ئایا دروستە کڕینی شت و مەک بەقیست گەر زیادە بخرێتە سەر نرخی کاڵاکە ؟ بۆچونى زانایان چۆنە سەبارەت بەم جۆرە مامەڵەیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دروستە کڕینی شت و مەک بەقیست گەر زیادە بخرێتە سەر نرخی کاڵاکە ؟ بۆچونى زانایان چۆنە سەبارەت بەم جۆرە مامەڵەیە؟

کڕین وفرۆشتنی قیست بریتی یە لەوەی کاڵاکە دەکڕدرێت بەڵام هەموو نرخەکەی یاخود بەشێکی دوا دەخرێت و بەچەند جارێک دەدرێتەوە لەماوەیەکی دیاری کراودا .

گرنگی زانینی حوکمەکەی :
بێگومان کڕین وفرۆشتنی قیست یەکێکە لەو بابەتانەی کە پێویسته ئێستا گرنگی پێ بدرێت ؛ چونکە ئەم بابەتە دوای جەنگی جیهانی دووەم زۆر بڵاو بۆتەوە لەنێو خەڵک وشەریکەکاندا .
خاوەن دووکان وبازرگانەکان بەقیست لەخاوەنەکەی شت دەکڕن ، ودەیدەن بەکڕیاران بەقیست ، وەک سەیارە وئەرز وشت ومەکی نێو ماڵ وجگە لەمانەش .

وەهەروەها هۆکارێکی تری بڵاو بوونەوەی ئەم جۆرە مامەڵەیە :
مامەڵەی بانکەکانە ، بەشێوەیەک بانکەکان شت بەپارەی حازڕ دەکڕن ودەیدەن بەکڕیارەکانیان بە (قیست) .

حوکمی کڕین وفرۆشتنی بەقیست :
بەڵگە هاتووە لەسەر دروستێتی فرۆشتنی شت ومەک بەقەڕز ( بيع النسيئة ) .

ئیمامی بوخاری (2068) ومسلم (1603) لە عائیشەوە خوا لێیان ڕازی بێت گێڕاویانەتەوە کە پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ خواردنێکی لەجولەکەیەک کڕی بەقەڕز لەبەرانبەردا درعەکەی لا دانا کەلە ئاسن دروست کرابوو .

ئائەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر دروستێتی فرۆشتنی شت بەقەڕز ، وحەتمەن کڕین وفرۆشتن بەقیست فرۆشتنی کاڵایە بەقەڕز ، تەنها ئەوەنە نەبێت کە پارەکەی بەش بەش دەدرێت بۆماوەیەکی دیاری کراو .

جا لەڕووی شەرعەوە هیچ جیاوازیەک لەنێوان ئەوەدا نی یە کە پارەکە بۆ یەک کاتی دیاری کراو دوا بخرێت ، لەگەڵ ئەوەدا کە پارەکە بۆ چەند کاتێک دوا بخرێت .

ئیمامی بوخاری (2168) لە عائیشەوە خوا لێیان ڕازی بێت گێڕاویانەتەوە و دەڵێت : بەریرە هات بۆلام وگوتی :
( كَاتَبْتُ أَهْلِي عَلَى تِسْعِ أَوَاقٍ فِي كُلِّ عَامٍ وَقِيَّةٌ . . .)
واته : موکاتەبەم (کەبریتی یە لەوەی بەندە خۆی دەکرێتەوە لەخاوەنەکەی لەبەرانبەر نرخێکی دیاری کراودا) لەگەڵ سەیدەکەم کردووە بە نۆ وقیە هەر ساڵێک وقیەیەک بدەم ۰۰۰

ئائەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر دروستێتی دوا خستنی نرخ و دانەوەی بەچەند قیستێک .

جا بەڵگەکان هەرچەند هاتوون لەبارەی دوا خستنی نرخ و دانەوەی بەچەند قیستێک بەڵام هیچ بەڵگەیەک نەهاتووە لەسەر ئەوەی پارەی زیادە بخرێتە سەر کاڵاکە لەبەر دواخستنی .
هەر بۆیە زانایان جیاوازی هەیە لەنێوانیاندا دەربارەی ئەم بابەتە .

