حوکمى سەیرکردنى نامەکانى مۆبایلی پیاو لە لایەن خێزانەکەیەوە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى سەیرکردنى نامەکانى مۆبایلی پیاو لە لایەن خێزانەکەیەوە
پرسیار:

ئایا دروستە بۆ ئافرەت سەیری نامەکانی مێردەکەی بکات لە ناو مۆبایلەکەی کە بۆ هاوڕێ وخزمەکانی ناردوویەتی ؟ 
وە ئایا دروستە پیاو مۆڵەتی ئەو کارە بە ژنەکەی بدات ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

 یەکەم : دروستە بۆ پیاو مۆڵەت بدات بە هاوسەرەکەی بۆ سەیرکردنی نامەکانی ئەگەر نهێنی خەڵکی تری تێدا نەبێت ، لەوەیە نامەکان قسە و باسی خزمەکانی تێدا بێت یان خەڵکانی تریش کە پێیان ناخۆشە کەسی تر سەیریان بکات ، وە ئەگەر بزانن هاوسەری ئەو پیاوە سەیری نامەکانی ئەکات ئەوا نامەی بۆ نانوسن ، بۆیە پێویستە ئەم پرسە لەبەرچاو بگیرێت ، چونکە ئەصڵ وایە تایبەتمەندییەکان دەبێت پارێزراو بێت ، وە نابێت کەسێک بگەڕێ بەدوای قەسەی کەسێکی ترەوە ، مەگەر خاوەن قسەکە پێی ناخۆش نەبێت ئەو کات ئاساییە . 

     ئیمامی ئەبو داود (٤٨٦٨) و تورومزی (١٩٥٩) گێڕاویانەتەوە کە پەیامبەر (ﷺ) فەرموویەتی : (( إِذَا حَدَّثَ الرَّجُلُ بِالْحَدِيثِ ثُمَّ الْتَفَتَ: فَهِيَ أَمَانَةٌ )) . وحسنه الألباني.

     واتە : (( ئەگەر کەسێک قسەوباسێکی کرد و دواتر چوو ، ئەوا قسەکانی ئەمانەت )) .

      وە ئیمامی بوخاری (٧٠٤٢) ئەگێڕێتەوە پەیامبەر (ﷺ) فەرموویەتی : (( مَنْ اسْتَمَعَ إِلَى حَدِيثِ قَوْمٍ وَهُمْ لَهُ كَارِهُونَ ، أَوْ يَفِرُّونَ مِنْهُ : صُبَّ فِي أُذُنِهِ الْآنُكُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ )) .

     واتە : (( هەرکەسێک گوێ بگرێت لە قسەوباسی کەسانێک کە پێیان ناخۆشە ئەو کەسە گوێیان لێ بگرێت ، یان لێی دوور بکەونەوە ، ئەوا لە ڕۆژی قیامەتدا قوڕقۆشم ئەخرێتە گوێیەکانیەوە )) .

      ئیمامی حافظ ابن حجر ـ رحمه الله ـ فەرموویەتی : (( الْآنُكُ : بە ضەمەی نونەکە و دوای ئەوەش کاف : واتا قوڕقۆشمی تواوە ، وتراویشە قوڕقۆشمی پاڵفتە )) .

     پاشان دەگێڕدرێتەوە له "ابن أبي جمرة" کە فەرموویەتی : (( کەسێک گەر بچوایە ماڵییەوە و کەسێکی تر لە ماڵیدا هەبایە ئەوا دەرگاکەی دادەخست و لەگەڵ ئەوی تر قسەی ئەکرد ، ئەمەش واتای ئەوەیە کە "ابن أبي جمرة" نەیویستووە کەسێکی نامۆ گوێی لە قسەکانی بێ ، چونکە هەرکەسێک گوێی لێ بگرێت ئەوا بەر هەڕەشکانی سزا ئەکەون ، ئەوەش هەر وەکو کەسێکه کە لە کونی دەرگاوە سەیری ماڵەکەی بکات ، ئەمەش هەڕەشەی سزای لەسەر هاتووە ، وە ئەگەر چاویشی کوێر بکەن ئەوا بۆی نییە داوای ماف لە خاوەن ماڵەکە بکات .

      ئەڵێ : وە ئەم حوکمەش ـ کە کەسێک پێی ناخۆش بێت کەسێک گوێی لێ بگرێ ـ ئەو حوکمە کەسێک ناگرێتەوە کە گوێ بگرێت لە کەسێک کە بە دەنگی بەرز قسەی کردووە ، لەم حاڵتەدا هەڕەشەکان گوێگر ناگرێتەوە ، چونکە ئەم حاڵەتە هاوەڵی بارودۆخەکەیه ، کە ئەویش قسەکردنه بە دەنگی بەرز ، کە وا دەردەکەوێ کەسی قسەکار بە دەنگی بەرز پێی ناخۆش نییە خەڵکی گوێبیستی بن بۆیە گوێبیست بوونی ئاسایی ئەبێت )) .

      جا بۆیە ڕێزگرتن لە خواستەکانی خەڵکی له شاردنەوەی کاروباریان وە نەگەڕان بەدوای کاروباریان کارێکە دەبێ لەبەرچاوگیراوە ، جا ئەگەر لە نامەکانی پیاوەکە شتێک نەبوو کە هاوڕێکانی پێیان ناخۆش بێت جگە لە پیاوەکە کەسی تر سەیری بکات ئەوا ئەو کات دروستە پیاوەکە مۆڵەت بدات بە هاوسەرەکەی نامەکانی بخوێنێتەوە .

