مانا و پاداشت و سودەکانى وتنى : (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّه): ماڵپەڕی وەڵامەکان
مانا و پاداشت و سودەکانى وتنى : (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّه)
پرسیار:

ئایا ماناى (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّه) چیە؟ وە پاداشتى وتنی ئەم زیکرەیە چیە؟ و چ کاتێک سوننەتە بخوێنین؟

بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على خاتم الأنبياء والمرسلين، نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.أما بعد:
گومانی تێدا نی یە زیکر و یادی خودا پلەو پایەیەکی گەورەی هەیە لەدیندا ، ئەم کارە یەکێکە لەکارە هەرە چاکەکان و باشترین عیبادەتەکان و ئاسانترینيانه ، چونکە پێویستی بەدەست نوێژ گرتن و ماڵ سەرف کردن نی یە، بەڵکو تەنها جوڵاندنی زمان و بەئاگا بوونی دڵە.
جا یەکێک لەو زیکرانەى کە پێغەمبەرى خوا لە زۆر موناسەبەکاندا دەیکرد و هانى هاوەڵانى دەدا لەسەر وتنی ، ئەویش گوتنی: (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ) بوو، ئەم عیبادەتە چەندان مانای گەورەی لەخۆ گرتووە کە ئیمان دادەمەزرێنێت و بەهێزی دەکات ، پەیوەندی نێوان بەندە و پەروەردگاری بەهێز دەکات.
ئەبو هورەیرە خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە و دەڵێت: پێغەمبەرى خوا فەرمووی: (أَكْثِرُوا مِنْ قَوْلِ لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ فَإِنَّهَا كَنْزٌ مِنْ كُنُوزِ الْجَنَّةِ) رواه أحمد.
واتە: زۆر وتەى (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ) دوو بارە بکەنەوە چونکە بەڕاستی گەنجینەیەکە لە ئەنجینەکانى بەهەشت.
وە ئەبو زەڕ خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە و دەڵێت : (أَمَرَنِي خَلِيلِي بِسَبْعٍ: أَمَرَنِي بِحُبِّ الْمَسَاكِينِ وَالدُّنُوِّ مِنْهُمْ، وَأَمَرَنِي أَنْ أَنْظُرَ إِلَى مَنْ هُوَ دُونِي وَلا أَنْظُرَ إِلَى مَنْ هُوَ فَوْقِي، وَأَمَرَنِي أَنْ أَصِلَ الرَّحِمَ وَإِنْ أَدْبَرَتْ، وَأَمَرَنِي أَنْ لا أَسْأَلَ أَحَدًا شَيْئًا، وَأَمَرَنِي أَنْ أَقُولَ بِالْحَقِّ وَإِنْ كَانَ مُرًّا، وَأَمَرَنِي أَنْ لا أَخَافَ فِي اللَّهِ لَوْمَةَ لائِمٍ، وَأَمَرَنِي أَنْ أُكْثِرَ مِنْ قَوْلِ لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ؛ فَإِنَّهُنَّ مِنْ كَنْزٍ تَحْتَ الْعَرْشِ). رواه أحمد.
واتە:  خۆشەویستی خۆم كە پێغەمبەرە صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمانی  پێ کردم بە حەوت شت:
فەرمانی پێ كردم بە خۆشویستنی هەژاران‌ و نزیك بوونەوە لێیان، و فەرمانی پێ كردم تەماشای كەسێك بكەم لە خوار خۆمەوە بێت ، وە تەماشای كەسێك نەكەم كە لە سەرووری خۆمەوە بێت، و فەرمانی پێ كردم كە سیلەی ڕەحم بەجێ بگەیەنم هەرچەند بەرانبەریش پشت هەڵكاو سەردانم نەکات، و فەرمانی پێ كردم داوای هیچ شتێك لە كەس نەكەم، و فەرمانی پێ كردم قسەی حەق بڵێم ئەگەر تاڵ و قورسیش بێت ، و فەرمانی پێ كردم لە لۆمەی لۆمەكاران نەترسم، و فەرمانی پێ كردم زۆر بڵێم (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ) لەبەر ئەوە گوتنی ئەو ووشانە گەنجینەیەکە لە ژێر عەرشدا .