هەندێکی کەم لەزانایان پێیان وایە حەڕامە ، بەبیانوی ئەوەی ئەم جۆرە مامەڵەیە ڕیبایە .

دەڵێن : چونکه زیادە چۆتە سەری لەبەر دواخستنی نرخەکەی ئائەمەش ڕیبایە .

بەڵام جمهوری زانایان پێیان وایە دروستە ، لەوانە چوار ئیمامەکە .

هەندێک لەعیباڕەت وبۆچوونی چوار ئیمامەکە لەم بارەیەوە :
1- المذهب الحنفي : ( الثمن قد يزاد لمكان الأجل ) بدائع الصنائع 5 / 187 .
واتە : هەندێ جار نرخ زیاد دەکرێت لەبەر دوا خستنی نرخ.

2- المذهب المالكي : ( جَعل للزمان مقدار من الثمن ) بداية المجتهد 2 / 108 .
واتە : بۆ زەمان بەشێک لەنرخ دیاری کراوە .

3- المذهب الشافعي : ( الخمسة نقداً تساوي ستة نسيئة ) الوجيز للغزالي 1 / 85 .
واتە : پێنجی حازڕ بەقەد شەشی قەڕزە .

4- المذهب الحنبلي : ( الأجل يأخذ قسطاً من الثمن ) فتاوى ابن تيمية 29 / 499 .
واتە : دواخستن بەشێک لەنرخ دەبات .

بۆ ئەم بابەتە چەند بەڵگەیەکیان لەقورئان وسوننەت هێناوەتەوە ، لەوانە :
1- : ( أَحَلَّ اللَّهُ الْبَيْعَ ) البقرة/275 .
واتە : خودا کڕین وفرۆشتنی حەڵاڵ کرووە .
جا ئایەتەکە گشتگیرە وهەموو جۆره کڕین وفرۆشتنێک دەگرێتەوە ، لەوانە زیادکردنی نرخ لەبەر دواخستنی پارەکەی ونرخەکەی .

2- (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لا تَأْكُلُوا أَمْوَالَكُمْ بَيْنَكُمْ بِالْبَاطِلِ إِلا أَنْ تَكُونَ تِجَارَةً عَنْ تَرَاضٍ مِنْكُمْ ) النساء/29 .
واتە : ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە ماڵی یەکتر لەنێو خۆتاندا مەخۆن بەناحەق مەگەر کاتێ نەبێت کە بارزگانیەک بکەن بەڕەزامەندی خۆتان .

بەهەمان شێوە ئەم ئایەتەش گشتگیرە وبەڵگەیە لەسەر دروستێتی کڕین وفرۆشتن کاتێ کەهەردوو لا ڕازی بوون .
جا گەر کڕیار ڕازی بوو بەوەی لەبەر دوا خستنەکە هەندێک لەنرخەکە زیاد بکرێت ئەوا دروستە .

3- ئیمامی بوخاری (2086) لە عبداللەی کوڕی عەباسەوە خوا لێیان ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە و دەڵێت : (قَدِمَ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ الْمَدِينَةَ وَهُمْ يُسْلِفُونَ بِالتَّمْرِ السَّنَتَيْنِ وَالثَّلَاثَ فَقَالَ : مَنْ أَسْلَفَ فِي شَيْءٍ فَفِي كَيْلٍ مَعْلُومٍ ، وَوَزْنٍ مَعْلُومٍ، إِلَى أَجَلٍ مَعْلُومٍ ).
واتە : پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هات بۆ مەدینە لەکاتێکدا ئەوان خورمایان دەفرۆشت بەقەڕز بۆ دوو ساڵ وسێ ساڵ وفەرمووی : هەرکەسێک شتێکی بەقەڕز فرۆشت با کەیل و وەزنەکەی دیاری کراو بێت ، وەبۆ ماوەیەکی دیاری کراو بێت .

وەبێگومان کڕین وفرۆشتنی سەلەم (بيع السلم) دروستە بەنەص وکۆدەنگی زانایان .
کەئەوەش هاوشێوەی کڕین وفرۆشتنە بەقیست (بيع التقسيط ).

