییە ، پێغەمبەر فەرموویەتی: ( كُلُّ ابْنِ آدَمَ خَطَّاءٌ ، وَخَيْرُ الْخَطَّائِينَ التَّوَّابُونَ ) رواه الترمذي (2499) وحسنه الألباني في صحيح الترمذي .
واتە: هەموو مرۆڤێک تاوان دەکات ، وباشترینیان ئەوانەن کەتەوبە دەکەن .
ئەوەی دیارە مەبەست لەو فەرموودەیە : کەسانی مونافیق وڕیا بازن ئەوانەی کەلەبەرچاوی خەڵک خۆیان بەباش پیشان دەدەن وەهەرکات چاوی خەڵکیان لێ دیار نەبوو حەقیقەتی خۆیان بەدەر دەخەن ، وڕەچاوی سنوورەکانی خودا ناکەن .

 ابن حجر الهيتمي دەڵێت:
یەکێکی تر لەتاوانە گەورەکان ئەوەیە:
مرۆڤ لەنێو خەڵکدا خۆی بەکەسی چاک نمایش بکات بەڵام لەپەنهان ونهێنی دا سنوورەکان تەنانەن گەر بچوکیش بێت ببەزێنێت.
پاشان ئەو فەرموودەیە دێنێت کەپێشتر ئاماژەمان پێ دا و دەڵێت : 
ئەمە زاهیری فەرموودەکەیە هەرچەند کەسم نەبینیوە باسی لێوە بکات ؛ چونکە هەرکەسێک لەڕواڵەتدا چاک بێت ولەناوەڕۆکدا بەپێچەوانەوە بێت زیانی بۆموسوڵمان زۆر تر دەبێت ودەبێتە هۆی هەڵخەڵەتاندنیان 
"الزواجر عن اقتراف الكبائر" (356) .

هەر بۆیە ، هەرکەسێک وا پیشان بدات بۆ خەڵک خۆشیانی دەوێت ، بەڵام لەحەقیقەتدا ڕقی لێیان بێت وحەسوودیان پێ ببات ، ئەوا توشی تاوانی نهێنی بووە .
و نموونەی ئەوە : کەسێک وا پیشان بدات کەسێکی چاکە ، ولەحەقیقەتدا وا نەبێت ، یاخود خۆی بەکەسێکی داوێن پاک وێنا بکات ، وهەرکات بەتەنها بێت ، خۆی توشی داڵغە وبیرکردنەوەی خراپ بکات : ئەم کەسەش ترسی ئەوەی لێ دەکرێت بەر ئەو فەرموودەیە بکەوێت ، خوای ئەروەردگار بمان پارێزێت .
والله أعلم .

سەردان: ٥,٩٤٥ بەش: شوێنکەوتنى ئارەزووەکان