وە هاوەڵان خودا لێیان ڕازی بێت ئامۆژگاری یەکتریان دەکرد بەوەی زۆر (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّه) بکەن ، عامری کوڕی سەعد خوا لێی ڕازی گێڕاویەتیەوە و دەڵێت: ( لقيت أبا أيوب الأنصاري رضي الله عنه فقال: ألا آمرك بما أمرني به رسول الله ؟ أن أكثر من لا حول ولا قوة إلا بالله، فإنها من كنوز الجنة)، حسنه ابن حجر العسقلاني في المطالب العالية (4/43).
واتە: گەیشتم بەئەبو ئەیوبی ئەنساری خوا لێی ڕازی بێت و پێی گوتم: ئایە فەرمانت پێ نەکەم بەوەی پێغەمبەری خوا فەرمانی پێ کردم؟
زۆر (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ) بکە ، بەڕاستی ئەمە کەنزێکە لەکەنزەکانی بەهەشت.

مانای (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ):
(1) واتە: هیچ گۆڕانێک نی یە لەحاڵێکەوە بۆ حاڵێکی تر ، و هیچ هێزێک بۆ بەندە بەدەست نایەت بۆ ئەنجامدانی هەر کارێك لەکارەکان ، مەگەر بەیارمەتی خودا و پشت و پەنای و تەوفیقی ئەوەوە نەبێ.
(2) عبداللەی کوڕی عەباس خوا لێیان ڕازی بێت دەڵێت: بە مانای: "لا حول بنا على العمل بالطاعة إلاّ بالله، ولا قوة لنا على ترك المعصية إلاّ بالله" رواه ابن أبي حاتم.
واتە: هیچ هێز و توانایەکمان نی یە بۆ هەستان بەکارێکی چاکە مەگەر بەیارمەتی خوداوە نەبێ ، و هیچ توانایەکمان نی یە بەسەر واز هێنان لە تاوان ئیلا بەیارمەتی خودا نەبێت.
(3) واتە: هیچ هێزێک نی یە بۆ ڕەتکردنەوەی شەڕ ، و هیچ قوەتێک نی یە بۆ دەستخستنی خێر مەگەر بەخوا و یارمەتی ئەوەوە نەبێ.
(4) واتە: خۆ داماڵین لە هێز و توانا و قوەت مەگەر بەپشت و پەنای خوداوە نەبێ ، و هیچ حەرەکە و توانایەک نی یە مەگەر بەویستی خوداوە نەبێت ، و ئەوە پشت بەستن و تەوەکولی حەقیقیە کەخودا خۆشی دەوێت.
(5) هەر وەک داننانە بەوەی هەژاریت و پێویستت بە پەروەردگارتە لە هەموو کاروبارەکانی ژیاندا  ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ أَنْتُمُ الْفُقَرَاءُ إِلَى اللَّهِ وَاللَّهُ هُوَ الْغَنِيُّ الْحَمِيدُ)
واتە: ئەی خەڵکینە ھەر ئێوە ھەژاری لای خوان وە تەنھا خوایە بێ نیازی ستایشکراو.
(6) ئەمە کەلیمەی خۆ بەدەستەوە دان ، و خۆ تەسلیم کردن ، و خۆ بەری کردنە لەهێز و توانا مەگەر بەخوداوە نەبێت ، و ئەمە هاوشێوەی داننانە بەبێتوانایی و داوای یارمەتی کردن لە خودا، ئایە نابینن ئێمە فەرمانمان پێ کراوە بیڵێین کاتێ کە گوێمان لەبانگ بێژ دەبێت و دەڵێت: (حي على الصلاة، حي على الفلاح) بۆ ؟ چونکە ئێمە داوا دەکەین خودا یارمەتیمان بدات و زاڵ بین بەسەر نەفس و شەیتاندا بۆ چوون بۆ مزگەوت.