جا زانایان باسی حیکمەتی کڕین وفرۆشتنیان بەقیست کردووە ئەوەش ئەوەیە کە کڕیار سود مەند دەبێت بەوەی کە نرخەکەی لەسەر سوک دەبێت ، وەهەروەها فرۆشیاریش سود مەند دەبێت بەدوا خستنی نرخ ، ئائەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە دوا خستن دەبێتە هۆی زیادکردنی نرخ . وەئەمەش هیچی تێدا نی یە ودروستە لە کڕین وفرۆشتندا . بڕوانە : المغني (6/385) .

4- وەموسوڵمانانیش کاریان بەوە کردووە کە دروستە زیادە بخرێتە سەر نرخ بەهۆی دواخستنەوە وهیچ نکۆڵیان لێ نەکردووە ، وه بەجۆرێک لەجۆرەکان لەکۆدەنگی لەسەر دروستێتی ئەم جۆرە لەکڕین وفرۆشتنە دروست بووە .

وە پرسیار کراوە لە الشيخ ابن باز رحمه الله دەربارەی زیاد کردنی نرخ بەهۆی دوا خستنەوە ؟
لەوەڵامدا فەرمویەتى :
ئەم جۆرە لەمامەڵەیە هیچی تیدا نی یە ودروستە ؛ چونکە کڕین وفرۆشتنی حازڕ جودایە لە دوا خستن ، وەبەردەوام موسوڵمانان ئەم جۆرە مامەڵەیان کردووە ، وەک کۆدەنگی لێهاتووە لەسەر دروستێتی ، وهەندێ لەزانایان لەو کۆدەنگی یە دەرچوون وپێیان وایە دروست نی یه لەبەر دواخستن و وگومان دەبەن ڕیبایە ، حەتمەن ئەوەش بۆچوونێکی هیچ دروست نی یە و ئەم جۆرە مامەڵەیە ڕیبا نی یە ؛ چونکە بازرگان کاتێ شتێک دەفرۆشێت بۆ ماوەیەک حەتمەن بۆیە ڕازی دەبێت بەو دوا خستنە لەبەر سوود مەند بوون لەو زیادەیە ، وکڕیاریش بۆیە ڕازی بووە بەو زیادەیە لەبەر دواخستنی نرخەکەی کەناتوانێت بەیەکەوە بیدات ، جا لەم حاڵەتەدا هەردوو لا سوود مەندن ، وەلەپێغەمبەرەوە هاتووە کە بەڵگەیە لەسەر دروستێتی ئەم جۆرە مامەڵەیە ، هەروەک هاتووە ( فەرمانی بە عبداللەی کوڕی عەمری کوڕی عاص رضي الله عنهما کرد بەئامادە کردنی جەیش ، ئەویش وشترێکی دەکڕی بەدوو وشتر بۆ ماوەیەک کە دواتر بیانداتێ ، پاشان ئەم مامەڵەیە دەکەوێتە ژێر گشت گیری ئەم ئایەتەوە : (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا تَدَايَنتُمْ بِدَيْنٍ إِلَى أَجَلٍ مُسَمًّى فَاكْتُبُوهُ) البقرة/282 .
واتە : ئەی ئەوکەسانەی باوەڕتان هێناوە کاتێ شتێکتان بەقەڕز دا بۆ کاتێکی دیاری کراو ئەوا بینوسن .

ئائەم مامەڵەیە یەکێک لەو قەڕز دانانەی کەدروستە ودەکەوێتە ژێر ئەو ئایەتەوە کەئاماژەمان پێ دا و بەشێکە لە کڕین وفرۆشتنی سەلەم ( بيع السلم) . . . اهـ فتاوى إسلامية (2/331) .