دووەم : دروست نییە بۆ ئافرەت لەگەڵ هاوڕێکانی سەیری نامەی مێردەکەی بکات بەبێ مۆڵەتی مێردەکەی بەهۆی ئەو بەڵگانەی کە باسمان کرد ، وێڕای ئەوەش لەوەیە پیاوەکە پێی ناخۆش بێت هاوسەرەکەی سەیری نامەکانی بکات ، جا گەڕان بەدوای نامەکان و سەیرکردنی بەبێ مۆڵەت خواستن ئەبێتە سیخوڕی کردن ، وە لە ئەسڵیشدا ئەمە حەرامە بەهۆی فەرمایشتی خوای گەورە : ﴿ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اجْتَنِبُوا كَثِيرًا مِنَ الظَّنِّ إِنَّ بَعْضَ الظَّنِّ إِثْمٌ وَلَا تَجَسَّسُوا وَلَا يَغْتَبْ بَعْضُكُمْ بَعْضًا أَيُحِبُّ أَحَدُكُمْ أَنْ يَأْكُلَ لَحْمَ أَخِيهِ مَيْتًا فَكَرِهْتُمُوهُ وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ تَوَّابٌ رَحِيمٌ ﴾. الحجرات/12.

     واتە : ﴿ ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە زۆر خۆتان بەدوور بگرن لە گومان چونکە بەڕاستی هەندێک گومان هەیە تاوانە ، وە سیخوڕی مەکەن بەسەر یەکترییەوە ، وە غەیبەتی یەکتر مەکەن ، ئایا کەسێکتان پێی خۆشە گۆشتی براکەی بە مردوێتی بخوات کە ئەو کارەشتان پێ ناخۆشە ، وە لەخوا بترسن بەڕاستی خوا تەوبەکارانی خۆش ئەوێ ﴾ .

     وە ئیمامی بوخاری (٥١٤٤) و موسلیم (٢٥٦٣) ئەگێڕنەوە کە پەیامبەر (ﷺ) فەرموویەتی : (( إِيَّاكُمْ وَالظَّنَّ، فَإِنَّ الظَّنَّ أَكْذَبُ الْحَدِيثِ، وَلَا تَجَسَّسُوا، وَلَا تَحَسَّسُوا، وَلَا تَبَاغَضُوا، وَكُونُوا إِخْوَانًا ، وَلَا يَخْطُبُ الرَّجُلُ عَلَى خِطْبَةِ أَخِيهِ حَتَّى يَنْكِحَ أَوْ يَتْرُكَ )) .

      واتە : (( وریابن و توخنی گومان بردن نەکەون ، چونکە بەڕاستی گومان بردن درۆترین وتەیە ، وە سیخوڕی مەکەن ، وە گوێ لە گفتوگۆی خەڵکانێک مەگرن کە پێیان ناخۆشە گوێیان لێ بگیرێت ، وە ڕق و کینەتان بەرامبەر یەکتر نەبێت ، وە ببن بە برای یەکتر ، وە مەچنە خوازبێنی ئافرەتێک کە براکەی چۆتە خوازبێنی کردنی تاکو بزانرێت مارەی ئەکات یان وازی لێ دێنێت )) .

      وە ئەگەر پیاو ڕێگری نەکات لە هاوسەرەکەی لە سەیرکردنی نامەکانی ئەمە نابێتە مۆڵەت بۆی تاکو سەیریان بکات ، چونکە لەوەیە شتێکی تێدا بێت هاوڕێکانی حەز نەکەن کەسی تر سەیری بکات وەکو باسمان کرد ، لەوەیە گرنگی نەدات بە ڕێگری کردن لە هاوسەرەکەی یان بە مێشکیدا نەیەت کە هاوسەرەکەی بە ویستی خۆی سەیری نامەکانی ئەکات ، بۆیە ئەم بابەتە سێ دۆخی هەیە :

١- ڕێگری بکات لە گەڕان و سەیرکردنی نامەکانی .
٢- مۆڵەت دان ، ئەمەش هێشتا بۆ ئافرەتەکە دروست نییە سەیری بکات مەگەر بەو مەرجانە نەبێت کە باسمان کرد .
٣- ئەگەر پیاوەکە بێدەنگ بێت ئەوا بێدەنگییەکەی واتای مۆڵەت پێدانی نادات.

وە ئامۆژگاریشم ئەوەیە ئافرەت سەیری نامەی پیاوەکەی نەکات کە لەگەڵ هاوڕێ و خزم و خەڵکانی تردا گۆڕیویانەتەوە ، وە نابێت پیاویش سەیری نامەی هاوسەرەکەی بکات کە لەگەڵ هاوڕێ و خزمەکانی گۆڕیویەتییەوە ، ئەمەش بۆ ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییەکانی خەڵکی ، وە بۆ بەستنی ڕێگەی خراپەی زۆر ، وەکو ئیرەیی و پیس بوونی دڵ و توڕە و توند بوونی هەناو و جگە لەوانەش .
والله أعلم.

سەردان: ٢,٤٤٣ بەش: ئادابەکان