ئەبو هورەیرە خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە و دەڵێت: پێغەمبەر فەرمووی: (ألا أعلمك أو ألا أدلك على كلمة من تحت العرش من كنز الجنة تقول: لا حول ولا قوة إلا بالله، فيقول الله: أسلم عبدي واستسلم) رواه الحاكم.
واتە: فێرت بکەم یاخود کەلیمەیەکت پێ پیشاند بدەم لەژێر عەرش و کەنزێک لەکەنزەکانی بەهەشت و بڵێیت: لا حول ولا قوة إلا بالله، خودا دەفەرموێت: بەندەکەم تەسلیم بوو و خۆی بەدەستەوەدا.
(7) پێشەوا نەوەوی دەڵێت: ئەمە کەلیمەی تەسلیم بوون و کاردانە دەستە، و عەبد هیچ شتێک لەکاروبارەکانی خۆی  بەدەست نی یە ، و هیچ ڕێگە چارەیەکی نییە بۆ ڕەتکردنەوەی شەڕ، وەهیچ هێزێکی نییە بۆ دەسخستنی خێر ؛مەگەر بەئیرادەو ویستی خوداوە نەبێت. اهـ.
بۆیە هەر کات بەندە ئەوەی زانی کە هیچ هێز و دەسەڵاتێکی نی یە مەگەر بەخوداوە نەبێت ، ئەو کات لەهەموو کاروبارەکانی ژیانیدا پەنا دەباتە بەر خودا ،و ئومێدی بەهیچ کەسێک لە دروستکراوەکان نامێنێت ، و پێداویستیەکانی لە خودای باڵا دەست و کاربەجێ داوا دەکات .

هەڵە تێگەیشتنى خەڵکی لە بەکارهێنانی (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ)
بێگومان (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ) کەلیمەی پەنا بردنە بەر خودایە نەک کەلیمەیەک بێت هاوشێوەی (ٳنا لله وإنا ٳلیه راجعون)، و ئەوەش هەڵەیە هەندێ کەس لەکاتی بەڵاو ناخۆشی دا لەجیاتى ئەوەی بڵێن : (ٳنا لله وإنا ٳلیه راجعون) دەڵێن : (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ)، وەک جۆرێک لەناڕەزایی دەری دەبڕن نەک ڕازی بوون و ئارام گرتن و پشت بەستن بەخودا ، و دەبینی کاتێ کەسێک هاوڕێیەکی ببینێ  (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ) بڵێت ، خێرا پێی دەڵێت: بەڵکو خێر بێت و شەڕ نەبێت، و ئەو بەڵایە چیە توشت بووە؟ چونکە وا ڕاهاتووە ئەم کەلیمەیه لەکاتی بەڵا و ناخۆشیدا بوترێت؛  هەر بۆیە زۆربەی خەڵکی لەژیانی گشتیاندا ئەم کەلیمەیه زۆر بەکار ناهێنن ؛ چونکە لەماناو وناوەڕۆکەکەی حاڵی نەبوون بەڵکو تەنها بۆ بەڵاو موسیبەت بەکاری دێنن.
زۆر لە خەڵکی کاتێ توشی بەڵایەک دەبن یاخود گوێ بیستی بەڵایەک دەبن (ٳنا لله وإنا ٳلیه راجعون) ناکەن بەڵکو  دەڵێن: (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ)  حەتمەن ئەوەش هەڵەیه.
وە هەروەها ئەوەش هەڵەیە کەهەندێ کەس کورتی دەکەنەوە و  دەڵێن: (لا حول لله)، بێگومان ئەم کورتکردنەوەیە ماناکەی تێکدەدات و وەک ئەوە وایە بڵێت: خودا هیچ توانا و هێز و دەسەڵاتێکی نی یە ، ـ پەنا بەخودا ـ و هەندێکی تر زیاتر کورتی دەکەنەوە ودەڵێن: (لحَّول)، بۆیە ئاگاداری ئەمانە بن بەڵکو تاوان بار نەبن یاخود پاداشتەکەیتان لەدەست نەچێت.