بەڵام زاناى پایەبەرز شێخ محمد بن ناصرالدین الألبانی رحمه الله بۆچونى جیاوازە و پێى وایە کە ئەم جۆرە مامەڵەیە دروست نیە و لە وەڵامى دوو پرسیاردا ئەم بابەتە ڕوون دەکاتەوە :

یەکەم : حوکمی کڕین سەیارە بەقیست چی یه کاتێ کەسێک لەشەریکەیەک دەیکڕێ لەبەر نەبوونی پارەی حازر ، بێگومان هەروەک دەزانن سەیارە یەکێکە لەپێویستیەکانی ژیان ؟

گەر کەسی پرسیارکەر باوەڕی وایە ولەگەڵ ئێمەیە کە کڕین وفرۆشتنی قیست گەر زیادەی خرایە سەر ڕیابایە ؛ ئەوا باوەڕناکەم هیچ زەڕوڕەتێک هەبێت بۆ دروستێتی شتی حەڕام ، هەروەک پێغەمبەر فەرموویەتی ( مَنْ بَاعَ بَيْعَتَيْنِ فِي بَيْعَة فَلَهُ أَوْكَسهمَا أَوْ الرِّبَا ) .
واتە : : هەر كەسێك دوو كڕین و فرۆشتن لە یەك مامەڵەدا بكات ، ئەوا یان كەمترینیانی بۆ دەبێت یان ریبا ،.

(بە واتایەكی تر : بفرۆش دەڵێت : بە نەقدی بە (300.000) دینار ، وە بە قەرزیش بە (350.000) دینار ، جا ئەگەر كڕیار بە (300.000) دینار بیكڕێت كە نرخە كەمەكەیە ئەوا دروستە ، بەڵام ئەگەر بە (350.000) دینار بیبات بە قەرز ئەوا دەبێت بە ریبا )

بەهیچ شێوەیەک زەڕوڕەت نی یە لەوەدا کەسی موسوڵمان خواردنی شتی حەڕام بەحەڵاڵ بزانێت ، تەنها لەحاڵەتێکدا نەبێت ، کەمن باوەڕناکەم لەم وڵاتەدا هەبێت (حەتمەن ئەوەش فەزڵی خودایە ) کەسێک لەبرسا بمرێت ! ، لەم وڵاتەدا شتی وامان گوێ لێ نەبووە ، هەروەک لەوڵاتانی تر گوێ بیستی بووین وەک ئەفریقا وئەو جێگایانە کەناسراون بەبرسێتی ،کەنازانین حەقیقەتی هەیە یاخود موبالەغە وزیادەڕەوی تێدا دەکرێت ؟ الله أعلم، بەڵام بەهەر حاڵ گرنگ ئەوەیە :
ئەو زەڕوڕەتەی کەوا دەکا حەڕام بخورێت ئەوەیە کە گەر ئەو حەرامە نەخۆیت کەسەکە لەنێو بچیت وبمریت .

وە وا گومان نابەم زەڕوڕ بێت بۆ بەکار هێنانی سەیارە ؛ جا بۆ سواری شەخسی بێت یاخود بۆ ماڵ ومنداڵ ، یاخود بۆکڕین وفرۆشتن بێت ، ویاخود بۆ بار ، ونەقڵ کردنی نەفەر ، وهاوشێوەی ئەمانە .

کەسی موسوڵمان پێویستە بەردەوام ئەم ئایەتەی لەبیر بێت : { وَمَنْ يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَلْ لَهُ مَخْرَجاً * وَيَرْزُقْهُ مِنْ حَيْثُ لا يَحْتَسِبُ } [الطلاق:2-3] .
واتە : هەرکەسێک تەقوای خودا بکات ، خودا کاری بۆ ئاسان دەکات ، وڕزقی دەداتێ لەجێگەیەکەوە کە حسابی بۆ نەکات .

لەو باوەڕەدام موسیبەتی عالەمی ئیسلامی بەگشتی : نەبوونی ئیمانێکی سەحیحە لەدڵدا ؛ چونکە ئەو ئیمانە لەدڵی هەرکەسێکدا جێگیر بوو قەناعەت بەهەموو جۆرە ژیانێک دەکات هەر چەند دژواریش بێت ؛ چونکە باوەڕی وایە خودا وای داناوە خەڵک توشی ناخۆشی وهەژاری ببن و ئەوە لەدادپەری خودایە ، بەڵکو لەحیکمەتەوەیە .

