پێش چەند ساڵێک سەیارەکەم فرۆشت بە کەسێ و عەیبەکانم پێ نەوت ، ئێستا زۆر پەشیمان چی بکەم تاوەکو لەو تاوانە ڕزگارم بێ ؟
پێویستە لەسەر فرۆشیار عەیبەی کاڵاکەی بخاتەڕوو ئەگەر پێی زانی ، دروست نیە بۆ موسڵمان کاڵایەک بفرۆشێت بە براکەی و عەیبەیەکی تێدا بێت و نەیخاتەڕوو ، لەبەر ئەوەی زانینی عەیبەی کاڵاکە و شاردنەوەی فرت و فێڵە ، وە فێڵیش لە تاوانە گەورەکانە .
ئەم کەسەش پێویستە تەوبە بکات و بگەڕێتەوە بۆ لای خوا ، وە ئەگەر توانی بگات بە کڕیارەکە با داوای گەردن ئازایی لێی بکات و قەرەبووی عەیبەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە ئەگەر داوای کرد ، وە ئەگەریش نەیتوانی پێی بگات ئەوا با نرخی قەرەبووی عەیبەکەی بە سەدەقە ببەخشێت لە بری کڕیارەکە ، بەمەش گەردنت له ملی نامێنێت .
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکەم : پێویستە لەسەر فرۆشیار عەیبەی کاڵاکەی بخاتەڕوو ئەگەر پێی زانی ، چونکە ئیمامی ئەحمەد (١٧٤٥١) و ئیبنو ماجە (٢٢٤٦) ئەگێڕنەوە کە پەیامبەر (ﷺ) فەرموویەتی : (( الْمُسْلِمُ أَخُو الْمُسْلِمِ، وَلَا يَحِلُّ لِمُسْلِمٍ بَاعَ مِنْ أَخِيهِ بَيْعًا فِيهِ عَيْبٌ إِلَّا بَيَّنَهُ لَهُ )) . وصححه الألباني.
واتە : (( موسڵمان برای موسڵمانە ، دروست نیە بۆ موسڵمان کاڵایەک بفرۆشێت بە براکەی و عەیبەیەکی تێدا بێت و نەیخاتەڕوو )) .
جا لەبەر ئەوەی زانینی عەیبەی کاڵاکە و شاردنەوەی فرت و فێڵە ، وە فێڵیش لە تاوانە گەورەکانە بەهۆی فەرموودەی پەیامبەر (ﷺ) : (( مَنْ غَشَّنَا فَلَيْسَ مِنَّا )) .رواه مسلم : ١٠١
واتە : (( هەرکەسێک فێڵ بکات لە ئێمە نییە )) .
وە دەرخستنی عەیب و ڕاستگۆیی لە مامەڵەدا لە هۆکارەکانی بەدەستهێنانی بەرەکەتە ، هەروەکو پەیامبەر (ﷺ) فەرموویەتی : (( الْبَيِّعَانِ بِالْخِيَارِ مَا لَمْ يَتَفَرَّقَا فَإِنْ صَدَقَا وَبَيَّنَا بُورِكَ لَهُمَا فِي بَيْعِهِمَا ، وَإِنْ كَذَبَا وَكَتَمَا مُحِقَتْ بَرَكَةُ بَيْعِهِمَا )). رواه البخاري(2110)، ومسلم (1532) .
واتە : (( كڕيارو فرۆشيار بۆيان هەيه پەشيمان ببنەوه ئەگەر له يەكترى جيانەببونەوه ، جا گەر ڕاستگۆ بوون له كڕين و فرۆشتنەكەدا وه عەیب وعارەکە ڕوون بكەنەوه بۆ بەرامبەره كەیان ، ئەوا پەروەردگار بەرەكەت دەخاته ناو ڕزق و ڕۆزييانەوه ، وەبەپێچەوانەوە گەر عەیبەکانیان شاردەوە ئەوا بەرەکەت لەکڕین وفرۆشتنەکەیاندا نامێنێت )) .
وە بەس نییە بۆ فرۆشیار بڵێ : پشکنین بۆ سەیارەکە بکە ، یان با پشکنین یەکلای نێوامان بکاتەوە ، یان پێت ئەفرۆشم بە مەرجی بێ عەیبی و خۆبەریکردن لە عەیبە ئەو قسانە بەس نییە بۆی مادام بە عەیبەی کاڵاکەی ئەزانێت .
بەڵام ئەگەر بێ ئاگا بێت لە عەیبەی کاڵاکەی ئەوا دروستە بە مەرجی بێ عەیبی پێی بفرۆشێت ، واتا بەرپرسیار نییە گەر دواتر عەیبەیەکی لێ دەرکەوێ ، بەوەش کڕیار هیچ مافێکی گەڕانەوەی کاڵا یان داواکردنی قەرەبووی عەیبەکەی نامێنێت .
شێخی ئیسلام (ابن تيمية) ـ رحمه الله ـ فەرموویەتی : (( لە پرسی فرۆشتن بە مەرجی خۆ بەریکردن له گشت عەیبەیەکی کاڵاکە وتەی ڕاست دروست و فەتوای هاوەڵان و ئەوەشی کە زانایان لەسەرین ئەوەیە کە ئەگەر فرۆشیار بە عەبیەی کاڵاکان نەزانێت و لێی بێ ئاگا بێت ، لەم کاتەدا کڕیار بۆی نییە بیگەڕێنێتەوە )) .