پاداشتى ووتنى (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ)
(1) گەنجینە لە گەنجینەکانى بەهەشت : حازمی کوڕی حەرمەلە خوا لێی ڕازی بێت دەڵێت دام بەلای پێغەمبەردا وپێی فەرمووم: (يَا حَازِمُ أَكْثِرْ مِنْ قَوْلِ: لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ، فَإِنَّهَا مِنْ كُنُوزِ الْجَنَّةِ) رواه ابن ماجه ، صحيح الجامع
واتە: ئەی حازم زۆر (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ) بکە چونکە بەڕاستی کەنزێکە لەکەنزەکانی بەهەشت.
کەنز: هەروەک ئیمامی نەوەوی دەڵێت: پاداشتێکی هەڵگیراوە لەبەهەشتدا ، پاداشتێکی بەنرخە هەروەک چۆن کەنز باشترینی ماڵەکانتانە. اهـ.
(2) بۆ هەر جار گوتنێکی دارێکت بۆ هەیە لەبەهەشتدا:
ئەبو ئەیوبی ئەنساری گێڕاویەتیەوە و دەڵێت: ( أن رسول الله ليلة أسري به مر على إبراهيم عليه الصلاة والسلام فقال: من معك يا جبرائيل قال: هذا محمد، فقال له إبراهيم عليه الصلاة والسلام: يا محمد مر أمتك فليكثروا من غراس الجنة فإن تربتها طيبة وأرضها واسعة، قال: (وما غراس الجنة؟ قال: لا حول ولا قوة إلا بالله) رواه أحمد وابن حبان وابن أبي الدنيا. صحيح لغيره 
واتە: ئەو شەوەی شەو ڕەوی بەپێغەمبەری خودا کرا بەلای ئیبراهیم دا تێپەڕ بوو و گوتی: ئەی جبریل کێت لەگەڵە ؟ گوتی: ئەوە موحەممەدە ، ئیبراهیم سەلامی خوای لێ بێت گوتی: ئەی موحەممەد فەرمان بەئومەتەکەت بکە زۆر درەخت بچێنن لە بەهەشتدا بەڕاستی خۆڵەکەی پاکە و زەویەکەی فراوانە، گوتی: ( بەچی درەخت بچێنین لەبەهەشتدا ؟ گوتی بەوتنى : لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّه).
(3) دەرگایەکە لەدەرگاکانی بەهەشت دەچیتە نێوی گەر زۆر ئەم زیکرە بکەیت:
موعازی کوڕی جەبەل خوا لێی ڕازی بێت دەڵێت: پێغەمبەر فەرمووی: (ألا أدلك على باب من أبواب الجنة)؟ قال: وما هو ؟ قال: (لا حول ولا قوة إلا بالله) رواه الطبراني (صحيح الترغيب )
واتە: ئایە دەرگایەک لەدەرگاکانی بەهەشتت پێ پیشان بدەم ؟ گوتم: چ دەرگایەک و کامە؟ فەرمووی:(لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ)
(4) تاوانی ئەو کەسە دەسڕێتەوە کەدەیڵێت:
هەندێ زیکر هەیە مانای (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ)، تێدایە و هەرکەسێک بیڵێت تاوانەکانی دەسڕدرێنەوە.
عبداللەی کوڕی عەمری کوڕی عاص خوا لێیان ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرمووی: (ما على الأرض أحد يقول: لا إله إلا الله، والله أكبر، ولا حول ولا قوة إلا بالله، إلا كفرت عنه خطاياه ولو كانت مثل زبد البحر) رواه الترمذي.
واتە: هیچ کەسێک لەسەر زەوی نی یە بڵێت:(لا إله إلا الله، والله أكبر، ولا حول ولا قوة إلا بالله)، ئیلا تاوانەکانی دەسڕدرێنەوە تەنانەت گەر بەئەندازەی کەفی دەریاش بێت.
بڕوانە ئەم سێ ڕستە ئاسانە ، لەگەڵ ئەوەشدا دەبینی هەندێ کەس هەندێ ڕستەی قورس لەبەر دەکەن بۆ تەحەدا کردنی کەسانی تر! 