کاتێ موسوڵمان باوەڕێکی بتەوی بەم حەقیقەتە هەبوو ئەوا ژیانی لا خۆش دەبێت هەر چەند سەختیش بێت ؛ جا ئەو سەختی یە بەهۆی نەبوونی ماڵەوە بێت ، یاخود نەخۆشی ، ویاخود ستەمی تاغوت وزاڵمان وکاربەدەستان ، هاوشێوەی ئەمانە ، ئەوا ئارام دەگرێت ، لەگەڵ ئەم ئایەتەدا : { وَمَنْ يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَلْ لَهُ مَخْرَجاً } [الطلاق:2] { وَيَرْزُقْهُ مِنْ حَيْثُ لا يَحْتَسِبُ } [الطلاق:3]
بیر لەو فەرموودەیەیی پێغەمبەر صلى الله عليه وآله وسلم : ( عجباً لأمر المؤمن! إن أمره كله له خير، إن أصابته سراء شكر فكان خيراً له، وإن أصابته ضراء صبر فكان خيراً له، وليس ذلك لأحد إلا للمؤمن ).
واتە : سەرم سوڕماوە لەکاری موسوڵمان هەموو کارەکانی خێرە ، گەر توشی خۆشی ببێت وسوپاس گوزار بێت ئەوا خێرە بۆی ، وگەر توشی ناڕەحەتی بێت وئارام بگرێت ئەوا هەر خێرە بۆی ، وەحەتمەن ئەمە بۆ هیچ کەسێک نیە جگە لەموسوڵمان .

وەمن بەم بۆنەیەوە ئەو فەرموودەیەم بیر کەوتەوە : ( ليس الغنى غِنى العَرَض؛ ولكن الغنى غِنى النفس )
واتە : دەوڵەمەندی بەزۆری شت ومەک وپارە نی یە ، بەڵکو دەوڵەمەندی حەقیقی دەوڵەمەندی دڵ ودەروونە .

جا هەرکاتێ موسوڵمان دڵی دەوڵەمەند بوو ئەوا هیچ زەڕوڕەتێک نابینێ بۆ تەعامول کردن بەڕیبا ، وەحەتمەن تەعامول کردن بەڕیبا واتە خواردنی ڕیبا بەڵکو ڕیبا دەرخواردی کەسانی تریش دەدات ، هەربۆیە پێغەمبەر صلى الله عليه وآله وسلم : ( لعن الله آكل الربا، ومُوْكِله، وكاتبه، وشاهديه ) .
واتە : لەعنەتی خوا لەو کەسە بێت کەڕیبا دەخوات ، ئەوەش کەدەیداتێ ، وەئەوەش ڕیباکە دەنوسێ ، وەئەو دوو کەسەش کەدەبنە شاهید لەسەر ئەو مامەڵەیە .

 
دووەم : حوکمی شەرع چی یە لەبارەی قیستەوە ؟

یەکەم :کڕین وفرۆشتن بەقیست بیدعەیەکی عەمەلی یە وموسوڵمانان لەسەدەکانی ڕابردوودا شتی وایان نەکردووە ، وئەوە شتێکە لەو شتانەی کەلای بێباوەڕانەوە هاتووە کاتێ وڵاتی موسوڵمانانیان داگیر دەکرد وبەقانونی دەس کرد حوکمی وڵاتانی ئیسلامی دەکەن ، پاشان دوای ئەوەی جێیان هێشت شوێنەواری خراپیان بەجێ هێشت ، وموسوڵمانان لەم ڕۆژگارەدا لەسەر ئەو عادەتە دەژین کە بێباوەڕان بەجێیان هێشتووە .

دووەم : کە گرنگە ، ئەویش ئەوەیە پێغەمبەر فەرموویەتی : (" ما تركت شيئا يقربكم إلى الله إلا أمرتكم به وما تركت شيئا يبعدكم عن الله ويقربكم إلى النار إلا نهيتكم عنه") .
واتە : هیچ شتێکم بەجێ نەهێشتووە کەلەخودا نزیکتان بخاتەوە ئیلا فەرمانم پێ کردوون ، وهیچ شتێکم نەهێشتووە کەلەخودا دوورتان بخاتەوە ئیلا ڕێگریم لێ کردووە .