"الاختيارات"(ص124).
وە شێخ محمد بن صالح العثيمين ـ رحمه الله ـ فەرموویەتی : (( ڕاست و دروست لەم بابەتە بژاردەکەی شیخی ئیسلام ـ ابن تيمية ـ یە کە بریتییە لە :
ئەگەر فرۆشیار بە عەیبەکە بزانێت ، ئەوا کڕیار بۆی هەیە بیگەڕێنێتەوە ئیتر بە مەرج بێت یان بە گرێبەست ، یان پێش گرێبەستەکە بێت یان لە پاشی .
بەڵام ئەگەر بە عەیبەکە نەزانێت ئەوا مەرجی خۆبەریکردن لە عەیبە دروستە ، ئیتر مەرجەکە پێش گرێبەستەکە بێت یان لەگەڵ گرێبەستەکەدا بێت ، یان لە پاشی بێت .
جا ئەو بۆچوونەی کە شێخی ئیسلام بۆی چووە ڕاست و دروستە ، وە هەر ئەو بۆچوونەیە کە گێڕدراوەتەوە لە هاوەڵانەوە ڕەزای خوایان لێبێت ، وە ئەو بۆچوونە ئەشێ کاروباری خەڵکی پێ بەڕێ بکرێ ، چونکە ئەگەر فرۆشیار بە عەیبەکە بزانێت و نەیڵێ ئەوا فێڵبازە و فێڵی کردووە ، وە بە پێچەوانەی مەبەستی هەڵسوکەوتی کردووە ، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەوەی کە بێئاگایە لە عەیبەی کاڵاکە ، وەکو کەسێک تازە سەیارەیەکی کڕیوە و هێشتا عەیبەکانی نازانێت ، ئەنجا ئەیفرۆشێت بە مەرجی خۆبەریکردن لە عەیبە ، لێرەدا مەرجەکە دروستە )) . "الشرح الممتع" (8 /256-257).
دووەم : ئەگەر بە عەیبەکەی زانیوە و نەیخستۆتە ڕوو ئەوا پێویستە تەوبە بکات و بگەڕێتەوە بۆ لای خوا ، وە ئەگەر توانی بگات بە کڕیارەکە با داوای گەردن ئازایی لێی بکات و قەرەبووی عەیبەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە ئەگەر داوای کرد ، وە ئەگەریش نەیتوانی پێی بگات ئەوا با نرخی قەرەبووی عەیبەکەی بە سەدەقە ببەخشێت لە بری کڕیارەکە ، بەمەش گەردنت له ملی نامێنێت .
وە قەرەبووی عەیبەش بریتییە لە جیاوازی لە نێوان نرخی سەیارەیەکی دیاریکراو لەگەڵ نرخە ڕاستەقینەی سەیارەکە کە له نرخی وەرگیراوه .
شێخ ابن عثيمين ـ رحمه الله ـ ڕوونی کردۆتەوە و ئەڵێ : (( قەرەبووی عەیبە مەبەست پێی ئەو بەشەیە کە لە نێوان نرخە ڕاستەکە و عەیبەکە دایە ، جا نوسەر قەرەبووی عەیبەی بە بەشێک تەفسیری کردووە ، ئەویش واتا ئەو بەشەی کە لە نێوان نرخی ڕاستەقینە و عەیبەکەدایە ، وە وتوویەتی "القيمة" نەیوتووە "الثمن" وە جیاوازی لە نێوان ئەو دووانەش بریتییە لەوەی کە "القيمة" نرخی کاڵاکەیە لەلای عامەی خەڵکی ، بەڵام "الثمن" ئەو نرخەیە کە گرێبەستەکە لەسەری بەستراوە .
جا ئەگەر شتێکت کڕی و بە بڕی هەشت بە شەش ، ئەوا "القيمة"ـەکە هەشتە و "الثمن"ـەکەش شەشە ، هەر بۆیە ئەڵێ : بەشی نێوان نرخی ڕاستەقینە و عەیبەکە ، جا نرخ دادەنێت بۆ کاڵا بەبێ عەیبە ، پاشان نرخی بۆ دادەنێت بە بوونی عەیبەوە ، وە ئەو بەشە نرخەی کە لە نێوان نرخە ڕاستەقینەکە و نرخە عەیبدارەکە هەیە دەرئەکرێت ، ئەوەش پێی ئەوترێ نرخی قەرەبووی عەیبە ، بەوەش هاوتاکەی ئەکەوێت لە نرخەکەدا ، بۆیە نرخدانان لە کاتی گرێبەستەکە ئەکرێت نەک لەکاتی زانینی عەیبەکان ، چونکە لەوانەیە نرخەکە بگۆڕێت لە نێوان کاتی گرێبەستەکە و کاتی زانینی عەیبەکان )) . "الشرح الممتع" (8/ 318).
هەربۆیە ئەگەر نرخی ڕاستەقینەی سەیارەیەک ٦٠ وەرەقە بێت و نرخی بە عەیبەوە ٤٨ وەرەقە بێت ئەوا جیاوازی نێوانیان ١٢ وەرەقەیە ، ئەمەش یەک لەسەر پێنجی نرخەکەیە ، بۆیە یەک لەسەر پێنجی نرخەکەی ئەگەڕێنێتەوە ، خۆ گەر سەیارەکە بە ٧٥ وەرەقە فرۆشرا بێت ئەوا نرخی قەرەبووی عەیبەکە ١٥ وەرەقەیە .