ئەو جێگایانەی سوننەتە ئەم زیکرەی تێدا بکرێت:
لەبەر فەزڵ و گەورەیی (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ) و زۆری پاداشتەکەی ، پێغەمبەر زۆر پێداگری کردووە لەسەر وتنى لەچەند جێگایەکی تایبەتدا بەتەنها یاخود لەگەڵ ناو زیکری تردا  و زانینی ئەو جێگایانە وا لەمرۆڤ دەکات زۆر بیکات ، جا گرنگترین ئەم جێگایانە:
(1) لە کاتی وەڵامدانەوەى بانگ بێژدا:
لە فەرموودە درێژەکەدا پێغەمبەر تیایدا فەرمانمان پێ دەکات بانگ بێژ هەرچی گوت ئێمەش دوو بارەی بکەینەوە تەنها کاتێ (حي علی الصلاة ، و حي علی الفلاح) نەبێ ئەویش بڵێین: لا حول ولا قوة إلا بالله. 
ئەم زیکرە داوای یارمەتی کردنە لە خودا لەئەنجامدانی عیبادەتەکاندا ، بۆیە پێشەوا مالیک فەتوای نەدەدا تاوەکو نەیگوتایە: (لا حول ولا قوة إلا بالله) . شرح السنة للبغوي 1/301.
سوفیانی سەوری دەڵێت: چوومە لای جەعفەری کوڕی موحەمەد لەکاتێکدا لەمزگەوتەکەیدا بوو گوتی: چی تۆی هێنا بۆ ئێرە ئەی سوفیان؟ دەڵێت: گوتم: گەڕان بەدوای زانست و تەڵەبی عیلم، دەڵێت: گوتی ئەی سوفیان: گەر نیعمەتێکت بەسەردا دەرکەوت تەقوای خودا بکە ، و گەر ڕزقێک دواکەوت و دەستت نەکەوت داوای لێخۆشبوون و استغفر الله بکە، وە گەر کارێک لەکارەکانت لا قورس بوو بڵێ: لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ" رواه البيهقي في شعب الإيمان.
(2) لەدوای هەموو نوێژێک :
ئەبو زوبەیر خوا لێی ڕازی بێت دەڵێت: ئیبن زوبەیر لەدوای هەموو نوێژێک کاتێ سەلامی دەدایەوە دەیگوت: "لا إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَحْدَهُ لا شَرِيكَ لَهُ، لَهُ الْمُلْكُ وَلَهُ الْحَمْدُ، وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ، لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ، لا إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ، وَلا نَعْبُدُ إِلاَّ إِيَّاهُ، لَهُ النِّعْمَةُ وَلَهُ الْفَضْلُ، وَلَهُ الثَّنَاءُ الْحَسَنُ، لا إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ، مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ" و گوتی: پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم  دەنگی بەو زیکرانە بەرز دەکردەوە لەدوای هەموو نوێژێک" رواه مسلم.
(3) لەکاتی دەرچوون لەماڵ:
ئەنەس خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە و دەڵێت: پێغەمبەر فەرمووی: " إذَا خَرَجَ الرَّجُلُ مِنْ بَيْتِهِ فَقَالَ بِسْمِ اللَّهِ تَوَكَّلْتُ عَلَى اللَّهِ لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ قَالَ يُقَالُ حِينَئِذٍ هُدِيتَ وَكُفِيتَ وَوُقِيتَ فَتَتَنَحَّى لَهُ الشَّيَاطِينُ فَيَقُولُ لَهُ شَيْطَانٌ آخَرُ كَيْفَ لَكَ بِرَجُلٍ قَدْ هُدِيَ وَكُفِيَ وَوُقِيَ" رواه أبو داود.