جا یەکێک لەوانەی ڕێگری لێ کردووە کەئەمڕۆ پێی دەوترێت کڕین وفرۆشتنی بە(قیست) ، ئەو کڕین وفرۆشتنە بیدعەیە وموسوڵمانانی پێشوو شتی وایان نەکردووە ، وەئەمەوێ بڵێم :
لەو شتانەی کەبیدعەیە شتێک نی یە لەکتابی فیقهدا بەناوی کڕین وفرۆشتنی قیست ، لەکتابی موسوڵماناندا شتێک هەیە بەناوی قەڕز ، وقەرزی حەسەن وچاک کە وای لێهاتووە لەناو موسوڵماناندا خەریکە نامێنێت وتەنها ناوە وحەقیقەتی نی یە ، لەکاتێکدا پێغەمبەر هانى داوین لەسەر دانی قەڕز وزۆر تەئکیدی لێ کردۆتەوە بەشێوەیەک هەرکەسێک دوو دینار بەقەڕز بدات وەک ئەوە وایە دینارێکی کردبێ بەخێر ، واتە : کاتێ دوو دینار بەقەڕز بدەیت بەبراکەت وەک ئەوە وایە دینارێکت کردبێت بەخێر ، وەهەروەها لەگەڵ ئەمەشدا ڕێگری کردووە لەوەر گرتنی زیادە لەبەرانبەر چاوەڕێکردنی قەرز کاتێ کەبرایەکی موسوڵمانی ناتوانێت بیداتەوە وتاخیری دەکات .

پێغەمبەر فەرموویەتی : (" من باع بيعتين في بيعة فله أو كسهما أو الربا") .
واتە : هەرکەسێک دوو مامەڵە لەیەک کاڵادا بکات ئەوا كەمتریانی بۆ هەیە یاخود توشی ڕیبا دەبێت .

ولەفەرموودەیەکی تردا هاتووە : (" نهى عن بيعتين في بيعة")،
واتە : ڕێگری کردووە لەدوو مامەڵە لەیەک کاڵادا .

جا پرسیار کراوە لەوەی کەفەرموودەکەی گێڕاوەتەوە دەربارەی ئەم ڕێگری کردنە ؟
لەوڵامدا گوتویەتی : ئەوەیە بڵێی : ئەو شتەت دەدەمێ بەپارەی حارز بەوەندە ، وبەقەڕز دەتدەمێ بەوەندە وئەوەندە .
بۆنموونە : ئەو ئامێرەت دەدەمێ به(100)ديناری حارز ، و(105)ديناری قەرز .

پێغەمبەر فەرموویەتی ( "من باع بيعتين في بيعة فله أوكسهما" أي: أنقصهما،"أو الربا")،

واتە : هەرکەسێک دوو مامەڵە لەیەک کاڵادا بکات ئەوا كەمتریانی بۆ هەیە یاخود توشی ڕیبا دەبێت .

واتە : گەر زیادەت وەر گرت ئەوا ڕیبایە ، وەک ئەوەی ئەو ئامێرەى بدەیتێ بە(105) پێنچ دیناری لەبەرانبەر ئەوەی چاوەڕێی دەکەیت وپارەکەی یەکسەر لێ وەرناگریت .

جا گەر حوکمێکی ئیسلامی هەبوایە لەلای خەڵک وحوکمەت ئەوا بۆ ئەو کەسە هەبوو کە ئەو(5) دینارەی لێ وەر گیراوە (لەبەرانبەر قەرزدان پێی دراوە) شکاتی لێ بکات لەلای زانایان .
ئائەوا مانای فەرموودەکەیە ، شتی فرۆشراو یەک دانەیە ، بەڵام دوو نرخی هەیه ، واتە : دەڵێیت بەپارەی حارز بە ئەوەندە وبەقەزریش بەئەوەندە ، جا پێغەمبەر ناوی ئەو زیادەیەیی کە لەبەر تاخیر کردنی قەرز وەردەگیرێت ناوە ڕیبا .

سەردان: ٦,٦٧٥ بەش: کڕین و فرۆشتن