واتە: گەر کەسێک کاتێ لەماڵ دەردەچێت بڵێت: خۆم پەنا ئەدەم بە ناوی خوا ، پشتم بەخوای گەورە بەست ، وە هەموو كارەكانم تەسلیمی ئەو كرد، هیچ گۆڕان و توانایەك نییە مەگەر بە خوای گەورەوە ، لەو كاتەدا ، لە لایەن خوای گەورەوە یان مەلائیكەتەوە، پێی دەوترێت: هیدایەت درایت (بۆ سەر ڕێگای حەق و ڕاست و كیفایەت كرایت و دوورخرایتەوە لە خراپە و خەمی دونیا و قیامەت و پارێزرایت ،لە شتە پەنهان و خراپەكان و دوژمنەكانت لە شەیتانەكان و غەیری ئەوان، ئیتر شەیتانەكان لێی دوور دەكەونەوە، شەیتانێكی تریش پێی دەڵێت: تۆ چ دەستەڵاتێكت هەیە بەسەر كەسێكدا كە ڕێنمونی كرابێت و كیفایەت درابێت و پارێزرابێت.
جا گوتنی (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ) لەکاتی دەرچوون لەماڵ پارێزەرە لەشەڕ، چونکە تۆ خۆت بەری کردووە لەهێز وتوانای خۆت و پشتت بەستووە بەخوداى گەورە .
(4)  جێگەی خوێندنی سورەتی فاتیحە دەگرێتەوە بۆ کەسێک فاتیحە نەزانێت کە خوێندنی فاتیحە ڕوکن و پایەی نوێژە :
عبداللەی کوڕی ئیبن ئەوفا خوا لێی ڕازی بێت دەڵێت: پیاوێک هات بۆ لای پێغەمبەر و گوتی: من ناتوانم هیچ شتێک لەقورئان لەبەر بکەم ،شتێکم فێرکە جێگەی ئەوەم بۆ بگرێتەوە ، پێغەمبەر فەرمووی بڵێ: ( سبحان الله، والحمد لله، ولا إله إلا الله، والله أكبر، ولا حول ولا قوة إلا بالله) رواه أحمد وأبو داود.
(5) ئەمە دوعایەکی گشتگیرە و بەگەورە دانان و خۆ تەسلیم کردن بەخودای تێدایە:
موسعەبی کوڕی سەعد لەباوکیەوە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پیاوێکی دەشتەکی هات بۆ لای پێغەمبەری خوا و گوتی قسەیەکم فێر بکە بیڵێم ، فەرمووی بڵێ: (لا إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَحْدَهُ لا شَرِيكَ لَهُ، اللَّهُ أَكْبَرُ كَبِيرًا وَالْحَمْدُ لِلَّهِ كَثِيرًا سُبْحَانَ اللَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ، لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ الْعَزِيزِ الْحَكِيمِ)، گوتی ئەوانە بۆ پەروەردگارمە ئەی بۆ خۆم ؟ فەرمووی بڵێ : ( اللَّهُمَّ اغْفِرْ لِي وَارْحَمْنِي وَاهْدِنِي وَارْزُقْنِي) رواه مسلم.
لەڕیوایەتێکی تردا هاتووە : کاتێ پیاوە دەشتەکیەکە چوو پێغەمبەر فەرمووی : (لقد ملأ يديه من الخير) (الكلم الطيب)
واتە: بەڕاستی دەستەکانی پڕ کرد لەخێر.
لێرەوە مانا و ناوەڕۆکى  (لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ) مان بۆ دەرکەوت ، هەروەها هەڵەی هەندێ کەسمان لەم بارەیەوە بۆ دەرکەوت و بەشێک لەڕێز و فەزڵەکەیمان باس کرد ، پێم وا نی یە لەدوای ئەمە پشت گوێی بخەن؛ ئەوەش وەک وەڵامدانەوەی فەرمایشتی پێغەمبەر کە ئەفەرموێ : (أَكْثِرُوا مِنْ قَوْلِ لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ فَإِنَّهَا كَنْزٌ مِنْ كُنُوزِ الْجَنَّة).
واتە: زۆر بڵێن ( لا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ) بەڕاستی گەنجینەیەکە لە گەنجینەکانى بەهەشت.
جعلني الله وإياكم من الذين يستمعون القول فيتبعون أحسنه، وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.

د.محمد بن إبراهيم النعيم -رحمه الله-

سەردان: ٧,٢٩٠ بەش: زیکرەکانى موسڵمان